$میدیای کوردی وەک بەشێک لە ئیمپریالیزمی ناوچەیی$
نووسینی: موحسین عیسا
لە دوای جەنگی جیهانیی دووەم و سەرهەڵدانی شۆڕشی تەکنەلۆژیا، تەکنەلۆژیا گۆڕانکاریی بەسەردا هات و ئەمیش وای کرد ئینتەرنێت، مانگی دەستکرد و کۆمپیوتەر بەربڵاوبن. ئەم گەشەسەندنەی تەکنەلۆژیا بووە هۆی ئەوەی وەرچەرخانێکی گەورە لە ژیانی مرۆڤایەتییدا درووست بکات، بەتایبەتیی لەلایەنی دەستگەیشتن بە زانیاریی و هەواڵ لە سەرانسەری جیهاندا.
ئێستا کە ئێمە لە سەردەمی جیهانگیرییدا دەژین، تەکنەلۆژیا لە گەشەسەندن و بەرزترین ئاست دایە، بەتایبەتیی لە لایەنی مێدیا و ڕاگەیاندندا. ئەم لایەنەش خزمەتێکی بەرچاوی بە جیهانگیریی ڕۆشنبیریی کردووە، چونکە ئەمانە یەکێکن لە ئامرازە گرینگەکانی جیهانگیریی ڕۆشنبیریی. جگە لەوەش بەکارهێنانی ئاسانە و تێچوویەکی کەمی پێویستە.
ڕۆژاوا و ئەمریکا هەر لە زووەوە دەرکیان بە کاریگەریی ئامرازەکانی جیهانگیری ڕۆشنبیریی کردووە، بە تایبەتی لایەنی مێدیا و ڕاگەیاندن، توانیویانە لە بەرژەوەندیی خۆیان، لەلایەنی پەروەردەیی، ڕۆشنبیریی، هۆشیاریی نەتەوایەتییدا، کولتوور و هەژموونە سیاسییەکەیان بە جیهاندا بڵاو بکەنەوە. لەم ڕووەوە خزمەتی بەرچاوی مێدیا بەسەر ئیمپریالیزمی ڕۆژاوا و ئەمریکا خویایە (دیارە)، بەتایبەتی لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، کە بە شێوەیەکی بەرچاو لەژێر هەژموونی ئیمپریالیزمی ڕۆژاوا و ئەمریکادان.
جگە لەوەی، کە مێدیا خزمەتیکی مەزنی ئیمپریالیزمی ڕۆژاوایی و ئەمریکای کردووە، لە لایەکی تریشەوە بووتە سەرچاوەیەکی ماددی بۆ ئەم وڵاتانە. بەتایبەتی لەڕێگەی سینەماوە، لە ئێستادا سینەما بە پیشەسازییکراوە و داهاتێکی زۆری بۆ ئەم وڵاتانە دەستەبەر کردووە و دەکات. بۆ نموونە هۆڵیود ساڵانە لە ڕێگەی سینەماوە داهاتێکی یەکجار زۆری دەست دەکەوێت. جگە لەوەش هەر لەرێگەی سینەماوە کولتوورەکەی بەجیهاندا بڵاو دەکاتەوە و ڕێکلام بۆ بەرهەمەکانی دەکات. هەڵبەتە ”ڕێکلام شتێکی هونەریی، زانستیی و تەکنیکییە و ئامانج لێی کاریگەریی درووستکردنە لەسەر لایەنی دەروونی تاک، بۆ ئەوەی ڕەواج بۆ کاڵاو بەرهەمەکەی درووست بکات”، ئێستادا سینەما ئەم ڕۆڵە دەگێڕێت، کە ئامانجی بەهەڕمێنکردن و ڕەواجدرووستکردنە لەسەر بەرهەم و کولتووری ڕۆژاوایی و ئەمریکیی.
جگە لە ڕۆژاوا و ئەمریکا، وڵاتانی تری ناوچەییش دەرکیان بە کاریگەریی مێدیا کردووە. بۆیە هەوڵیانداوە بۆ بەرژەوەندیی خۆیان بەکاری بهێنن و هەژموونی خۆیان لە ڕێگەی داگیرکردنی کوولتورییەوە بەسەر وڵاتانی ناوچەکەدا زاڵ بکەن.
ئەگەر بێت و سەرنجێکی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بدەین، کە کوردستانیش کەوتووتە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و لە هەر چوارلایەوە کەوتووەتە ژێر چاودێریی ئەم چاوی داگیرکاریی و چاوی زاڵی مێدیای دەرەکیی، ئەوە هەمووشیان بەیەکەوە هەوڵی لەناوبردن و سڕینەوەی ناسنامەی کورد دەدەن لە ڕێگەی مێدیا و هەژموونی زاڵکردنی مێدیایی و کولتووری خۆیان، بەداخەوە کورد لەم کاریگەریی سڕینەوەی ناسنامە و کولتوورەکەی کەمتر هۆشیاره. وڵاتانی ناوچەکە بۆ ئەوەی بەم ئامانجەیان بگەن، ئەوە لەم ساڵانەی دواییدا پەنایان بردووەتە بەر مێدیا و لەم ڕێگەیەوە دەیانەوێت کولتووری کورد بتوێننەوە و کولتووری خۆیان بکەن بە جێگرەوە، چونکە داگیرکاریی لە ڕێگەی کولتوورەوە زۆر کاریگەرتر و ئاسانترە، وەک لە داگیرکردن لە ڕێگەی هێزەوە.
داگیرکاریی مێدیایی بە مەترسیدارترین داگیرکاریی دادەنرێت بۆ سڕینەوە و نەهێشتنی ناسنامە و کولتووری ئەوی تر.
دەکرێ ئێمە لێرەدا مێدیا وەک داگیرکاریییەکی هزریی کاربۆکراو و نەخشەبۆدانراو لە قەڵەم بدەین، کە کاریگەریی زۆر زیاتر و سەرکەوتووترە لە هێزی سەربازیی و سوپایی؛ چونکە لە ڕێگەی کولتوورەوە داگیرکار پێویستی بە هێز نییە و تەنیا لەسەر لایەنی کولتوور کار دەکات و دەیەوێت داگیرکراو وا لێ بکات کولتووری داگیرکەر بە هی خۆیان بزانن، بەمەش داگیرکراو کولتووری داگیرکار بە هی خۆی دەزانێت و دەبێت بە بەشێک لە داگیرکار و وەها دەنواڕێتە کولتووری خۆی، کە کولتوورێکی نزمه، بۆیە گرێی خۆبەکەمزانینی بۆ درووست دەبێت و ناچار کولتووری داگیرکار، بە کولتوورێکی جوان و نوێ قەبووڵ دەکات.
نابێت ئەوەمان لەبیر بچێت، کە داگیرکردن لە ڕێگەی هێزەوە، هەمیشە داگیرکراو ناڕازییە و داگیرکار تووشی بەرخۆدان و ناڕەزایەتیی داگیرکراو دەبێتەوە، چونکە داگیرکراو خۆ بە ژێردەستە و چەوساوە دەبینێت و زیاتر قینلەدڵ دەبێت، لە بەرانبەر شکاندنی شکۆی نەتەوایەتی و ناسنامە و کولتوورەکەیەوە، بۆیە هەرکاتێک بۆی بڕەخسێت دژی دەجەنگێت و هەوڵدەدات خۆی لە هێزی داگیرکار ڕزگار بکات. هەر بۆیەش داگیرکردن لەڕێگەی کولتوورەوە ئاسانترە و کاریگەری زیاترە وەک لەوەی بە هێز داگیری بکات. بۆیە دەکرێت داگیرکردن لەڕێگەی مێدیاوە، بە داگیرکردنێکی ناڕاستەوخۆ بناسێنین، کە هێواشە، بەڵام کاریگەریی لەسەر سڕینەوە و نەهێشتنی کولتوور و ناسنامەی داگیرکراو زیاترە، هەروەها داگیرکردن لە ڕێگەی هێزەوە بە داگیرکردنێکی ڕاستەوخۆ دەناسێنین، کە داگیرکردنێکی خێرایە لەڕووی دەستبەسەرداگرتنی خاک و جوگرافیادا، بەڵام خێرا نییە لە سڕینەوەی کولتوور و ناسنامە. لە یەکەمیاندا میللەت و نەتەوەی داگیرکراو کەمتر یان هەر دەرک بە داگیرکەر ناکات، بەڵام لەمەی دووەمدا چونکە ڕاستەوخۆیە، بۆیە داگیرکار هەست بە داگیرکردنەکەی دەکات، دەکرێت ئێمە زیندوویەتی کورد و مانەوەی ناسنامە و کولتوورەکەی بۆ ئەوە بگەڕێنینەوە، کە پێشتر کورد دووچاری داگیرکردنی ڕاستەوخۆ و هێز بووەتەوە، بەڵام لەمەودوا کورد لەبەردەم داگیرکردنی ناڕاستەوخۆدایە، کە داگیرکردنێکی هزریی، هۆشیار، مەترسیدار و هێواشە.
کوردستانیش لەلایەن ئەو وڵاتانەی نکۆڵییان لە بوون و ناسنامەکەی دەکەن و بەردەوام هەوڵی سڕینەوەی ناسنامەکەی دەدەن، ئەوە هەوڵدراوە سوود لە مێدیا وەربگرن و بە شێوەیەک مێدیا ئاڕاستە بکەن، کە کولتوورەکەی بتووێننەوە، ئەمیش لەڕێگەی سینەما، بەرنامەی منداڵان و دراما و… تاد. هەڵبەت یەکێک لەو ئامرازانەی، کە دژبەری ئەم داگیرکاریە کولتوورییە بوەستێتەوە و پێویستە ڕۆڵێکی گرینگی هەبێت لە درووستکردنی هۆشیاریی نەتەوایەتی و پاراستنی کولتوور لە لەناوچوون، مێدیایە. بەڵام مێدیا لە هەرێمی کوردستاندا نەک هەر نەیتوانیووە ئاڕاستەیەکی نەتەوەیی هەبێت و هەوڵی درووستکردنی یەکێتیی نەتەوەیی بدات، بەڵکوو بووەتە بەشێک لە ئیمپریالیزمی داگیرکار، تەنانەت بووەتە هۆی ئەوەی کە وشە و کولتووری بێگانە بێنێتە نێو زمان و کولتووری کوردییەوە، بەم شێوەیەش تاکی کورد خۆی بە بەشێک لە داگیرکار دەبینێت، چونکە ئەوە کولتوور و زمانە، کە نەتەوەیەک لە نەتەوەیەکی تر جودا دەکاتەوە، لە کاتێکدا کولتووری بێگانە شوێنی کولتووری ڕەسەن بگرێتەوە و ببێتە هۆی توانەوەی، ئەوا تۆش دەبیت بە بەشێک لە کولتوری داگیرکار و هیچ جیاوازییەک نابینرێت و نامێنێت لەنێوان کولتووری خۆت و داگیرکار، دواجاریش ناتوانیت خۆت بە جیاوازتر، کولتوور و ناسنامەیەکی دیکە لەوان ببینی و بناسێنیت.
هەر وەک “بنێدک ئەندەرسۆن” کە باس لە ڕۆڵی ڕاگەیاندن دەکات، بە کاپیتالیزمی چاپ ناوی دەبات. ئەو پێیوایە ڕاگەیاندن ڕۆڵی گرینگی هەبووە لە هۆشیارکردنەوەی نەتەوەکان، بۆ ئەوەی داوای درووستکردنی دەوڵەتێکی تایبەت بەخۆیان بکەن، بەڵام ئاخۆ بۆ کورد نەیتوانیووە، ئەم هەلە بقۆزێتەوە و لەڕێگەیەوە میللەتەکەی خۆی هۆشیار بکاتەوە. ئەمە جێگەی پرسیار و سرنجە.
ئەگەر بێت و لە ڕوانگەی ئەندەرسۆنەوە بڕوانینە ئێستای مێدیای کوردیی، ئەوا دەبینین مێدیای کوردیی هیچ هەنگاوێکی نەناوە لە هۆشیارکردنەوەی نەتەوایەتیی لەنێو تاکی کورددا، کەچی کورد گەلێکە تاکوو ئێستا خاوەنی دەوڵەتی خۆی نییە و لە چواردەوریشیدا بەردەوام هەوڵی لەناوبردنی دەدرێت، کەچی سەرەڕای ئەمەش لەگەڵ یەکتری ناتەبان و بەردەوام لە ململانێدان. دەبووایە ئەم هەوڵی سڕینەوە و نەهێشتنی کولتوور و ناسنامەکەی لە ڕێگەی دەوڵەتەکانی چواردەورییەوە، بووبووایەتە هۆکارێک، کە مێدیای کوردیی گرینگی زۆر بە هۆشیاریی نەتەوایەتیی، کولتووریی و زمانی کوردیی بدابایە. لە کاتێکدا مێدیا چاکترین ڕێگەیە لە هەوڵدان بۆ درووستکردنی هۆشیاریی نەتەوایەتیی و درووستکردنی یەکێتییەکی نەتەوایەتیی، بۆ ئەوەی تاکی کورد بەرەو یەک ئامانج ئاڕاستە بکات، کە ئامانجی نەتەوەییە. لە لایەکی تریشەوە مێدیا چەکێک بێت دژی ئیمپریالیزمی ناوچەکە و ئەو وڵاتانەی کە هەوڵی توانەوەی کولتوور و سڕینەوەی ناسنامەی کورد دەدەن. بەڵام مێدیای کوردیی نەیتوانیووە لەم ڕووەوە هیچ هەنگاوێک بهاوێژێت، جگە لەوەی بووەتە هۆی درووستکردن و قووڵکردنی ململانێی نێوخۆیی و درووستکردنی بۆشایییەکی گەورەی ئەخلاقیی (بێمتمانەیی، گەندەڵیی، خۆبەکەمزانین لە بەرانبەر ئەوی تر، دزیی و درۆ… تاد.) ئەمە بەشێوەیەک کاریگەریی لەنێو کۆمەڵگە و تاکی کوردییدا درووست کردووە. بۆیە تاکی کورد تاکوو قسەی سیاسییەکی غەیرە کورد هەیە، باوەڕ بە قسەی سیاسییەکی کورد ناکەن. ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی کە دوژمن بە باشترین شێوە سوود لەم بۆشاییە پەروەردەیی و ئەخلاقییە وەربگرێت و هەوڵی فراوانکردنی داگیرکارییەکەی خۆی بدات بۆ ئەوەی کورد یەکنەگرن و بەردەوام لە ململانێدابن لەگەڵ یەکتریدا، کە ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی لە بەرانبەر ئامانجێکی نەتەوەییدا، نەتوانین یەکبگرین و لە ئامانجەکە دوور بکەوینەوە، کە ئامانجێکی نەتەوەیی و مەزنە.
ئەوەی لێرەدا پێویستە لایەنی پەیوەندیدار بەتایبەتی وەزارەتی ڕۆشنبیریی دەرک بەم دۆخەی مێدیای کوردیی بکات، کە چۆن کولتوور و ناسنامەکەیان لەژێر هەڕەشەی ئیمپریالیزمی داگیرکاردایە. هەروا چۆن لەڕێگەی مێدیاوە هەوڵی توانەوەی ناسنامەکەی دەدرێت. بۆیە پێویستە مێدیای کوردیی بە ئاڕاستەیەک کار بکات، کە لە بەرژەوەندیی کولتوور، ناسنامە و زمانی نەتەوەییدا بێت و هەوڵ بدات ئاستی هۆشیاریی نەتەوایی بەرز بکاتەوە و ببێت بە چەکێکی بەهێز دژی بە ئیمپریالیزمی داگیرکار و هەوڵی هێشتنەوە، بەردەوامییدان و زیندووڕاگرتنی کولتووری کوردیی بدرێت و هەروەها ڕێگە نەدرێت هیچ وشەیەکی بێگانە وا بە هاکەزایی و هەڕەمەکیی بێتە نێو زمانی کوردیی، بەتایبەت مێدیا.
هەڵبەتە ئەمەش لە ڕێگەی نەخشە و پلاندانان، هەروەها ئەو بەرنامە و پرۆگرامانە دەکرێت، کە هەڵگری کولتوور و زمانی کوردین و خاڵین لە هەر وشە و کولتوورێکی بێگانە. هەروا دەبێت وەزارەتی ڕۆشنبیریی بەشێوەیەک سانسۆر دابنێت لەسەر مێدیایی کوردیی، کە هەر پرۆگرام و درامایەکی بیانی لە خزمەت کولتووری بیانییدا بێت و کاریگەریی لەسەر لایەنی نەتەوەیی هەبێت و ببێتە هۆی تووانەوە و پەکخستنی کوولتور و پڕۆژەی ناسنامە و خۆهۆشیارکردنەوەی کوردیی، ئەوە ڕێگە لە تەشەنەکردنی بگیردرێت، چونکە مێدیا بەشێکی گرینگی ناسیونالیزمە و کاریگەریی ڕاستەوخۆی دەبێت لەسەر لایەنی نەتەوەیی تاک، بەتایبەتی تاکی کورد، کە لەژێر هەڕەشەی ئیمپریالیزمی داگیرکاردایە. هەر بۆیەش پێویستە لایەنی نەتەوەیی لە مێدیای کوردییدا ببێتە چەق، کە بە هەموو شێوەیەک مێدیا لە خزمەت لایەنی نەتەوەدا بێت. [1]