$ئایا خۆپیشاندانی گەنجان بەدیلی هەیە؟$
نووسینی: د. عەلی زەڵمی
من کە ئەم چەند دێڕە لێرەدا دەنووسم لەوە تێدەگەم قسەی زلی پشتی لاپتۆپ شتێکە و ئەزموونکردنی بارودۆخەکە شتێکی ترە. بەڵام پێداگیریش لەسەر ئەوە دەکەم دایەسپۆرا دەبێ لەوبارەوە قسەی خۆی هەبێ. ئێمەش کەم تا زۆر بەشدارین لە خۆشی و ناخۆشیەکانی ئەوێ. پاشان دونیاش گۆڕاوە، چالاکیی ئۆنڵاین خەریکە گرنگی بەقەد سەرجادە دەبێ. ڕۆڵی چالاکیی ئۆنڵاین لە خۆپیشاندانەکانی بەهاری عەرەبی و هەروەها لە خۆپیشاندانەکانی فەرەنسا و ئەمەریکاش زۆر زۆر کاریگەر بوو. بۆیە مەودای جوگرافی تەواو چووەتە یەک وەک کودەری جاران کە دەچوویە ئاو.
یەک: من پێم وایە ئەم جۆرە لە خۆپیشاندانی توندوتیژ خۆی بەدیل نییە، بەڵام لە بێ بەدیلی ڕەنگە بۆ ئێستا لەوە باشتر نەبێ. بەداخەوە پێشتر نە یەکیەتی و پارتی نە بەدیلەکانیان وەک گۆڕان و ئیسلامیەکان و نەوەی نوێ پێیان نەکرا بارودۆخەکە چاک بکەن، بگرە خراپتریان کرد. لێرەدا زۆر گرنگە دیبەیتی گۆڕان بکرێ و قسەی جدی لەسەر بکرێ. پێشتر بارودۆخێکی هاوشێوەی ئەمەی ئێستا درووست بوو، گۆڕان هات شەپۆلی ناڕەزایی و توڕەیی خەڵکی خاو کردەوە وەک حەبی ئازار بۆماوەیەکی کەم بوویە ئومێد بەڵام ئەویش دواتر بوو بە بەڵا. ئەوەی گۆڕان کردی بە سیاسی و ڕۆشنبیرەکانییەوە ڕێک وەک ئەو برغو و واشێرە وایە کە لەسەر مەنجەڵی بوخار هەیە. کاتێ کە پەستان زۆر دەبێ ئیتر لەڕێگەی ئەو واشێرەوە پەستانی ناو مەنجەڵەکە دەر دەچێت. گۆڕان و موفەکیرەکانی هاتن تووڕەیی و ناڕەزایی هاووڵاتی و گەنجانیان خاو کردەوە و تەسەلیمی یەکیەتی و پارتیان کردن. بەمەش گەورەترین خزمەتیان بە دەسەڵاتی گەندەڵ کرد. من ئەمەم ئێستا بۆ نەهاتووە، بەڵکوو هی ئەو ڕۆژگارەیە کە هەرچی ڕۆشنبیر بوو لە دەوری نۆشیروان مستەفا کۆبووبوونەوە. هەرکەس سەرێکی لە گردەکە نەدایێ گومان لە ڕۆشنبیربوونی دەکرا. من لە چەندین شوێنی جیاجیا دا ئەوکاتانە ئەوەم وتووە و شاهێدم هەیە. چاک بیرمە جارێک ساڵی 2012 لە شوێنێک دانیشتبووین باسوخواس هاتە سەر گۆڕان و من نموونەی ئەو مەنجەڵی بوخارەم هێنایەوە. ئەوەی یادم بێ هەریەک لە بەڕێزان (توانا ئەمین و ڕامیار مەحمود و بەکر عەلی و چەندینی تر) لەوێ بوون. ئێساتش هەر کەس و تاقمێک بێن سواری توڕەبوونی گەنجان بن هیچی باشتر لە گۆڕان سەوز ناکەن.
دوو: شێواز و میکانزمی زۆر دژی پارتی و یەکیەتی تاقیکراوەتەوە؛ لە حزب و ڕێکخراوی مەدەنی و گروپی فشار و خۆپیشاندان و میدیا و سۆشیال میدیا، هیچی کاریگەری ئەوتۆی نەکردووە. تەنانەت خۆپیشاندانەکانی 17ی شوبات چەند درێژەی کێشا و نووسەر و مەلا هاتن بای باڵی خۆیان دا و تا وایلێهات بۆ ماوەیەکی زۆر سەرا بووبووویە جێگای شێلم و چا خواردنەوە و نمایشی بێتام. ئەنجامەکەشی ئەوە بوو کە بینیمان. لە ئێستادا شتێک ماوە کە تاقی نەکراوەتەوە. ئەویش خۆپیشاندانی عەفەوی و ناڕێکخراوی گەنجانە. ڕاستە شتی نا ژیریانی و گێرەشێوێنی تیایە بەڵام تاکە ڕێگایەکە تاقی نەکراوەتەوە و دەبێ ببێ. لە هەموویشی گرنگتر ئەوەیە تەنیا بەدیلێکە کە ئەگەری سەرتاسەریبوونی هەیە. چونکە شوناسی گەنجان یەکە و هاوئاوازیان هەیە. تۆ یا گەنجی تێر و پڕ و خاوەن کارت هەیە یان برسی و گیرفان بەتاڵ. ئەوان وەک باوک و برا گەورەکانیان دابەشی ئینتمای حزبی نەبوون؛ هەڵبەت بەشێوەیەکی گشتی دەڵێم. مادام ئینتمای حزبییان نییە و کێشەکانیان یەکن، سنووربڕتر و زۆر کەم لەژێر هەیمەنەی جوگرافی و زۆنی زەرد و سەوزە دان. ئەمەش بۆی هەیە ببێتە شەپۆلێکی ناڕەزایی سەرتاسەری.
سێ: گەنجی توڕە کاری سیاسی ناکا و سیاسەتیش ناتوانێ نوێنەرایەتی ئەوان بکا چونکە سیاسەت هەمیشە لەسەرەوە دێتە خوارەوە. بەڵام گەنج لەخوارەوە دەست پێ دەکا، لە هەلومەرجی ژیانی خۆیەوە، لە گیرفان و مۆبایلەکەی و یارییەکانی … ئەو خاوەن دونیایەکە دەبێ لێی تێ بگەین. ئێمە هێشتا بەم مۆدێلە ئاشنا نەبووین. دونیامان لا بریتییە لە کاری حزبی و سیاسی ڕاستەوخۆ. پاشان، مەسەلەی توندوتیژی بەشێکە لە شەپۆلی ناڕەزایی گەنج لە هەموو دونیادا. تۆ سەیری خۆپیشاندانەکانی ئەمەریکا بکە یان ئەوانەی فەرەنسا 2018. سووتانی دائیرە و شوێنە خزمەتگوزارییەکان کارێکی هەڵەیە، بەڵام خۆ ئەمەش سیمای سەرەکی ئەو چالاکیانە نییە. لە دە مەقەڕی حزبی ئەگەر دائیرەیەک سوتێنرابێ. دیارە میدیا دەیەوێ زیادەڕۆیی لەو مەسەلەیەدا بکات. [1]