$ئیسلامیستەکانی کورد و تاڵیبان$
نووسینی: #پۆڵا سەعید#
ئەوە ی لە ئەفغانستان دەگوزەرێت، گوزەرانێک نییه، کە دڵخۆشمان بکات یاخوود وەک موژدەیەک بێت بۆ ئێمه. ئەم تێڕوانینە تەنیا و تەنیا ئیسلامیستەکانی کوردستان هەیانه. ئیسلامیستەکانی کوردستانیش هەمیشە هاوڕای ڕەوتە تووندڕە و ئیسلامۆفاشیستەکانن، ئە مەش جێگای نیگەرانییه. لێنەپێچینەوە لە باشووری کوردستاندا، لانی کەم لە دەڤەری سەوزدا، بەڵگەیەکی حاشاهەڵنەگری هەبوونی دوو ئیدارەییه. لە دەڤەری سەوزدا ئیسلامیستەکان باڵادەستترن وەک لە دەڤەری زەرددا. ئەمەش بە واتای ئەوەی، کە لە دەڤەری زەرددا حکومەت حکومڕانە نەک پارت. لە دەڤەری سەوزدا هێندەی هەوڵی بە ئیسلامیزەکردنی دەڤەرەکە دەدرێت، بە چارەکی ئەوە هەوڵی ئەوە نادرێت، کە ئایین وەک دیاردەیەکی تایبەت و کەسیی بمێنێتەوە و حکومەتیش حکومەتێکی بێلایەن لە ئایین. لە دەڤەری سەوزدا پارت هێندەی سەرقاڵە بە بەهێزکردنی دەزگا ئایینییەکانەوه، ئەوەندە سەرقاڵ نییه، بە پتەوکردنی حکومەتەوه. لە دەڤەری سەوزەوە پەیوەندیی بە تاڵیبانەوە دەکرێت و پیرۆزباییان لێدەکەن، لە دەڤەری سەوزەوه، سەرکردە ئیسلامیستەکان بە ئاشکرا پشتگیریی تاڵیبان دەکەن، مەڕیان بۆ سەردەبڕن و نووخشە لە خۆشیان دەکەن. لە هە موو ئەم ڕووداوانەدا حکومەت بێدەنگه، چونکە حکومەت دەستەڵاتی بەسەر زۆنی سەوزدا نییه. ئەمە لە ڕاستییەکی ڕووتدا نەنگییە بۆ خودی یەکێتیی نیشتیمانیی خۆی نەک بۆ حکومەت. حکومەت هی هاووڵاتییانی کورده، لێ پێدەچێت چ یەکێتیی و چ هەوادارانی یەکێتیی، حکومەت بە هی خۆیان نەزانن. بە ئارگوومێنتی ئەوەی، کە هەرچ شت هی من نەبوو، زیانلێکەوتنیشی هی من نییه. بەبێئەوەی گوێ بەوە بدەن، کە زیانلێکەوتووی گەورە کورد خۆیەتی لەم دۆسیەیەدا. دواجار پێویستە یەکێتیی نیشتیمانیی هاوکاریی حکومەت بکات و لە گەڵییدا کار بکات، چونکە پشتگیرییکردنی تاڵیبان هیچ جیاوازییەکی نییە لە گەڵ ئەوەدا، کە پشتگیریی ئەلقاعیدە و داعش بکەیت.
پرسیار لێرەدا ئەوەیه، کە ئاخۆ بۆچیی ئیسلامیستەکانی کورد شاگەشکەن بە سەرکەوتنی تاڵیبان؟ وەڵام. چونکە هەردووکیان بەرهەمی یەک ماتریاڵن. سرووشتی ئیدیۆلۆگیی ئیسلامیستەکان، بریتییە لە سرووشتێکی زاڵدەست. سرووشتێک کە بناغەی خۆی لەسەر هەڕەشەی کووشتن و تۆقاندن لێداوه، ئیدی لێرەوە تاکی ئیسلامیست ئەم ئیدیۆلۆگییە دەگوێزێتەوە ناو خۆی و دەیکات بە سرووشتی خۆی. ئەم ئیدیۆلۆگییە وەک هیپنۆتیزەکردنێک وەهایه، کە بەتەنیا ئامادەگیی تاکی بەسە بۆ کۆنترۆڵکردنی نائاگایی و کردنی بە ئاسترومێنتێکی تیرۆر. بۆ ئیدیۆلۆگییەکی ئاوها ستراکتورێکی شێواوی کەسایەتییت بەسە بۆ ئەوەی سووپایەکی زاڵدەست و تۆقێنەر بەرهەمبهێنیت، کە لە ڕێگایەوە بتوانیت وڵاتێک بخەیتە ژێر دەستەڵاتی تۆقێنەری خۆتەوه. هەروەک چلۆن لە سەردەمی حکومڕانیی تاڵیباندا پێش یانزدەی سێپتێمبەری 2001 بینیمان. هەروەکوو چلۆن لە 2014دا لە حکومڕانیی داعشدا بینیمان.
ئەوەی تاکی ئیسلامیست دوای دەکەوێت بریتییە لە هەبوونی هێز و دەستەڵات. هەتا لە ڕێگای هێز و دەستەڵاتەوە بگات بەوەی، کە پێشتر پێینەدەگەیشت، ئەویش پراکتیزەکردنی تووندوتیژییه. دەکرێت بڵێین، کە ئەلقاعیده، تاڵیبان، داعش، ئیخوان (برایانی ئیسلام)، هەماس و حیزبوڵڵا و حەشدی شەعبیی تاکە جووڵانەوە و ڕێکخستن نین بە ئیسلامۆفاشیستمووس بیانناسێنین، بەڵکوو ئیسلامۆفاشیسمووس لە هەناوی بەشێکی گەورەی تاکی ئیسلامیستدا هەڵگیراوه. مرۆڤ دەتوانێت لە هەموو تاکێکی ئیسلامیستدا، بن لادن و زەرقاوییەک و ئەبووبەکر بەغداییەک دروستبکات. تاکێک ناتوانێت ببێتە زەرقاویی ئەگەر خاوەنی بوونەوەرە ناوەکییەکەی ئیسلامیزم نەبێت، کە خاوەنی “خود”ی ئیسلامیزم نەبێت، ئەگەر خاوەنی ئەکتیڤیتێت و مامەڵەی ئیسلامیزم نەبێت. لێرەدا دەڵێم مامەڵەی ئیسلامیزم، چونکە من لە مامەڵەی ئیسلامیستدا هیچ ئێتیکێک نابینم. لە ژیانیشدا مرۆڤ خاوەنی ئێتیک و مامەڵەیه، ئێتیکیش بریتییە لە مامەڵه، بەڵام هەموو مامەڵەیەک ئێتیکانە نییه، هەربۆیە جیادەکرێتەوه.
دەشێت قسەکردن لەسەر چەمکی ئیسلامۆفاشیسمووس ماوەیەکی زۆر بێدەنگیی بەخۆیەوە بینیبێت، بەڵام لە یانزدەی سێپتێمبەری 2001ەوە جیهان دیسانەوە سەرقاڵبۆوە بە قسەکردن لەسەر ئیسلامۆفاشیسمووس. دوژمنانی کورد ئامادەن هەموو شت دژ بە پە کخستنی کورد لە ئازادبوون و سەربەخۆبوون و هەبوونی دەوڵەتی خۆیدا بکەن. هەموو یەکێکیان نەک پێویستیان بە ئەلقاعیدە، تاڵیبان و داعشه، بەڵکوو ئەوان خۆیان بەشێکن لە ستراکتووری ئەوان. وەک چلۆن لە دروستبوونی حیزبی بەعسدا لە سووریا، لە ئێراقیشدا بە هەمان هەناسەوە بەعس دروستبوو، پەیوەندییەکی بەهێز و هاوکارییەکی بەهێز لەنێوانیاندا هەبوو، ئاوهاش ئێستا بە هەمان ڕۆحی بەعسەوە ئیسلامیستەکانی سووریا و ئێراق پشتیوانیی یەکتر دەکەن، ئەوەتا هەنووکە بە ئاشکرا ئیسلامیستەکانی کوردستان پشتگیریی و هاوکاریی تاڵیبان دەکەن. ئەوەی لەم هاوکارییەدا شاردراوەیە بریتییە لە یارمەتییەکانی دوژمنانی دیاری کورد.
سەدەی بیست نەک سەدەی قسەکردن بوو لەسەر فاشیست، بەڵکوو لە مێژووی مرۆڤایەتییدا هیچ کات وەک سەدەی بیست مرۆڤ دڕندە و زیانبەخش نەبووه، هیچ کات وەک سەدەی بیست بە میلیۆنەها مرۆڤ نەکووژراوه. لە هیچ سەدەیەکی تردا سەد میلیۆن مرۆڤ بە بیرکردنەوەی فاشییانە نەکووژراوه. لە سیاسەتدا چەمکی فاشیست وەک جنێوێکی سیاسیی بەکاردێت، بەڵام فاشیست لە جنێوێکی سیاسیی زیاتره، فاشیست نەخۆشییە و لە هەناوی نۆیرۆزەدا چ لەدایک دەبێت و چ گەشە دەکات. مرۆڤ چەند زیاتر نۆیرۆز بێت هێندە زیاتر فاشیسته، ئەوەی مرۆڤێکی وەها پێویستیەتی بریتییە لە ئەتمۆسفێرەیەک بۆ توانینی پراکتیزەکردنی خۆی تێیدا. لەکوێ کۆمەڵگا خاوەنی ئاساییش نەبوو، شڵۆق بوو، خاوەن کێشە بوو لەوێدا مرۆڤی نۆیرۆتیک فاشیستەکەی ناو خۆی ئاشکرا دەکات، لەوێدا بەهێز دەبێت لەوێدا دەگات بە دەستەڵات، لەوێدا بە هێز و دەستەڵات پراکتیزەی تووندوتیژیی دەکات. تێگەیشتن لە دەستەڵات لەوەدا نییە فەرمانڕەوایەتیی حکومەت بکەیت، بەڵکوو مرۆڤ فەرمانڕەوایەتیی ئەو دەستەڵاتە دەکات، کە ئێستا و ئالێرەدا وەک تیرۆریست، وەک چەکدارانی ئەلقاعیده، داعش، تاڵیبان و ئیخوان هەیانه. دواجار لە ئەنالیزەکردنی ئیسلامیستەکانی کوردستاندا، کە بە ئاشکرا پشتگیریی تاڵیبان دەکەن، دەگەین بە دڵنیاییەک، دڵنیاییەک کە ئیسلامیستەکانی کوردستان خاوەنی ویستێکی گەورەی هێزن بۆ نمایشکردنی خۆیان وەک دەستەڵاتێکی ئیسلامۆفاشیست. ئاخر ئیسلامیستەکانی کوردستانیش هاوشێوەی هەر ئیسلامیستێکی تر:
خاوەنی ڕەتکردنەوە و پەسەندنەکردنی ژیانی سیاسیی و کۆمەڵایەتیی و فەرهەنگیی ئێستان.
دژ بە لیبڕالیەتن، دژ بە دیموکراتیین، دژ بە کۆمۆنیستەکانن، دژ بە کۆنزەڤاتیڤەکانن. لێرەدا ئیسلامۆفاشیست دژ بە کوردە لەلایەن خودی کورد خۆیەوه.
هەوڵی پتەوکردنی کۆمەڵ بە ئیدیۆلۆگیی خۆیان دەدەن، هەوڵی بە میلیتاریکردنی کۆمەڵ دەدەن، ئامانج تێیدا بەهێزکردنی خۆیانە و بە میلیتاریزەکردنی پارت و کۆمەڵە پێکەوه.
سەرنجی گەورە لێرەدا ئەوەیه، کە هەر مرۆڤێک لە ژیاندا خاوەنی بیرکردنەوەیەکی خراپ بێت، خاوەنی ئامانجێکی خراپ بێت لەم بیرکردنەوە خراپەدا، ئەوا دەبێتە خاوەنی ئامانجێکی تریش، کە ناوی دەنێم دەستەڵات. ئامانجی دووهەم وەک دەستەڵات هیچ نییە بێجگە لە ئاسترومێنتێک بۆ پراکتیزەکردنی ئامانجی یەکەم. مرۆڤی خراپەکار بەبێ دەستەڵات ناتوانێت پراکتیزەی خراپە بکات. ڕێگا مەدەن خراپەکاران کوردستان بکەنە ئەفغانستانێکی تر. [1]