$یۆتۆپیا… گەڕانێکی ئەزەلی بەدوای نیشتمانێکی ئایدیاڵ!$
نووسینی: #هەڤین کەمال شا محەمەد#
ئەم سەردەمەی ئێمەی مرۆڤی ئەم سەدەیە تێی کەوتووین، سەردەمێکی ڕەق و ڕژدە، کەسانی خاوەن بیری واقیعی و کردەی پراکتیک و ڕیالیستیک زیاتر ژیانمان بەڕێوە دەبەن؛ ئەوانەی دوورن لە دونیابینیەکی جیاواز بۆ کۆمەڵگای مرۆڤایەتی، تەنیا ئەوە دەبینن کە لەبەرچاویاندا هەیە.
ئەم سەردەمە، سەردەمێک نییە بۆ خەون بینین، بگرە خاوەن خەونەکان و ئەوانەی دونیابینیەکی جیاوازیان هەیە و بەجۆرێکی تر بیر لەژیان دەکەنەوە، ئەو کەسانەی باوەڕیان بە کۆمەڵگایەک هەیە کە دادپەروەری و یەکسانیی کۆمەڵایەتی سیما دیارەکەی بێت، بوونە گاڵتەجاڕ و جێگای تانەو تەشەر.
سەردەمێکە ڕێککەوتنە سیاسییە ژێربەژێرەکان و چارەسەرە کاتییەکان، ژیانمان بەڕێوە دەبەن. ئەو چارەسەرانەی کە هەرگیز لە ڕەگ و ڕیشەوە کێشەکان چارەسەر ناکات بۆ نەهێشتنی خراپەکاری و گەندەڵی سیاسی و ئابووری و هەژاری، بەڵکوو دەچیت چارەسەری کاتی و نەگونجاویان بۆ دەدۆزێتەوە، یەکێک لەو نمونانەی کە زۆر لەبەرچاوە، چارەسەری هەژارییە لەم سیستمانەدا: “هۆکارەکانی هەژاری لەناونابات لە کۆمەڵگادا، بەڵکوو دەچێت چەندەها ڕێکخراوی خێرخوازی درووست دەکات بۆ یارمەتیدانی هەژاران، کە لەبری ئەوەی سوودیان پێبگەیەنێت، دەیانکات بە کەسانی پلە دوو و بێکار لە کۆمەڵگادا و هەست بە کەمبوونی خودیان تیا درووست دەکات.”
زۆرینە دەڵێن بیرکردنەوەی واقیعی و ڕیاڵستیک گرنگە بۆ ژیانی ئەمڕۆمان، ئەمە بە دیوێکدا ڕاستە بەڵام بەدیوەکەی تردا قسە زۆر هەڵدەگرێت. نابێت ئەوەمان لەبیر بچێت هەمیشە خەونە گەورەکانی بیرمەند و فەیلەسوفەکان بۆ درووستبوونی کۆمەڵگایەکی باشتر و نیشتمانێکی ئایدیاڵ و یۆتۆپیایەک لەسەر زەوی، هۆکاری پێشکەوتنەکانی مرۆڤ بووە و بەردی بناغەی درووستبوونی شارستانیەت بووە.
نووسەر و شاعیری فەرەنسی (ئەناتول فرانس) دەڵێت: “ئەگەر یۆتۆپیای سەدەکانی تر نەبوایە، ئەوا هەتا ئێستا لە ئەشکەوت و دارستانەکان بە ڕووتی دەژیاین. یۆتۆپیاکان بوو یەکەم نەخشەی درووستکردنی شارەکانیان هێنایە کایەوە و هەر خەونە گەورەکانیشن لە دواییدا واقیعێکی سوودبەخش درووست دەکەن. یۆتۆپیا بنەمای هەموو پێشکەوتنێکە و هەوڵدانە بۆ گەیشتن بە داهاتوویەکی باشتر.”
یەکەم کەس کە زاراوەی یوتۆپیای هێنایە کایەوە، بیرمەند و نووسەری بەڕیتانی “سێر تۆماس مۆر” بوو، ئەویش کە ڕۆمانێکی فەلسەفی خەیاڵی نووسی بەناوی (utopia) لە ساڵی 1516 دا بە زمانی لاتینی بڵاوکرایەوە. ڕۆمانەکە باس لە دوورگەیەک دەکات کە دانیشتووانی بە ئاسوودەیی دەژین، لە ژێر سایەی سیستمێکی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئایینی ئایدیاڵ بە پێی بیروبۆچوونی مۆر خۆی و بۆ ئەو کاتەی ئەو تیایدا ژیاوە.
لەڕاستیدا وشەی (utopia) وشەیەکی لاتینییە کە لە دوو بڕگە پێک هاتووە ئەوانیش:
بڕگەی (ou) کە مانای (نا) دەگرێتەوە، لەگەڵ بڕگەی (topia) کە مانای (شوێن)ە، یاخود نیشتمان. واتە مانای وشەکە (نا شوێن)ە یاخود ئەو شوێنەی لە هیچ شوێنێکی تر نییە و ناچێت، بەڵام مۆر حەرفی (o) کەی لابردووەو کورتیکردۆتەوەوە بۆ utopia.
هەندێک لە توێژەرەوەکان دەڵێن دەتوانین وشەی ئیۆتۆپیا بۆ هەمان مەبەست بەکاربێنین کە ئەمیش هەر وشەیەکی لاتینییە (Eutopia)، کە لێرەدا بڕگەی (Eu)بە مانای خۆشبەختی دێت، و (topia)بە مانای نیشتمان یاخود شوێن، لەگەڵ یەکدا بە مانای نیشتمانی خۆشبەختی دێت.
واتە دەتوانین بڵێن یۆتۆپیا و ئێۆتۆپیا جیاوازییەکی وایان نییە، چونکە ئەو نیشتمانەی لە هیچ شوێنێک نییە ئەو نیشتمانەیە کە جێگای خۆشبەختی و ئاسوودەیی مرۆڤەکانە.
لە ڕاستیدا ئەگەر بگەڕێنەوە بۆ مێژوو بۆ (400) ساڵ پێش زایین، بۆمان دەردەکەوێت کە یەکەم کەس بیری لەو نیشتمانە یۆتۆپییە کردەوە و وێنای کرد وەکو سیستمێکی سیاسی و پەروەردەیی و زانستی و ئەخلاقی تەواوکەری یەکتر، فەیلەسوفی یۆنانی “ئەفڵاتون” بوو.
ئەفڵاتون لە زۆر پەڕتووک و نووسینەکانیدا باسی لەم نیشتمانە ئایدیاڵە کردووە و بەتایبەتی لە پەڕتووکی کۆمارەکەیدا، کە زۆر بەجوانی شی کردۆتەوە بەوەی دەبێت ئەم کۆمارە چۆن بێت و بنەماکانی چی بن. کۆمارەکەی ئەفڵاتون یەکەم هەوڵ بوو بۆ درووستکردنی نیشتمانێکی ئایدیال و یۆتۆپیی، کە تەنیا لە خەیاڵی ئەو فەیلەسوفەدا هەبوو و لەسەر گۆی زەوی مەحاڵ بووە.
بەڵام هەروەکو نووسەری ئەمریکی “وڵ دیۆرانت” دەڵێت: “ئەفڵاتون فەیلەسوفێکی خەیاڵاوی نەبوو، بەڵکوو کەسێکی واقیعی و دنیادیدە بوو و کێشەکانی لەگەڵ دەسەڵاتدا شایەتحاڵی ئەوەن، چ لە پەڕتووکەکەیدا کە کۆمارە نموونەییەکەی باس دەکات، دان بەوەدا دەنێت کە پێکهێنانی ئەم کۆمارە سەختە، بەڵام دیدی ئەو بۆ درووستکردنی ئەو کۆمارە لەوەوە سەری هەڵدابوو، کە بنیاتنانی ئەو خەونانە لە بیر و هۆشی مرۆڤدا، هەمیشە کاریگەری خۆی هەیە بۆ پێشکەوتن، گرنگی مرۆڤ لەوەدایە توانای پێشبینیکردنی جیهانێکی باشتر ی هەیە و، هەوڵدەدات بۆ بەدیهێنانی بەشێکی بچووک لەو خەونانە ئەگەر گشتیشی نەبێت”.
ئەگەر بە مێژوودا گوزەر بکەین، چەندەها بیرمەند و فەیلەسوف بە جۆری جیاواز باسی یۆتۆپیا و خەونی درووستبوونی نیشتمانێکی ئایدیاڵ و بەهەشتێکیان کردووە لەسەر زەوی.
ئەوەتا “فریدریک ئەنگڵس” بەشێوەیەکی جیاواز لە پەڕتووکی (سۆشیالیزم؛ یۆتۆپیا و زانست)، باس لەم کۆمەڵگا یۆتۆپیە دەکات و دەڵێت: “هەموو دونیابینییەک بۆ کۆمەڵگایەکی نموونەیی، ئەگەر سۆشیالیزم و زانست بەردی بناغەی نەبن، دونیابینیەکی ناتەواوە، تەنیا یۆتۆپیایەکە کە تاک هەڵدەخڵەتێنێت و بە لاڕێدا دەیانبات.”
بیرمەند و نووسەر “هاربێرت جیرۆج وێڵس” لە پەڕتووکی “یۆتۆپیای نوێ”دا باس لەوە دەکات: “دەبێت زیاتر بابەتیانە بین و یۆتۆپیا کۆنەکان ڕەت بکەینەوە، چونکە مەحاڵە درووستبوونی کۆمەڵگایەکی مرۆڤایەتی، کە یاسا باڵادەست بێت تیایدا و بێ کێشەی ناوەکی، یاخود یاخیبوونی تاکە کەسی، باشترە بیر لە درووستکردنی دەوڵەتێکی دادپەروەر بکەینەوە کە مەرج نییە نموونەیی بێت، بەڵکوو تەنیا نزیک بێت لە نموونەیی و جوگرافیایەکی دیاری کراوی نەبێت، بەڵکوو هەموو سەر گۆی زەوی بگرێتەوە “.
فەیلەسوفی هیوا “ئەرنست بلۆخ” بە جۆرێکی تر دەڕوانێتە چەمکی یۆتۆپیا و نیشتمانی ئایدیال و مانای نوێیان دەداتێ. (نیشتمان لای بلۆخ سەرزەمینێکی ئامادە نییە کە ئێمەی تێدا لەدایک دەبین، بەڵکوو جێگایەکە درووستی دەکەین، ئەو جێگایە نییە کە تیایدا دەژین، بەڵکوو ئەو جێگایەیە کە بەرەوڕووی دەڕۆین. سەرزەمینی هاتنەدی هیوا و گەشبینیەکانمانە! شوێنێکە دەشێت هەبێت و هەموو ڕووی تێبکەین، واتە سەفەرێکە بەرەو دەرەوەی شتەکان، بەرەوە دەرەوەی ئێستا و بەرەو دەرەوەی ئەو شتانەی گەمارۆمان دەدەن.”
لەپەڕتووکی (چیرۆکی یۆتۆپیا) دا دەبینین بیرمەند “لویس ممفۆرد” یۆتۆپیا دابەش دەکات بە دوو جۆرەوە:
1- یۆتۆپیای ڕاکردن: لێرەدا ئێمە لە واقع و ژیانی ڕاستەقینە ڕادەکەین و بیر لەشوێنێکی خەیاڵی و ئایدیاڵ دەکەینەوە بۆ ژیان، کە ئەم بیرەش مەحکومە بە کۆمەڵێک ڕەهەندی سیاسی و ئایدۆلۆژی و ئایینی بۆ ژیان.
2- یۆتۆپیای بنیاتهێنەر: لێرەدا دونیابینیەکی واقیعی و ڕیالستیک هەیە بۆ چاککردنی کۆمەڵگا و ژیان… بۆ نموونە: بۆ ئەوەی مرۆڤ خانوویەک درووست بکات بۆ بەدیهێنانی پێداویستییە سەرەتاییەکانی، پێویستە ڕای ئەندازیارێک وەربگرێت و پلان و نەخشەی بۆ دابنێت، وەستا و کرێکارەکان لایەنی جێبەجێکار بن و هەستن بە ئەنجامدانی کارەکان، نەک تەنیا بە پەنابردن بۆ خەیاڵ بتەوێت کۆشکێک درووستبکەیت “.
ئەگەر بێن و بەراوورد بکەین لەنێوان بیروڕای گرنگترین بیرمەند و فەیلەسوف و ئەدیب و سیاسییەکان، کە یاساکانی یۆتۆپیایان داناوە و باسیان کردووە، بۆمان دەردەکەوێت کە بیری یۆتۆپی دەکرێت بە دووکۆمەڵی سەرەکی:
1- ئەو کۆمەڵەیە کە سوود و قازانجی کۆمەڵ دەخاتە پێش هەموو شت، هەر یاخیبوونێکی تاک مەحکوم دەکات و سزای دەدات، ئەمیش زیاتر لە بیری فەیلەسوفەکانی پێش مۆدێرنەدا دەردەکەوێت.
2- ئەو کۆمەڵەیە کە ئازادی تاکی لا گرنگترە و بە ئامانجی سەرەکی دادەنێت. هەر لەبەرئەوەش ئەو یاسایانەی لەلایەن کۆمەڵەوە دادەنرێن نابێت دژی ئارەزوو و ئازادیەکانی تاک بێت.
ئەگەر زۆرینەی فەیلەسوف و بیرمەندەکانیش کۆک نەبن لەسەر بیر و فکری یۆتۆپیی، ئەوا توێژەرەوەکان جەخت لەوە دەکەنەوە کە دیاردەی (یۆتۆپیا) هەمیشە دیاردەیەک بووە بۆ پڕکردنەوەی خواستی مرۆڤ، هەمیشە هۆکارەکەی خراپی بارودۆخی سیاسی و کۆمەڵایەتی گەلەکان بووە و لە کاتی سەردەمە تاریکەکان و کێشەکان دا هاتۆتە کایەوە.
ئەوەی پێویستە ئێمە بیزانین وەکو مرۆڤی ئەم سەدەیە ئەوەیە؛ کەیۆتۆپیا خەیاڵێکی شاعیرانە و ئەدیبانە نییە کەدژ بە عەقل و مێشک و واقع بێت، بەڵکوو هەوڵدانی مرۆڤە هەر لە ئەزەلەوە بۆ گۆڕانکاری و باشترکردنی ژیان. یۆتۆپیا باوەڕبوونە بە توانایی مرۆڤ بۆ بەدیهێنانی دادپەروەری و یەکسانی لەسەر زەوی نەک لە ئاسمان و لەخەیاڵدا، یۆتۆپیا هەوڵدانێکی مێژوویی دوورودرێژە بۆ بنیاتنانی کۆمەڵگایەکی جیاواز، کۆمەڵگایەک پڕ لە دادپەروەری و یەکسانی کۆمەڵایەتی.
هەروەک چۆن نووسەری ئیرلەندی “ئۆسکار وایڵد” دەڵێت: “ئەگەر نەخشەی جیهان یۆتۆپیاکانی تیا نەبێت، ئەوە شایەنی سەیرکردنیش نییە. چونکە ئەو وڵاتە غافڵ دەکات کە هەمیشە کەشتی مرۆڤایەتی بەرەو ڕووی دەڕوات و لە کەنارەکانیدا ئارام دەگرێت. هەر کاتێک لە دوورەوە وڵاتێکی تری بینی، بەرەو ڕووی کەشتییەکەی تاو دەدات، لە ڕاستیدا پێشکەوتنی مرۆڤایەتی بەدیهێنانی یۆتۆبیاکانی مێژووە.[1]