$کۆمەڵگای مەدەنیی جیهانی$
نووسینی: #ڕابەر تەڵعەت#
لە سەردەمی جەنگی سارددا، هەموو هەوڵەکان بۆ گۆڕانکاریی لە ڕژێم و سیستەمی سیاسی لەسەرەوە بۆ خوارەوە شکستیان هێنا، وەک لە (هەنگاریا 1956 و چیکۆسلۆڤاکیا 1968). بایەخدان بە (کۆمەڵگای مەدەنی) و ڕێکخستن و سەرهەڵدانی بەشداریکردنی مەدەنی، تۆڕبەندی و نێتۆرکی نێوان گروپە کۆمەڵایەتییەکان، وەک (بزووتنەوەی سۆڵیداریتی) لە پۆڵەندا، هاوکات بە پشتبەستن بە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان و بانگەواز بۆ بەهاناوەچوونی نێودەوڵەتی بۆ ڕۆژهەڵاتی ئەوروپا بەتایبەت لە بارودۆخی ئەوکاتی جەنگی سارددا؛ بووە هۆی ئەوەی ئەم گروپانە بتوانن: یەکەم/ فەزای ترس و تۆقاندن لە سیستەمی کۆمۆنیزم بشکێنن. دووم/ فەزایەکی سیاسی درووست بکەن بۆ چالاکی مەدەنی و ناڕەزایی و بانگەشە بۆ کرانەوە، کە بووە پاڵنەری ڕێکەوتننامەی هێڵسنکی 1975 بۆ پشتگیری لە مافەکانی مرۆڤ و پاراستنی ئازادییەکان و هاوکاری مەدەنی لەنێوان ڕۆژهەڵات و ڕۆژاوای ئەوروپادا.
لە دەیەی هەشتاکان بەدواوە، گۆڕانکاریی گەورە بەسەر تێگەیشتنی ئەوروپییەکاندا هات بۆ کۆمەڵگای مەدەنی. گروپەکان گەیشتنە ئەو باوەڕەی کە هێزی خۆیان لە میانەی بەدەستهێنانی پشتگیریی نێودەوڵەتیدا بەدەست بهێنن. لەبری ئەوەی ڕووی داواکانیان لە حکومەتەکانی خۆیان بێ، ڕوو لە هێز و کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بکەن بۆ بەدەستهێنانی پشتگیریی بۆ چاکسازیی و ڕیفۆرم. ئەمەش بووە هۆی لەدایکبوونی پارادایمێکی نوێ لە مێژووی جووڵانەوە کۆمەڵایەتییەکاندا و وەک بزووتنەوەی کۆمەڵایەتی نوێ ناسرا.
دەرکەوتنی تۆڕی چالاکوانانی نێودەوڵەتی لە نەوەدەکاندا، بەتایبەت لە بواری بەهاناوەچوونی مرۆییدا، کاریگەریی بەرچاویان هەبوو لە باشترکردنی ڕەوشی حوکمڕانی جیهان. ئەوانە بوونە هۆی بەهاناوەچوونی نێودەوڵەتی لە زۆر کەیسی مرۆیی و سیاسیدا؛ وەک بەهاناوەچوونی خەڵکی کوردستانی باشوور لەدوای کۆڕەوە ملیۆنیەکەی 1991، بەهاناوەچوونی خەڵک و لێقەوماوانی کۆسۆڤۆ و توندوتیژییەکانی بەڵکان. هەروەها چەندین کەیسی دیکەی مرۆیی لە ئەفریقیا و ئەمریکای لاتین.
دوای 11 ی سێبتەمبەر؛ هەڵسوکەوتی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بەهۆی شەڕی تیرۆرەوە گۆڕانکاریی گەورەی بەسەردا هات. دژایەتیکردنی تیرۆر و بەگژداچوونەوەی سەربازی بوو بە بژاردەی یەکەمی زلهێزەکان بەتایبەت ئەمریکا. ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئێڕاق، چ وەک مۆڵگەی تیرۆر و چ وەک ژینگەی دیکتاتۆرەکان، بووە چەقی زۆربەی پڕۆسە سەربازیی و داگیرکارییەکانی بیست ساڵی ڕابردووی جەنگ لە دژی تیرۆر. لەبەرانبەردا هیچ گۆڕانکارییەکی پۆزەتیڤ بە ئاڕاستەی کرانەوە و بەدیموکراسیکردن ڕووینەداوە، توندوتیژی و جەنگی ناوخۆیی و لێکدوورکەوتنەوەی ناسنامە و سیاسەتی ناسنامە Identity Politic بوون بە گوتار و سیاسەتی سەردەست لە وڵاتانی دوای تیرۆر یان دیکتاتۆر، وەک ئێڕاق و سووریا و یەمەن و…هتد.
ئێستا ئێڕاق و زۆربەی وڵاتانی ناوچەکە لەبەردەم قەیرانی حوکمڕانی و ئاشتی و سەقامگیریدان، دەپرسین: ئایا کۆمەڵگای مەدەنی، یان چالاکانی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی دەتوانن دەوڵەتان ڕازی بکەن تا سیاسەت و چوارچێوەیەکی فرەلایەنی بەدیل بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ گرفتی حوکمڕانی ئێڕاق و هاوشێوەکانی، تیرۆر و هەژاری بگرنەبەر؟ بڕیارنامەی ئەنجومەنی ئاساییشی نەتەوە یەکگرتووەکان 687 ساڵی 1991 بە دژی ئێڕاق گرتنەبەری سیاسەتێکی هاوشێوە بوو کە پێشتر لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ئەوروپادا جێبەجێکرابوو، بۆ پاراستنی ئێڕاقییەکان و دراوسێکانی ئێڕاق و بەگژداچوونەوەی چەکی کۆمەڵکوژیی و ڕێزگرتن لە مافەکانی مرۆڤ. ئێستا کە ئێڕاق بانگەشەی سیستەمی دیموکراسی دوای بەعس دەکات؛ لەکاتی بوونی ڕاپەڕین و ناڕەزایی جەماوەریی بەدژی ئەو سیستەمەی ئێستا، کە لە 2016 بە پچڕ پچڕی دەستی پێ کردووە و تا ئێستا لە گەشەکردندایە، کێ ئێڕاقییەکان دەپارێزێ؟
ئەنجام؛ وەدیهاتنی کۆمەڵگای مەدەنیی جیهانی، وەک چالاکێکی نێودەوڵەتی کە بتوانێ پارێزگاریی لە ئاشتی جیهانی و شکۆمەندی مرۆڤ بکات؛ لە ڕووی پراکتیکیەوە کارێکی ئەستەمە. چونکە کۆمەڵگای مەدەنی ڕەنگدانەوەی واقیعی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابووری وڵاتەکانە، لەلایەکی تریشەوە وڵاتانی زلهێز بەتایبەت، لە ئیدارەی سیاسەتی نێودەوڵەتیدا، هەردەم بیر لە بەرژەوەندییەکانی خۆیان دەکەنەوە. لەپاڵ ئەوەشدا، ڕەشبینی چارەسەر نییە! هیچ ڕێگەیەکی دیکە بۆ دەربازبوون لەم چەقبەستووییە مەترسیدارەی ئێستا نابینم جگە لە هەوڵدان بۆ دامەزراندنی کۆمەڵێک یاسای جیهانی لەسەر بنەمای ڕەزامەندی دەوڵەتان، بۆ پاراستنی خەڵک و کەمکردنەوەی قوربانییەکانی توندوتیژیی. دەبێت ڕێگایەک بدۆزرێتەوە بۆ کەمکردنەوەی توندوتیژی لەسەر ئاستی جیهانیدا، هەروەک چۆن بیرمەندانی سەرەتای مۆدێرنە کۆمەڵگای مەدەنییان وەک ڕێگەیەک بۆ کەمکردنەوەی توندوتیژی لە ئاستی ناوخۆییدا پێشنیار دەکرد. [1]