$ڕاپەڕینی جەماوەریی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و دووڕیانی بەردەم ئۆپۆزسیۆن$
نووسینی: هیدایەت جان
ئەو ڕاپەڕینە جەماوەرییەی حەوت هەفتەیە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران سەریهەڵداوە، دەرفەتێکی زێڕینە بۆ ئەوەی ئۆپۆزسیۆنی ڕۆژهەڵات ئاشنابێ بە ڕێکخستنی نوێی جەماوەری و کارکردن لەسەر شێوازی خەبات و نافەرمانی مەدەنی. کورد لە ڕۆژهەڵات زیاد لە سەدەیەکە شێوازی خەباتی چەکداری گرتووەتە بەر، لە سەردەمێک کە تا ڕادەیەک هاوسەنگی هێز هەبوو، دەستکەوتی گرنگمان لەو شێوازە خەباتە بۆ دۆزی نەتەوەییمان بەدەستهێنا کە گرنگترینیان چەسپاندنی کورد وەک نەتەوە بوو لە نەخشەی سیاسیی ئێران، ئەو دەستکەوتە توانی حورمەتێکی سیاسی، کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی بۆ کورد لەناو نەتەوەکانی ئێراندا درووستبکات.
بەڵام ئەوەی ئێستا لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران ڕوودەدات، هەموو ئاماژەکانی پێماندەڵێ، نەوەی تازە دەیەوێ شێوازێکی دیکەی خەبات بۆ گەیشتن بە مافە سیاسی و نەتەوەییەکانی ئەزموون بکات، لەوە تێگەیشتووە کە شێوازی خەباتی سیاسی دروستکەری فەرهەنگی سیاسییە لە کۆمەڵگا، بەوە گەیشتووە کە دەسەڵات لە هەر ڕێگەیەکەوە بەدەست بهێنیت، دەبێ بە هەمان ڕێگە بیپارێزی، بەو واتایەی، دەسەڵاتێک لەڕێی چەکەوە بەدەستهات، دەبێ هەر لە ڕێگەی چەکەوە بیپارێزی، ژیری ئەو نەوە تازەیە لەوەدایە، دیوی ناوەوەی دەسەڵاتێک هەڵدەسەنگێنێت کە لە داهاتوودا دەیەوێ درووستی بکات، ئەوە فۆڕمێکی نوێ و ئاپدەیتکراوەی ناسیۆنالیزمە و چیتر نایهەوێ ئەو ڕەخنەیەی لێ بگیرێت، کە “ناسیۆنالیزم بەردەوام چاوی لە دوژمنی دەرەکییە و ڕێگە نادات سەرنجت بخەیتە سەر دوژمنی ناوەکی” هەمیشە دێوەزمەیەکت لەدەرەوەی سنوورەکان بۆ درووستدەکات و فۆبیای پەلاماری ئەو دێوەزمەیە لەناو کۆمەڵگەدا بڵاودەکاتەوە بۆ ئەوەی زاتی ئەوەیان نەبێ بیر لە دێوەزمە ناوەکییەکە بکەنەوە و ڕەخنە لە شێواز و مۆدێلی حوکمڕانیی بگرن، نەخاسمە ئەوەی حوکمڕانییەکە لە ڕێگەی چەکدارییەوە بەدەستهاتبێ.
دابڕانی ئۆپۆزسیۆن لە کۆمەڵگەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان پێی ناوەتە دەیەی چوارەمەوە و لەو مەودایەدا زیاتر لە سێ نەوە لەدایکبوون، ئەو دابڕانە جەستەییە تا ڕادەیەک دابڕانی فەرهەنگیشی لێ کەوتووەتەوە، تێڕوانینی سەردەم، بەها، خواست و کۆی چەمک و سێکتەرەکانی ژیانی کورد لە ڕۆژهەڵات گۆڕانی ڕیشەییان بەسەردا هاتووە و ئاستەنگەکانی بەردەم ئۆپۆزسیۆن فریای ئەوەی نەخستووە لێیان تێبگات بۆ ئەوەی خۆی پێ نوێبکاتەوە و لەگەڵی بگونجێت، بەتایبەت ئەم 10 ساڵەی دوایی کە تەکنەلۆژیا بە خێراییەکی زۆر گەیشتە ماڵ بە ماڵی سەرجەم چینە کۆمەڵایەتییەکانەوە. لە مێژووی جوگرافیای ئێراندا هێندەی دوو دەیەی ڕابردوو نەتەوەکانی ئێران پەیوەندی و تێکەڵاوییان بەهۆی فراوانبوونی زانکۆکان و نیمچە کرانەوەی ئابووری و دواجار تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، بۆ دروستنەبووە.
ئەو تێکەڵبوونە لە چەندین ڕووەوە لە بەرژەوەن کورد وەک نەتەوەیەکی پەڕاوێزخراو بوو کە بەردەوام دەزگای پڕوپاگەندەی دەسەڵات لە فەزای گشتی ئێراندا خەریکی بەدێوکردنی بوو، کوردستان وەک دوورگەیەکی حەرام پێشاندرابوو بە کۆمەڵێک بوونەوەرەوە کە مرۆڤ بە تەنەکە سەردەبڕن و دەیان ئەفسانە و چیرۆکی دیکە، بەڵام بەرەو زانکۆ ڕۆیشتنی گەنجانی کورد و تێکەڵبوونیان لەگەڵ نەتەوەکانی ئێران هەموو ئەو سیحرانەی بەتاڵکردەوە و ڕۆژهەڵات بەهۆی ئەزموونی خەبات و فەرهەنگی سیاسی کە دووربوو لە هەموو چەشنەکانی فاشیزم و ئەویتر قبوڵنەکردن، بوو بە کانێکی دەوڵەمەند تا کۆمەڵگەی ئێرانی لێیەوە خەباتی مەدەنی و نافەرمانی و ملنەدان هاوردە بکەن.
ئەو دەرفەتەی ئێستا بۆ ئۆپۆزسیۆنی ڕۆژهەڵاتە ڕەخساوە خستوویەتە بەردەم دووڕیانییەکی چارەنووسساز، بەوەی پێداچوونەوەیەک بە شێوازی خەباتیدا بکات. لە کۆنەستی ئەو نەوە تازەیە، هێشتا ئۆپۆزسیۆن ئەو ئەلتەرناتیڤە شیاوەیە کە دەتوانێ دەسەڵاتی دوای کۆماری ئیسلامی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بگرێتە دەست، بەڵام بە یەک جیاوازی ورد کە ئۆپۆزسیۆنی خستووەتە سەر دووڕیانییەکە. چەندە ئۆپۆزسیۆن بەهۆی دابڕانەوە نەیتوانیوە لە ڕوانینی ئەو نەوەیە تێبگات و خۆی لەگەڵ بگونجێنێت، ئەویش بە هەمان شێوە لە ئۆپۆزسیۆن تێنەگەیشتووە و لە نەستیدا ڕۆئیایەکی هەڵچنیوە کە ئەو ئۆپۆزسیۆنە هاوتەریبە لەگەڵ بیر و تێڕوانینەکانی بەرانبەر ئەو خەباتە جەماوەرییەی هەڵگیرساوە، ئەوەش ئۆپۆزسیۆنی لەبەردەم دوو بژاری چارەنووسساز داناوە. بەوەی کە ئەگەر لەو نۆڕمە باوەی چەندین دەیەیە دەقی پێ گرتووە، خۆی دەرباز نەکات، ئەو هەلەی لەدەستدەچێت و هەموو ئەو ڕوئیایەی لە نەستی ئەو نەوەیەدا دروستبووە، دادەڕمێت. لەبیری نەکەین، بزووتنەوە جەماوەرییەکان یەک تایبەتمەندییان هەیە کە ڕێبەر قبووڵ ناکەن، بەڵکوو خۆیان لەنێو خۆیاندا ڕێبەرایەتی بزووتنەوەکە بەرهەمدەهێنن، ئەوەش بەو واتایەی دەبێ ئۆپۆزسیۆن بەدەر لە گۆڕینی شێوازی خەبات، دەستبەرداری چەمکی ڕێبەر بێت و بەرەو چەمکی ڕێبەرایەتی هەنگاو بنێت. ڕێبەرایەتییەک کە کۆمەڵگە تێیدا هاوبەشبێت. [1]