دەقی پەیامەکەی دامەزراوەی سەرۆک #مام جەلال#:
بەڕێزان: مەکتەبی سکرتاریەت و ئەندامانی یەکێتیی ژنانی کوردستان..
بەبۆنەی 33 ساڵە دامەزراندنی یەکێتیی ژنانی کوردستان، پیرۆزبایی گەرم ئاڕاستەی ئێوەو هەردوو خوشکی بەڕێزمان خاتوو هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد و خاتوو کافیە سلێمان دەکەین کە ڕۆڵی بنچینەییان لە دامەزراندو پارێزگارکردنی حەق و حقووقی ژنانی کوردستان هەبووە، ئەم ڕێکخراوە زیاتر لە سێ دەیەیە خەبات دەکات لە پێناوی یەکسانی و هۆشیاریی و پێگەیاندنی ژنانی بەگشتی، و ژنانی سەرکردە بەتایبەت، چەندین ژنی بەتواناتان پێگەیاندووە کە ئێستا لە پۆستە سیاسیی و حوکمڕانیەکانی و ئیدارییەکانی هەرێم و عیراقدان.
لەئەرک و خەباتی بێووچانی ڕابردووتاندا سەلمانتان کە داکۆکیکاری ڕاستەقینەی دۆزی ڕەوای ژنانن لە کۆمەڵگەدا، جگە لە ڕزگارکردنی جەستەی و بیرو بۆچوونی ژنان لە کۆتوبەندی دواکەوتووی کۆمەڵایەتی، هەوڵەکانتان بەرزدەنرخێنین لە زیادکردنی تواناو شارەزایی نویێ و گەشە پێدانی بیرو هزری ژنانی کوردستان.
هەرئەوەش وایکردووە کە هەمیشە ژینگەی کاری ڕێکخراوەکەتان؛ ببێتە ناوەندێک بۆ پێگەیاندنی ژنانی سەرکردەو پێشکەشکردنیان بە کۆمەڵگەو بەشداری لە کاری سیاسی و ئیداری و ئابوری و پیشەیی لە کۆمەڵگەدا.
یەکێتییەکەتان لەوپەڕی پتەویدا دەتوانێت؛ بۆ ئایندەی وڵات و ئایندەی زیاتری چەسپاندنی مافەکانی ژنان بە یاسا، خەباتی ڕابردوو ئایندە پێکەوە گرێبدات و ئامانج لەسەر ئامانج، بۆ مافی ژنان لە کۆمەڵگەدا بچنێتەوە و یەکسانی جێندەری بەکاری مکوڕ بچەسپێنن و کۆتایی بەستەمکار بهێنن بەرامبەر بە ژنان لە کۆمەڵگە دا.
وەک دامەزراوەی سەرۆک #جەلال تاڵەبانی#-یش هەمیشە هاوکارو پشتیوان و هەماهەنگ دەبین بۆ کارەکانی ئایندەی یەکێتیەکەتان، لەسەر بنەماو باوەڕی نەگۆڕی سەرۆک مام جەلال بەرامبەر بە خەباتی ژنان، بۆ دەستەبەری مافەکانیان و هەروەها بەشداریکردنی ڕاستەقینەیان لە کۆی کایە سیاسیی و حوکمڕانیەکان و سوود وەرگرتن لە توانا و لێهاتووییان.
هەرشاد و سەرفراز بن
باڵیۆز د. محمد سابیر
سەرۆکی دامەزراوەی سەرۆک جەلال تاڵەبانی[1]
تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!