دەقی پەیامەکەی #قوباد تاڵەبانی#:
بەڕێز سکرتێری یەکێتی ژنانی کوردستان
بەڕێزان لەسکرتاریەت و ئەندامانی یەکێتی ژنان
بەبۆنەی (33)هە مین ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتییەکەتان، گەرمترین پیرۆزبایی ئاڕاستەی سکرتێر و ئەندامانی مەکتەبی سکرتاریەتی یەکێتیی ژنانی کوردستان دەکەم، هیوادارم ئەم یادە هاندەرێکی بەهێزبێت بۆ قۆناغی نوێی خەبات و دانانی پلان و پرۆژەی نوێتان بۆ خزمەتی ژنان و داکۆکیکردنتان لە ماف و داخوازی و داوا ڕەواکانی ژنان.
ڕێکخراوە تێکۆشەرەکەتان، لە ساتەوەختێکی مێژوویی دژواردا لە هەناوی شۆڕشی نوێی گەلەکەماندا لەسەر دەستی چەند شێرە ژنێک دامەزرا و تائێستا لە کاروانی خەبات بۆ هێنانەدی ژیانێکی شایستەتر بۆ ژنان تێدەکۆشێت و مێژوویەکی پڕ سەروەری و جێ شانازی تۆمارکردوە.
لەیادی یەکێتیەکەتاندا جێی خۆیەتی بڵێم کە؛ #یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان# هەمیشە پێشەنگ بووە لەپرسی ژن و یەکێک لە پرنسیپە هەرە بەرچاوەکانی سەرۆک #مام جەلال#یش پرسی ژن و یەکسانی نێوان ژن و پیاو بووە، ئێوەی خەباتگێریش لەیەکێتی ژنان زۆرترین کادری بەتواناتان پێ گەیاندووە، کە دواتر بوون بە وەزیر و پەرلەمانتارو پێشمەرگە و پزیشک و پارێزەر و مامۆستا و کەسانی کاریگەر لە کۆمەڵگادا.
هەر لێرەوە پشتیوانی هەمیشەیی خۆمتان بۆ دووپات دەکەمەوە، لەپێناو پەرەپێدانی زیاتری تواناکانی ژنان و کچان و بەگژداچونەوەی ئاستەنگەکانی بەردەم پێشەوەچوونیان و هەر جۆرە توندوتیژی و نادادییەک کە بەرامبەر ژنان و کچان بکرێت.
هەر شاد و سەربەرز و سەرکەوتووبن
قوباد تاڵەبانی
سەرپەرشتیاری مەکتەبی سکرتارییەتی سەرۆک مام جەلال[1]
تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!