ناونیشانی بابەت: هونەر و ئەدەب و زمانی
کاشییەکانکاشییەکان
نووسەر:
سارا سەردارسارا سەردار
هونەر و ئەدەب و زمانی کاشییەکان
کاشییەکان لە ڕووی هونەری کانزاکاری و بەکارهێنانی ئاسن، زیرەک بوون و توانیویانە لە بڕۆنز هەندێ شتی نوێ وەک لغاو، کورتان و زنجیری ئەسپ درووست بکەن، هەروەﮪا کەلوپەلێکی وەک تەور و گورز لەو سەردەمە درووست دەکرا کە سەری لە شێوەی ئەسپ بوو، جگە لە پێداویستی ڕۆژانە دەستکراوە بە درووستکردنی بابەتی جوانکاری ژنان. لە زۆربەی سەرچاوە مێژووییەکان سەردەمی کاشییەکان و ناوچەی
لوڕستانلوڕستان بە سەردەمی دۆزینەوەی بڕۆنز دادەنرێت کە ﮪەر بەو ناوەش بەناوبانگە، واتا بڕۆنزی لوڕستان.
کاشییەکان تەنانەت گرنگییان بە لایەنی هونەری و فەلسەفی داوە، هەروەﮪا کاریان کردووە لەسەر نووسین یان وەرگێڕانی دەقی ئەدەبی بۆ سەر زمانی ئەکەدی و
بابلبابلی. لەڕووی زمانەوانییەوە، زۆربەی سەرچاوەکان لەسەر ئەوە کۆکن کە زمانی کاشیی زمانی کۆنی
قەوقازقەوقاز، واتە مەڵبەندی بنەڕەتی زاگروس بووە، بەڵگەش بۆ ئەمە دۆزینەوەی فەرهەنگێکی زمانەوانییە کە یەکێک لە نووسەرەکانی بابلی بۆ زمانی کاشی و ئەکەدی نووسیویەتی، لەوێ دەردەکەوێت زمانی کاشی زمانێکی تەواو قەوقازییە.
کاشییەکان دوو زمانیان بەکار هێناوە، یەکیان زمانی گشتی بووە کە خەڵک قسەی پێ کردووە و ئەویتریش زمانی خانەدان و دەزگاکانی دەسەڵاتداری و پاشاکان بووە، کە ڕیشەی هیندوئەورووپی هەبووە.
پێکهاتەی کۆمەڵگە و بواری ئایینی
پێکهاتەی کۆمەڵایەتی کاشییەکان لەسەر بنەمای هۆزایەتی بووە و بەو ﮪۆز و خێڵانە گوتراوە(ماڵی فلان یان خانەی فلان)و بە ئەندامی ئەو ماڵانە گوتراوە کوڕی فلان و سیستمی خێزانیان سیستمی باوکسالاری بووە، ﮪەر خێزانێک سەرگەورە واتە سەرۆکی خێزانی هەبووە و ئەوانیش پێوەستبوون بە سەرۆکی هۆزەکەوە.
لە سەردەمی کاشییەکاندا کشتوکاڵ پێشکەوتنی بەخۆیەوە بینی و سیستمێکی پێشکەوتووی کشتوکاڵییان دامەزراند، پاشاکان زەوییان بەسەر سەرۆک هۆزەکاندا دابەش کردووە و ﮪەر ماڵێک پارچە زەوییەکی هەبووە کە بۆ کاری کشتوکاڵ بە کاری هێناوە، نیشانە و سنووریان لەنێوان زەوی تاک و کۆمەڵەکاندا داناوە و بایەخیان بە جۆگەلەی ئاودێری داوە.
لەم سەردەمە شێوازی بەرهەمهێنانی کشتوکاڵ پەرەی سەندووە و بووەتە شێوازێکی نیمچە دەرەبەگی، ئەمەش بووە ﮪۆی زۆربوونی بەرهەمهێنان و نیشتەجێبوونی دانیشتووان، لە کۆمەڵگەی کاشیدا ﮪەروەک زۆربەی کۆمەڵگە کۆنەکان، بڕوایان بە فرەخواوەندی و بتپەرستی هەبووە و لە هەندێ لە نووسراوە کۆنەکاندا ناوی هەندێ لە خواوەندەکانی کاشی تۆمار کراون، وەک: خواوەندی(کاشو)کە لە زمانی ئەکەدی بەم جۆرە هاتووە و شێوەی خواوەندەکەش دیار نییە. خواوەندی(شیمالی، یان شیبارو)کە خواوەندی کوێستان بووە. خواوەندی(شوکامون، یان شومو)خوای ئاگری ژێرزەوی و پشتیوانی زنجیرەی پاشایان. جگە لەمانە، خواوەندەکانی(هاربە و شیخۆ)لە خواوەندە زۆر گەورە و خوشەویستەکان بوون کە لەگەڵ خواوەندەکانی(ئینلیل و مەردوک)ی بابل، یەکسان بوون.
[1]