سەلەفییەتی مەدخەلی و داعش
نووسینی: جووتیار نەریمان حسێن
پوختە
هاوبەشێیەکی زۆر هەیە لە بنەما فیکرییەکانی هەریەک لە ڕەوتی سەلەفییەتی جیهادی (وەک داعش) و سەلەفییەتی مەدخەلی، جگە لەوەش لە عیبادات و لایەنە فیقهییەکاندا هەردوو ڕەوتی ناوبراو لە یەک سەرچاوە ئاو دەخۆنەوە و مەرجەعی فیکرییان هاوبەشە. وێڕای ئەو هاوبەشییانەی باس کران، خاڵی جیاوازی و ناکۆکییش لەنێوان هەردوو ڕەوتەکەدا دەبینرێت بە جۆرێک کە هەردوو ڕەوتەکە یەکدی بە لادەر و گومڕا و سەرلێشێواو دەزانن. لەم توێژینەوەیەدا هەوڵ دراوە بە گەڕانەوە بۆ سەرچاوەکانی هەردوو ڕەوتەکە، گرنگترین ئەو خاڵانە دیاری بکرێت کە هەردوو ڕەوتی ناوبراو تێیدا هاوبەش و پێکدژن.
پێشەکی
بەر لە هەر شتێک پێویستە ئەوە ڕوون بکرێتەوە کە دیاریکردنی سنووری هەریەک لە سەلەفییەتی مەدخەلی و سەلەفییەتی جیهادی (وەک داعش) کارێکی هێندە ئاسان نییە؛ لەبەرئەوەی لە زۆر شوێندا سنووری ئەو دوو ڕەوتە هێندە کاڵ دەبێتەوە کە ناکرێ بە ئاسانی لێک جیا ببکرێنەوە، لە لایەکی تریشەوە سنووری نێوان هەریەک لەو دوو ڕەوتە لەگەڵ ڕەوتە ئیسلامییەکانی دیدا لە زۆر شوێندا کاڵ دەبێتەوە. بابەتگەلێکی زۆر هەن چ لە بواری عەقیدە، یان فیقﮪ و سیاسەتدا لەنێوان چەند ڕەوتێک لە ڕەوتە ئیسلامییە کۆن و نوێیەکاندا هاوبەشە و چەند ڕەوتێکی تر پێچەوانەی ئەمان بیر دەکەنەوە، جاری وا هەیە ئەو ڕەوتانەی لە بابەتێکدا کۆکن لە بوارێکی دیدا تەواو پێکدژن و بە پێچەوانەوە لەگەڵ هەندێک لە ئەو ڕەوتانەی دیدا هاوبەشن کە لە بابەتی تردا پێچەوانەیان بوون. بۆ نموونە سەلەفییەتی مەدخەلی لەهەناوی ڕەوتی مێژووییی ئەهلی حەدیس و ئەسەرەوە هاتوونەتە دەرەوە و لە زۆرترین خاڵدا تەواو پابەندی بنەما فیکرییەکانی ئەم ڕەوتەن، بەڵام لە بابەتێکی وەک پێناسەی ئیماندا لەوان جیا دەبنەوە و لەگەڵ ڕەوتی مورجیئەدا یەک دەگرنەوە. گرووپە جیهادییە سەلەفییەکانیش لە زۆرترین خاڵدا تەواو سەر بە ڕەوتی مێژووییی ئەهلی حەدیسن بەڵام لە سیاسەت و شێوازی تێڕوانینیان بۆ ئەمیر و سەرکردە، لەو ڕەوتە جیا دەبنەوە و لەگەڵ خەواریجدا یەک دەگرنەوە، ئەمە جگە لەوەی لە میکانیزمی گەیشتن بە دەستەڵاتدا لەگەڵ گرووپگەلێکی وەک خەواریج، شیعەی زەیدی و ئیسماعیلییشدا یەک دەگرنەوە.
ئەم تێکەڵییە تەنیا لە سنووری نێوان ئەم گرووپانە و گرووپە کۆنەکاندا نییە، بەڵکوو خودی ڕێچکە ئیسلامییە هاوچەرخەکانیش هەمان تێکەڵییان هەیە، بۆ نموونە جیاوازیی فیکری و تیۆری لەنێوان تیۆریسیەنەکانی قاعیدە و داعشدا نییە، هەرچەند هەریەک لەو دوو گرووپە یەکدی بە لادەر و بیدعەکار دەزانن، بە هەمان شێوەش لە تیۆری سیاسیدا هیچ جیاوازییەک لەنێوان ئەشعەری، ماتوریدی و سەلەفییەتی مەدخەلیدا نییە، هەرچەند لەنێوان ئەم ڕەوتانەدا جیاوزیی زۆر بنەڕەتی هەیە لە عەقیدە و بیری فەلسەفییاندا و دوو گرووپی یەکەم لەگەڵ گرووپی سێهەمدا یەکدی بە لادەر و گومڕا دەزانن.
ئەو تێکەڵییەی ئاماژەی بۆ کرا توێژەر ڕووبەڕووی کێشەی جدی دەکاتەوە کاتێک دەیەوێ هەرکام لەو گرووپانە پۆلێن بکات، ڕەنگە سەلەفییەکی مەدخەلی هەرگیز ئەوە قبووڵ نەکات داعش بە سەلەفی ناو ببرێت، هەر وەک سەلەفییە جیهادییەکانیش بە ڕەوای نازانن مەدخەلییەکان بە سەلەفی ناو ببرێن. ئەم خاڵە کێشەیەکی تر بە دوای خۆیدا دەهێنێت کە بریتییە لە کێشەی سەرچاوەی توێژینەوە. توێژەر ڕەنگە ناچار ببێت بۆ زانینی ڕوانگەی دینی و سیاسیی یەکێک لەو گرووپانە پشت بە سەرچاوەی گرووپە هاوشێوەکانیان ببەستێت. لەم توێژینەوەیەدا خوێنەر دەبێت ئاگاداری ئەم خاڵە بێت بۆ ئەوەی تووشێ هەڵە نەبێت کاتێک بیروڕای کەسێکی سەلەفیی جیهادیی دژی داعش دەکرێت بە بەڵگە لەسەر عەقیدەی داعش.
خاڵی لێکچوونی داعش و سەلەفییەتی مەدخەلی دەکرێ لە سێ بواردا توێژینەوەی لەسەر بکرێت، بواری عەقیدە، بواری (شەریعەت)فیقﮪ و بواری سیاسەت. بێگومان پێویستە ئەو بەرچاوڕوونییەش بدرێتە خوێنەر کە ڕوانگەی سیاسیی ئیسلامی هەندێک جار لە عەقیدەدا تاووتوێ دەکرێت و هەندێک جاریش لە فیقهدا. لەبەر ئەوەی هیچ جیاوازییەک نییە لەنێوان دیدگای فیقهیی داعش و سەلەفییەتدا، وەستان لەسەر ئەو خاڵە پێویست نییە.
تەوحید
سەلەفییەتی مەدخەلی و داعش لە بواری عەقیدەدا خاڵی هاوبەش و لێکجیایان هەیە، بێگومان خاڵە هاوبەشەکانیان زیاترە و ئەمەش وا دەکات بە ئاسانی بتوانرێت داعش لە چوارچێوەی ڕەوتی سەلەفیدا پۆلێن بکرێت، هەرچەند مەدخەلییەکان خۆیان لە داعش بێبەری دەکەن و بە گومڕا و بیدعەچییان دەزانن. هیچ داعشییەک یان سەلەفییەکی جیهادی نییە کە داکۆکی لە سەلەفیبوونی خۆی نەکات و شانازیی پێوە نەکات، سەرچاوە فیکرییەکانیان، چوارچێوە فیکرییەکانیان، شێخ و ئیمامەکانیشیان لە مێژووی کۆن و نوێدا هاوبەشە– ئەم چەند دەیەیەی ڕابوردووی لێ دەرچێت-. ئەوەی جێگای سەرنجە ئەوەیە لە هەندێک بواری عەقیدەدا وەک تەوحید هەم کۆکن هەم ناکۆک. تەوحید لە ڕوانگەی مەدخەلی و داعشەوە هەر یەکە، بەڵام هەر لە خودی تەوحیدیشدا جیاوازییان هەیە لە دابەشکردنی جۆرەکانیدا.
تەوحید لە کۆندا ئەو دابەشکردنەی بۆ لەبەرچاو نەدەگیرا کە لای ئیبن تەیمییە (1263- 1328ز.) هەیە. ئەگەر سەرنج بدەیتە عەقیدەی هەرکام لە موعتەزیلە و ئەشعەرییەکان، دەبینیت ئەو دابەشکارییە لەگۆڕێ نییە؛ بەڵام هەردوو ڕەوتی مەدخەلی و داعش هەمان دابەشکارییان هەیە بۆ تەوحید و شیرک. جیاوازیی هەردوو ڕەوتەکەش لە تەوحیددا ئەوەیە کە پێناسەی هەرکامیان بۆ جۆرێک لە جۆرەکانی تەوحید و شیرک جیاوازە، یاخود لانی کەم هەڵوێستی سەلەفییەتی مەدخەلی ناڕوونە لەو بارەیەوە، ئەویش بریتییە لە تەوحیدی حاکمییەت.
تەوحیدی حاکمییەت لە دیدی سەلەفییەتی مەدخەلی و داعشەوە بریتییە لە ملکەچیی کۆمەڵگا بۆ حوکمی شەریعەتی ئیسلام و هەموو جۆرە یاسادانانێکی پێچەوانەی شەریعەت، یاخود دەرەوەی شەریعەت بە شەریک دانان بۆ خودا هەژمار دەکەن؛ بەم پێیە یاسادانانی پەڕڵەمان یەکسانە بە شەریکدانان بۆ خودا و دژایەتیی حاکمییەتی خودا. هەوڵدان بۆ چێکردنی دەستەڵاتێکی ئیسلامی کە جگە لە شەریعەت کار بە هیچ شتێکی تر ناکات پیرۆزترین ئامانجی سەلەفییەتی جیهادییە. ئەوەی شێخ ڕەبیعی مەدخەلی لەبارەی تەوحیدی حاکمییەتەوە دەیڵێت، ئەو تەفسیرانەی بۆ ئایەتەکانی قورئانی دەکات لەم بارەیەوە، هەمان ڕا و بۆچوونی داعشە، تەنیا جیاوازییەک کە لەنێوانیاندا هەیە بریتییە لەوەی کە داعش و سەلەفییە جیهادییەکانی هاوشێوەی، سیستەمی حوکمڕانیی نائیسلامی بە کوفر و شیرک دەزانن و حوکمڕانەکانیش بە کافر دەزانن، بەڵام مەدخەلییەکان خۆیان لە بەکافرزانینی دەستەڵاتداران دەبوێرن، دەنا جیاوازیی تیۆری لەنێوانیاندا نییە.
ئەبوو موسعەبی سووری، کە یەکێکە لە شێخانی سەلەفییەتی جیهادی لە پەڕتووکی (دعوة المقاومة)دا بەشێکی تەرخان کردووە بۆ سەلماندنی کافرێتیی دەستەڵاتدارانی وڵاتانی ئیسلامی لەم سەردەمەدا و یاسادانان و شێوازی حوکمڕانیی دەوڵەتانی وڵاتانی ئیسلامی بە شێوازی حوکمڕانیی جەنگیزخان و یاساکەی ئەو دەشوبهێنێت، پاشان لە بارەی دەستووری وڵاتانی ئیسلامییەوە دەڵێت:
بۆ هەر کەسێک کە گەرەکی بێت ڕادەی کوفر و لەدین دەرچوون و ستەم و گۆڕینی شەریعەت و گاڵتەکردن بە ئایەتەکانی خودا بزانێت، ئەوەندەی بەسە کە نووسخەیەک لە دەستووری وڵاتەکەی ببینێت و سەرنجی حوکمە کارپێکراوەکانی بدات...
بۆ زانینی ڕادەی لێکچوونی ڕای سەلەفییەتی جیهادی و سەلەفییەتی مەدخەلی، بینینی ڕای مەدخەلییەکان لەم بارەیەوە گرنگە. شێخ ڕەبیعی مەدخەلی لەبارەی دیموکراسییەت و سیکۆلاریزمەوە شتێک دەڵێت کە هەمان ئەنجامی بۆچوونەکانی ئەبوو موسعەبی سوریی لێ بەرهەم دێت.
شێخ ڕەبیع دەڵێت:
لەسەر هەموو خەڵکی واجبە کە بڕوایان وا بێت یاسادانان تەنیا مافی خودایە و جگە لەو کەسی تر خاوەنی نییە
هەروەها دەڵێت:
دیموکراسییەت و ئەوەی لێوەی سەرچاوە دەگرێت -وەک باوەڕبوون بە ئازادیی دینداری و ئازادیی بیروڕا و ئازادیی دەربڕین- ڕێگە دەدات بە یاسادانان لەلایەن غەیری خوداوە و ڕێگە دەدات بە شەریک دانان بۆ خودا و کافربوون بە خودا... (ﮪ. س.)
پاشان ئەو ئایەتانە دەکات بە بەڵگە کە سەلەفییە جیهادییەکان دەیکەن بە بەڵگەی بەکافرزانینی سیستەمە نائیسلامییەکان، وەک ئایەتی:(إِنِ الحُکْمُ إِلاَّ لِلَّهِ أَمَرَأَلاّ تَعْبُدُوا إِلاَّ إِيَّاهُ) هەروەها ئایەتی:(أَمْ لَهُمْ شُرَکَاءُ شَرَعُوا لَهُم مِنَ الدِّينِ مَالَمْ يَأْذَنْ بِهِ اللَّهُ)
مامەڵە لەگەڵ دەسەڵات
وێڕای ئەو هاوبەشییەش کە باس کرا، جیاوازییەک هەیە لەنێوان سەلەفییەتی مەدخەلی و داعشدا لە بابەتی تەوحیدی حاکمییەتدا، ئەو جیاوازییەش بریتییە لە هەڵوێستی ڕوونی داعش لە تەکفیری دەستەڵاتدارانی سیستمە نائیسلامییەکان، بەڵام شێخ ڕەبیع و ڕەوتەکەی خۆیان لە دەربڕینی وەها شتێک دەبوێرن. لەگەڵ ئەوەشدا کە لە ڕووی تیۆرییەوە بەرەنجامی دیدگای مەدخەلییەت هەر دەبێتەوە بە تەکفیری دەستەڵاتدار، بەڵام لەڕووی کردارییەوە هەرگیز مەدخەلییەکان دەستەڵاتدارانی وڵاتانی ئیسلامی تەکفیر ناکەن، بە پێچەوانەوە خەڵکی هان دەدەن بە هەموو شێوەیەک گوێڕایەڵی دەستەڵاتداران بن و هەموو ستەم و زوڵمێکیان لێ قبووڵ بکەن و نەک هەر بەرەنگاریان نەبنەوە، بەڵکوو بە دڵ و زمان و نووسینیش دژایەتییان نەکەن. بێگومان هۆکاری ئەم گوێڕایەڵییەیان تەنیا ئەوەیە کە دەستەڵاتداران تەکفیر ناکەن، بەڵام کاتێک کوفرێکی ئاشکرایان لێ بینین، یاخود بە هەر هۆیەکی تر ڕایان چووە سەر بەکافرزانینیان، ئیدی بەرەنگاربوونەوەیان بە ڕەوا دەزانن و لەمەشدا دیسان لەگەڵ داعشدا دەچنەوە سەر یەک هێڵ. لەم خاڵەشدا جیاوازییەکی تری ورد هەیە لەنێوان داعش و مەدخەلییەتدا، مەدخەلییەکان پێیان وایە بەرەنگاربوونەوەی دەستەڵاتداری کافر کاتێک جائیزە کە کێشەی گەورەتری لێ نەکەوێتەوە و ئاژاوەی خراپتر درووست نەکات.
شێخ ڕەبیع دەڵێت:
کوفری ئاشکرا تەئویل هەڵناگرێت، وەک ڕۆژی ڕووناک وایە، ئەو کاتە [کە حوکمڕان کافر بوو] موسوڵمانان بۆیان هەیە بەرەنگاری ئەو دەستەڵاتدارە ببنەوە کە کەوتووەتە کوفری ئاشکراوە بەو مەرجەی بەرەنگاربوونەوەکەیان خراپەیەکی گەورەتر لە حوکمڕانیی ئەو کافرە بەدوای خۆیدا نەهێنێت
سەلەفییەتی جیهادی لەو بابەتەی سەرەوەدا هاوڕان لەگەڵ بەشێک لە ڕاوبۆچوونی مەدخەلییەکاندا، بەڵام لە بەرەنگاربوونەوەی دەستەڵاتداری کافردا وەک مەدخەلییەکان نەرم نین، بەڵکوو پێیان وایە بەرەنگاربوونەوەی دەستەڵاتداری کافر واجبە. لە پەڕتووکی (نور الیقین)ی ڕێکخراوی قاعیدەدا هاتووە:
ئەگەر ئیمام (دەسەڵاتدار) تووشی کوفر بوو، ئەوا لە سەرپەرشتیارێتی دەکەوێت و گوێڕایەڵیی ناکرێت، واجبیشە لەسەر موسوڵمانان بەرەنگاری ببنەوە و لەسەرکار لای بدەن و ئیمامێکی دادپەروەری لەشوێن دابنێن ئەگەر بۆیان لووا
پاشان لە پەراوێزیشدا نووسراوە: ئەگەر بۆیان نەڕەخسا دەبێت خۆیان بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئامادە بکەن
هاوبەشی و جیاوازیی نێوان ئەو دوو ڕایەی سەرەوە لەم خاڵانەدا کورت دەکرێتەوە:
1.هەردوو ڕەوتەکە بڕوایان بە بەرەنگاربوونەوەی دەسەڵاتداری کافر هەیە.
2.هەردوولا بەرەنگاربوونەوەی دەسەڵاتداری کافر کاتێک بە ڕەوا دەزانن کە بۆیان بلوێت.
3.جیهادییەکان بەرەنگاربوونەوەکە بە واجب دەزانن، بەڵام مەدخەلییەکان بە ڕەوای دەزانن.
4.جیهادییەکان پێیان وایە لە حاڵەتی نەڕەخسانی دەرفەتی بەرەنگاربوونەوەشدا پێویستە خۆئامادەکردن هەبێت، بەڵام مەدخەلییەکان وەها شتێک دەرنابڕن.
وەلاء و بەڕاء
یەکێک لەو چەمکانەی کە لای سەلەفییەت زۆر لە ئاستی خۆی زیاتر پەرەی پێ دراوە بریتییە لە وەلاء و بەڕاء. خودی چەمکەکە بریتییە لە دەربڕینی هاودڵی و هاوسۆزی و هەستی نزیکایەتی لەنێوان موسوڵماناندا و هەستی لێکجیایی و دابڕان لەنێوان موسوڵمان و ناموسوڵماندا. بە گشتی پێ دەچێت ڕەگ و ڕیشەی ئەم چەمکە لە سیاسەتدا بدۆزرێتەوە و بگەڕێتەوە بۆ حاڵەتی جەنگی نێوان موسڵمانان و کافرانی سەردەمی پێغەمبەر (د. خ.). ڕیشەی چەمکەکە هەرچی بێت، ئەوە ڕوونە کە لای ڕەوتی سەلەفی بە گشتی زۆر بە قووڵی پەرەی پێ دراوە و بازنەی وەلاء زۆر تەسک کراوەتەوە و بە پێچەوانەوە بازنەی بەڕاء زۆر فراوان کراوە. لەم فراوانکردنەدا هیچ جیاوازییەک لەنێوان سەلەفییەتی مەدخەلی و سەلەفییەتی جیهادیدا نییە.
فراوانکردنی ئەم چەمکە لای ڕەوتی سەلەفی بە ڕادەیەکە کە ڕۆ چووەتە هەندێک وردەکاریی تاکەکەسی و بابەتی ڕۆژانەشەوە. بۆ نموونە وەلاء و بەڕاء لای شێخ فەوزان شێوازی پۆشینی جلوبەرگ، بەکارهێنانی مێژووی غەیری هیجری، سەرسامبوون بە شارستانییەتی ڕۆژاوا، بەشداریکردنی مەراسیمی ناموسوڵمانان، و پیرۆزبایی لێکردنی جەژنەکانیان، ژیان لە وڵاتانی غەیرە ئیسلامی و... تاد دەگرێتەوە.
شیاوی باسە سەلەفییەکی جیهادیی وەک ئەیمەن زەواهیری ڕایەکی نزیک لە شێخ فەوزانی هەیە، لەم بارەیەوە و لە نامیلکەی (الولاء والبراء عقیدة منقولة واقع مفقود)دا بەشداریکردن لە مەراسیمی ناموسوڵماناندا و دەسەڵاتپیدانیان لە کاروباری دەوڵەتدا بە قەدەغە و حەرام دەزانێت و بە پێچەوانەی وەلاء و بەڕائی لێک دەداتەوە.
بیدعە و موبتەدیع
بیدعە و موبتەدیع دوو وشەن کە بەردەوام پەیڕەوانی قوتابخانەی سەلەفییەت کۆدەکاتەوە و بەوە دەناسرێنەوە کە هەمیشە ئەو دوو وشەیە وەک چەکێک لە دژی غەیری خۆیان بەکار دێنن. لە بنەڕەتدا وشەی (بدعة) لە زمانی عەرەبیدا بە واتای داهێنانی شتێک دێت کە لەوەوبەر پێشینەی نەبووبێت، بەڵام زاراوەی بیدعە زاراوەیەکی دینییە و بە واتای بڕوابوون بە شتێک دێت کە پێچەوانەی سوننەتی پێغەمبەر (د. خ.) بێت. موبتەدیع (مبتدع)یش ئاوەڵناوی بکەر (اسم الفاعل)ە بۆ هەمان وشە و بە واتای کەسێک دێت کە بیدعەی هەبێت.
ئەو دوو زاراوەیەش وەک زۆر زاراوەی تر لای سەلەفییەکان (بە جیهادی و غەیرە جیهادییەوە) لە سنووری خۆی دەرکراوە و قەبارەی لە دۆخی ئاساییی خۆی گەورەتر کراوە.
سەلەفییەت بە گشتی ڕەفتاری بەرانبەر ڕەوت و تاک و تاقمەکانی دەرەوەی خۆی توندە و بە هەموو شێوەیەک ڕەتیان دەکاتەوە. ئاسانترین و کاریگەرترین چەک بە دەست سەلەفییەتەوە بریتییە لە چەکی بیدعە کە بەهۆیەوە هەموو ئەوانەی بیرکردنەوەی جیاواز لە سەلەفییەتیان هەیە دەبوغزێنرێن و تەنگەتاو دەکرێن. کەسی موبتەدیع لای سەلەفییەکان قسەی لەگەڵ ناکرێت و مامەڵەی لەگەڵ ناکرێت، بە باشە ناوی نابرێت و قسەی لێ وەر ناگیرێت. بە سەرنجدان لە بارودۆخی سرووشتیی کۆمەڵگەی موسڵمانان، بە ڕوونی دەردەکەوێت کە سەلەفییەت ڕەوتێکی بچووکە و پەیڕەوانی ئەم ڕەوتە کەمینەن. کەمینەیەک هەموو موسڵمانانی دەرەوەی بازنەکەی خۆی بە موبتەدیع دەزانێت و تەنیا کاتێک مامەڵەی ئاسایییان لەگەڵ دەکات کە بێنە ناو بازنەی سەلەفییەتەوە، ئەمە خودی شێخ ڕەبیعیش دانی پێدا دەنێت و دەڵێت:
ئەو تاقمە گومڕایانەی کە پێغەمبەر (د. خ.) لەبارەیانەوە هەواڵی پێ داوین و پێی ڕاگەیاندووین کە هەموویان ئەهلی جەهەننەمن جگە لەوانەی لەسەر ڕێبازی پێغەمبەر (د. خ.) و هاوەڵانین، ئەو تاقمانە لە کۆتایی سەردەمی هاوەڵاندا سەریان هەڵدا و دواتر بڵاوبوونەوە لە کۆمەڵگا ئیسلامییەکاندا تا وای لێ هات زۆربەی موسڵمانان لەم گرووپانە دەرناچن
ناموسڵمانانیش لەلایەن ئەم ڕەوتەوە تەنانەت متمانەیان پێ ناکرێت و یارمەتییان نادرێت و ڕاوێژیان پێ ناکرێت. لە وەها دۆخێکدا کۆمەڵگە ڕووبەڕووی لێکترازانێکی ترسناک دەبێتەوە و دڕدۆنگی و بێمتمانەیی و کینە و دوژمنایەتی باڵ بەسەر کۆمەڵگەدا دەکێشێت. دوور نییە بەهۆی ئەم توندییەوە بیانەوێت کەسانی چواردەوریان ناچار بکەن کە عەقیدە و فیقهی ئەمان قبووڵ بکەن و ڕەنگی خۆیان بەسەر کۆمەڵگەدا بسەپێنن.
هەردوو ڕەوتی مەدخەلی و داعش لە مامەڵەیاندا لەگەڵ موبتەدیع هاوشێوەی یەکترن و هەردوولا بە توندترین شێوە بەرەنگاری کەسانێک دەبنەوە کە بە موبتەدیعیان دەزانن. شێخ ڕەبیع نەک تەنیا دەنگ لێدابڕین و پەیوەندی پچڕاندن بە ڕەوا دەزانێت لەگەڵ موبتەدیعدا، بەڵکوو پێی وایە میتۆدی پێشینان ئەوە بووە کە موبتەدیعێک ئەگەر سوور بوو لەسەر بیدعەکەی دەبێت دەسەڵاتدارانی لێ هان بدرێت بۆ کوشتنی. شێخ ڕەبیع وێڕای ئەوەی جیاوازی دەخاتە نێوان موبتەدیعی ڕەشۆکی و نەشارەزا لەگەڵ ئەو موبتەدیعانەی کە شارەزان و بانگەشە بۆ بیدعە دەکەن، بەڵام پێی وایە لەم سەردەمەدا دەست ڕاگەیشتن بە فەرموودەی پێغەمبەر (د. خ.) و هێندە ئەرکێکی گران نییە، لەبەر ئەوە ئەگەر کەسێکی موبتەدیع ئەگەرچی نەشارەزاش بێت، پاش ئاگادارکردنەوەی لە بیدعەکەی، ئەگەر وازی نەهێنا ئەوا هەمان مامەڵەی موبتەدیعی شارەزای لەگەڵ دەکرێت کە بریتییە لە دەنگ لێدابڕین و... تاد.
ئەو میتۆدە لای سەلەفییە جیهادییەکانیش کاری پێ دەکرێت و ڕەنگە لە هەندێک شوێندا نەرمتریش بن لە مەدخەلییەکان، بەڵام لەبەر ئەوەی داعش و جیهادییەکانی هاوشێوەیان تەنیا تیۆریی نێو پەڕتووک نییە، بەڵکوو بە کردار جێبەجێی دەکەن، وا دەردەکەوێت کە ئەوان توندوتیژترن، دەنا بە گەڕانەوە بۆ ئەو سەرچاوانەی جیهادییەکان پشتی پێ دەبەستن دەردەکەوێت کە بوغزاندنی ئەهلی بیدعە لای ئەوان چەند پلەیەک لە خوار میتۆدی مەدخەلییەکانەوەیە. وێڕای ئەوەش ئەمان دیسان هەر لە چوارچێوەی فیکری سەلەفییەتدا دەمێننەوە و هەمان میتۆدیان هەیە. لە یەکێک لەو پەڕتووکانەی کە جیهادییەکان پشتی پێ دەبەستن بە ناوی (الرسائل الاثریة) دەردەکەوێت کە ئەوانیش چاو لە موبتەدیعی ڕەشۆکی ناپۆشن و نەشارەزایی بە هۆکاری گومڕابوون دەزانن. نووسەری پەڕتووکەکە دەڵێت:
ئەهلی بیدعە، ئەوانەی کە پێشینان و زانایانی دوای ئەوان تەکفیریان کردوون، خاوەنی زانست و عیبادەت و زوهد بوون، هیچ شتێکیش هۆکاری ئەوە نەبووە کە بکەونە [بیدعەوە] جگە لە نەزانی و بێئاگایی
جیاوازییەکی زۆر جەوهەری هەیە لەنێوان داعش و مەدخەلییەتدا کە دەبێت سەرنجی بدرێت، ئەویش بریتییە لە مامەڵەی دووڕووانەی مەدخەلییەکان لەگەڵ موبتەدیعی دەسەڵاتدار و بێدەسەڵاتدا، بەڵام داعش و جیهادییەکانی دی لەم خاڵەدا پێچەوانەی مەدخەلییەکانن؛ ئەوان بە یەک چاو دەڕواننە موبتەدیعی دەسەڵاتدار و بێدەسەڵات، هەموویان وەک یەک بە لادەر و گومڕا دەزانن.
مەدخەلییەکان بە هیچ جۆرێک چاوپۆشی لە موبتەدیعی بێدەسەڵات ناکەن، واقیعی ژیانیان لە کۆمەڵگەی کوردەواری و کۆمەڵگە ئیسلامییەکانی دیدا ئەوەمان نیشان دەدات کە هەرگیز بەرانبەر موبتەدیع کەمترین چاوپۆشی ناکەن و بە ڕەوای دەبینن هەموو ئەو تیۆرییانەیان بەسەردا جێبەجێ بکەن کە بڕوایان پێیەتی، بەڵام دەسەڵاتداران کە بە هەمان پێوەری خۆیان زۆر بە خراپی کەوتوونەتە بیدعەوە و بە هەموو شێوەیەک پێناسەی موبتەدیع دەیان گرێتەوە، لای مەدخەلییەکان مامەڵەی موبتەدیعیان لەگەڵ ناکرێت، تەبەڕایان لێ ناکرێت، بەڵکوو گوێڕایەڵییان دەکرێت. ئەمە کێشەیەک بۆ تاکی مەدخەلی درووست دەکات و دوور نییە هانی بدات بۆ چوون بەرەو بازنەی داعش و جیهادییەکانی تر، چونکە وەلاء بۆ موبتەدیع لەگەڵ بنەما سەرەکییەکانی سەلەفییەت و مەدخەلییەتدا یەک ناگرێتەوە. [1]