$مەعریفەی فیمینیستی چییە؟$
نووسینی: هاوار کەریم
$پێشەکی:$
مێژووی ئاگاهیی و مەعریفەی مرۆڤایەتی پڕیەتی لە جەور و ستەم و جەنگ و نادادپەروەری، ژنانیش وەک یەکێک لەڕەگەزە پێکهێنەرەکانی کۆمەڵگا هەمیشە لەچینی چەوساوە و ستەم لێکراوان بوون. وەک کۆیلە و بارمتە و هۆکارێک بۆمناڵ خستنەوە و خۆشگوزەرانی و ڕابواردنی پیاوان تەماشاک کراون، لەکۆن و لەهەندێک قەبیلەی دواکەوتی ئێستاشدا زۆرجار ئافرەت کراوە بەقوربانی و سەربڕاوە بۆ خوداوەندەکان نەکو خوداکەیان توڕەی خۆی پیشان بدات.
هەرچەندە هەندێک لەمێژوو نووس و لێکۆڵەرەوان ئاماژەبەوەدەدەن لەدەست پێکی ژیانی مرۆڤایەتیدا، دەسەڵات بەدەست ژنەوە بوە و سیستەم دایک سالاری بوە و لەبری فرە ژنی، فرە پیاوی بوونی هەبوە، ئەو کاتەی مرۆڤەکان لە ئەشکەوتەکاندا ژیان و ژنان تێیدا ماونەتەوە و پیاوان ڕۆشتون بۆ ڕاوکردن، بەڵام کاتێک ڕەوتی مەعریفەی مرۆیی گەشەی بەخۆیەوە بینی و موڵکایەتی تایبەت درووست بوو و کشتوکاڵ دۆزرایەوە، دەسەڵات لە ژن وەرگیرا و کرا بەباوک سالاری و فرەژنی، فیمینیستەکان باوەڕیان وایە لەو کاتەوە تا ئەمڕۆ ژنان دەچەوسێنرێنەوە و مافەکانیان دەخورێت.
ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ مێژووی کۆنی شارستانیەتەکانی(یۆنان و ڕۆم و مسر و وڵاتی دووڕووبار و هند و چین و فارس، .....) بەڕوونی ئەم ڕاستیەمان بۆ دەردەکەوێت، هەروەها لەگەڵ ئەوەشدا فیمینیستان باوەڕیان وایە جگەلە شارستانیەتە کۆنەکان، بەڵکوو لە هەموو ئایینەکان و زۆربەی زۆری بیریاران و فەیلەسوفانی کۆنیش هیچ پێگەیەکی باشیان بۆ ژنان دابین نەکردووە. بەڵام لەگەڵ هاتنی ڕێنسانس و ڕۆشنگەری و شۆِرشە فکری و پیشەسازیەکانی دونیای ڕۆژاوا کەداوای (ئازادی و یەکسانی و برایەتی) و لەناوبردنی کۆیلایەتی و ڕوخانی دەرەبەگایەتی دەکرد و مژدەی ژیانێکی نوێی پێبوو، ژنان هاتنە دەرەوە لەماڵەکانیان و دەستیان کرد بەئیشی سەربەخۆ، یەکەمین هەوڵەکانیان چڕکردەوە بۆ ئەوەی ئەو تەوژمی ئازادی و مافە یەکسانیانە ئەوانیش بگرێتەوە، لێرەدابوو یەکەمین و سەرەتایی ترین بزتنەوەکانی ژنان سەریان هەڵدا وەکو چڤاتێک.
بەگشتی بزووتنەوەی فیمینیستی دیدگایەکی نوێ یە و تەمەنی دووسەدە تێپەڕناکات کەبۆیەکەم جاریش لە ساڵی 1848 لەئەمریکا سەری هەڵدا. مەعریفەی فیمینیستی بەکۆی ئەو ئاگاهی و بیر و ڕەفتار و تێڕوانینانە دەگوترێت کەلەچوارچێوەی بەرژەوەندی ژناندا کۆدەبێتەوە، بەواتا ژنانە بیرکردنەوەیە کەتێیدا ژن وەکو مەعریفەیەکی هاوبەش تەماشادەکرێت و خەم و بەرژەوەندیەکانیان یەکە و یەک دونیابینیان هەیە.
$مەعریفە و سۆسیۆلۆژیای مەعریفە چییە؟ و باس لەچی دەکات؟$
وشەی مەعریفە لەبنەڕەتدا وشەیەکی عەرەبییە، چاوگی ئەم وشانەیە: (عرف) و (یعرف) و (عارف)ە، کەبەمانای (أدراک)یش دێت، لەزمانی کوردیدا دەشێت هەڵگری دوومانا بێت، مانای یەکەم (زانین knowledge) دەگەیەنێت، مانای دووەمیش (زانیاری یان زانست Episteme) دەگەیەنێت، هەروەها تیۆری مەعریفە ئیپستمۆلۆژیا(Epistemology) کەلەدیدێکی فەلسەفیەوە لەتیۆرەکانی زانست دەکۆڵێتەوە، ئێمە لێرەدا مەبەستمان لە (Sociology of knowledge) سۆسیۆلۆژیای مەعریفەیە.
مەعریفە بەهەموو ئەو شتانە دەگوترێت کەئێمە لەواقعی کۆمەڵایەتی نێوکۆمەڵگەکەمان دەیزانین و فێری بویین، ئەوەش لەبونیادی کۆمەڵگا و فەرهەنگ و داب و نەیتەوە وەریدەگرین، لەژێر کاریگەریی ئەو گروپ و چین و ڕەگەز و پێگە کۆمەڵایەتیەی کەتێیدا دەژین. مەعریفە بریتییە لەکۆی هەموو ئەو شارەزایی و پسپۆڕی و داهێنانەیەی کە نەوە یەک لەدوای یەکەکانی ئەندامانی کۆمەڵگا، لەماوەی هەموو مێژووی کۆمەڵگا و لەئەنجامی چالاکییە کۆمەڵایەتییە جۆراوجۆرەکانیاندا وەدەستیان هێناوە و کەڵەکە بووە، بۆ بەڕێوەبردنی ژیانی ڕۆژانیان بەکاری دێنن.
بەڵام سۆسیۆلۆژیای مەعریفە، بەشێوەیەکی گشتی وەکو لقێک لە کۆمەڵناسی گشتی ناودەبرێت، لەپەیوەندی نێوان ئەندێشە و کۆمەڵگا دەکۆڵێتەوە و ڕاڤەی دەکات، سۆسیۆلۆژیای مەعریفە لەدۆخی کۆمەڵایەتی و بوونی مەعریفەی کۆمەڵایەتی دەکۆڵێتەوە، کەدەستپێکەکەی بۆ (Fransis bacon) لە (Impressions of nature)دا دەگەڕێتەوە، لەکۆمەڵناسیشدا بۆ پێشەنگەکانی ئەم زانستە دەگەڕێتەوە لە (Auguste comte) وە پاشان بۆ (دۆرکهایم و کارڵ مارکس)، بەڵام بەشێوەیەکی پسپۆڕی بەتایبەت لەکارەکانی (ماکس شیلەر و کارڵ مەنهایم) بەدیارکەوت.
بۆیەکەمین جار ناوهێنانی وشەی (سۆسیۆلۆژیای مەعریفە) دەگەڕێتەوە بۆ (ماکس شیلر) سۆسیۆلۆجیستی ئەڵمانی، ئەو دەڵێت: زانینێکە بابەتەکەی بریتییە لە شرۆڤەی پەیوەندی و کارلێکی نێوان جۆرەکانی شێوازی ژیان و بەشە جۆراوجۆرەکانی مەعریفە، کەئەوانیش مەعریفەی ئایینی و مەعریفەی خورافی و مەعریفەی نەریتی و مەعریفەی فەلسەی و مەعریفەی فەرهەنگی و کولتوری.....ن. هەروەها ئەو بابەتانەی بەزۆری شیلەر لەبارەیانەوە قسەی کردووە و بەسۆسیۆلۆژیای مەعریفەی ئەو دادەنرێت، گرنگترینیان (گەشەی کولتووری و عەقڵانیەتی کولتووری و ڕێژەگەرای کولتووری و قبوڵکردنی کولتووری و دژەکولتوور و دونیابینیەکان و ئەرز و بەهاکانن).
کارڵ مەنهایم لەپەڕتووکی (ئایدۆلۆجیا و یۆتۆپیا)دا، باوەڕی وایە کە سۆسیۆلۆژیای مەعریفە لەپەیوەندی نێوان مەعریفە و واقعی کۆمەڵایەتی دەکۆڵێتەوە، هەروەها (وارتر اشتارک) دەڵێ: کاری کۆمەڵناسی مەعریفە لێکۆڵینەوەیە لەکاریگەریەکانی بەشداری مرۆیی لەژیانی کۆمەڵایەتیدا لەسەر مەعریفە و ئەندێشە و فەرهەنگ.
بەگشتی سۆسیۆلۆژیای مەعریفە یەکێکە لەلقەکانی کۆمەڵناسی کەگرنگی بەلێکۆڵینەوەی پەیوەندی نێوان بونیادە کۆمەڵایەتییەکان و دەسەڵاتی سیاسی و کولتووری دەدات، لەگەڵ جۆری فیکری باو لەناو کۆمەڵگادا.
سۆسیۆلۆژیای مەعریفە بەکەڵکی چی دێ؟ وەکو ئەوەی کە لەسەرەوە باس کرا بابەتی مەعرفە و بەتایبەت قسەکردن لەڕوانگەی سۆسیۆلۆژیای مەعریفەوە تەواو فراوان و گشتگیرە و هەموو دیاردە و ڕووداوەکان نێو ڕەفتاری مرۆڤ دەگرێتەوە و لەهەر شوێنێک مرۆڤ هەبێت وە ئەو مرۆڤانە ڕەفتاری بەرانبەر ئەنجامبدەن مەعریفە ئامادەیە. ئەمەش بۆ سرووشتی ڕەگەزی مرۆڤ دەگەڕێتەوە. وەکو جۆن لوک دەڵێت: مرۆڤ کاتێک لەدایک دەبێت پەڕەیەکی سپییە و ئامادەکراوە بۆ نووسین و نەخشدانان. ئەمانەش لەڕێگەی پڕۆسە و دەزگاکانی پێگەیاندنی کۆمەڵایەتی و بەتایبەتی لەواقعی نێوکۆمەڵگادا پێی دەسپێردرێت، مرۆڤ ڕەفتارەکانی لەڕێی بیرۆکە و ئایدیا و باوەڕەکانیەوە ئەنجام دەدات، کە وشیاری لا درووست دەکات لە ڕوبەڕووبونەوە لەگەڵ واقع دا، هەرئەمەشە پێی دەگوترێت مەعریفەی مرۆیی، ئێمە مەعریفەمان لەژیانی ڕۆژانە و ئەزموونەوە بەدەست گەشتوە، بەهۆی جیاوازی لەبارودۆخی کۆمەڵایەتی و ئابووری و ئایینی و سیاسی و چینایەتی و ڕەگەزیەوە مەعریفەکانیشمان جیاوازن، بابەتی سۆسیۆلۆژیای مەعریفە لەم جیاوازیانە دەکۆڵێتەوە، هۆکار و نیشانەکانی و دەرەنجام و کاریگەریەکانی پیشان دەدات.
سۆسیۆلۆجیای مەعریفە دەیەوێت بزانێت مەعریفە جیاوازەکانی مرۆڤ و گۆڕانە مەعریفیەکان و جیاوازی مەعریفی لەکۆمەڵگەیەکە بۆ کۆمەڵگەیەکی تر لەچییەوە سەرچاوەی گرتوە و پەیوەندی واقع و فکر چۆنە.
$چەمک و زاراوەی فیمینیزم و مێژووی درووست بوونی مەعریفەی فیمینیستی؟$
وەکو لەسەرەوە ئاماژەمان پێدا سۆسیۆلۆجیای مەعریفە لەمەعریفە جیاوازەکان دەکۆڵێتەوە، یەکێکیش لەو مەعریفانەی کەلەم سەدەیەدا زۆرترین ئامادەگی هەیە لەنێو هەموو کایە جیاوازەکاندا، مەعریفەی فیمینیستیە، بەگشتی فیمینیزم یان ڕێکخراوەکانی بەرگیریکردن و دەستەبەرکردنی مافەکانی ژنان زۆر پێناسە و مانای جیاوازی بۆکراوە و لێکدانەوەی زۆر هەڵدەگرێت ئەمەش بەهۆی فرە بۆچونی دیدگا و ڕێبازە فکریەکانیەوەیە، هەروەها ئەو قۆناغانەی کە بەسەریدا تێپەڕیوە.
جیمەن فریدمەن دەڵێت: وشەی فیمینیزم بۆیەکەم جار لە ساڵی 1871 لەدەقێکی پزیشکیدا بەزمانی فەرەنسی بۆ شیکاری و ڕونکردنەوەی جۆرە وەستانێک لەنەش و نماکردنی ئەندامانی لەش و تایبەتمەندیە جنسەکانی ئەو پیاوە نەخۆشانەکەڵکی لێوەردەگیرا کەپێدەچێت ترسیان هەبوە لەوەی تایبەت مەندی ژنانە بەخۆوە بگرن و نێرەموک دەربچن، پاشان (ئەلکساندەر دومای کوڕ) نووسەری کۆماری خواز و دژە فیمینیستی فەڕەنسی، ئەم وشەیەی وەرگرت و لەنامیلکەیەکدا ساڵی 1872 بەناوی (پیاوژن) داینا، مەبەستیشی لێکۆڵینەوە بوو لەسەر ئەو ژنانە کەبەڕواڵەت هەڵسووکەوتیان پیاوانەیە، هەرچەندە لە فەرهەنگی پزیشکیدا فیمینیزم بەمانای (بەژنانە بونی تابیەت مەندیەکانی پیاوان) بوو بەڵام لەبواری سیاسی دا ئەم وشەیە یەکەم جار بۆ ڕونکردنەوە و ڕاڤەکردنی (بەپیاوانە بوونی تایبەتمەندیەکانی ژنان)دێت.
وشەی (FEMINISM) وشەیەکی لاتینیە و لەوشەی (FEMINA)وە هاتوە بەواتای ئافرەت دێت و جەندەری (FEMALE)یش کەبەمانایی (مێ) دێ بۆهەمان سەرچاوە دەگەڕێتەوە. وەک زاراوە بەپێی ئینساکلۆپیدیای تایبەت بەئافراەتان لەبنەڕەتەوە زاراوەی فیمینیزم لەزمانی فەڕەنسیەوە وەرگیراوە و لە ساڵی 1890یشەوە هاتوەتە ناو زمانی ئینگلیزی و وەک (بزتنەوەی ژنان) ناسێنراوە.
درود دالڕۆپ لەپەڕتووکی (ئەنتۆلۆژی لەبزووتنەوەی نوێی ژنان)دا، دەڵێت: (فیمینیزم ئایدۆلۆژیایەکە کەئامانجی نەهێشتنی هەڵاوردن و نزمتێڕوانینی ئافرەتان و سەروەری دەسەڵاتی پیاوە لەکۆمەڵگادا، هەروەها ڕۆزالید دالمار دەڵێت: (فیمینیزم بیرکردنەوە و مەعریفەیە کە ژنان خۆیان دایان ناوە و تایبەتمەندی خۆیانی تێدا بەرجەستە دەبێت و ژنان خۆیان بابەتی فیمینیزمن و تیۆری فیمینیزم و سیاسەتی فیمینیزم دادەڕێژن. جۆن سکوت و مارشاڵ لەفەرهەنگەکەیاناندا دەڵێن: (فیمینیزم زاراوەیەک بەشێوەیەکی کورتی ئاماژە دەدات بەهەست و نەست و کرداری ئافرەت یا بایەخ بە ڕۆڵ و ئەرک و پێگە و ئایدۆلۆژیایی ژن و سەربەخۆی ئەو دەدات.
هەروەها ئەنتۆنی گیدنز دەڵێت: فیمینیستەکان بەپلەی یەک سەرقاڵی شیکاری سیستەمی باوک سالارین، واتا دەسەڵاتی پیاوان بەسەر ژناندا لەنێو خێزان و چوارچێوەی دەزگا کۆمەڵایەتییەکانی دیکە. چەمکی فیمینیزم وەک سیاسەت یان وەک تێڕوانینێکی سیاسی بۆیەکەم جار لە ساڵی 1890لەلایەن (مارگریتا دوراند)ەوە، لەڕۆژنامەی (فرۆند)ی فەڕەنسی بەکاربراوە.
نووسەرە فیمینیستە هاوچەرخەکان کاریگەری گرنگیان بەسەر کۆمەڵناسی خێزان بەشێوەیەکی تایبەت هەبوە، هەروەها کاریگەری فراوانیان بەسەر کایەکانی دیکەی شیکاری کۆمەڵایەتیدا هەبووە، فیمینیستەکان بەپلەی یەک سەرقاڵی شیکاری سیستەمی باوکسالاری بوون، واتە دەسەڵاتی پیاوان بەسەر ژناندا، لەنێو خێزان و چوارچێوەی دەزگا کۆمەڵایەتییەکانی دیکە، لەدوای شۆِرشی پیشەسازی و سەرمایەداری بەریتانیا گۆڕانی گەورە لەخێزان و پێگەی ژن و ڕۆڵەکانیدا بەخۆیەوە بینی، هەلی کاری زیاتر بۆژنان و موچەی یەکسان لەگەڵ پیاوان، ئاشنا بوونی ژنان بەمافەکانیان و لەناوبردنی جیاوازی جەندەری و ڕەگەزی و ئازادی لەباربردن و ئازادی سێکسی پێش هاوسەرگیری لێکەوتەوە، ئەم پێشکەوتنانە نیشانەی سەرکەوتنی (تاکگەرایی سۆزداریی)یە، وەک بنەمایەکی بنەڕەتی شەپۆلی ژیانی خێزانی، فیمینیستەکانی پسپۆڕی بواری جەندەر باوەڕیان وایە یەکەمین کێشەی ژن کەبۆی درووست دەبێت لەناو خێزاندایە و لەلایەن ڕەگەزی نێر (مێردەکەیەوە)ە، ئەنجام دەدرێت، باوەڕیان وایە ئازادی سێکسی کلیلی چارەسەرکردنی ئەم کێشانەیە.
بەشێوەیەکی گشتی دەتوانین بڵێین فیمینیزم بەهەموو ئەو ڕێکخراو و بزاوتانە دەگوترێت کەکاری سەرەکیان بریتییە لەدەستەبەرکردنی مافە سیاسی و کۆمەڵایەتی و یاساییەکان بۆ ژنان و ئارەزووی ژیانێکی باشتر بۆیان لەکۆمەڵگای مرۆی دا و بەرگری کردن لە ویستە ڕەواکانیان، وەهەوڵ دان بۆ وشیار کردنەوەی ژنان و ئاشناکردنیان بەمافەکانیان گەشتن بەمەعریفەی ڕەسەنی ژنایەتی خۆیان ئەویش لەڕێگەی هۆرکشۆپ و سیمینار و بەستنی کۆنگرە و ڕاپۆرت و نووسینی پەڕتووک و پێگەیاندن و پەروەردەی ژنان بەشێوەیەکی تەندرووست.
$مێژووی درووست بوونی:$
زۆربونی ژمارەی دانیشتوان و زۆربونی خەرجی تاک و چونە دەرەوەی ئافرەت لەماڵەکانیان بۆ ئیشکردن و دەست خستنی پارە لەلایەن ژنانەوە لەسەدەی هەژدەدا، بەهۆی ئاڵوگۆڕە کۆمەڵایەتی و سیاسی و نەریتی و فکری و کلتووریانەوە کەگەشە و پێشکەوتنی پیشەسازی و ئابووری گەلانی ئەروپا و ئەمریکا و استرالیا و نیوزلەندای گرتەوە هەموو ئەمانە و دابەش کردنی کاری کۆمەڵایەتیش لەگەڵی، ناچار کۆمەڵگا دەستی لەداب و نەریتی لادێ هەڵگرت و خۆی لەگەڵ پیشە تازەکەی و پێگە نوێ یەکەی گونجاند و پڕۆسەی بەشاربوون درووست بوو کەسەرچاوەی ئاوەدانی و نوێ بوونەوەیە و خێزان بچوک کرایەوە و خێزانی گەورە لێک هەڵوەشایەوە و ژنان سەربەخۆبوون لەسیستەمی باوک سالاری و خێڵەکی. هەموو ئەمانە و دەیان هۆکاری تریش کاریگەری گەورەی کردە سەر ئازاد بونی ژنان لەو کۆت و بەندەی کەلەسەردەمی (فیوداڵی)دا، دوچاری بووبوون، لەوەها ڕەوشێکدا ژنان بەهاتنە دەرەوەیان و چونە سەر کار و دەست خستنی پارە بۆ بژێوی ژیانیان چیتر نەمان لەژێردەستەی باوک و براگەورەکانیان و خۆیان بون بەخاوەنی موچە و داوای سەربەخۆییان دەکرد.
دکتۆر معن خلیل لەپەڕتووکەکەیدا (کۆمەڵناسی خێزان) باس لە مێژووی درووست بون و هۆیەکانی درووست بوونی ئەم بزاڤە و مەعریفەیە دەکات و دەیگەڕێنێتەوە بۆ سەرەتاکانی سەدەی 17 و پاشان دێتە سەر درووست بوونی لەئەمریکا و دەڵێت: بزووتنەوە فیمینیستیەکان تازە نین بەنیسبەت ئەمریکاوە چونکە پێش سەربەخۆی ئەمریکا لە3ی مارسی 1774 لە ولایەتی نیویۆرک یەکەم بزووتنەوە دەرکەوت و پاشان لە ساڵی 1848 لەشارۆچکەی (سینکا) بزووتنەوەیەکی تر دەرکەوت کەداوای یەکسانی سیاسی و یاسایی دەکرد بۆ ژن و پیاو. هەروەها (بیرنارد)یش ژنە کۆمەڵناسی ئەمریکی، دەڵێت: تیۆری مێگەرایی لەسەرەتادا لەئەمریکادا سەری هەڵدا کەداوای یەکسانی سیاسی و یاسای دەکرد و ئازادی لەباربردنی منداڵ و موچەی یەکسان لەگەڵ پیاودا. بەڵام بەشێوەیەکی سەرەکی و بۆیەکەم جار لە ساڵی 1792 لە لەندەن پەڕتووکی (مافی ژن) لەلایەن ژنە نووسەر (ماری وڵستونکراف)ەوە بڵاوکرایەوە، کەباسی ڕەوشی ژن دەکات و داوای دەستە بەرکردنی کۆمەڵێک ماف دەکات بۆیان، ئەم پەڕتووکە وەکو یەکەم پەڕتووک دادەنرێت لەمێژووی بەریتانیا کەبەشێوەیەکی تەواوەتی تەرخان کراوە بۆ مەسەلە و کێشەکانی ژنان.
هەروەها (نای بن سەعدون) دەڵێت: (یەکەمین بزاوت و کۆبونەوەی ژنان لە19ی تەمووزی ساڵی 1848 لە (سەنیکا فاڵز) لەسەلا ڕوباری (سەنکا) لەلایەن دەستە خوشکانی ئەنجلیکاگریمک، لوکەر سیامۆت، وئەلیزابێت کادی ئاستەنتۆنەوە بەڕێوە برا کە لە 26ژن و 40پیاو پێک هاتبوو، جاڕنامەی مافە یەکسانیەکانی ژنانیان دامەزراند.
$مەعریفەی فیمینیستی چی یە؟$
پیتەر بێرگەر باوەڕی وایە کە مەعریفە بایەخ بەلێکۆڵینەوە و شرۆڤەی ئەو بەدەست هاتوانەدەکات کەلەواقعدا هەڵهێنجنراون و فۆڕمی خۆیان وەرگرتوە، ئەو باوەڕی وایە کەدیاردەکان واقعیان هەیە و خاوەنی تایبەتمەندی خۆیانن، زانینی کۆمەڵگا ناسینێکە لەواقعەوە بەدەستدێت، بەباوەڕی ئەو کۆمەڵناسی مەعریفە شێوەگەلێک دراسەدەکات کەواقعیەتەکان لەکۆمەڵگای مرۆیدا بەناونیشانی دیدێکی دیار قبوڵکراون.
لەسەروبەندی ئەمەوە مەعریفەی فیمینیستیش وەکو واقعێکی قبوڵکراو لەنێوکۆمەڵگاکاندا بوونیان هەیە و فۆڕمی خۆیان وەرگرتوە، مەعریفەی فیمینیستی لەگەڵ هەموو مەعریفەکانی تر بەبەشێک لەفەرهەنگی کۆمەڵگا دادەنرێت، ئەوان دەکۆشن دژی مەعریفەی درۆینە و لەبری مەعریفەی ڕاستی دادەنێن.
لەکۆمەڵگەی پۆست مۆدێرنیزم، لەگەڵ درووست بوونی فەلسەفەی پۆست مۆدێرنیزم و لەپێشڕەوانی (نیچە و فۆکۆ و دریدا و دۆلۆز)و ڕەخنە لەتازەگەری، فیمینیستەکانیش کار و چالاکییەکانیان فراوان کرد، بەوە نەوەستان ڕەخنە لەکۆمەڵگا بگرن بەڵکوو زانست و فەرهەنگ و زمان و مێژوویان داوە بەرڕەخنە، ئەوان باوەڕیان وایە زانیست فۆڕمی پیاوانە و هێزی وەرگرتوە، واتا زانست پیاوانە بیردەکاتەوە، زمانیش زمانێکی پیاوسالاریە، مەعریفەی خۆیان لێرەوە گەڵاڵەکرد، مەعریفەی فیمینیستی بەواتای کۆی ئاگای و زانینی دونیابینیەکی ژنانەیە واتا لەچاویلکەی ژنانەوە تێڕوانین بۆ بوون و واقع و دیاردەکان و خەمی ژنان.
لەمەعریفەناسی فیمینیزمدا پرسیارە سەرەکیەکان بریتین لە:
کێ مەعریفە بەرهەم دێنێت؟
مەعریفەی چ کەسێک؟
چ کەسێک بۆ کەسەکەی دیکە قسەدەکات؟
گرنگترین بەشی مەعریفەت ناسی فیمینیزم کەزۆریش جێگەی باسە ئەو پەیوەندیەیە کەلەنێوان مەعریفە و دەسەڵاتدایە و دەیخاتە ڕوو، مەعریفەت ناسی فیمینیزم لەوباوەڕەدایە کەجیاوازی بنەڕەتی لەنێوان جیهانی ژنان و پیاواندایە، ئەوان باوەڕیان وایە لەهەموو پانتایەکانی ژیانی کۆمەڵایەتی و ئابووری و سیاسی و کولتووری دا ژنان دەچەوسێندرێنەوە، لەژێردەسەڵاتی سیستەمی بەرهەمهێنانی سەرمایەداری و سیستەمی سوودگەرایدا. بەڕای فیمینیستەکان مەعریفەی زانستی کاتێک گەشە دەکات کە پەردە لەسەر هەموو نادادوەریە جنسیەکان هەڵدادەوە و ببێتەهۆی پێشکەوتنی وزە بێدەنگکراوەکەی ژنان لەمێژوودا.
مەعریفەی فیمینیستی بەواتای ئەو هاوهەڵوێستی و ئاگایەی ڕەگەزی مێینە دێ کەهەیانە و هەوڵ و کۆشش دەدەن لەپێناویدا بەرانبەر بەڕەگەزی نێر، ڕەگەزی مێینە لەدوای مۆدێرنیتە و ئازادی کار و ئابووری، هەستیان بەمافەکانیان کرد و هەوڵی داکۆکیان لەسەردا، ژنان بەهۆی ڕێبەرانیانەوە بەبەردەوامی دروشم دژی جیاوازی ڕەگەزی دەڵێنەوە و ڕێکخراو و گروپ و یانەی تایبەت بەخۆیان درووست دەکەن. مەعریفە و وشیاری ئەوان هەرچەندە لەکۆمەڵگەیەکە بۆ کۆمەڵگەیەکی تر و لەکاتێکەوە بۆ کاتێکی تر لە ڕەوتێکەوە بۆ ڕەوتێکی تر داوکاری و خواستەکانیان جیاوازە، بەڵام هەموویان بۆیەک ئامانج درووست بوون ئەویش بەرگری لەڕەگەزی مێ یینە.
هەروەها کۆمەڵناسی مەعریفەت ناسی فیمینیستی دەتوانێت سەرچاوەیەکی باش بێت بۆ خوێندنەوەی هاوکاری جنسیەتخوازی، ڕەگەز پەرستی، وجیاوازی چینایەتی لەجیهانی ڕەنگاوڕەنگی ئەمڕۆدا و هەروەها خوێندنەوەی بەستێنە لێک ئاڵاوەکانی پاش کۆلۆنیالیزم و سەرمایەداری و باوک سالاری.
لەگەڵ ئەوەشدا مەعریفەت ناسی فیمینیستی یارمەتی ئێمە دەدات دیوە شاراوەکانی کۆمەڵگا لەڕوانگەیەکی نوێوە ببینین کەپێشتر بیری لێوە نەکرابویەوە، بۆنموونە دیراسەی مەعریفەت ناسی فیمینیستی حزبێکی دیاری کراو یان مەعریفەت ناسی مەزهەبێک و گروپێکی ئایینی لەدیدی ژنانەوە، جیاوازی مەعریفەی فیمینیستی لەشارە گەورەکان و لەلادێ، لێکۆڵینەوەیەکی فیمینیستی لەزمانی قسەکردنی ناوچەیەکی دیاریکراو، دیراسەی هەڵبژاردن لەمەعریفەی فیمینسیتدا، ڕاگەیاندن و فیلیم و سینەمای فیمینیستی، لەگەڵ وەرزش و گەشت وگوزار و جلوبەرگ و دیزاین و پارک و ماشینی فیمینیستی، هەموو کاڵا فیمینیستیەکان، مەعریفەی فیمینیستی لەسەرشەقام مەعریفەی فیمینیستی لەچای خانە و قاوەخانەکان، .......هتد.
$شەپۆل و قۆناغەکانی مەعریفەی فیمینیست:$
زۆربەی فیمینیستەکان لەسەر ئەوە ڕێک کەوتوون کە سێ شەپۆلی گەورەی مەعریفە و ئاگای فیمینیستی درووست بوە ئەوانیش بەهۆی گۆڕانکاریە فکری و کولتووری و سیاسی و ئابووری و نەریتەکانەوەبوە لەم دوو سەدەیەدا.
$شەپۆلی یەکەم (1848 - 1960):$
یەکەمین بزاوت و شەپۆلی فیمینیزمی لەسەدەی هەژدەدا سەری هەڵدا، لەم سەدەیەدا کێشەی بنەڕەتی فیمینیستەکان چەمکی ناوەندگیری لیڕاڵیزمی کلاسیک بو بەواتای پێگەیاندنی ئازادی کەسی بەشێوەیەک پەرەپێبدەن کەژنانیش بگرێتەوە، بەوتەی (سیدمەن): جێهێشتنی ستەم و فشار و مافی بونی ئیرادە و ویستی ئاکاری و ئازادی کەسی بوو. فیمینیستەکانی شەپۆلی یەکەم زیاتر هەوڵیان دەدا بنەمافکریەکانی چاخی ڕۆشنگەری کەگوزارشتی لەئازادی و یەکسانی دەکردووە پیادەبکرێت و ئەوانیش سودمەنبن لەو تەوژمی گەورەیە و زیاتر پێداگریان لەمافی یەکسانی و ئازادی و کۆمەڵایەتی و مافی دەنگدانیان دەکرد.
وەهەروەها دوای ئەوەی بەهۆی شۆڕشە گەورەکانی ئەوروپا و ئەمریکا گۆڕان لە بونیادی وەزیفی کۆمەڵگای ڕۆژاوا ڕوویدا، ئەمە وایکرد ئافرەت بۆ بازاڕەکانی کار دەرچێ و بەشێوەیەکی چڕ بەشداری لەپڕۆسەی بەرهەم هێناندا بکات و سەربەخۆی ئابووری بەدەست بهێنێت و ئاشنا ببێت بەمافەکانیان، لەسایەی سیستەمی لیبرَالدا ژنی نووسەر و ڕووناکبیر و پارێزەریان لێ دەربچێ، بۆیە لەم قۆناغەدا فیمینیستەکان بایەخیان بە لیبڕاڵیزم دەدا بۆدەستەبەرکردنی مافەکانیان.
$شەپۆلی دووەم (1960 - 1990):$
شەپۆلی دووەمی فیمینیستی کەلەسەرەتاکانی دەیەی(شەست و حەفتاکانی سەدەی ڕابردوو دەستی پێکرد، دیدگایەکی تازەیان دانا لەسەر دەستەبەرکردنی مافەکانی ژن، وەزیاتر جەختیان دەکردە سەر ئەو بابەتانەی کەلەشەپۆلی یەکەک دا باسی لێوەنەکراوە یان زۆر گرنگی پێ نەدراوە ئەوانیش خۆیان لەکێشەکانی توندوتیژی خێزانی، نایەکسانی لەدەست خستنی کار و پیشە، دەستدرێژی سێکسی، ئەو گێچەڵانەی کەژنان ڕوبەڕویان دەبنەوە لەسەر کارەکانیان وەهەروەها لەسەر شەقام و شوێنە گشتی و تایبەتیەکان.
لەگەڵ ئەوەشدا داوای گۆڕانیان دەکرد لەبونیادی سیاسی و کۆمەڵایەتی و فەلسەفەی کۆمەڵگا و هێنانەکایەی زمانێکی میتۆدۆلۆجیا و بیری مەعریفەیەکی تایبەت بەژنان، کەواتە شەپۆلی دووەم فیمینیستی شیکارییە و بەکارهێنان و بایەخ دانە بەدەروون شیکاری و زمانەوانی و فەلسەفە و قوڵبونەوەیە لەدواکاریەکان. ئەم ڕەوتەش زیاتر لەگەڵ پەڕتووک و نووسینەکانی هەریەک لە(سیمون دی بوار، و فرجینا ۆڵف، و کاترین مانسفێڵد، و ئەیرس مرگدوگ، و ئەنجیلا کارتەر)دەرکەوت، کەزیاتر بایەخیان بەدیدگای (ڕەفتارگەرای و دەروون شیکاری)دەدا، نەک هۆکاری (بنیادی ئەرکەکی) کەئەمەیان شەپۆلی یەکەم جەختی دەکردەوە.
$شەپۆلی سێ یەم (1990 تا ئەمڕۆ):$
شەپۆلی سێیەمی فیمینیزمی یان شەپۆلی دوای بنەماخوازیەکان لەگەڵ دەست پێکی بیری دوای مۆدێرنە (پۆست مۆدێرنیتە) دەرکەوت کەزۆرجاریش بە دوای یان پاش فیمینیزم ناوزەد دەکرێت، وەک چۆن پشت مۆدێرنەکان کاری سەرەکیان بریتی بوە لەڕەخنەگرتن لەفەیلەسوفانی مۆدێرن، ئەوانیش بابەتی سەرەکی گوتارەکانیان وەک وەڵام دانەوەیەک بوو بۆ شەپۆلی یەک و دوو وەهەروەها فیمینیزمانی مۆدێرن، وەچەندین لق و پۆپی لێ بویەوە کەگرنگترینیان (پۆست لیبڕاڵ فیمینیزم، فیمینیزمی ئیسلامی، فیمینیزمی کۆن فۆ شیۆسی، فیمینیزمی پاش بنەماخوازی و فیمینستانی دژە مۆڕاڵ و ڕێژەگەرای فیمینیستی و فیمینیزمی جیهانی سێ، ...........).
شەپۆلی سێ یەمی فیمینیزم زیاتر لەئیلهام وەرگرتن لە تێڕوانینی (هێلین سی سۆ) دەربارەی جیاوازی سێکسی و ئازادی سێکسی و درووست کردنی بیری (هاوڕەگەز خوازی)دا خۆی فۆرمەلەدەکرد، وە هەروەها دەتوانین بڵێین ئەم شەپۆلە تەواوکەری شەپۆلی یەکەم و دووەم بوە و زیاتر دیدێکی ڕێژەگەرای (نسبی) وەرگرتوە و لەڕوکەش گەراییەوە دەچێتە سەر ناوەرۆک، کەباس لەجیاوازی نێوان ژن و پیاو دەکات لەزۆر ڕوەوە و بەرگریش لەو جیاوازیانە دەکات، وەهەروەها ئەم فیمینیزمە پاش بنەماخواز و پۆست مۆدێرنانە نەک تەنیا قایلن بەجیاوازیەکانی نێوان پیاوان و ژنان، بەڵکوو قایلیشن بەجیاوازیە دەروونی و وجودیەکانی نێوان خودی ژنانیش.
ئەم ڕابەرایەتیە لەهەشتا و نەوەدەکانی سەدەی بیست دەرکەوت کەڕۆحێکی ڕەخنەگرانە و هەڵسەنگاندنێکی گشتگیری بۆ هەموو ئەو بزووتنەوە فیمینیستیانە کرد کەپێشتر درووست بووبوون، بەدەست نیشان کردنی هەڵە گەورەکانیان واتا ئەو تاوانانەی لەکاتی بزتنەوەی تێکۆشانی خۆیاندا ئەنجامیان دابوو بۆ گەشتن بەگشتاندنێکی پوخت لەقۆناغەکانی پەرەسەندنی بزووتنەوە فیمینیستیەکان لەبواری کار و کرێ و جیاوازی ڕەگەزی و جیاوازی نێوان ئافرەتە سپی پێست و ڕەش پێستەکان و ئافرەتانی جیهانی سێ و وەلادانی پیاو لەگەڵیاندا.
زۆرێک لەفیمینیستەکانی ئەم شەپۆلە یا فیمینیستە بونیادخوازە نوێیەکان و پۆست فیفینیزمەکان، هەوڵیان داوە شوناس و ناسنامە و جیاوازی بۆ ژن دیاری بکەن و تایبەتمەندی بکەن و جیای بکەنەوە لەگەڵ پیاودا و دژی یەکسانی دەوەستنەوە، هەندێکیان ڕایان وایە شەپۆلی یەک و دوو لەژێر هەژموون و دەسەڵاتی ژنی سپی پێستی چینی مامناوەندی ڕۆژاوادا سەری هەڵداوە و گوزارشت لەداخوازیەکانی ئەوان دەکات و چین و نەژاد و نەتەوەی پشت گوێ خستوە، چینی ڕەش پێست و کرێکاری نادیدە گرتوە و هەروەها باسی کێشەکانی ژنانی جیهانی سێیان نەکردووە و کاریگەریەکانی کۆلۆنیالیزم و سەرمایەداری و نەژادپەرستیان نەخستوەتەڕوو و بەناوی گازندەکانی هەموو ژنانیشەوە قسەیان کردووە.
$تیۆر و جۆرەکانی فیمینیزم$
بەدرێژای مێژووی خەباتی ڕزگاری خوازی ژنان زۆر ئاڵوگۆڕ و بەرزی و نشێوی لێبوەتەوە بەپێی جۆری کۆمەڵگا و قۆناغەکان، هەرئەمەش بوەتە هۆی ئەوەی کە زیاتر لەچەند تیۆرێکی تایبەت بەژنان درووست بێت کەهەریەکەی لەدیدگا و خواست و پێویستی خۆیەوە داواکاریەکانی خستوەتە ڕوو.
(حومەیرا موشیرزادە) فیمینست و نووسەری ئێرای دەڵێت: ئێمە لەگەڵ یەک فیمینیزم ڕووبەڕوو نین بەڵکوو بەپێی قۆناغەکان و کۆمەڵگا و جۆرەکانیان گۆڕانیان بەسەردا هاتوە و جۆر و لقوپۆپی زۆری لێبوەتەوە، لەڕوی مەنهەوجیەت و تیۆر و میکانیزمەکانی چۆنێتی بەدەست هێنانی مافەکانیان و سەنتڕاڵیزەکردنی پێداویستیەکانیان، هەروەها بگرە بەهۆی ئەم هۆکارەشەوەیە کە هەندێک لە ڕەوتەکان ناکۆکن یان زۆرجاریش تیۆرەکانیان دژ بەیەکن. ڕامین جیهان بەگلو ڕۆشن بیر و نووسەری گەورەی ئێرانی و نێودنیای ڕۆژهەڵات باوەڕی وایە: ژنان لەنێوان خۆیاندا داواکاریەکانیان جیاواز و فەڕەهەندە بۆنموونە(ئایری گرای) کەفەیلەسوف و دەرون ناس و فیمینیستە باوەڕی وایە زمانی فەڕەنسی زمانێکی باوک سالارانەیە بەڕای ئەو وەکو دەستپێکێک بۆ بەرقەراری مافەکانی ژنان دەبێت بونیاد و ساختار و پێکهاتەی زمانی فەڕەنسی هەڵبوەشێنرێتەوە و دوبارە فۆڕمەلە بکرێتەوە، ئەم تێزی (ئایری گرای)یە کەخۆی لەتیۆری (بونیاد) دەبینێتەوە لەڕاڤەی زمانەوانی زیاتر لەژێر کاریگەری (دی سۆ سێر)دایە کەفەیلەسوفی زمانەوانە خۆی دەبینێتەوە.
هەروەها (ئانا وێلەر) دەڵێ: ڕزگاری ژنان پەیوەستە بەڕێکخستنی دووبارەی ئابووری کۆمەڵگا و لەگەڵ ڕیفۆرمی کۆمەڵایەتی دایە کەیەکسانی ژنان بەدەست دێت، (جۆن ستوارد میل) پێی وایە ژن بەرهەمی سیستەمێکە کەستەمیان لێ دەکات، هەروەها لەپەرتوکی (فەرمانبەرداری ژنان)دا، نووسیویەتی: بنچینەی حوکمڕانی بەسەر پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو ڕەگەزدا هەڵەیە، بنچینەی یەکسانی تەواوەتی پێویستە ببێتە ئەلتەرناتیڤی ئەم بنچینەیە کەئەم دو بیریارە بۆ سیستەمی ئابووری دەیگڕێننەوە، لەلایەکی ترەوە (مونیک ڤیتیگ) کەیەکێکە لەخاوەنە ناسراوەکانی تیۆری ڕادیکاڵ فیمینیزم، لە ساڵی 1979لەوتارێکدا لەژێرناونیشانی (مرۆڤ، ژن ناهێنێتە بوون) نووسیویەتی: گوتەزاکانی پیاو و ژن، شتێک نین جگەلە فرتوفێڵ، کاریکاتێر و ساختەی کلتووری، ژنان یەک چینن، ژنیش وەک پیاو گوتەزایەکی سیاسی و ئابووریە نەک گوتەزایەکی هەمیشەیی، لەسەر ئەم بنەمایە ئامانجی تێکۆشانی ئیمە سەرکوتکردنی پیاوانە وەک چینێک.
سەبارەت بەتیۆرستانی کلاسیکی کۆمەڵناسی هەریەک لە(مارکس و دۆرکهایم و ڤیبەر) هەرچەندە باسیان لەژنان کردووە لەتێزەکانیاندا بەڵام بەشێوەیەکی جدی و سەرتاپاگیر نەپەرژاونەتە سەری و لەچوارچێوەی تیۆرەکانیاندا لەگرفتی ئافرەت کۆڵراونەتەوە و دیدگایەکی نەریتی و موحافیزکارانەیان پیشان داوە و لەچوار چێوەی خێزان و ماڵەوە و ڕاپەڕاندنی ئەرکە سەرەکیەکانیان کەماڵەوەیە دایان ناون، بەڵام لەدوای خۆیان پێڕەوانیان پەیوەستیان کردووە بەتیۆرەکانیانەوە و دیدگای نوێ یان درووست کردووە. کەواتە لەسەر ئەم بنەمایە بێت شەقڵ و شێوە و فرەچەشنی بزاوت و تیۆری فیمینستیش درووست بوە کەهەریەکەیان لەدیدگایەکەوە هەڵقوڵاوە کەگرنگترین تیۆرەکانی سەبارەت بەفیمینزم خۆیان لەمانەدا دەبیننەوە (لیبڕال فیمینیزم، فیمینیزمی مارکسی، سۆسیال فیمینیزم، ڕادیکاڵ فیمینیزم، فیمینیزمی پاتریاکی، فیمینیزمی بون گەرایی، ، فیمینیزمی بایۆسۆسایەتی، فیمینیزمی پۆست مۆدێرن، فیمینیزمی ئیسلامی، فیمینیزمی کۆن فۆ شیۆسی، فیمینیزمی هۆمۆسکسواڵیتی، .......) بەڵام ئیمە بەگشتی باس لەچوار دیدگا و تیۆر دەکەین کەگرنگترین بزاوتە فیمینیزمەکان پێک دێنن، ئەوانیش.
$مەعریفەی لیبڕاڵ فیمینیزم:$
فیمینیزمی لیبڕاڵ یان لیبڕاڵ فیمینیستەکان بەدەریڕینە ئنگلیزیەکەی فیمینیزمە ئازادی خوازەکانن، لیبڕاڵ فیمینیزمەکان باوەڕیان وایە بۆئەوەی ئافرەت پلە و پێگەی ئاسای خۆی لەکۆمەڵگادا هەبێت، پێویستە کۆمەڵگا گەشەبکات و تاک بەهای خۆی و بیرکردنەوەی ئازادانەی خۆی هەبێت و لەبازنەی گشتی خۆی دەربازبکات و ببێت بە(تاک گەرا). زیاتر بایەخیان بەیەکسانی ژن و پیاو دەدا لەبوارەکانی خێزان و ماڵداری و پەروەردە و مافە سیاسی و یاسایەکان، وەهەروەها باوەڕیان وایە دەستەبەرکردنی ئازادی و یەکسانی بۆ ژنان زیاتر لەکۆمەڵگای ئەمریکا دەستەبەردەکرێت کەکۆمەڵگایەکی لیبڕاڵە، گرنگترین بونیادنەرانی ئەم ڕەوتە فکریە، پێک هاتوون لە (گیلب و پیلی و تینکیر).
$مەعریفەی فیمینیزمی مارکسی:$
تیۆری مارکسیستی بەیەکێک لەکلریگەرترین و بەناوبانگ ترین تیۆرەکانی ستەمگەری و نادادی کۆمەڵایەتی هەژماردەکرێت، ئەم دیدگایە بەکارەکانی مارکس و ئەنگڵس دەست پێدەکات و پاشان دوای ئەوان لەڕێگەی پێڕەوانیانەوە درێەی پێدراوە، ئەم تیۆرە زیاتر باس لەناداتی لەچینەکانی کۆمەڵگا دەکات و پەیوەستی دەکات بە سیستەمی سەرمایەداریەوە لەسەر حسابی چینی کرێکارەوە، هەروەها فیمینستی مارکسی هۆکارەکانی ستەمگەری دەگەڕێننەوە بۆ ئەو جۆرە سیستەمانە و باوەڕیان وایە لەژێرچەتری وەها سیستەمێکدا ژنان دەچەوسێنرێنەوە، بۆچارەسەر کردنی کێشەکەش دەبێت کۆی سیستەمی لیبڕاڵ سەرمایەداری دەبێت لێک هەڵبوەشێنرێَتەوە، هەروەها فیمینیستە مارکسیەکان زیاتر بایەخیان بەپەیوەندی نێوان خێزان و ئابووری داوە و هۆکاری توندوتیژی و باڵادەستی پیاو بەسەر ژندا دەگەڕێننەوە بۆ ئابووریەکەی.
$مەعریفەی ڕادیکاڵ فیمینیزم:$
گرنگترین و سەرسەخترین داوای ڕادیکاڵ فیمینیستەکان سەندنەوەی هەموو ئیمتیازێکی پیاوانە و بەخشینێتی بەژنان، و خەشم و توڕەی دەربڕینیانە بەرابمەر بەڕەگەزی نێر، فیمینیستە ڕادیکاڵەکان هەموو بنیادی کۆمەڵگا بەستەم و ناعەدالەتی دادەنێن، باوەڕیان وایە هەموویاسا و ڕێسایەک کەلەکۆمەڵگاداهەیە یاسایەکن کەکۆمەڵێک مرۆڤ کۆمەڵێکی تر لەمرۆڤ دەچەوسێنێتەوە لەگرنگترین ڕێسا چەوسێنەرەکان بریتین لە نەژاد و ڕەگەز و جنس و چین و پێگە و سیاسەت و مەزهەب و ئایین و کلتوور.
$مەعریفەی فیمینیستی لەکۆمەڵگای کوردی:$
جان جاک ڕۆسۆ دەڵێت: (ئەوەندە دەست و پەنجەمان لەگەڵ کۆیلایەتیدا نەرم کردووە، خەریکە پێی ڕادێین و نامانەوێت لێی دەربازبین) واتە خریکە کۆیلایەتی بەناخماندا ڕۆدەچێت و دەبێتە قەدەرمان، مرۆڤ کەوایلێهات پێویست بەوەناکات کەسێک سەرکوتی بکات و بیچەوسێنێنێتەوە، بەڵکوو خۆی بەو پڕۆسەیە هەڵدەسێت و سەرکوتی خۆی دەکات، ، ژنان لەکۆمەڵگەی کوردەواریدا بێ ناسنامە و شونان، شوناسی ئەوان و پێناسەی ئەوان لە ژێرکاریگەری خوێندنەوە و ڕاڤەیەکی نێرانەیە، لە چاویلەکەی پیاوێکی پیرەوە لە کۆمەڵگا و ژیانی کۆمەڵایەتی دەڕوانن. ژنان لانەواز و بێکەسن، بونەوەرێک کە تاکە فیادڕەسێکی نییە، باوەشێک نییە گەرمی بکاتەوە، ئاوازێکی بێدەنگ و بزوێنەرێکی بێ جووڵەن.
مەعریفەی کۆمەڵگەی کوردی و کولتوور و بەها کۆمەڵایەتییەکانی ئاشکرایە بەتەواوەتی مەعریفەیەکی نێرایەتی و پیاوسالاری و ئاغایەتیە و لەسەر بنەمای هێز و سەرداریی درووست بووە. مێژووی فەرهەنگ و کولتووری کوردی شایەدی ئەم ڕاستیە دەدەن، زمانی ئایین و سیاسەت و ئابووری و فەرهەنگ بەتەواوەتی زمانێکی نێرسالارە و چەمک و زاراوەکانی هەمووی گوزارشت لەڕەگەزێکی دیاریکراو دەکات کەئەویش ڕەگەزی نێرە، ژنان لەوەها دۆخێکدا لەباشترین باریاندا تەنیا ئیشێک کەپێیان سپێردراوە وەچە خستنەوەبووە، مەعریفەی ژنان سەبارەت بەوشیاری خۆیان مەعریفەیەکی نێرسالارانەیە بەوواتایەی کەژنانیش پیاوانە بیردەکەنەوە و پیاوانە ڕەفتاردەکەن و پیاوانە قسەدەکەن، وەعد و بەڵێن و کارەباشەکانیان بەکارێکی مەردانە لەقەڵەم دەدەنمەعریفەی ڕەگەزی مێینەیە کوردستاندا بوونی نییە، تاکوئێستا شتێک بەو ناوەوە نییە بەواتای ئەوەی کە چوارچێوەیەک یان ئایدیایەکی هاوبەش کۆیان ناکاتەوە ئەوان باوەڕیشیان بەوە نییە و هێرشی توندیشی دەکەنە سەر ئەوان خۆیان بەو چین و گروپ و پارت و ناچە و هۆز و عەشیرەتە گرێ دەدەن کەمێردەکانیان هەیانە، ژنان مەعریفەیەکی هاوبەشیان نییە کەکۆک بن لەسەری، و نوێنەرایەتی پیاوەکانیان نوێنەرایەتی خۆیانە، ئەوان پەڕتووکی ژنان ناخوێننەوە و دەنگ بەکاندیدی ژن نادەن و خەمی کچێکی شارێکی دی خەمی کچێکی دی نییە، ژنان خۆیان بڕوایان بە فرە ژنی و دەسەڵاتی پیاو لەچوارچێوەی خێزان هەیە و خۆیان بە زەعیفە و بێ توانا و کەمتر لەپیاو لەقەڵەم دەدەن. [1]