$فاکتەرەکانی شەڕانگێزی لە مرۆڤدا$
نووسینی: #ئاراز ڕەمەزان#
ئەگەر بمانەوێ پێناسەی مرۆڤ بکەین وەک هەر کائینێکی دیکە دیارە تەعریف و پێناسەی جیاواز دەربارەی ئەم کائینە هەیە، دیارە من پێم وایە چۆن مرۆڤی جیاواز هەن، هێندەش پێناسەو تەعریفی جیاواز هەن، دەتوانین بڵێین لەناو پێناسەکاندا دەکرێت دەستنیشانی شیاوترینیان یان بەمانەیەکی دی دەکرێ، بڵێین درووستترین تەعریفی باڵا و کامڵترینیان دیاری بکەین، دەبێت هەوڵبدەم خۆم لەچوار چێوەی ئایدۆلۆژی سیاسی بپارێزم تابتوانم ئەوەی درووستە ئەوە بڵێم، هەڵبەتە پێناسەی ئایینەکان بۆ ئینسان کەدیارە هەمویان کۆکن لەسەری بەتایبەت لاهوتیەت و بەگشتیش پێیانوایە مرۆڤ خەلیفەی سەر ئەم هەسارەیەیەو بونەوەرێک ناردویەتی لەهەمو ئەحساس و ئەقڵ و لێکدانەوەو کارکردن و نەکردنی لەدەست خودی خۆیدا ڕاگرتوە، سەر ئەنجامیش دەگاتە کەناری دەریای ژیان و دەگەڕێتەوە بۆ بەردەم دادگای یاخی بونەکانی لەدەستی ئەم سیستەمە کەخەڵاتێک بۆی داڕشتوە، هەڵبەتە لەزۆرێک لەئایینەکاندا هەر بونە کەمرۆڤە جێگای سوپاس و گوزارشت و بەپیرۆزکردنە.
لەلای گەورە فەیلەسوفێکی وەک ئەرستۆش مرۆڤ گیانەوەرێکی سیاسییە، هەروەها لای مارکسی فەیلەسوفی ئابووریناس و مێژونووسی گەورەش مرۆڤ کائینێکی کۆمەڵایەتی زیندوییەو جوانترین هونەری سرووشتەو خەڵاتێکی گەورەو داهێنەرێکی سەرسوڕهێنەرە، بەپێی ئەم پێناسەیە دەگەینە ئەو حەقیقەتەی بڵێین مرۆڤ بونەوەرێکی زیندوی کۆمەڵایەتیە کەخواوەندی هۆشمەندی و ئیدراک و لێکدانەوەو خەون بینینە، دیارە هەمو ئەو ئافەریدە سەرسوڕهێنەرە لەقۆناغێکەوە بۆ قۆناغێکی دیکە ئاڵوگۆڕی ڕیشەیی لەپێکهاتەی ئەقڵی و مەعریفیدا دەگۆڕێت، بۆیە ناکرێت بەڕەهایی مرۆڤ بناسین و ناوی جۆراو جۆری بۆ داڕێژین.
شەڕەنگێزی و توندوتیژی دیالۆگی زۆری بیریارو فەیلەسوفانی دنیا بوەو هەموشیان هۆکارەکەی دەگێڕنەوە بۆ هۆکارێک لەهۆکارەکان، دیارە شەڕِەنگێزی و شەڕو توندوتیژی و هێرشکردن و پەلاماردانی بەشەر بۆ سەر بەشەرێکی دیکە هەر وابەقەدەر نییەو بەرێکەوت نەبو ئەم کائینە زیندوە کۆمەڵایەتییە دەستدرێژیت کردبێتە سەر.
چارڵس داروین و کۆنڕاد لۆرانس و ویلیام جەیمز و ماکدۆگاڵ، کە ئەمانە دەروونناسی پێشینەن، پێیانوایە مرۆڤ بۆیە توانای پەلاماردان و شەڕکردنی هەیە چونکە شەڕ وەک غەریزە لەپێکهاتەی غەریزەییدا لەجەستەی مرۆڤ خۆیدا هەیە، هەروەک چۆن غەریزەی خەو و خواردن و سێکس هەیە، ئاواش غەریزەی شەڕ لەپێکهاتەی مرۆڤدا هەیە بەتایبەتی چارڵس داروین کەپێیوایە لەبەرئەوەی مرۆڤ یەکێکە لەو بونەوەرانەی لەگیانەوەران کەوتۆتەوە، بۆیە شەڕەنگێزی وەک میرات لەوانەوە واتە لەباو و باپیرە گیانەوەرەکانەوە بۆ مرۆڤ بەجێماوە.
بەپێی تێگەیشتنی ئەم بیریارو دەرونناسانە بێت کەوایە ناحەق نییە سەدامەکان و هیتلەرەکان و ستالینەکان و پادشای ئیمپراتۆریەتییەکانی کۆن لایەکی دنیایان لە خوێن هەڵکێشابێت.
دیارە ناکرێ لەکارامەی و توانستی ئەوانیش واتە ئەم بیریارو هۆشمەندانەی دەروازەی کۆن و پێشینەی ئینسان کەم بکەینەوە، بەڵام بەچەند دەلیلێک و تێگەیشتنێکی درووست کەوەڵامی ئەم چەمکەیان داوەتەوە لەتیۆرەکانیان و تێڕوانین و تێفیکرینی جیاوازی نوێ هاتونەتە ئاراوە کە لەکۆتاییدا زیاتر ڕونی دەکەمەوە.
$سیگمۆند فرۆید ترس بەیەکێک لەو هۆکارانە دەزانێ کەدەبنە هۆی شەڕکردنی مرۆڤ بەرانبەر بەمرۆڤ.$
فرۆید دەڵێت هەستی مرۆڤ پشتی بەنەستی بەستوە لەکاری ڕۆژانەدا، هەروەها دەڵێت مرۆڤ لەژیانی ڕۆژانەیدا بۆ ملپێکەچکردن و دەستەمۆکردنی ژیانی کۆمەڵایەتی حەزو ئارەزوەکانی دەچەپێنرێت و لەبواری سێکسیدا بەتایبەتی کە پێیوایە خاڵی دەرچونی مرۆڤ وەک مرۆڤێکی ئاسایی کەهەست و نەستێکی تەندرووستی هەبێت و دوچاری چەپاندنی حەزو ئارەزوی سێکسی نەبوبێت کەمتر توانای پەلاماردانی دەبێت، هەروەها دەڵێت هەرکاتێ مرۆڤ چەپاندرا واتە حەزو ویستی خەفەکرا، هەم خەوی پێوە دەبینێت، هەم لەژیانی ڕۆژانەیدا کاریگەری دەبێت لەسەر دەرونی، ئینسانی چەپاو توشی نەخۆشی ساریزم دەبێت، کەپڕە لەتوندوتیژی لەگەڵ خۆی و بەرانبەرەکانیدا، هەمیشە ماسۆشیانە هەڵسوکەوت دەکات، مرۆڤ کەتوشی چەپاندن بو بۆخۆی لەخۆی ون دەبێت، بۆیە هەمیشە ڕوپۆشێک، دەمامکێک لەکەسایەتی خوازراوی ناو کۆمەڵ بەخۆیدا دەگرێ و لەژێر ئەو دەمامکە لەمنی باڵای ناوناخی خۆیدا دەگەڕێ، هەڵبەتە فرۆید دەربارەی چەمکی ترس، ترس لەدەستدانی خودو حەزو ئارەزوەکان و تەنانەت ترس لەدەستدانی ژیان بەهۆکاری پەلاماردانی مرۆڤ دەزانێ بۆ سەر مرۆڤ.
مارکس بەپێی پۆلێنکردنی مێژویی، مرۆڤی لەهەر قۆناغێکدا بەجەوهەرێک داهێنانەکانی و بەرهەمهێنانەکانی نرخاندوەو پێیوایە مرۆڤ لەسەرەتادا کائینێکی بەریئ و دورە شەڕ بوە و خەریکی مومارەسەکردنی ژیانێکی سانا و ئازاد و نادیسپلینی کۆمەڵایەتی و سیاسی و ئابووری ژێر دەسەڵاتەکان بوە، مارکس لەپۆلێنکردنی تەعریفی خۆیدا چەند قۆناغێکی لەفەلسەفەکەی خۆیدا دیاریکردووە بۆ مێژوی مرۆڤ کەئەمانەن:
$1 کۆمۆنەی سەرەتایی:$ لەم قۆناغەدا مرۆڤ شەڕی نەبوە لەگەڵ مرۆڤدا لەبەرئەوەی موڵکایەتی تایبەتی نەبوە، هەروەها پاشەکەوتی زیادی کەڵەکە نەکردووە تا ببێتە هۆی کێشەو ململانێ لەنێوان مرۆڤەکاندا، دیارە وەختێکیش مرۆڤ بەرهەمی زیادی کەڵەکە کردووەو موڵکایەتی درووستبو، لێَرەوە چەوساندنەوە دەستی پێکردو قۆناغێکی تر لەژیانی پڕ لەململانێ و کێشمەکێش درووستبو و سەریهەڵدا ئەویش قۆناغی..
$2 کۆیلایەتییە:$ مارکس پێیوایە چەوساندنەوەی مرۆڤ لەو کاتەوە سەریهەڵداوە کە موڵکایەتی تایبەتی درووستبوەو ئینسان لەپێناو قازانج و مەنفەعەتی خۆی ئینسانی چەوساندۆتەوەو پەلاماری داوە، لێرەوەیە نەریتی شەڕانگێزی و ململانێ سەردەردێنێ و مرۆڤی خاوەن قازانج لەپەیوەندی بەرهەمهێنانی کۆیلایەتیدا سوپا درووستدەکات و مرۆڤەکانی تریش کەکۆیلەن سەرکوت دەکات، مارکس دەڵێت هەر کەسێک کەسێک بچەوسێنێتەوە سەرئەنجام بەچەوسانەوەی خۆی کۆتایی دێت.
هەڵبەتە مارکس پێیوایە هەمیشە مرۆڤ لەترسی لەدەستدانی ژیان و پێداویستییەکانی توانای دەخاتە گەڕ بۆئەوەی پێداویستی و حاجەتەکانی ژیانی دابین بکات، لەو بەینەشدا ڕێگرانی بەردەم پێَداویستییەکانی مەحکوم دەبن بەپەلامارو سەرئەنجام شەڕ لەنێوان کۆیلەو خاوەن کۆیلەدا درووستدەبێت کەدیارە خاوەن کۆیلەکان بارگرانییەکی زۆ و ستەمکێشییەکی بێ شوماریان دەکرێتە سەر، بۆیە ئەوانیش شەڕ دەکەن بۆ قۆناغی کۆیلەکان و بەڵگەی شەڕی ئەم کاتە شۆڕشی سپارتاگۆس بو کەدژی ئیمپراتۆریەتی ڕۆم کراو سەر ئەنجام ئیمپراتۆر قەتڵ و عامێکی کوشندەی ئەو شۆڕشەی کرد، بەڵام لەکۆتاییداو دوای ساڵانێکی زۆر لەتوندوتیژی و شەڕەنگێزی و داگیرکاری ڕوخێنرا، زۆر ناوەندو جێگای دیکەش لەدنیادا ژیانی کۆیلایەتییان بەخۆیانەوە دیوە بەتایبەتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئاسەوارە شارستانییەتەکان بەڵگەی ڕونی ئەم چەوسانەوەیەن کە بەسەر شانی کۆیلەکاندا کراوە هەر لەگردو قەڵاو ئەشکەوتەکان بڕوانی جێدەستی مێژوی ستەمکێشی کۆیلەدارەکان دەبینیت، کێشەی نێوان جوتیارو دەرەبەگەکانیش زادەی هەلومەرجی قۆناغی پێش پەیوەندییەکانی بەرهەمهێنانی داڕشتوەو مرۆڤی کردۆتەوە بەکۆیلەی کار بەبێ کار دیارەو بارگرانکردن و بێحورمەتیکردنی بەشێکی بەرین لەئینسان بەدەستی بەشێکی کەمینە لەئینسان خۆیەتی کە بەشکڵ و شێوەیەکی دیکە دەبێتە هۆی شەڕ و ململانێی خوێناوی نێوان مرۆڤە باڵادەست و خاوەن داهاتەکان و مرۆڤە ژێردەستەکان.
$لەکۆمەڵی ئێستای سەرمایەداریشدا کێشەی نێوان ئەم دو چینە کەکرێکارو سەرمایەدارن ڕەگ و ڕیشاڵی لەناو کۆمەڵدا داکوتاوە کەسەرەنجام بەشۆڕشی گەورە گەورەو شەڕی گەورە لەناو دەچێت.$
لێرەدا ئەوە ماوە بڵێم مارکس پێیوایە سەرچاوەی چەوساندنەوە موڵکدارییەو موڵکداریش سەرچاوەی چەوساندنەوەی ئینسانە بەدەستی ئینسان و چەوسانەوەش لەڕووی ئابووری ژێرخانی شەڕەکانی ناو کۆمەڵە کە بەشەڕی سەرخانی دادەنرێت لەبواری کۆمەڵایەتی و سیاسی و فەرهەنگی و زاتیدا، چارەسەرکردنی ئەم جیاکارییە ئابوورییە و پەیوەندی بەرهەمهێنان و دادوەری چارەسەری ڕیشەی ئەم نەریتەیە کەشەڕەنگێزییە.
ئەریک فرۆم: شەڕەنگێزی بەشەڕ دەگێڕێتەوە بۆ ئەو بونیاد و دەوروبەرانەی کە مرۆڤ تێیدا پەروەردە دەبێت یان بەمانایەکی دیکە ئەریک فرۆم شەڕەنگێزی لەمرۆڤدا دەگێڕێتەوە بۆ ئەو بونیادانەی کە کۆمەڵی لێ درووستبوە، ئەو پێیوایە هەمویان بەیەکەوە کاریگەریان هەیە لەسەر دەرونی کەسایەتی ئینسان سەرەنجامی کاریگەری ئەم بونیادانەی کۆمەڵیش دو جۆر لەمرۆڤ لەڕوی دەرونییەوە درووستدەکەن، یەکێکیان ئەو مرۆڤانەن کە (کارامەن) ئەوەی تریان مرۆڤی کارلێکراوە، دیارە مرۆڤی کارلێکراویش سەبەبی زۆربەی هەرە زۆری تەشەنەپێکردن و بڵاوکرنەوەی شەڕانگێزییە.......؟
$ئەم بونیادانەی کەئەریک فرۆم باسیان دەکات دەتوانین بەم پلەبەندیەی خوارەوە باسیان بکەین:$
$خێزان:$ دیارە وشەی خێزان بەمانا ئینگلیزیەکەی Family یە کە بەژمارەی کۆمەڵێک کۆیلە دەوترێت و پیاوێک سەرپەرشتیان دەکات لەڕوی ئایینداری و سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابوورییەوە، خێزان بەردی بناغەی هەمو کۆمەڵەو یەکەیەکی گرنگ و بنچینەیە لەناو کۆمەڵدا، ئەنگڵز پێیوایە لەخێزاندا پیاو بۆرژوایەو ژن کرێکارە، چونکە چەوساندنەوە لەپەیوەندی خێزانیدا ڕودەدات، بەحوکمی پیاو سالاری و تاپۆکردنی پیاو لەسەروەتی ماڵداو تەنانەت لەتاپۆکردنی مرۆڤەکانیش.
خێزان ئەو ئامێزەیە کەمنداڵ هەستی ئاسودەیی تێدا وەردەگرێ و وا ڕادەهێنرێت لەدەرەوەی خێزان دڵنیایەک نییە، بۆیە هەمیشە باوک هەوڵدەدات خۆی لەمنداڵەکانیدا نمایش بکاتەوەو وێنەی خۆی لەکامیاندا بدۆزێتەوە ئەوا ئازیزترینیان دەبێت، لێرەوە جیاکارییەکان لەنێوان خۆشەویستی باوکانەو دایکانەدا هەیە، ئەویش ئەوەیە کەباوک بۆیە کوڕی گەورە یان کچی گەورەی خۆشدەوێت چونکە وێنەیەکە لەسەدا هەشتا لەخۆی دەچێ و لەدوای خۆی دەسەڵات نمایش دەکات، بەڵام دایک خۆشی دەوێین بەبێ ئەوەی لەپێش خۆشەویستییەکەیەوە لەخۆشەویستی زیاتر هیچی تر هەبێت.
دیارە لەخێزانی ڕۆژهەڵاتیدا بەشێوەیەکی گشتی نێر جیاکارییەکی گەورەو زەبەلاحی هەیە بەسەر مێدا، لەو ڕۆژەوە منداڵ لەباوەشی خێزاندا گەورە دەبێت فێری کۆمەڵێک ڕێوڕەسمی کوشندەو نامرۆڤانە دەکرێت کەدەبێتە هۆی زاڵبونی ڕەگەزێک بەسەر ڕەگەزێکی دیکەداو تەنانەت لێدان و شەڕکردنیش لەگەڵ ئەم ڕەگەزەدا بەبیانوی پڕوپوچ ڕێی بۆ خۆشدەکرێت، زۆربەی زاناکان منداڵ بەنموونەی باڵا دادەنێن لەناو ئەو گیاندارانەی کەتوانای لاسایی کردنەوەو هەڵگرتنەوەی سیفەتەکانی دەوروبەریان هەیە، لەخێزانی باو و تەقلیدی ڕۆژهەڵاتیدا مرۆڤ بەم شێوەیە پەروەردە دەکرێت و سەرەنجام خێزان دەبێتە کێڵگەی چاندنی شەڕو توندوتیژی ڕەگەزێک بەسەر ڕەگەزێکی تردا.
$بونیادی دوەم لای ئەریک فرۆم، خێڵە:$ خێڵ کەپەیوەندی خوێن درووستی دەکات و ڕیزبەندییەک لەنەریت و خۆی هەیە مرۆڤ وا ڕادەهێنرێت کە بەپشتیوانی هاوخوێنەکانی پەلامار بدات و شەڕ بکات، سەرۆکی خێڵ هەمو ڕەوایەتییەکی داوە بەڕەگەزی نێر لەمرۆڤ کەبەرانبەر ڕەگەزەکەی تر کەمێینەیە شەڕ بکات بەبیانوی دەستەڵاتخوازی و پاوانخوازی کەدیارە ڕێنمایی خێڵ لەسەرۆک خێڵەوە وەردەگیرێت.
لاساریکردن و یاخی بونیش لەخێڵ وەدەرنانی ئەم تاکەیە بۆ ناو کۆمەڵ کەدیارە سایکۆلۆژی خێڵ دڵنیای مرۆڤ دەدات بۆ ئەوەی لەدەرەوەی خێڵدا هەست بەبێ کەسیی و بێ دڵنیایی و هەڕەشە بکات لەمان و نەمانی، کۆمەڵی ڕۆژهەڵاتی ستراکتۆرەو پێکهاتەکەی لەخێڵەوە سەرچاوەدەگرێت، گەر بەوردی سەیری مێژوی درووستبونی کۆمەڵ یان نەتەوەکانی وەک عەرەب و فارس و تورک و کورد بکەین زۆر بەڕونی بۆمان دەردەکەوێت کەخێڵ و سیستمی خێڵ چۆن کاریگەرییان لەسەر پێکهات و سایکۆلۆژی و بیرکردنەوەی ئینسانەکانی هەریەک لەم نەتەوانەش کردووە، دیارە خێڵە بەدەوییەکانی عەرەب کەکۆمەڵەیەکی بەداوەتکراوی وەک کۆمەڵی عەرەبی یان فارسی یان تورک یان کورد کەدەبینین ژێرخانی ئابووری خێڵ و کۆمەڵی بەداوەتکراو لەسەر غەنیمەت وەستاوەو هەر خێڵە لەو بیابانەدا پەلاماری خێڵێکی لەخۆی بێهێزتری داوە، سەرەنجام بڕواننە ئایینەکانیش بەتایبەت ئایینی ئیسلام زۆر بایەخی بەغەنیمەت داوەو لەسوچی چەند سورەتێکدا جێگای بەرچاوی هەیە، لەجەنگی گروپە ڕادیکاڵییە ئیسلامییەکانی ئەم دەیانەی دوایی و ئێستاشدا ئەم تیۆری شەڕەنگێزییە باشتر خۆی نواندوەو تەنانەت سرووشتی تەکنیک و شێوازی شەڕانگێزی مرۆییشی تێپەڕاندوە. [1]