نووسەرەکان ناخوێننەوە
#جەبار سابیر#
ئەوە سێ ساڵە دەچمە پێشانگای پەڕتووک و چاودێری دۆخەکە دەکەم، دەمەوێ بزانم نووسەرانی ئێمە تا چەند دەخوێننەوە و چی دەخوێننەوە! بەڵام لە ماوەی ئەم سێ ساڵەدا، تاک و تەرایەک، کە هەمیشە هەر ئەوانەن و زیاد ناکەن، دێنە ئەوێ و بۆ پەڕتووکی باش دەگەڕێن، بەتایبەت بە زمانەکانی عەرەبی و فارسی و ئینگلیزی. هەندێک دێن وێنە دەگرن و دواتر دەڕۆنەوە. ئەوەیتری تەنیا خوێنەری ئاسایین کە پەڕتووک دەکڕن. بەشێکی زۆریان خوێندکاری قوتابخانە ئینگلیزییەکانن و مرۆڤ کە دەیانبینێ دڵی خۆشدەبێ، منداڵی تێدایە تەمەنی دوازدە بۆ پازدە ساڵە و ڕۆمانەکانی چارلز دیکنز و چیرۆکەکانی کانتربێری چاوسەر و بەرزاییەکانی بەربای ئەمیلی برۆنتە دەخوێنێتەوە و ئەمەیش زۆر جێگەی خۆشحاڵییە.
لە کوردستانی ئێمەدا بە حوکمی گۆڤار و ڕۆژنامەی زۆر لە ساڵانی ڕابردوودا، بە سەدان نووسەر و ڕۆژنامەنووسمان بۆ درووستبووە و بەم پێیەیش بێت دەبێ فرۆشی پەڕتووک زۆر زۆر لەوە زیاتر بێت کە ئێستا هەیە و دەبوو هەرگیز گوێمان لە ها وار و سکاڵای پەڕتووکفرۆشەکان نەبوایە لە دەست بێبازاڕی، بەڵام دۆخەکە شتێکی پێچەوانەتر دەڵێ. گەر بەرپرسێک، یان دامەزراوەیەکی فەڕمی ئێوارە خوان یان فێستیڤاڵێک ساز بکات، چەند کەس داوەت بکرێ، سەد ئەوەندە گلەیی دەکات کە بۆ داوەت نەکراوە، هەموویشی بۆ خواردن و خواردنەوە و خۆ دەرخستنەکەیە و هیچی وەک ئەرکێکی ڕۆشنبیری و وەک کارەکەی خۆی کە دنیای نووسینە، بۆ ئەو شوێنە ناچێت. کە یەکێتی نووسەران یان وەزارەتی ڕۆشنبیری باسی بەخشینەوەی بڕە پارە دەکات، خەڵک هەیە چوار پەڕتووکی پێیە و دەیەوێ ئەو پارەیە وەربگرێ. بەڵام قەت نەیپرسیوە: ئەرێ بە ڕاست چوار کەس پەڕتووکەکانی من دەخوێنێتەوە؟! کۆمەڵێکی زۆر کە لەم تۆڕە کۆمەڵایەتییانە ڕۆژانە یەک دنیا پۆست دەکەن بە وێنەی خۆیانەوە و هەمیشەیش وێنەکەیان لە پۆستەکە گەورەترە، لەوێ نابینرێن و گەر بشبینرێن، پەڕتووک ناکڕن و تەنیا سەیری بەرگەکانی دەکەن و زۆرجار دەڵێن وای کە گرانە. لەم نێوەیشدا کۆمەڵێک مرۆڤی ئاسایی و جوان هەن، ئاسایی بەو مانایەی نووسەر نین و تەنیا دەخوێننەوە و زۆریش باش دەخوێننەوە. من ئەم چەند ساڵە کۆمەڵێکی زۆر لەم مرۆڤە جوانانەم بینی و لە ڕێگەی ئەم پەیجەوە ناسیومن و هەندێکیانم هێشتا نەبینیوە، بەڵام ئەوانەی بینیومن مرۆڤی زۆر جوان و ڕۆح زیندوویان تێدایە کە دەکرێ شانازییان پێوەبکرێ. یەکێک لەوانە هات و وتی تەنیا بۆ بینینی هەندێکی وەک تۆ هاتووم، وتم چەند پەڕتووکێکی خۆم لایە هەرچیت حەز لێیە بیبە، چونکە هەر لەم شوێنانە یەک دەبینین، وتی دەیبەم بەڵام بێ پارە نامەوێ. هەرچی کردم و کۆشام قبوڵی نەکرد و پارەکەی دانا. بەڵام بەشێکی زۆری نووسەرانی ئێمە دەیانەوێ پەڕتووکەکەیان پێشکەش بکەیت و دواتریش ئامادە نین بیخوێننەوە.
جارێک نووسەرێکی هاوڕێم لێرەوە نامەی بۆ ناردم وتی دوو کورتە ڕۆمانت وەرگێڕاوە زۆر باسی دەکەن، لە کوێ هەیە دەمەوێ بیکڕم. وەڵامم دایەوە؛ پەڕتووکەکانی من لە غەزەلنووس هەن و دەتوانی لەوێ بیانکڕی. لە شوێنێک بینیم و دیسان باسی کردەوە و وتم لەوێ هەیە. وتی باشە دەچم. بەڵام تا ئێستایش نەچووە و چەند جارێک هەواڵیم پرسیوە، وتیان دەیانەوێ بە خۆڕایی دەستیان بکەوێ.
ئێستا پەڕتووک وایلێهاتووە تیراژی بۆ سەد دانە دابەزیوە، وەک ئەوەی لە شاخ بکرێ و تەنیا لە فەوتان ڕزگاریان بێ. گەر بە ژمارەی نووسەرانی ئێمە بوایە دەبوو تیراژ لە دە هەزار کەمتر نەبوایە. بەڵام وابڕوا وەک دەستنووس و کەشکۆڵ و بەیازی سەردەمانی زوو چەند دانەیەک سەروزیاد دەبێ. نووسەرانی ئێمە بەردەوام دەنووسن و کاتیان بۆ خوێندنەوە نییە.
لای ئێمە نەبۆتە کلتوور بە کڕینی تابلۆ و پەڕتووک و ئەلبوومی موزیک و گۆرانی و چوونە سینەما، هاوکاری نووسەران و وەرگێڕان و شێوەکاران هونەرمەندانی موزیک و گۆرانی و ئەکتەران و دەرهێنەران بکرێ. لە دنیادا ئەمە جۆرێک کلتوور و مۆراڵی خەڵکە و بۆ پێشخستنی فەرهەنگ و کلتووری وڵاتەکانیان سەرە بۆ کارە هونەریی و ئەدەبییەکانی خەڵکانی خۆیان دەگرن. لای ئێمەیش تەنانەت لە ناو خودی نووسەران و هونەرمەنداندا ئەو ڕۆحە درووست نەبووە و درووست نابێ.[1]