چیرۆکنووسین لە کاتی شەڕ و شۆڕدا
شهریار مندنی پور
لە فارسییەوە: محەمەد کەریم
کفت و شەکەت گەڕاویتەتەوە ماڵەوە. بەچاوی خۆت دیوتە لە خەڵکیان دا و گرتیانن و کوشتیانن. ئاشووبێک لە وزە و تووڕەیی و پەرێشانی، ئومێد و نائومێدی و خەم، لە دڵ و مێشکتدایە، دەبێت چی بکەیت؟ ساتەوەختێکی شووم و پیرۆزە.
دەگوترێت دەبێت ساڵەها بەسەر ڕووداوێکدا تێپەڕبێت بۆ ئەوەی چیرۆکێکی باش سەبارەت بە و ڕووداوە لە دایک بێت. ڕاستە چونکە چیرۆک لە قووڵایی زیهن و نەستەوە هەڵدەقووڵێت. پێویستی بەوەیە تەپ و تۆزی زەمەن لەسەر بیرۆکە یان هەستکردن بە ڕووداوەکە بنیشێت و بیخەمڵێنێت.
وێڕای ئەمەش لەوانەیە بپرسن لە کاتی شۆڕشدا کەی کاتی چیرۆکنووسین و چیرۆک خوێندنەوەیە و سوودی چییە. ڕاستە. کاتی نییە و سوودیشی نییە. بەڵام بابەت هەمیشە سەروەختی خۆی دێت، ئامادەکاریشی ناوێت. هەمیشە لە مێژوودا، دوای شۆڕش و ڕاپەڕینەکان چیرۆکی شاکار سەریهەڵداوە. چیرۆکێکی باش، بەهەر شێوازێک بێت و سەر بەهەر قوتابخانەیەک بێت، شایەتحاڵی مێژوو دەبێت. چیرۆکەکە دەبێتە گێڕەرەوەیەکی کاریگەر و نەمری هەست و بیرۆکەی کەسێک کە لە مێژوودا هیچ پێگەیەکی نییە.
باشتر وایە چیرۆکنووس لە مەیدانی شۆڕش یان ڕاپەڕیندا بێت: بەکردەوە وەکو شایەتحاڵێکی چالاک و وردبین. بەڵام ئەمە یاسا نییە. بەشێکی زۆری چیرۆکەکە بەرهەمی خەیاڵی داهێنەرانەی نووسەرە. دەتوانێت وردە ئەزموونەکانیشی بخاتە پاڵ خەیاڵی.
ئاسایی لە کاتی شۆڕش و ڕاپەڕیندا، هەستی تایبەتی، بەتایبەتی هی هونەرمەند هەستیار و بریندار دەبێت، دەبێ واش بێت. بەڵام لە کاتی نووسیندا ئەگەر هەستی ماتەم و تووڕەیی و ڕقی تۆڵەسەندنەوە کۆنترۆڵ نەکرێت، چیرۆکێکی باش لە دایک نابێت. ئەوەی گرنگە ئەوەیە، مێشکی هەموومان توانایەکی نادیاری هەیە بە ناوی هۆش و داهێنانی هەژێنەرانەوە بێگومان هەمیشە نا، بەڵام لەناو توێ توێکاندا هەژاندا ترس، تووڕەیی، چێژ... لە مێشک و دڵماندا، داهێنانێکی تەمومژاوی دەدرەوشێتەوە. دەبێت بۆ نووسین لە کاتی شەڕ و شۆڕدا بەخێرهاتنی بکەین.
$گۆشەنیگای گێڕانەوە:$
یەکێکە لە گەوهەرە سەرەکییەکانی چیرۆک و شادەماری چیرۆکە. ئاسایی بابەتی چیرۆک و چپەچپی سەرنجڕاکێش دەدات بە گوێی خوێنەردا و لەپاڵ ئەوەشدا، داهێنانی تایبەتی نووسەریش یارمەتی دەدات. دۆزینەوەی باشترین گۆشەنیگای گێڕانەوە، هۆشی نووسەر نیشان دەدات. ئەزموون ئەوەی نیشان داوە کە گۆشەنیگای کەسی سێیەم سنووردارە و گۆشەنیگای کەسی یەکەم باشترین کاریگەری هەیە.
ئاسایی لە هەلومەرجی شەڕ و شۆڕدا بەرەو گۆشەنیگای کەسی یەکەم پەلکێش دەکرێین. یەکەم مەترسی ئەم گۆشەنیگایە ئەوەیە لە جیاتی چیرۆک، گیرۆدەی وڕێنە دەبین، ڕاپۆرت دەنووسین یان شتی ناوسایتەکان دەنووسین هەموو ئەم دەقانە بەهادارن، بەڵام چیرۆک نین.
مەترسی دواتر ئەوەیە کە یاسای بێ ڕەحمی کۆنترۆڵ- شاردنەوەی هەستەکانمان بشکێنین. دەقێکی سانتیمانتاڵ و نا ڕۆمانسی بنووسین. لەوەش خراپتر ئەوەیە ببین بە داوەر، بڕیای تایبەتی خۆمان بدەین و چیرۆکەکە ڕەش یان سپی بێت. خوێنەرانی چیرۆکەکەی ئێمە کۆمەڵێ سەلیقەیان هەیە و خاوەنی باوەڕی جۆراو جۆرن. ئەوان لەگەڵ گۆشەنیگا و باوەڕی ئێمەدا ڕوانینی خۆیان دەبێت کە دەبێت واش بێت. ئەگەر نا ژمارەیەکی کەم خوێنەرمان دەبێت نابێت بەوە نیگەران بین کە داوەرییەکەمان دەخرێتە لاوە. مێشکی داڕشتن و مێشکی وەرگر هۆشیارترن.
هەڵبەتە بۆ نموونە دەتوانین گێڕەرەوەیەکی بە کەفوکوڵ و هەژاو بۆ چیرۆکەکە هەڵبژێرین و بە ڕووکەش قەڵەمەکە بدەینە دەست ئەو. بەڵام دەبێت بتوانین هۆشمەندانە و ناڕاستەخۆ، ئامادەگی خوێنساردانە و سارد و گەرم چێشتوو و شارەزای خۆمان نیشان بدەین، کە ئەمەش ئیشێکی ئاسان نییە. بەڵام گۆشەنیگای گێڕانەوەی کەسی یەکەم بەشێوەیەکی زیرەکانە زۆر لە خوێنەر نزیک دەبێتەوە و کاریگەر دەبێت. بە شێوەیەکی زیرەکانە دەتوانین قەڵەم بدەینە دەست گێڕەرەوەیەکی شایەتحاڵ، تەنانەت ناڕازییەک، بەڵام لێشاوی حەقیقەت بەرەو واقیعی بچووکی ئەو دەچێت.
$کارەکتەری گێڕەرەوە:$
هەتا ئەوکاتە گێڕەرەوەی چیرۆک هەمووشتزان بێ یان کەسی سێیەمی سنووردار، ئاساییە وا لێک بدرێتەوە گێڕەرەوە خودی نووسەرە. بەڵام سەبارەت بە کەسی سێیەمی سنووردار، نووسەر دەتوانێت گێڕەوەیەکی غەیری خۆی بەکاربێنێت. لێرەدایە کە کارەکتەرسازی گرنگییەکی زۆری هەیە. نووسەری شارەزا ئەوەیە کە گێڕەرەوەی جۆراو جۆر دەخوڵقێنێت. گێڕەرەوەی شایەتحاڵ یان گێڕەرەوەی بێلایەن زیاتر جێگای باوەڕن. تەنانەت کاتێ خەریکین چیرۆکی بەسەرهاتێکی مێژوویی دەنووسین، دیسان پێویستمان بە شێوازێکە بۆ ئەوەی خوێنەر قەناعەت بکات. واقیعیبوون و بەهاداریی شوێنی بەسەرهاتی چیرۆکەکە هیچ یارمەتییەکمان نادات بۆ باوەڕپێکردنی. ناچار دەبێت هونەرمەندانە کارەکتەری گێڕەرەوە درووست بکەین. ئەگەر خوێنەر باوەڕی پێبکات، باوەڕ بە گێڕانەوەکەشی دەکات و ئیتر چیرۆکەکە مەبەستی خۆی دەگەیەنێت.
داهێنان لە درووستکردنی گێڕەرەوەدا درەوشانەوەی دەقەکە دەکات بە دوو ئەوەندە. گێڕەرەوە دەتوانێت لە چیرۆکەکەدا ئاماژە بۆ زۆر شت بکات: ئەو ئازادیخوازەی دروشم دەڵێت و بەردەفڕکێ دەکات، پشتیوانانی، بینەرانی سەرشۆستە، ئەو مناڵەی لە پەنجەرەوە سەیر دەکات و نازانێ لەسەر جادە چی دەگوزەرێ، بەڵام خوێنەری زیرەک لە گێڕانەوەکەی تێدەگات، بریندارێکی شەڕ کە لەسەر عەرەبانەیە، نابینایەک کە تەنیا دەنگەکانی دێتەگوێ. یان تەنانەت شاگردی دوکانێک، لە ژێرزەمینێکدا کە ساحیبەیەکی موشەبەکی هەیە و لەسەر شۆستە تەنیا بنی پێڵاوەکان دەبینێت: هەنگاوەکانی خەڵک، هاواری وتنەوەی دروشمەکان دەبیستێ و تەپەی پۆستاڵی بەکرێگیراوەکانی دێتەگوێ.
$داڕشتن:$
کاتێ باسی زمان دەکەین، قەت بە مانای داڕشتنێکی باڵا نییە. مەبەست لە ئەدەبیەتی داڕشتنە. بۆ چیرۆکی شەڕ و شۆڕ، لەوانەیە داڕشتنێکی وەکو هی هەمەنگوای لەگەڵ تیۆری شاخی سەهۆڵدا باش بێت و بەکار بێت. بەشی زۆری شاخی شەهۆڵ لە ژێر ئاودایە. واتە داڕشتنێک کە زیادییەکانی لابراون و دەلالەتەکانی تری چووەتە توێ توێی زێڕینەوە، ئیشێکی جوان و تەزێنەر دەبێت. لە چیرۆکی کاتی شەڕ و شۆڕدا، ئەو کردارانەی کە جووڵەی میکانیکیان تێدایە، زۆر کاریگەرن، بەتایبەتی لە ڕستەی کورتدا.
داڕشتنی وردبین و وردنووس، داڕشتنێکی مۆدێرنە. لە وردەوە دەچێت بۆ درشت. لە کورتەچیرۆکێکدا ناتوانین دیمەنێکی گەورەی وەکو شەڕ و ئاشتی بخوڵقێنین یان سەراپای شەڕ و پێکادانێکی سەرشەقام بە هەموو کوچە و کۆڵانەکانییەوە. بەڵام لە جیاتی ئەوە کورتەچیرۆک هەیە کە لە ڕستەیەکدا سەد وێنە درووست دەکات. ئەو پەنجانەی کە لە جادە قیرێکی درزبردوو و گیر دەکرێن بۆ ئەوەی پارچەیەکی لێبکەنەوە و بیهاوێژن. ئازاری خواربوونەوەی قولەپێ لە کاتی هێرش یان پاشەکشەدا، مەمکەمژەی مناڵێک کە دەشێلرێت. چاوانی کەسێکی نیگەران کە بۆ هاوڕێکەی دەگەڕێت. ئەو ساتەی ساچمەیەک دەموچاوی کەسێک دەسمێت.
$زەمەنی گێڕانەوە:$
لە دەستپێکی چیرۆکدا ڕووبەڕووی دوو جۆر زەمەن دەبینەوە:
1-گێڕانەوە، چ ماوەیەکی زەمەنی دوای ڕووداوی چیرۆکەکەیە؟ یانی چەند بەسەر ئەو ڕووداوەدا تێپەڕ بووە کە ئێستا دەمانەوێ بیگێڕینەوە.
2-زەمەنی فیعەلی گێڕانەوەکە، بابەتێکی دوورودرێژە. دوو خاڵی لەبارەوە دەڵێم: ئەگەر ماوەی زەمەنی نێوان گێڕانەوەکە و ڕووداوەکەدا زۆر بێت، کەواتە لۆجیکییە کە گێڕەرەوە دەستی کراوەبێت بۆ شیکردنەوەی ڕووداوەکە و لایەنی دەروونی کارەکتەرەکان. بەڵام ئەگەر زەمەنی گێڕانەوە و کاتی ڕووداوەکە یەک شت بن. دەرفەتی شیکردنەوە نییە. دەبێت زیاتر وێنەکان بگوێزرێنەوە و گێڕانەوەی چیرۆکەکە لە حاڵی حازردا بێت، واتە ڕانەبردووی بەردەوام. لەم کاتەدا ڕاستەوخۆ پێکادانەکان دەگوێزرێنەوە. ئەو جۆش و خرۆشە خوێنەریش ڕادەکێشێت.
$وەرگر:$
لە نووسینی چیرۆکدا نابێت تەنیا حساب بۆ خوێنەری وڵاتی خۆمان بکەین. چیرۆک پەیوەندی بە وڵاتی کۆماری ئەدەبەوە هەیە. نابێت لەوە نائومێد بین کە چیرۆکەکە وەرگێڕێکی باشی بۆ پەیدا دەبێت. چیرۆکی باش وەکو جۆگەلەیەک وایە کە ڕێگای خۆی دەگرێتەبەر و دەگاتە دەریا. تۆ بنووسە باقییەکەی بۆ چیرۆکەکە و خوێنەرانی جێ بهێڵە. تەنیا مەرجی ئەوەیە لە ڕووی بیرۆکە و فۆرمەوە جیهانی بیت نەک خۆماڵی. ئەو چیرۆکە خۆماڵییانەی لەبەر هەر هۆیەک بێ تەرجەمەکراون، لە شوێنی خۆیان چەقیون. هەرکاتێ بیر لە وەرگری چیرۆک دەکەیتەوە دەبێت بیر لە وەرگرێک بکەیتەوە لەدەرەوەی وڵاتی خۆت.
$درێژی چیرۆک:$
باشتر وایە کورتەچیرۆکی کاتی شەڕ و شۆڕ بە مانای واقیعی کورت کورت بێت. دەبێت چەند دیمەنێکی باشت لە خەیاڵدا بێت کە بنووسرێن و دابڕانی خوێنەر لێیان قورس بێت. بە خۆت بڵێ ئەمە دوا چیرۆک نییە کە دەینووسم. فڵان دیمەن هەڵگرە بۆ چیرۆکی دواتر. بەم پێیە خراپ نییە بۆ چیرۆکی کاتی شەڕ و شۆڕ بیر لەوانەکانی کلاسیک بکەیتەوە: یەک بابەت، یەک کات، دەرسێکی گرنگی ئەدگار ئالان پۆیە یەک کاریگەرییشی دەبێت.
$تەنز:$
بەجدی وەرنەگرتنی تەنز یەکێکە لە خەوشەکان. لە چیرۆکدا دیمەنێکی تەنز نەک گاڵتەپێکردن، ڕوخسارێکی تازە بەچیرۆک دەبەخشێت. لە دۆزەخی ڕەش و تاڵدا، تەنزی مرۆڤدۆستانە سەلماندنی وجودە لە بەرانبەر ئاژەڵێتیدا.
$سەرنج:$
چەند ڕستەیەکم لەم بابەتە لابردووە و تەرجەمەم نەکردووە.[1]
$سەرچاوە:$
baangnews.net