ناونیشانی بابەت: ئایینی #زەردەشت#ی و شوێنەوارەکانی لە کوردستان 11
ئامادەکردنی: #سارا سەردار#
$#هەورامان#... زێدی زەردەشتییانی ڕەسەن$
لەگەڵ پەیدابوون و سەرهەڵدانی هەر ئایینێک، هەوڵ دراوە بۆ گۆڕینی سیمای تایبەت بە ئایینەکانی پێشووتری، بە تایبەت شوێنەوارە بەجێماوەکان لەو ئایینە.
ئایینی زەردەشتیش وەکوو ئایینێکی کۆن، کە پەیڕەوانی یەکجار زۆری هەبووە و لە زۆر ناوچە و شوێن وەکوو ئایینی فەڕمی بڵاو لەسەر ئاستی کوردستانی گەورە و ئێران بووە، لەپاش هاتنی ئایینەکانی دوای خۆی، دوور نەبووە لە بابەتی شێواندن و تێکدانی شوێنەوارەکانی.
لەگەڵ گەشەکردنی ئایینی زەردەشتی، پەیڕەوان و لایەنگرانی ئەم ئایینە بە پێویستیان زانیوە، کە چەند شوێنێک بۆ جێبەجێکردنی سرووتە ئایینییەکانی تایبەت بە خۆیان درووست بکەن، هەرچەند ئەم شوێنانە تەنیا بە مەبەستی جێبەجێکردنی ئەرکە ئایینییەکان نەبوو و زۆر جار بە مەبەستی دیکە وەکوو نەخۆشخانە، یان بە مەبەستی فێربوون وەکوو قۆتابخانە بەکار هاتووە، بەڵام لەپاش سەرهەڵدانی ئایینەکانی پاش ئایینی زەردەشتی، ڕۆڵی ئەم شوێنانە گۆڕان، بە تایبەتی بەهۆی پڕوپاگەندە بۆ ئایینە تازەکە، کە دەبووە هۆی گۆڕینی بیروڕای خەڵک و ڕاکێشانیان بۆ لای ئایینی نوێ.
ئایینی زەردەشتی بەهۆی ئەوەی کە مێژوویەکی کۆنی هەیە، زۆر جار تووشی ئەم کێشە و گرفتانە بووە، واتا زۆرجار هەوڵ دراوە بۆ لەناوبردنی شوێنەوارەکانی یان گۆڕینی شێوازیان، نموونە بۆ ئەم کارانە، دەتوانیین ئاماژە بە شوێنەوارەکانی ئەو ئایینە لە کوردستانی باشوور و بە تایبەت ناوچەی هەورامان بکەین، کە بە زیدی زەردەشتییانی ڕەسەن دەیتە ناسین و مەخابن وشوێنەوارەکانی لەپاش تێپەڕینی هەزاران ساڵ و گۆڕانی دەسەڵات لەنێوان چەندین هێز و بنەماڵە، زۆر جار تووشی گۆڕانکاری هاتوون.
لێرە ئاماژە بە چەند شوێنەوارێکی ناوچەی هەورامان دەکەین، کە بەهۆی شێواندن و تێکدان، پاشماوەی یەکجار کەمیان ماوەتە، ئەمە لە حاڵەتێکدایە کە لەبەر نەبوونی زانیاریی پێویست، کە هۆکارەکەی نەبوونی توێژینەوەی زانستییە و دەبێ لە لایەن پسپۆڕانەوە ئەنجام بدرێت، نەمانتوانیوە زانیارییەکی زۆر و ورد ببەخشینە خوێنەران.
یەکێک لەو شوێنەوارانەی خاوەن مێژوویەکی کۆنە، تاشراوی (#خان ئەحمەد خان#)ە، کە چەندین سەردەمی دەسەڵاتداری بەخۆیەوە بینیوە.
$تاشراوی خان ئەحمەد خان$
ئەم شوێنەوارە گۆڕدەخمەیەکی سەردەمی #مادەکان#ە، کە چوار کیلۆمەتر لە شارەدێی #خۆرماڵ#ی پارێزگای #هەڵەبجە#ەوە دوورە و دەکەوێتە نێوان گوندی #زەڵم# و هاوینەهاواری #ئەحمەدئاوا#، لەناو هاوینە هاوارەکە و لە دەستە چەپی شاخی قەڵادا ئەشکەوتێکی تاشراو هەیە، کە پێی دەگوترێت #قەڵای زەڵم#، یان ئەشکەوتی خان ئە حمەد خان، ئەم شوێنەوارە لە ژوورەوە بریتییە لە ئێوانێک و چوار ژوور، کە بە قادرمەی بە بەرد تاشراو، کە لە کۆنەوە بۆی درووست کراوە، بە بەرزیی 100 مەتر، جا دەگەیتە ناو ئەشکەوتەکە.
بەپێی گوتەی سەرچاوە مێژووییەکان، ناوی زەڵم لە چەندین بابەتی جیاوازدا سەرچاوەی گرتووە، وەکوو:
هەندێ سەرچاوە لەسەر ئەو بیروڕایەن، کە ناوی (زەڵم) لە ناوی ڕووبارەکەی ئێستاوە دێت، کە لە کۆندا بە ناوی (زێی لم) هاتووە و پاشان گۆڕاوە بە زەڵم، مەبەست لەم ناوە، واتا ڕووبارێک کە لمی زۆرە.
کۆمەڵێک سەرچاوەی تر بەم شێوازە باسی وشەی زەڵم دەکەن: گوایە لە سەردەمانی زوودا سەرکردە و پاشایەکی (زاڵم) لەم ناوچەیەدا هەبووە، بۆیە بەم ناوچەیە گوتراوە شوێنی زاڵم یان زەڵم.
باسیش دەکرێ، کە وشەی زەڵم لە (سلم)ەوە هاتووە، گوایە سەرکردەیەکی سەربازیی سوپای ساسانی لەم ناوچەیەدا دەسەڵاتداریی کردووە.
بیروبۆچونێکی تر هەیە و دەڵێت، وشەی زەڵم لە #لولوبییەکان#ەوە هاتووە و پاشان گۆڕاوە بە (زێی لووم) یان (زێی لم) یان (زەڵم).
[1]