$حیزبوڵڵای تورکیی لەنێوان توانەوە و گۆڕانی ئایدیۆلۆژیدا (بەشی یەکەم)$
نووسینی: ماجید خەلیل
$پێشەکی:$
حیزبوڵڵای تورکیی لە تورکیا وەک ڕێکخراوێکی سیاسیی و چەکدار لە دەستپێکی هەشتاکانی سەدەی ڕابردووەوە بە کاوەخۆ دەخزێتە نێو ململانێ سیاسیی و چەکدارییەکانی تورکیاوە و بەتایبەتی لە باشوور و باشووری ڕۆژهەڵاتی تورکیا دا واتە لەنێوچە کوردنشینەکاندا دەبێتە دیاردەیەکی دیاری نێو ماجەرا سیاسی و ڕووداوە توندو نالەبارەکانی ئەوێ. شوناسی حیزبوڵڵا و دەرکەوتنی لەنێوچە کوردییەکاندا هەڵگری چەندین پرس و جۆو هەڵوێستەی لۆژیکییە.
ناسنامەی پارتێکی لەم جۆرە بۆچی لەو قۆناغەدا، بوونی پارتێک کە هەڵگری ناسنامەیەکی سیاسیی ئیسلامییە لەنێو کوردا بۆچی؟ بەدەمەوە چوونی خەڵکی موسڵمانی کورد لەگەڵ ئەم هێزە ئیسلامخوازە بەڕواڵەت کوردییەدا لە چ ئاستێکدا بوو؟ هەڵوێستی دامەزراوەی تورکیی و میریی لە هەمبەر پارتێکی نوێ و ناباوی وەک حیزبوڵڵا چۆن بوو؟ شوێنی ئەم پارتە لەنێو بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی کوردیدا و مامەڵەی لەگەڵ پارتە نەتەوەیی و چەپە نافەڕمییەکانی کورد بەتایبەتی پەکەکەدا چۆن و بۆچی بەرەو ئاڵۆزی و جەنگی چەکداریی ڕۆیشت؟
توندوتیژییەکان تاچەند بوونە فاکتەرێک تا نەتەوەی کورد خوێندنەوەی بابەتییانەتر بۆ ئەم ڕەوتە بکات. ئایا ئەم ڕەوتە کۆتایی پێهات یاخۆ درێژەی هەیە؟ ئایا ئەم جووڵانەوەیە سرووشتی و کۆمەڵایەتی و پەیوەست بە کورد بوو، یاخۆ پڕۆژەیەکی دەرەکی بوو؟ ئایا ئەم ڕەوتە خزایە نێو سیاسەت و مێزی گفتوگۆوە یان هەروا بۆمبێکی تەوقیتکراوی دەستی میتی تورکیی بوو؟ هودا پار چ پێوەندییەکی بەم جووڵانەوە هەیە؟ ئەمەو چەندین پرسیاری تر لە خوێندنەوەی ئەم کۆڵینەوەیەدا وەڵامدراونەتەوە.
لەم کۆڵینەوەیەدا بەوردی فاکتەرەکانی درووستبوونی حیزبوڵڵاو زەمینەی هەڵتۆقینی ئەم جووڵانەوە ئیسلامییە بە بۆن و بەرامی کوردییەوە شرۆڤە کراوە، هاوکات پڕۆسەی دامەزراندن و کارو چالاکی و پێگەی پارتەکە لە ناوچە کوردنشینەکاندا لە تەوەرەی دووەمدا خوێندنەوەی بۆکراوە، لە تەوەرەی سێهەمیشدا بەوردی بەرنامەو ئامانجی پارتەکە و بانگەشەکانی و بوونی پارتەکە لەنێو ڕێکخراوە مۆڵەتپێدراوە ناحکومییەکاندا ڕوونکراوەتەوە. تەوەرەی چوارەمیش باسکردنە لەسەردەمی گۆڕانکارییە هزرییەکانی نێو پێکهاتەی هزری و کارو چالاکی ئەم پارتە. لەم بەشەدا سەرەتاکانی گۆڕانکاری و درێژبوونەوەی ڕەوتی کاری پارتەکە لە کاری چەکدارییەوە بۆ سیاسەت و بەشداریکردنی لە هەڵبژاردن و تێکەڵبوونی بە بەشداریی چالاکانەی سیاسی شرۆڤە دەکرێت.
دیارە بایەخی ئەم کۆڵینەوەیە لەو سۆنگەیەوە دێت کە تەنیا پارتێکی کوردییە بە شێوەیەکی فەڕمی شانبەشانی پارتە نەتەوەیی و چەپ و لیبڕاڵەکانی کورد لەپاش کۆتایهاتن بە شۆڕش و ڕاپەڕینە کلاسیکییەکانی کورد بە شوناسێکی ڕەوانی ئیسلامگەراییەوە هاتووەتە پێشەوەو وەک نوێنەری خەڵکی موسڵمانی کورد پەیامی خۆی بۆ بەدەستهێنانی مافە زەوتکراوەکانی کورد خستووەتە ڕوو. ئەوەی کە دەوترێت پەیامی ڕاگەیەنراوی زمانحاڵی خودی ڕێبەرانی حزبەکەیە، هەربۆیە هەڵوێستەکردن لەسەر نەزمی کارکردن و باوەڕی سیاسیی ئەم پارتە بایەخێکی گرنگی هەیە، بەتایبەتی لەکاتێکدا کە دەوڵەتی ناوەندی تورک هەمیشەو هەردەم پرسی کوردی لەچوارچێوەی گوتاری سیاسی و ئایینیی پارتە سەردەستەکانیدا لاواز کردووە.
هەربۆیە لەبەرانبەر ئەو گوتارەی ڕێبەرانی سیاسیی و ناسیۆنالیستی و بیرمەندانی ئایینخوازی تورکدا بوونی گوتارێکی کوردی ئیسلامخوازی لەمجۆرە مایەی گرنگی و بایەخی تایبەت بەخۆیەتی. لەلایەکی ترەوە بایەخی ئەم توێژینەوە قسەکردنە لە بابەتێکی زیندوو کە ململانێی نێوان شوناسەکانی کۆمەڵی کوردی نیشان دەدات، شوناسێک کە هەڵگری بابەتی نەتەوەخوازی کوردییە بەڵام بە ئایدیایەکی چەپخوازی ڕادیکاڵەوە یان شۆڕشگێڕەوە، گوتارەکەی دیش ئەم گوتارە ئیسلامخوازەیە کە حیزبوڵڵا وەختە لە بەرگی سیاسەتدا دەیخزێنێتە نێو کۆمەڵی. لە دوایین هەڵبژاردنەکانی تورکیادا لەنێو کۆمەڵی کوردیدا ململانێی ئەم دوو شوناسە زۆر بە زەقی دەرکەوتبوو. بۆ پشت بەستن بە نووسینی ئەم شرۆڤە زانستییە پشتبەستوو بووین بە دیمانەی گەلێک لە ڕێبەرانی ئەم ڕەوتە و چەند سەرچاوەیەکی ئەکادیمی نێو زانکۆکانی تورکیاو هەندێک لە کۆڵینەوە ئەکادیمییە نوێیەکان کە لەبارەی ئەم جووڵانەوەیەوە نووسراون، هاوکات هەڵوێست و بۆچوونی گەلێ لە کەسایەتییە دیارەکانی نێو پارتە نەتەوەییەکانی باکووریش لەمەڕ ڕجووڵانەوەی حیزبوڵڵا وەرگیراون. پێمان وایە ئەم کۆڵینەوەیە شوێنی خۆی لە ئاشنابوونی زیاتر بە شاراوەیی ئەم جووڵانەوەیە دەگرێت و دەبێتە دەستپێک بۆ خوێندنەوەی زیاترو زانستییانەتر لەسەر ئەم جووڵانەوە لە تورکیا.
$تەوەرەی یەکەم: فاکتەرەکانی درووستبوونی ڕێکخراوی حیزبوڵڵا لە تورکیا$
زەمینەی درووستبوونی حیزبوڵڵا و ژینگەیەکی لەبار بۆ درووستبوونی جووڵانەوەیەکی لەم جۆرە وابەستەیە بە چوندین هۆکاری کۆمەڵایەتی و سیاسی و ئابووری و ئایینییەوە.
لە سەرەتای شەستەکانەوە ڕەوشی نا لەباری ئابووریء کۆمەڵایەتیء دواکەوتن، بیری ڕێکخستنی ڕامیاریی لەنێو کورد دا زیاد کردبوو. لەم بارەیەوە ئۆزدەمیر دەڵێت پارتە فەڕمییەکان لە ڕێگەی ئایین، مەزهەب و ڕێبازەکانەوە، چەپەکانیش بە سۆشیالیزم کوردیان بەکار دەهێنا، باسکردن لە نەتەوایەتی گوناهێکی گەورە بوو.لەگەڵ ئەوەی یاسای تورکی هۆشداری دابوو لەسەر دامەزراندنی هەر ڕێکخراوو پارتێکی ڕامیاریی کە بەرگری لە بەرژەوەندی کەمینە نەتەوەییەکان بکات، بەڵام دەوڵەت لەنێوچە کوردییەکاندا پەراوێز خرابوو، لە زۆربەی کاروبارەکاندا کە پێویستبوو دەوڵەت یەکلایی بکاتەوە پەنا دەبرایە بەر سەرۆک هۆزو شێخەکان، هەموو ئەو سەرۆک هۆزانەش کاریگەربوون بە بیری کوردایەتی. هەربۆیە پێویستی درووستبوونی ڕێکخستنێکی سیاسیی زەمینەی لەنێو شێخ و ئاغا و دەرەبەگەکاندا بۆ ڕەخسا بوو. لە پاش جەنگی جیهانی دووەم تاوەکو دەیەی حەفتاکان تەنێ پارتی چەپ و ڕاستڕەوی کوردی بەشێوەی شاراوە و لەنێو ڕێکخراو و کۆمەڵە مۆڵەتپێدراوە ناڕاستەوخۆکانی میریدا بونیان هەبوو، ئەوانیش لە ململانێیەکی دژواری هزریدا بوون لەنێو یەکتریدا. بوونی پارتێکی ئیسلامی و بەهەڵگریی ناسنامەیەکی کوردییەوە لە بۆشاییدا بوو، هەربۆیە ڕاگەیاندنی حیزبوڵڵا، ڕاگەیاندنێکی نوێبوو لەنێو گۆڕەپانی سیاسی و ململانێی هزری پارتە کوردییە نافەڕمییەکاندا.
دیارە ڕەوگەی ئایینی بەشێوەیەکی کۆمەڵە و گردبوونەوە لە دەوری ڕێبازو پەیامی کەسایەتییەک بوونی هەبوو، لەوانە پەیامەکانی نورسی ڕۆڵی مەزنیان هەبوو لەوەی کە ڕیشەیەکی ئیسلامگەرایی لەنێو کوردا زیندوو ڕابگرن، بۆ نموونە گەشەی بزووتنەوەی گولەن، کە بە بزووتنەوەی خزمەتیش ناسراون، لەنێو دانیشتوانی شارە کوردنشینەکاندا دەگەڕێتەوە بۆ کۆتایی هەشتاکان، چالاکوانانی ئەم جووڵانەوەیە بەدەوری ئایدیاو تێزو تێڕوانینەکانی فەتحوڵا گولەن (ساڵی 1941 لە دایک بووە) گرد بوونەوە، ئەو بانگخواز و ئامۆژگار و نووسەرە. دیارە کە بزووتنەوەی گولەن لە کۆتایی حەفتاکانەوە لە تورکیادا وەکو لقێکی بزووتنەوەی نوری سەعیدی نورسی (18761960) دەرکەوتووە، سەعید نورسیش کوردێکی نێوچەی کوردستان بوو. نورسی لەسەرەتای کۆماری نوێی تورکیاو هەژموونی سیکۆلاریزمدا وەک ڕەخنەگرێکی سەرسەخەتی لائیکگەراو عەلمانییەکان دەرکەوت. دووابەدووای چەند هەنگاوێکی نورسی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەو جەنگی هزریی و نەزانی لەنێو جیهانی ئیسلامیدا، فەتحوڵا گولەن هات بزووتنوەیەکی هەمەلایەنەی پەروەردە و فێرکردنی لە هەموو کون و قوژبنێکی تورکیادا دایە بەر.
بزووتنەوەی گولەن پێکدێت لە چەند یەکەگەلێکی سەربەخۆ و تایبەتمەند لەوانە ڕایەڵەی کرێکار و خاوەنکارو بازرگانەکان، قوتابخانە تایبەتەکان، هۆیەکانی ڕاگەیاندنی وەکو تەلەڤزیۆنی سامانیۆلیۆ، بورجی ئێف ئێم و ڕۆژنامەی ڕۆژانەی زەمان. هاوکات بزووتنەوەکە چەندین ڕێکخراوی پەیوەست بە ڕێکخراو و کۆمەڵەی کلتووریی و گروپەکانی فشارو سەنتەر و دەزگای تایبەت بە خوێنکارانی زانکۆ و سەدان و سەدان ناوەندی پەروەردەیی و فێرکردنی لە 160 وڵاتی جیهاندا دامەزراند6. هەربۆیە دەمێکە کە بزووتنەوەکە مژوڵی پێکەوەنانی زەمینەیەکی هاوبەشە بۆ کەمەندکێشکردنی نێوەندە ئەکادیمییەکان و پیاوانی کارو هونەرمەندو خاوەن بۆچوون و کاریگەرەکانی تورکیا، لەوانە هەوڵی هێنانە ناوەی کەمینەکانی تورکیای دەدا وەک پیاوانی کڵێسەی ئەرسەدۆکسی و ڕێبەرە دیارەکانی عەلەوییەکان، هەوڵی دەدا هەموو ئەمانە لە چوارچێوەی چەترێکدا کە خۆی دەبینییەوە لە زەمینەی پێکەوە ژیان و لێبوردن و کۆمەڵگەی ئازادو دێموکراسی تورکیا.
شۆڕشی 1979 ی ئێرانییەکان، گەشە و پێشکەوتنی لقی کوردی برایانی موسڵمان لە سووریا، یاخیبوونی ساڵی 1982 ی شاری حەما لە سووریا، هاوکات ڕێنیسانسی ئیسلامی گلۆباڵیی، هەموو ئەمانە لە دەستپێکی هەشتاکاندا بەشداربوون لە خەمڵینی حیزبوڵڵا لە شاری ئامەددا.
دیارە لەمیانی چەند دەیەیەکە نێوچەی ڕۆژهەڵات بووەتە گۆڕەپانی ململانێی جەنگی ساردی نێوان جەمسەرەکانی ڕۆژهەڵات و ڕۆژاوا، ئەوەیش گرفتگەلێکی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابووری دژواری بۆ ئەو وڵاتانە چێکردووە و هاوکات بارگاویبوون بە شۆڕشی ئیسلامی ئێران لە 1979 دا هەموو ئەو هۆکارانە زەمینەی بۆ هەڵتۆقینی چەندین گروپی ئیسلامیی ڕادیکاڵ ڕەخساند لە هەشتاو نەوەدەکاندا. ئەمەیش سەریکێشا بۆ چێبوونی خاڵێکی جیاکەرەوە لەنێوان ئیسلامی نەریتخوازو ئیسلامە بناژۆکاندا، دیارە ئەوەی لە ئەوڕۆدا دەبینرێت ئەوەیە کە ئیسلامی بناژۆخواز بوونەتە لەمپەر و هەڕەشە بۆ تێکڕای ئەو ڕژێمانەی کە لە گۆڕێدان. لەگەڵ شۆڕشی 1979 ئێراندا ئیدی ئەم تێگەیشتنە لە هەبوونی هەڕەشەکان وێنا کرا. لێرەوە ئیسلامگەراکان دوو ڕەگەزیان لەخۆدا بەرجەستەکرد، کە ئەویش ئیسلامی ڕادیکاڵ و ئیسلامی میانەڕەو بوو.
دیارە بەدەر لە کاریگەرییەکانی ئێران لە چێبوونی ئەم جووڵانەوەیە، خودی ئێران بوونی حیزبوڵڵا بە فاکتەرێکی بەرژەوەندخوازی خۆی دادەنێت لە سنووریەکانیدا، چوون لەلایەکەوە حیزبوڵڵا ڕەهەندێکی وەهابیی و ئیخوانی لەخۆدا بەرجەستە نەکرد کە ئێران دژی بوو، لەلایەکی ترەوە دژ بوو بە تەواوی پارتە کوردییە ڕاستڕەو و چەپخوازەکان بەتایبەتی پەکەکە کە ئێران بە مەترسیی دەزانیین، هەروەها ئێران زیاتر وەک جووڵانەوەیەکی ئایینی دەیبینی نەک وەکو جووڵانەوەیەکی نەتەوەیی کە پێی وابوو زاڵبوونی ئەوان لە بەرژەوەندیدایە نەک نەتەوەگەراکان.
لە پاش کۆدەتای 1980 تورکیا ببویە سەربازگەیەکی دەستبەسەرکردنی چالاکوانە کوردەکان، هەربۆیە لە کاردانەوەی ئەوەدا زۆربەی دەستبەسەرکراوەکان لەپاش ئازادبوونیان پێوەندییان دەکرد بە پەکەکە وە. هەربۆیە لەژێر ئەم تین و تاو و هەلومەرجە سیاسییە دژوارەدا، ئەوە فرە سانابوو کە تێبگەین بۆچی تەوژم و جووڵانەوە ئیسلامی و ئیتنیکییە کوردییەکان لە باشووری ڕۆژهەڵاتدا تاویان سەند، ئەوەیە وادەکات کە ڕژێمی تورکیا ڕێگری بکات لەبەردەم لێشاوی گەنجانی کوردا کە ڕوویان دەکردە پارتە چەپخوازەکەی کورد کە پەکەکە بوو، جڵەوی بۆ جەمسەری ئیسلامی شلکردبێت تا بەبەرگی دژە چەبگەرییەوە بێتە ناوەوە کە بەرگی ئیسلامی توندئاژۆ بوو. پەکەکە ڕابەرایەتی جووڵانەوەی ئیتنۆ ناسیۆ�