بابەت: چاوپێکەوتن
ڕێکەوت: #02-12-2022#
$مەگەر بەسەر تەرمی مندا شەڕی ناوخۆ ڕووبدات$
دیمانەی #بافڵ تاڵەبانی# سەرۆکی #یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان#
بەشی دووەم
سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە چاوپێکەوتنێکی لە گەڵ پێگەی ئەلیکترۆنی (Iraq oil report) باس لە حکومەتی هەرێم دەکات کە چۆن بە سیاسی کراوە و دەڵێت: تۆ بەیانییەک لە خەو هەڵدەستیت و دەبینیت چالاکترین، پیشەییترین، باشترین یەکەی هێزی تایبەتی ڕاهێنراو لە سەرتاسەری ئێراقدا، کە هێشتا لە دژی داعش شەڕ دەکەن، ڕووبەڕووی تیرۆریستان دەبنەوە، بەیانییەک لە خەو هەڵدەستیت و دەبینیت بودجەکەیان بڕاوە.
سەرۆک بافڵ دەشڵێت: هەر لەم ماڵەدا، بیرمە لەگەڵ مام جەلال و کاک مەسعوود و جەنابی کاک کۆسرەت دانیشتبووم. بیرمە مام جەلال بە کاک مەسعودی گوت، دەبێت کارێک بکەین کە #هەولێر# وەک #سلێمانی# لێ بکەین، بەڵام سەرنج بدە چۆن بارۆمەترەکە تا ئێستا بە یەک ئاڕاستەدا ڕۆیشتووە. من گاڵتە لەگەڵ قوباد دەکەم، کە ئێمە هێشتا لە چاوەڕوانیی جادەیەکداین، هەولێریش خەریکە ئەرکێکی مرۆیی دەنێرێت بۆ مەریخ.
سەرۆکی یەکێتیی ڕاشیگەیاندووە: ئەزانی من خوازیاری ئەوەم کوردێک ببێتە کەشتیوانی فەزایی، بەڵام تکایە ڕێگەکەی منیش درووست بکەن، باخوێندکارەکانیشم یارمەتییەکانیان وەرگرن؟
ئاماژە بۆ ئەوەشدەکات: بە ڕوونی ئێستا لە حکومەتدا چەقبەستوویەک هەیە، قوبادیش یەک دوو هەفتەیە ناچێتە کۆبوونەوەکانی حکومەت، منیش بە تەواوی پشتگیریی دەکەم. ئێمە خەڵک دەنێرین بۆ کۆبوونەوەکان، تەنیا بۆ چاودێریکردن و دڵنیابوون لەوەی ئەگەر هەر بڕیارێکی شێتانە درا، لانی کەم زانیارییەکمان هەبێت. ئەو کەسانە هەموو هەفتەیەک لەلایەن کاک قوبادەوە دەستنیشان دەکرێن. بەڵام قوباد ناگەڕێتەوە بۆ ئەم کۆبوونەوانە تا ئەو کاتەی جۆرێک لە دادپەروەری فەراهەم دەبێت.
سەرۆک بافڵ دەشڵێت: هەروەها دەزانن یەکێتی بەڕاستی بێزارە لە دۆخی ئەمنیی هەولێر. دەزانی کاتێک کەسێکی دەرکراو لە خاکی یەکێتی دەسەڵاتی کۆکردنەوەی هێز دەدات بەخۆی لە دووریی 200 مەتر لە ماڵی براکەمەوە. ئەمە قبوڵ ناکرێت. ئەمە سەلمێنەری پشوودرێژیی یەکێتییە، ئامادەیی ئێمە پیشان دەدات کە تەنیا بیر لە تۆڵە نەکەینەوە، و نەچینە ناو ئەو هەڵە گەمژانەیەوە.
لە وەڵامی پرسیارێکیشدا سەبارەت بە تیرۆرکردنی هاوکار جاف و هاتنی وەهاب هەڵەبجەیی بۆ هەولێر، لە کاتێکدا لە هەولێر فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ دەرچووە، سەرۆک بافڵ تاڵەبانی ئاماژەی بەوەکرد: سەبارەت بە پرسی هاوکار - ئێمە بە تەواوی ڕەتمان کردۆتەوە و داوای لێکۆڵینەوەی هاوبەشمان کردووە، ئێمە هێشتا داوای لێکۆڵینەوەی هاوبەش دەکەین، بەڵام #پارتی دیموکراتی کوردستان# نایەوێت ئەو کارە بکات، بەڵکوو خۆیان بە فیلمێکی گاڵتەجاڕانەی بۆلیوودەوە سەرقاڵ کردووە، کە ئێمە هەموو هەڵەکانی ئەو فیلمەمان ئاشکرا کردووە.
سەرۆک بافڵ دەڵێت: سەبارەت بە وەهاب هەڵەبجەییش ئەو لەگەڵ من چووە بۆ هەولێر بۆ سەردانی خێزانی یەکێک لە پێشمەرگە بریندارەکانمان، ئێمە هەرگیز فەرمانی دەستگیرکردنی سیاسی، بە جددی وەرناگرین، وەهاب لە فڕۆکەخانەوە هات، بە ڕەسمی، لەگەڵ مندا هات، بە قاچاخ نەهێنرایە ناو هەولێر، من بە بازگەکاندا نەمبرد، دەمتوانی بە یەکێک لە فڕۆکە جەنگییەکانم بێم و لەگەڵ وەهابدا لە ناو مەکتەبی سیاسیدا بنیشێمەوە و کەسیش پێی نەدەزانی.
سەرۆک بافڵ ئاشکراشیکردووە: سەبارەت بە فەرمانی گرتن، من هەمان فەرمانی دەستگیرکردنم هەیە، قوبادیش هەروەها، کەواتە پرسیارەکە ئەمەیە کە ئاخۆ یاسا هەیە ؟ یاخود یاسا نییە؟ چونکە ئەگەر یاسایەک هەبێت ئەوا نەدەبوو منیش بچمە کۆبوونەوەی هەولێر و قوباد دەوام بکات، من پێم خۆشە خەڵک لە دادگا دادگایی بکرێن، نەک لە تەلەڤزیۆن، ئەگەر وابڕوات سەرەنجام بەم نزیکانە لە تیک تۆکیشدا تاقی دەکەینەوە.
ئاماژە بۆ ئەوەشدەکات: با لێکۆڵینەوەیەکی هاوبەش بە ئەنجام بگەیەنین، من هەرگیز ناپاکی لە هەڤاڵەکانم ناکەم، دەرهەق بە قارەمانەکانی کوردستان بێ وەفا نابم، تەنیا لەبەر ئەوەی کەسێک لە پارتی دیموکراتی کوردستان بەیانییەک لە خەو هەڵدەستێ و بڕیار دەدات چەند تۆمەتێک بخاتە پاڵمان کە ئێمە بە تەواوی لێی بێبەرین.
سەرۆکی یەکێتی ڕوونشیدەکاتەوە: ئەوەی جێی سەرسوڕمانە هەموو ئەوانەی قسەم لەگەڵ کردوون، تەنانەت لەناو پارتی دیموکراتی کوردستانیشدا، یەک کەس ناتوانێت پاساوی ئەوەمان پێبدات کە بۆچی پێیان وایە ئێمە ئەو کارەمان کردووە، یان سوودی بۆ یەکێتی چی بووە، سوودی بۆ پارتی چی بووە، سوودی بۆ دژەتیرۆر چی بووە.
لە وەڵامی پرسیارێکیشدا سەبارەت بە یەدەگی گازی کێڵگەکانی کۆرمۆر کە لەژێر کۆنترۆڵی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستاندان، سەرۆک بافڵ تاڵەبانی دەڵێت: لە ڕاستیدا ئەو کێڵگانە لە ژێر کۆنترۆڵی یەکێتیدا نین، بەڵکوو کەوتوونەتە ناو جوگرافیای یەکێتییەوە، دەنا بەڕاستی، یەکێتی دەستی لە هیچ کام لە گریبەستەکانی گازدا نییە، من زۆر نائومێدم لە سیاسەتی نەوت، سیاسەتی نەوتم بەدڵ نییە، پێموانییە سیاسەتێکی کاریگەر بێت لە بواری نەوتدا، من لەوەش تێناگەم کە بۆچی ئامادە نین لەگەڵ بەغدا کاربکەن.
سەرۆک بافڵ زانیاری زیاتر دەخاتەڕوو و دەڵێت: من پسپۆڕی دارایی نیم، بەڵام دەزانم بەسرە هەزار جار لە هەموو کوردستان دەوڵەمەندترە، بە تەنیا بەسرە. ئەگەر سەرۆک وەزیران بێت بۆ لام و بڵێ ئای بافڵ ئەم قۆریە بچوکەی خۆت بخەرە سەر ئەم مێزە، و دوای ئەوە دەتوانیت بێیت لەم مێزە گەورەیەدا هاوبەش بیت، بە بەسرەشەوە، ئەوە بۆمن دەستکەوتێکی گەورەیە، ئەمە خراپ بەڕێوەبردنە، گرێبەستەکان تەنیا بە ئارەزووی خۆیان واژۆ دەکرێن، سەرنج لەو ژمارانە بدەن کە دکتۆر ئاشتی چەند ساڵێک لەمەوبەر خستوونیەتەروو، ئەوەی بەڵێنی پێداوین لە کوردستان بێتەدی، بەراوردی بکە لەگەڵ واقیعدا.
سەرۆکی یەکێتیی دەشڵێت: تاکە کێشەی ئێمە لەگەڵ پرسی گازدا ئەوەیە، نامانەوێت بەو شێوەیە خراپ بەڕێوەببرێت، ئەوە تاکە کێشەی ئێمەیە لەگەڵ گازدا. چونکە تاکە سەرچاوەیە کە ماوە، و ئەگەر ئەم کەرتە خراپ بەڕێوە ببرێت بۆ هەرێم کارەساتبار دەبێت.
سەرۆک بافڵ زانیاری زیاتر دەخاتەڕوو و دەڵێت: من شتێکت پێ دەڵێم کە پێشتر بە کەسم نەگوتووە، چەند مانگێک لەمەوبەر بە ئەنقەست لێدوانێکی توندمدا بۆ ئەوەی کاردانەوەکان بزانم، ئەو ئەنجامەی بەدەستهێنا کە من ویستم. وەفدێک لە هەولێرەوە هاتن وتیان: با باسی گاز بکەین، زۆر دڵخۆش بووم.
سەرۆک ڕاشیگەیاندووە: ئەزانیت، حەز دەکەم بیر بکەمەوە لەوەی کە ڕەنگە سەرەتا بتوانین کار لەسەر بازرگانی ناوخۆیی بکەین، و کارەبای 24 کاتژمێری و پاشان دەتوانین بیر لە هەناردەکردنی بکەینەوە، لە کوێ هەناردەی دەکەیت ؟ باشە بەغدا پێویستی بە کارەبا و گاز هەیە، ئەوروپا پێویستی پێیەتی، تورکیا پێویستی پێیەتی، ڕەنگە بتوانین شتێک بکەین، من پێم وابوو قسەوباس لەسەر ئەم پرسانە دەکەین، بەڵام وا نەبوو، لەبری ئەوە قسە هاتە سەر ئەوەی پشکی یەکێتی چەندە و پشکی پارتی چەند دەبێت، ڕاشکاوانە بڵیێم، پێم وتن بۆ دەرەوە، من بۆ قسەکردن لەسەر ئەمانە نەهاتووم. ئەو گازە موڵکی پارتی دیموکراتی کوردستان نییە، گازی یەکێتی نییە، گاز هی خەڵکی کوردستان و ئێڕاقە، من خاوەنی نیم، دەسەڵاتم بەسەریدا نییە، ئەم عەقڵیەتە دەبێت بگۆڕێت، ئەوە نەبوونی دامەزراوەکانە کە ڕێگە بەم شتانە دەدات، نەبوونی دامەزراوەی ڕاستەقینە، کاتێکیش سەروەریی یاسا نەبێت ئەمە بەردەوام دەبێت.
سەرۆک بافڵ دەڵێت: با چیرۆکێکی ترتان بۆ بگێڕمەوە، کە لەلایەن ئاساییشەوە بە ڤیدیۆ بەڵگەی لەسەر گیراوە، بەڕێزێک هەیە بە ناوی عەبدوڵڵا موبارەک لە چەمچەماڵ، هەندێک لە خزمەکانی، یا کەسێکی نزیک لێی، دەستی هەبووە لە کوشتنی ئەفسەرێکی ئاساییشدا، و بەڵگەی ڤیدیۆیی هەیە، باشە فەرمانی دەستگیرکردنەکەی چی بەسەر هات ؟ بۆچی دەستگیر نەکرا؟ پێت دەڵێم فەرمانی دەستگیرکردنی بەکوێ گەیشتووە، کەیسەکەی گواسترایەوە بۆ هەولێر و پاشان بە شێوەیەکی سەیر چارەسەرێکی خێڵەکیانەی بۆکرا، هەر ئەوەش نا، بۆ بەیانی کرا بە جەنەڕاڵ، شەو کابرا خێڵەکی بوو، تۆ بڵێ ڕێگرێک بوو، بەیانی بوو بە ژەنەڕاڵ و میلیشیاکەشی بە ڕەسمی بوون بە بەشێک لە هێزە ئەمنییەکانی حکومەتی هەرێم، ئەمە شێتییە، ڕاستگۆیانە بڵێم شێتییەکی تەواوە. سەرەتا ئەوە شەرمەزارییە بۆ پێکهاتەی سەربازیمان، ئەگەر ئازان سەبارەت چاکسازیی پێشمەرگە قسەم لەگەڵ بکەن؟ ئەمەیە چاکسازی لە ڕیزەکانی پێشمەرگەدا ؟ ڕێگرێک لە شەو و ڕۆژێکدا بکرێتە ژەنەڕاڵ.
لە درێژەی چاوپێکەوتنەکەدا سەرۆک بافڵ دەڵێت: $ئەو دەمەی لەسەر پرسی سەرۆکایەتی لە بەغدا ناکۆک بووین و نێوانی من و کاک مەسعوود گرژ بوو، کێشەیەکی ئەمنی لە دەڤەرەکەی ئەوان درووست بوو، منیش تەلەفۆنم بۆ کاک مەسعوود کرد، و گوتم: پێم خۆشە لەگەڵ دژەتیرۆردا بچین ئەم کێشەیە چارەسەر بکەین، چونکە نامەوێت وا بیربکەنەوە کە کورد یەکگرتوو نییە.$
سەرۆکی یەکێتی دەشڵێت: $بە گەمژەیی وەڵامی گەمژەیی نادەینەوە$. من ئەو یارییە ناکەم و پێم وایە یارییەکی خراپە، پێم وایە پارتی سەرەنجام درک بەوە دەکات کە ئەمە پێشینەیەکی باش نانێت.
لە وەڵامی پرسیارێکیشدا سەبارەت بە ئەگەری سەرهەڵدانەوەی شەڕی ناوخۆ، سەرۆک بافڵ تاڵەبانی وتی: مەگەر بەسەر تەرمی مندا ئەوە ڕووبدات.
لە وەڵامی پرسیارێکی تردا سەبارەت بەو گرێبەستەی کە لەگەڵ کۆمپانیای کار بۆ ڕاکێشانی بۆریی گواستنەوەی گاز کراوە، سەرۆک بافڵ تاڵەبانی دەڵێت: دوای ئەوەی وەزارەتی سامانە سرووشتیەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان گرێبەستی ڕاکێشانی ئەو تۆڕەی بە کۆمپانیای کار ڕەوا بینی، کە لە پارتی دیموکراتی کوردستانەوە نزیکە، هێزە ئەمنیەکانی ژێر دەسەڵاتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ڕێگرییان لەو کۆمپانیایە کرد و بە کردەوە پڕۆژەکەیان پەکخست.
سەرۆک تاڵەبانی ئاماژەی بەوەشکرد: کە ئەو خۆی دژی ئەو پڕۆژەیە بووە، و باسی لەوەشکرد کە کۆمپانیاکە بەبێ تەندەرین ئەو گرێبەستەی پێ ڕەوا بینراوە، وتیشی: لە ڕاستیدا گروپی کۆمپانیاکانی کار ئەو گرێبەستەی پێ بەخشراوە، ئەوەش سوکایەتیکردنە بە خەڵکی هەرێمی کوردستان و ئێڕاقیش.
هەر سەبارەت بە پرسی پەرەپێدانی کێڵگەکانی گاز و لە وەڵامی پرسیارێکدا کە لە واقیعی جوگرافیدا زۆربەی کێڵگە گازیەکان لە دەڤەری یەکێتین، سەرۆک بافڵ تاڵەبانی ئاماژەی بەوەکرد: ڕەنگە ئەمە ببێتە مایەی سەرسامی، پێم باشە حکومەت ئەو کارە بکات، بەڵام دەبێت هەست بکەم حکومەت حکومەتی منیشە، نەک تەنیا حکومەتی هەندێک کەس، هەرچەندە ئەمە ئێستا ئاڵۆزە، بەهۆی بڕیارەکەی دادگای باڵای فیدراڵیی ئێڕاقەوە، دەبێت ئاگاداری ئەم شتانە بین، کەواتە یەکەم شت بنەمای یاسایە، سەرەتا دەبێت بزانین لە کوێ وەستاوین، کاتێک زانیمان لە کوێ وەستاوین، ئەوا ڕەنگە بتوانین بڕیارێکی درووست بدەین.
سەرۆکی یەکێتی ڕوونیشیکردۆتەوە: ئەوەی من لێی دڵنیام ئەوەیە ئەگەر سەرمان بخەینە ناو لمەوە و بڵێین نا، ئەمە لە بەغدا ڕووی نەداوە، هەموو شتێک باشە، با هەر بەردەوام بین، من زۆر دڵنیام کە ئەوە سەرەنجامی باش نابێت، سەرەتا با حکومەتی هەرێم ڕزگار بکەین، با ئەم حکومەتە ڕزگار بکەین، بەم دواییانەش تۆمەتبار کرام بەوەی دەمەوێت حکومەت لەناو ببەم، دەمتوانی لە پێنج خولەکدا حکومەت لەناوببەم تەنیا بە وتنی (یەکێتی وەرە دەرەوە). ئەوە بە هیچ شێوەیەک ئامانجی من نییە، ئەو پشوودرێژییەی کە یەکێتی پیشانی داوە، جێی شانازییە. ئێستا کەسانێ هەن لەناو حکومەتدا کاری باش دەکەن بۆ لەناوبردنی حکومەتەکەی خۆیان و پێویستیان بە ئێمە نییە کە یارمەتیان بدەین، ئەوان بەبێ ئێمەش ئەو کارە دەکەن. [1]