بابەت: بەڵگەنامە
نووسین: #عەبدوڵڵا پەشێو#
هاوڕێی خوالێخۆشبوو کاک #کەریمی حیسامی# چەند جارێک زارەکی و جارێکیش بە نامە ڕووی لێ نام شتێک لەسەر بیرەوەرییەکانی بنووسم، کە لەوان ساڵاندا لە سوید بڵاو دەکرانەوە. ڕاستی، ئەوساش وەک ئێستا، شتێک نانووسم هەر بۆ ئەوەی دڵی کەسێک، هەرچەند ئازیزیش بێ، ڕاگرم. چاوەڕێ دەکەم تا بیرۆکەکە خۆی ئاڵوبۆڵ دەبێ و پێ دەگا. جار هەیە دەستبەجێ، جاریش هەیە ماوەیەکی درێژی پێ دەچێ.
وەڵامی نامەکەی کاک کەریم 7 ساڵی ڕەبەقی پێچوو! لە بەرگی 11 ی بیرەوەرییەکانیدا، کە ساڵی2001 لە ستۆکهۆڵم چاپ کراوە، کاک کەریم دەقی وەڵامەکەی منی بڵاو کردۆتەوە. لە نامەی گۆریندا چەند بڕگەیەک هەن، کە هزر و بۆچوونی نیو سەدەی ژیانن، بە چڕی و لە چەند دێڕێکدا لە قالب دراون.
پێم وایە، ئەو چەند ڕستەیەی بیست ساڵێک لەمەوبەر بۆ کاک کەریم نووسراون پەیوەندییان بە ئێستا و ئاییندەشەوە زەق و ڕوونە. ئەوەی لە ڕۆژی #18-02-2001#دا، دوای خوێندنەوەی بیرەوەرییەکانی کاک کەریمی حیسامی، بە بیرمدا هاتووە ئێستاش هەمان شتم بە بیردا دێ.
دەسەڵات چییە! نەمتوانیوە 11 بەرگ بیرەوەری بخوێنمەوە، پانۆرامای تەمەنێکی درێژی پڕاوپڕ لە چەرمەسەری و دەربەدەری و سەفەری ئەم پایتەخت و ئەو پایتەخت ببینم، دەیان ساڵی لێوانلێو لە کۆبوونەوە و گفتوگۆ و مقۆمقۆ و گەمەی حیزب حیزبێنە بە بەردەممدا گوزەر بکەن و لە ئەنجام نەپرسم.
ئێمەی کورد دەبێ فێر بین قەبارەی قوربانی و ئەنجام پێک بگرین، ماڵوێرانی و دەستکەوتەکانمان بەراورد بکەین، نەک دیسان و دیسان دەست بکەینەوە بە هەمان کونەماردا. نابێ خوێن و فرمێسکی گەلی کوردستان لە هی گەلانی دی هەرزانتر بن. ناشێ هەنگاوی یەکەم هەڵبێنین، ئەگەر هەزار جار بیرمان لە هەنگاوەکانی پاشتری خۆمان و کاردانەوەی ئەوانی دی نەکردبێتەوە.
نامەوێ ئازیزانی خۆم بە هەموو نامەکەوە سەرقاڵ بکەم. ڕەنگە ئەم چەند ڕستەیەی خوارەوە، کە بەشێکن لە نامەکەی من بۆ کاکە کەریم، ئامانج بپێکن:
برای گەورە و خۆشەویستم، کاک کەریمی حیسامی.
بە دەست خۆم نییە، وەچەی ئێوە و تا ڕادەیەکیش خۆمانم بە ڕەنج بەخەسار دێتە بەر چاو. ئەمە حەقیقەتێکی زۆر تاڵە، بەڵام چارەمان نییە، دەبێ دانی پێدا بنێین و لەبن پێوە تا تۆقی سەر بە وردی بە خۆماندا بێینەوە. تا ئەمە نەکەین ناتوانین تاکە هەنگاوێک بەرەو پێشەوە هەڵبێنین. نابێ بیر لەوە نەکەینەوە، بۆچی ئاش هەمیشە گرمەی هاتووە و باراشیش دیار نەبووە! دەسماڵێکمان ویستووە و لە پێناویدا ئاگرمان لە سەراپای قەیسەری بەرداوە، ئەویش قەیسەریی خۆمان.
هیچ کاتێک هاوسەنگی نەبووە لەنێوان ئامانجی بچووک و قەوارەی قوربانیی بێسنوورمان. سادیستانە لەزەتمان لە خودی پڕۆسەی خەباتی درێژخایەن و خوێناوی! وەرگرتووە، بێ ئەوەی زۆر خۆمان بەو ئەنجامانەوە خەریک بکەین، کە لەو خەباتە دەکەونەوە. لە پەراوێزەکاندا تەقوتۆقمان کردووە بۆ ئەوەی ئارامی و دێمۆکراسی لە سێنتەرە بێگانەکاندا بەرپا بکەین! چما ئەمە هەمووی شایانی ئەوە نییە، ئێمە لە حەقیقەتە موتڵەقەکان بپرینگێینەوە و بە قەولی خۆت بادەینەوە؟!)
ئەم نامەیە ڕۆژی 18-02-2001 نووسراوە و لە سەردانێکدا بۆ سوید، بە دەستی خۆم نامەکەم دایە دەست کاکە کەریم!
ئاڵوبۆڵبوون: ئاوتێگەڕان، ئاوتێزان، ئاوداربوون (بەتایبەتی بۆ بەرسیلە).
گۆرین: ناوبراو، شتێک، یا کەسێکی پێشتر باس کراو، وشەی گۆرین، لە بەکارهێناندا، تەنکە جیاوازییەکی هەیە لەگەڵ هین و هەرامە.
بادانەوە ناوی پەرتووکێکی کاک کەریمی حیسامییە، لە ساڵی 2001 دا لە سوید چاپ کراوە. [1]