چەند ڕۆژێک لەمەوبەر بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی ڕاپەرین ڕای گەیاند، تەرمێکی نەناسراوی ئافرەتێک لەلایەن جووتیارێکەوە لە کاتی کێڵانی زەوی لە نزیک شارۆچکەی دووکان دۆزراوەتەوە، بێ ئەوەی زانیاریی زیاتر لەبارەی تەرمەکە و چۆنیەتیی کوژرانی بڵاوبکاتەوە.
لەمبارەیەوە پۆلیسی ڕاپەڕین لە لێدوانێکیدا بۆ دەنگی ئەمەریکا ڕای گەیاند، ژنە 47 ساڵانەکە شوێنەواری ئەشکەنجە بە جەستەیەوە دیار بووە و سووتێنراوە، کچەکەی توانیویەتی لە ڕێی ملوانکەی ملیەوە بیناسێتەوە.
#ناسکە قادر پیرۆتی# لەدایکبووی 1976 و خاوەنی پێنج منداڵە و دانیشتووی شارۆچکەی چوارقوڕنەیە، دوای ئەوەی بە ئەشکەنجە کوژرابوو، تەرمەکەی سووتێنرابوو و لە شوێنێکی دوورە دەست نێژرا و جووتیارێک لەکاتی کێڵانی زەوی، تەرمەکەی دۆزیوەتەوە.
تەرمی ناسک بە قسەی پۆلیسی ڕاپەڕین نەچووبووە ژێر گڵ، تەنیا 30 سانتیمەتر قووڵ کرابوو لە خاکەکە و ناشتبوویان.
پۆلیس ئەوەیشی بە دەنگی ئەمەریکا گوتووە کە ڕووداوەکە تاوانکاری بووە، بەڵام هۆکارەکەی ڕوون نەبووەتەوە کە بۆچی کوژراوە، چاوەڕوانی زیاتر لە پزیشکی دادی دەکەن بۆ ئەوەی زیاتر لەسەر شێوازی گیان لە دەستدانەکەی بە لایەنی پێوەندار بدات.
پۆلیس ڕاپەڕین تا ئێستە هیچ کەسێکی لەسەر ڕووداوەکە نەگرتووە، بەڵام بەپێی دەنگی ئەمەریکا چەند کەسێک لە نزیکەکانی لەسەر ئەم بابەتە گیراون.
هەر پەیوەست بەم بابەتە بەرپرسێکی ئاساییش بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاندووە، خۆی تەرمەکەی بینیوە و کوشتنەکە بەشێوەی ڕق و تۆڵە لێکردنەوە بووە و کوشتنێکی ئاسایی نەبووە، دەستی شکێنرابوو و بە سووتێنراوی خرابووە ژێر گڵ.
ئەم بەرپرسەی ئاساییش ئەوەیشی گوتووە کە توانای ناسینەوەی تەرمەکە زۆر ئەستەم بوو، تەنانەت لەلایەن کەسوکارەکەیشی، تا دواجار کچەکەی لە ڕێی ملوانکەکەیەوە ناسیبوویەوە. [1]