ئەمڕۆ 25ی نۆڤەمبەر لە ڕۆژی جیهانیی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتاندا، هەموو پشتگیرییەک بۆ خەبات و ئازادی و مافەکانی ژن و یەکسانی دووپات دەکەینەوە. وەک هەمیشە لە هەوڵ و کار و کۆشش بەردەوام دەبین بۆ بەدەستهێنانی زیاتر و پاراستنی مافەکانی ئافرەت و هێنانەکایەی کۆمەڵگەیەک کە ژن تیایدا ئازاد و یەکسان بێت و بە هیچ پاساوێک هەڕەشەی توندوتیژی و کوشتنی لەسەر نەبێت. تا ئافرەت ئازاد نەبێت، کۆمەڵگەیەکی ئازاد و یەکسان و ئارام و مەدەنیی پێشکەوتوو نایەتە ئاراوە.
لەم یادەدا دووپاتی دەکەینەوە کە بە هەموو شێوەیەک ڕووبەڕووی هەموو جۆرە توندوتیژی و دەستدرێژی و پێشێلکارییەک بەرانبەر بە ماف و ئازادیی ژنان دەبینەوە و لە کارکردن بەردەوام دەبین بۆ نەهێشتنی بیری توندڕەوی و ڕەخساندنی زەمینەیەکی باشتری بەشداری و هاوبەشیی ئافرەت لە کایەی سیاسی و کارگێڕیی هەرێمی کوردستاندا. لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانی ناوخۆ و لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیش هاریکار و هەماهەنگ دەبین بۆ ئەوەی ئافرەت لە هەموو ڕوویەکەوە لەناو خێزان و لە شوێنی کار و لە سەرجەم بوارە گشتییەکاندا پارێزراو بێت و دوور بێت لە هەراسان و توندوتیژی.
سڵاو و پێزانین بۆ هەموو ئەو ئافرەتانە و ئەو لایەن و ڕێکخراوانەی ڕۆژانە لە خەباتدان بۆ بەدیهێنانی ئازادی و ئاشتی و مافەکانیان. سڵاو بۆ گیانی پاکی قوربانییانی توندوتیژی دژی ئافرەتان و هەموو ئەو خانمانە دەنێرین کە لەپێناو ئازادی و یەکسانی و ئاشتیدا خەبات و تێکۆشانیان کردووە. لە هەر شوێنێکی جیهان بن، بە ڕێز و شکۆوە یادیان دەکەینەوە. [1]
#نێچیرڤان بارزانی#
سەرۆکی هەرێمی کوردستان
25ی نۆڤەمبەری 2022