$ئەقڵگەرایی: زانستی کەلام و موعجیزەی قورئان لە بیروباوەڕی موعتەزیلەدا (بەشی دووەم)$
موعتەزیلەکان دووربوون لەبیرباوەری ئەفسانەیی، بۆیە کارەکانیان بە ژیری و لەبێدەنگی دا تاوتوێدەکرد بە ئارامیەوە دژایەتی خەیاڵاتی گشتییان دەکرد، بەمەش لەوپەڕی فراوانی و سەربەستی دا بون لە بیرکردنەوە دا، هەتا هۆشیان بجوڵێنن لە فەرمودەکاندا، ئەگەر ئەقڵیان ڕاستەقینەیی لە فەرمودەکاندا بەدی نەکردبایە، ئەوا زۆر بەژیرییەوە نکۆڵیان لە فەرمودەکان دەکرد، دەبینین لەڕەخنەگرتن لە فەرمودە بێژان بوێرن و کەمیش بڕوا بە گێڕانەوەی لێکدەرەوەکان (موفەسیرەکان) سەبارەت بە ئایەتە هەواڵییەکان دەکەن، کەواتە قوتابخانەی موعتەزیلە قوتابخانەی ئیلاهیاتی دامەزراو بوە لەسەر بۆچونی عەقڵی، هەوڵیانداوە پشت بە ژیری و فەلسەفە ببەستن، ئەوان پەیڕەوییان لە ژیری دەکردو هەر جۆرە عەقیدەی عیرفانی وباوەڕ بە دونیای ئەوبەری سرووشت و ناسینی خودا لە ڕێگای ئیشراق وهەستی باتینی و ئیلهام و گەیشتنی دەستی ئادەمیزاد بە خودایان ڕەتدەکردەوە، ئەوان دەیانگوت ڕۆح وێنەیەکی لەتیف لە مادەیە بەو حاڵەش دەبێ بەبیری بێنینەوە ئەو قوتابخانەیە بێبەش لە جیهانبینی عیلمی نەبو، ئەوان هەرگیز عەقڵیان لە بەرانبەر ئیمان و عیلمیان لە بەرانبەر ئایین دانەدەنا، لە ڕاستیدا شێوەی عەقڵی موعتەزیلە لە خزمەتی ئیلاهیات و ئایینی فیوداڵی حاکم بەسەر کۆمەڵدابوو.
دەبێ ئەو ئەقڵە چیبێ کە موعتەزیلەکان مەرامیان بۆ دەبرد و بە پێش شەرعیان دەخست؟ لەم بارەیەوە دەڵێن: ئەوە دەستەواژەیەکە لە گوتارە زانستییە تایبەتییەکاندا هەیە، ئەو کاتەی دێتە بەر لە لێپرسینەوەی ڕاستیدا کە نموونە هێنانەوەو تێ ڕامانی بۆ دەکرێت، بەو واتایەی کە پێشەکییەکی زانستییە کە پێی بەتوانا دەبێت بۆ پشکنین و ڕدبینی کردن، بەبێ ئەو لێپرسراویە هیچ نیشانەیەکی توانایی نییە لەسەر نموونە هێنانەوە و چاو لێکردن، موعتەزیلەش لەنێوان زانست و ئەقڵدا هاوبەشیان کردووە، ئینجا ئەو ئەقڵەیان کردە دابەشێکی هاوبەش لەنێوان خەڵکی دا، بێگومان ئەقڵ ئەو زانستەیە جیاوازیی نییە لەنێوان خەڵکی دا، دەڵێن: ئەم زانست و زانیارییە دەبنە مایەی سیفەتی زانست بۆی، ئەقڵیش لە سیفەت و تایبەتمەندی و یەکگرتویی جێگیردا لەدایک دەبێت بەڕێگەی هەواڵدان بە بیرکردنەوە و نموونە هێنانەوە، هەروەها دەڵێن: کۆمەڵەی زانست و ئەقڵ بەرپرسیارێتی پێ تەواو دەبێت، کەواتە موعتەزیلەکان لە بەڵگە هێنانەوە (الاستدلال)، بۆ سەلماندنی بیروڕاکانیان، پشتیان بە شتە ئەقڵییەکان دەبەست، تەنیا دەربارەی شتێک نەبێ کە بە نەقڵ دەزانرا، ئەوەندەیان باوەڕ بە ئەقڵ هەبو سنوری نەبو، هیچ شتێک سنورداری نەدەکردن، تەنیا ئەوە نەبێ کە ڕێزیان بۆ فەرمانەکانی شەرع هەبو، واتە هەر شتێک کە دەهاتە پێشیان، دەیان خستە بەر ئەقڵ و ژیری، ئەوەی ژیری قەبوڵی کردبا جێگیریان دەکرد، ئەوەی ژیری قەبوڵی نەکردبایە وازیان لێدەهێنا.
قازی عەبدولجەبار لە بارەی بەڵگە شەرعییەکان، دەڵێت: دەلالەتەکان چوارن: (بەڵگەی ئەقڵی، کتاب(قورئان)، سونەت (فەرمودەی پێغەمبەر)، ئیجماع (کۆدەنگی)، ناسینی خوداش بە بەڵگەی ئەقڵانی نەبێت دەست ناکەوێت، کەواتە موعتەزیلە لە ئەهلی سوننە جیاوازن لە خستنەڕوی بەڵگە، چونکە بەڵگە (أدلە) لای سوننە بریتییە لە (کتاب القران) سوننەت (السنة) کۆدەنگی زانایان (الاجماع) قیاس (پێوانە)، بەڵام بەڵگە لای موعتەزیلە چوارشتن کە بیریتین لە (ئەقڵ، کتاب، فەرمودەی پێغەمبەر، کۆدەنگی)، واتە: ئەقڵ زیاددەکەن و لەسەر هەمو بەڵگەکانی دیکەشدا پێشی دەخەن، پێیان وایە ئەقڵ ژیرییە، وەک چۆن ئەقڵیان لە کاروباری دونیاییدا پێشخستوە لە کاروباری ئایینیشدا پێشیان خستوەو بە دادوەریان داناوە.
قازی عەبدولجەبار لەپەڕتووکی (فضل الاعتزال) دەڵێت: پوختەی بەڵگەیەکی شەرعی بە پێی ڕای موعتەزیلە یەکەمیان ئەقڵە، چونکە هەر بەوە چاکەو خەراپە لەیەک جیا دەکرێتەوە، لەبەرئەوەی هەر بە ئەقڵ دەتوانرێ بسەلمێندرێت کە قورئان بەڵگەیە، بەو شێوەیە سونەت و ئیجماع ناکرێنە بەڵگە. موعتەزیلەکان سەرسامیشن بەو ڕیزبەندیەی کە زۆربەی سوننەکان و سەلەفیەکان وای دادەنێن دەلالەت تەنیا (قورئان، سونەت، ئیجماع)ە، پێشیان وایە کە کاتێ ئەقڵ لەکارەکان دوا، ئەمە دواکەوتنە، بەڵام کارەکە بەم جۆرو شێوازە نییە، لەبەرئەوەی کە قورئان بە بەڵگە دەناسرێ و سونەت و ئیجماعیش هەر بەڕێگەی ئەقڵەوە دەناسرێن، کەواتە شەرعیەتی تەواو بە ئەقڵ ئەدەن.
موعتەزیلە شیکردنەوەی ئەوە دەکەن بۆ بە دەستهێنانی ناسینی خودا بەڵگەی ئەقڵی پێویستە لەبەرئەوەی ئەقڵ جگە لەخۆی زانستێکە لە خودی خودا بەیەکتای و دادوەریێتی، وە ئەگەر بەڵگەبهێنینەوە بەشتێکی دیکە لەسەر خودا، جگە لەئەقڵ، ئەوا دەیگۆرین بەشتێکی دیکە ئەوەش نەگونجاوە.
عبدالقادر البغدادی لەسەر زاری ئیبراهیم نەزام گێراویەتەوە کە گوتویەتی: هەواڵی زارەوزار واتە تەقلید نەڕیگایەکی درووستە بۆ زانست و نە بەڵگەشە، بەڵکوو درۆیەکی بەرچاوە.
بەهەمان شێوە (الاسفراینی) لەسەر ئەو بۆچونەی ئیبراهیم نەزام دەڵێت: ئیبراهیم نەزام پێی وایە ئیجماع بەڵگە نییە، وە هەواڵی تەقلیدیش بەڵگە نییە، ئەمەش وەڵامێ بو بۆ سەحابەکان و هەمو ئەوانەی قسەیان لەسەری کردووە و ڕێککەوتون دەڵێن: ژیاننامەی فاسق بەدکاری و خەراپەیە، گومانیش نییە کە پاشەرۆژی ئەوەیە کەبەسەرخۆشی دەمرێت.
موعتەزیلەکان لەسەر ئەمە ناکۆکبون لەو هەواڵەی کە بەگشتی دەری دەخەن، هەروەها ناکرێ بەتایبەتی لە ئەقڵ دا، ئیبراهیم نەزام دەڵێت: لەسەر گوێگر پێویستە لە گشتیەکانی دا بوەستێ تاوەکو قورئان بەبنەڕەتی بزانێ و هەواڵی ئەگەر لەقورئان پشت ڕاست نەکرابێتەوە و کۆدەنگی لە سەر نەهاتبێ و فەرمودەی پیرۆزیش پشتی نەگرێ ئەوا لە برواپێبون دەکەوێت بەگشتی کەواتە ئەقڵ بریار لەسەر قورئان و سونەت و ئیجماع و هەواڵ و فەرمودە ئەدات.
عبدالقادر بەغدادی دەڵێت: ئیبراهیم نەزام قیاسی شەرعی پوچەڵ کردۆتەوە، بەڵگەی ئیجماعیشی پوچەڵکردۆتەوە، پێشی وایە (نەتەوە لە ڕۆژگاری پێغەمبەردا هەتا ئەو ڕۆژەی دوایدادێ ئەگەر هاوڕابن لەسەر بریارێکی شەرعی، ئەوا کۆدەنگییەکانیان دەکرێ هەڵە بن و بکەونە تاریکییەوە).
الشهرستانی دەڵێت: ئیبراهیم نەزام گوتویەتی: ئیجماع نابێتە بەڵگە لە شەرعدا، بەهەمان شێوەش قیاس لە بڕیارە شەرعییەکاندا ناکرێ ببنە بەڵگە، بەڵکوو بەڵگە و سەلماندن لە قسەی ئیمامێکی بێبەری لە گوناح و خەراپەدایە.
بەڵام ئەو ئیمامە چۆن حوکم دەکاو بڕیاردەدا؟جاحزو ئیبراهیم نەزام بۆ ئەم وەڵامە دەڵێن: پێشەوایەتی تەنیا هەڵبژاردنی کاری باشترینی لێدەوەشێتەوە و نابێ وازیش لە کاری باش بهێنێ، هەندێکی دیکەش لە موعتەزیلەکان گوتویانە باشترین لەپێشترە، ئەگەر پێشەواش زانی کە باشترین کار کە دەیکات یان بڕیاری لێدەدات بەڵام ئاژاوەو ناکۆکی بۆ میللەت لێدەکەوێتەوە، ئەوا دەتوانێ ڕێگە بەخەڵک بدات کەکارە باش و گونجاوەکەیان هەڵبژێرن و کاری پێبکەن.
کەواتە ئیبراهیم نزام یەکێک بوە لەو کەسانەی کە نکۆڵی لە پێوانە (قیاس) کردووە لەبڕیارو بوارە شەرعی و ئەقڵییەکاندا، هەر ئەویش بەفەرمانی و گوێڕایەلی بۆ قیاس قەدەغەکردووە لەکاروبارە شەرعییەکاندا، چونکە پێکهاتەی شەرعی ئیسلام بریتییە لە کۆکردنەوەی شتە جیاوازو ناکۆکەکان و جیاوازیکردن لەنێوان شتە وێکچوەکاندا، ئەمەش پێچەوانەی دۆزی ئەقڵە، بەمەش ئەوە هەڵدەهێنجێ کە پێوانەی شەرعی لەگەڵ هەست و نەستی ئەقڵدا نایەتەوە و ناشێ ئەقڵ ڕێگەی پێبدات، هەروەک چۆن ڕۆژوی خستوەتە سەر بەندەی بێ نوێژ بەبێ نوێژ، بەو مانایەی کە ژنی بێ نوێژ ڕۆژوەکان دەگێڕێتەوە بەڵام نوێژنا، پاکانەش بۆ ئەمە ئەوەیە کە ڕۆژو یەک مانگە لەساڵێکدا بەڵام نوێژ لەرۆژێکدا پێنج جارە و لەگێڕانەوەی ئەزیەتی زۆرە، بەڵام گێڕانەوەی ڕۆژو هیچ ئەزیەتێکی نییە، لەگەڵ ئەمەشدا نوێژ زیاتر جەختی پاراستنی لەسەر کراوەتەوە، هەروەها سەیرکردنی پیرەژنی ناشیرنیشی قەدەغەکردووە، بۆ تاوانی کوشتن دو شاهیدی قەبوڵ کردووە، بەڵام بۆ کاری زیناکردن نا، بەڵام هەرچی بەلاداکەوتنی ماوە جیاوازەکانە کە بەتەنیا لەنێوان کوشتنی بەئەنقەست و هەڵە لەبونی مسۆگەردایە، هەروەها هاوتایی لەبونی کوشتن لەنێوان هەڵگەڕانەوەو داوێن پیسی دا، وەک یەکێ لە پێدانی قەرەبو بۆ تۆڵەی کوشتن و ڕاکردن لەڕەمەزان، لەگەڵ جیاوازییەکاندا هەربۆیەشە وێناکردن پوچەڵ دەبێتەوە و بەنموونەکان، هەروەها پێویستی قەدەغەکردنی کار بە قیاس.
لە ڕاستیدا ڕاپەرینی موعتەزیلە سەرکەوتنی ئەقڵ بو، باوەڕیان بەسەروەری ئەقڵ هەبو لە بڕیاردان بەسەر هەمو کاروبارێکی دین ودونیادا، سەیریش نییە دوای ئەوەی لەلایەن ڕۆژهەلاتناسانەوە پێیان دەگوترا ئەقڵگەراکان-العقلیین، بێگومان زانست و وەرگێڕان و فەلسەفەیان بەکارهێناوە لە ڕۆژگاری خۆیان و پێیگەیشتون لەتوێژینەوە ئایینییەکاندا و وەڵامی هەمو فکرەکی دۆگمایان پێ دەدایەوە، بێگومان خەڵکیش هەستیان بەوەکرد و لێکدانەوەیکی سەیریان دەردەبڕی و گوتویانە: تاوڵەی ئەشعەری و شەترەنجی موعتەزیلی، چونکە یاریزانی تاوڵ پشت بە هات و نەهات و بەخت دەبەستێ، یاریزانی شەترەنجیش پشت بەهەوڵ و تەقەلاو کۆشش و ڕەنج و کارەکانی هزر دەبەستێ.
$موعتەزیلەکان نکۆڵی لە دانانی ئەقڵ دەکەن بەوەی کە:$
$(1) گەوهەر بێت:$ چونکە ئەقڵ وادەخوازێ کە کەسی خودان هۆش و ئەقڵ بێت و هەمو خەڵکانیش یەکسانبن لەبەرئەوەی ئاقڵ و هۆشمەندن، ئەمەش تەنیا لەبارو ڕەوش و ڕوکەش و ڕواڵەتییەکاندا ڕاستە نەک لە گەوهەردا.
$(2) ئامراز بێت:$ چونکە ئامراز لایەنێکی ناسین و ئاشنابونە لەزمان و زاراوەدا و تەنیا بۆ تەنەکان (الاجسام) بەکاردێ.
$(3) هەست:$ چونکە هەست ئەوەیە پێی دەردەبڕێت لە جەستەدا بەبنەمایەکی تایبەت بنەماکراوە، وەک بنەماکانی چاو و گوێ بەڵام لە دەربڕینەکان ڕاست نابێت، هەروەک شتێک کە پێی وەسف بکرێ هەستەکەی ڕاست بو ئەوا بەو ڕاست دەبێت، هۆشیش زانستە، ناشکرێ هەست بەزانست بکرێ، بەڵام شتێکی پێ دەزانرێ وەک ئەوەی کە هەیە.
$(4) هێز:$ ئەگەر بمانەوێت کاتێ گۆڕینەوە ڕاست دەبێت لەگەڵ لێ ڕاماندا بۆ ڕوگەیەک کە بۆ زانست دەکشێن، ئەوەی لەمە دەچێت ڕوگەی توانایە کە دەکرێت کاری پێبکرێت، وە هەر کاتێ بمانەوێت هۆش توانای ڕاستەقینە بێت وە ئەگەر توانا لەسەر زانستییەکان بێت کە بۆ هۆشمەند بەدی دێ ئەوا پێویستە ڕێگری لێ نەکرێ بۆ بونی بەهۆشمەند، خۆ ئەگەر هاتو زانای لێ دەرنەچو بەو زانیارییانە ئەوا پێویستە لەهەندێ کاتەکاندا بەو جۆرە بێت چونکە توانا بەپێش کار دەکەوێت لەمەشدا گۆڕینە لە بارێکەوە بۆ بارێکی دیکە.
کەواتە دەکرێت بڵێین لە ڕوی مێژوی ئیسلامسیەوە (موعتەزیلە) هەنگاوی یەکەمی فەیلەسوفە ئیسلامییەکان بوە، ئەو کاتەی گەورە ڕێبەرەکانی موعتەزیلە دەگەن بە کەلتوری یۆنانی بەتایبەتیش بە فەلسەفەو ژیربێژی (منطق) ئەو فەلسەفەیە بۆ وەڵامدانەوەی نەیارەکانیان بەکاریان دەهێنا، دیارە گەیشتنی موعتەزیلە بەو فەلسەفەیە لە ڕێگەی وەرگێڕانی پەرتوکە یۆنانییەکانەوە بوە، لەگەڵ ئەو کاریگەرییەشدا موعتەزیلە بابەتی زانستی پەیڤین (عیلمی کەلام)یان هێنایە کایەوە، کەتەواو جیاوازبو لەگەڵ فەلسەفەی یۆنانی، لەبەرئەوەی جەختی دەکردەوە لەسەر بابەتەکانی بیروباوەڕی ئیسلامی (العقیدە الاسلامیە)، هەروەها موعتەزیلەکان لە بیروڕاکانیاندا کەوتنە ژێر کاریگەری ئەم فەلسەفەیەوەو زۆر شتیان لێوەرگرتن، ئەوەی سەرنجی موعتەزیلەکانی بۆ لای خۆی ڕاکێشا بۆ لێکۆڵینەوە لەم فەلسفەیە دو خاڵ بوو:
$یەکەمیان:$ سەیریان کرد ئەوەی لە فەلسەفەی یۆنانیدا هەیە، لەگەڵ حەزو ئارەزوە ئەقڵی و هزرییەکانیان دێتەوە، وەکو ڕاهێنانێکی ئەقڵی بەکاریان دەهێنا، هەربۆیەش لە بەڵگە هێنانەوە زۆر بەهێزبون.
$دووەم:$ فەیلەسوفەکان و جگە لەوانیش کاتێک کە هێرشیان دەکردە سەر هەندێک لە بنەماو پرنسیپیە ئیسلامییەکان، موعتەزیلەکان بەرپەرچیان دەدانەوە، لە میانی ئەمەشدا شێوازی ئەوانیان لە تێڕوانین و دیلۆگدا بەکاردەهێنا، هەروەها زۆر شتیان لێوە فێربون بۆ ئەوەی بتوانن زاڵبن بەسەریاندا. [1]