$سکیزۆفرینیا و ئایین$
نووسینی: دیاری سابیر
سکیزۆفرینیا (شیزۆفرینیا) نەخۆشییەکی درێژخایەنی دەرونییە، کە %1ی دانیشتووانی ئەمەریکا لەگەڵ ئەم نەخۆشییەدا دەژین. کاتێک سکیزۆفرینیا چالاکە، کەسی تووشبوو ناتوانێت ئەزموونە ڕاستی و ناڕاستییەکان لێک جوودا بکاتەوە. نەخۆشییەکە تێکچوونی ڕەفتاری، سۆزداری و بیرکردنەوەیی لەخۆدەگرێت. بیرکردنەوە تێیدا ناڕێکخراوە و بیرۆکەکان پەیوەندی لۆژیکی لەنێوانیاندا نییە و، لە لایەنی سۆزدارییەوە هەندێکجار دەربڕینی نەگونجاو ڕوودەدات یاخود هیچ دەربڕینێکی سۆزداری لە ئارادا نییە. ڕواڵەتیان دەکرێت شێواو دەربکەوێت و جلوبەرگ و ڕوخسارییان پاک نەبێت. ئەو کەسانەی سکیزۆفرینیایان هەیە لە خەڵکی و واقیعی ڕۆژانەیان دووردەکەونەوە و دەکەونە ژیانێکی نامۆ لە وەهم و هەڵوەسە. نیشانەکانی سکیزۆفرینیا زۆربەی لایەنەکانی ژیانی کەسەکە داگیردەکات، کە دابەشدەکرێت بەسەر نیشانە ئەرێنییەکان، نیشانە نەرێنییەکان و نیشانەکانی ناڕێکخراوی.
$نیشانە ئەرێنییەکان پێکهاتوون لە وەهم و هەڵوەسە. وەهم ئەو بیروباوەڕانەن کە سەرەڕای پێچەوانەییان لەگەڵ واقیع کەسی سکیزۆفرینیک بە توندی دەستیان پێوەدەگرێت، کە بە چەند فۆڕمێک دەردەکەون:$
- Grandiose delusion: هەستێکی پڕ لە زیادەڕۆیی دەربارەی گرنگی، هێز، مەعریفە یان، شوناسی خود. بۆ نموونە، ژنێکی سکیزۆفرینیک دەکرێت بڕوای وابێت دەتوانێت دەتوانێت تەنیا بە جوڵاندنی دەستی ئاڕاستەی با بگۆڕێت.
- Ideas of reference: ڕووداوی ناگرنگ دەخاتە نێو چوارچێوەیەکی وەهمی و گرنگی کەسی لە چالاکییە کەمبایەخەکانی کەسانی دیکەدا دەخوێنێتەوە. بۆ نموونە، ئەو کەسانەی ئەم نیشانەیان هەیە لەوانەیە وابیربکەنەوە کە ئەوەی لە بەشێکی گفتوگۆییەکەوە گوێیان لێدەبێت دەربارەی ئەوانە. یاخود لەو شەقامەی پێیدا دەڕۆن گەر کەسێک بەردەوام ببینن ئەوا مانای ئەوەیە ئەم کەسە چاودێرییاندەکات. ئەوەی لە تەلەفیزیۆن دەیبنن یان لە گۆڤارەکاندا دەیخوێننەوە وای لێکدەدەنەوە کە بە شێوەیەک ئاماژەی تێدایە بۆ ئەوان.
- thought insertion: کەسی سکیزۆفرینیک لەوانەیە باوەڕی وابێت بیرەکانی هی خۆی نین و سەرچاوەیەکی دەرەکی لە مێشکیدا دایانناوە. بۆ نموونە، ژنێکی سکیزۆفرینیک دەکرێت باوەڕی وابێت حکومەت پارچەیەکی کۆمپیوتەرییان خستۆتە نێو مێشکییەوە تا بتوانن بیر بخەنە مێشکییەوە.
- thought broadcasting: کەسی سکیزۆفرینیک دەکرێت باوەڕی وابێت کە بیرەکانی دەگوازرێنەوە و پەخشدەبن تا کەسانی تر بزانن بیر لە چی دەکاتەوە. بۆ نموونە، کەسی سکیزۆفرینیک کاتێک بە ڕێیەکدا دەڕوات و کەسێک دەبینێت پێیوایە ئەم کەسە دەتوانێت گوێی لێبێت کە ئەم بیر لە چی دەکاتەوە.
- Persecutory delusions: بڕوای وایە زۆربەی خەڵکی ئەویان خۆشناوێت بۆیە پیلان لە دژی دەگێڕن و سیخوری لەسەر دەکەن. بۆ نموونە، کەسی سکیزۆفرینیک کاتێک دەچێتە ژوورێکەوە بە دوای ئامێری گوێلێگرتندا دەگەڕێت بە وردی و، کاتێک کەسێکی نوێ دەناسێت پرسیارگەلێکی زۆری لێدەکات تا بزانێت ئایا ئەو کەسەش پیلان لە دژی دەگێڕێت.
- کەسی سکیزۆفرینیک دەکرێت بڕوای وابێت هێزێکی دەرەکی کۆنترۆڵی هەست و ڕەفتارەکانی دەکات. بۆ نموونە بڕوای وایە سیگناڵی تاوەری مۆبایلەکان کۆنترۆڵی هەست و ڕەفتاری دەکەن.
$هەڵوەسە و تێکچوونەکانی تری پەیبردن$
ئەوانەی سکیزۆفرینیایان هەیە زۆربەی جار باس لەوە دەکەن کە دونیا بە جۆرێک جیاواز یاخود ناڕاستییە بۆ ئەوان. بەرچاوترین تێکچوونەکانی پەیبردن هەڵوەسەیە: ئەزموونی هەستی لە نەبوونی وروژێنەری پەیوەندیدار لە ژینگەوە. %74ی نەخۆشی سکیزۆفرینیک ڕیپۆرتی هەبوونی هەڵوەسەی دەنگییان کردووە، واتە هەڵوەسەی دەنگی زیاترە لە وێنەیی. هەندێک لە نەخۆشانی سکیزۆفرینیک باس لە گوێلێبوون لە بیرەکانی خۆیان دەکەن بە دەنگی کەسێکی تر. هەندێکی تریان دەڵێن گوێیان لە دەنگە کە مژار دەکەن و، هەندێکی تریان گوێیان لە دەنگگەلێکە کە لێدوان لەسەر ڕەفتارییان دەدات. بۆ زۆربەیان هەڵوەسە ئەزموونێکی بێزارکەر و ترسێنەرە.
$نیشانە نەرێنییەکان$
- Avolition: نەمانی پاڵنەر و نەبوونی گرنگی یاخود نەتوانین لە بەردەوامی دان چالاکییە ڕۆتینییەکان، وەک چوون بۆ خوێندنگە یان کار، گرنگی نەدان بە ئارەزووەکان یان چالاکییە کۆمەڵایەتییەکان.
- Asociality: تێکچوونی توند لە پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکاندا. کەمبوونەوەی گرنگیدان بە پەیوەندی کۆمەڵایەتی بۆ ئاستێکی زۆر نزم، نەمانی ویست بۆ پەیوەندی نزیک لەگەڵ خێزان، هاوڕێ یان پەیوەندییە ڕۆمانسییەکان.
- Anhedonia: گرنگینەدان و کەمببونەوەی ئەزموونکردنی چێژ، هەم چێژی کاتی ئەنجامدان و هەم چێژی چاوەڕنکراو لە ڕووداوەکانی داهاتوو.
- Blunted Affect: نەمانی دەربڕینی سۆزەکان، لە ڕێی جوڵەی ڕووخساری، تۆنی دەنگ و قسەکردن. لە تۆژینەوەیەکدا ئەم نیشانەیە %66ی سامپڵێکی گەورەی نەخۆشانی سکیزۆفرینیادا دۆزرایەوە.
- Alogia: کەمبوونەوەیەکی بەرچاو لە ڕێژەی قسەکردن. وەڵامدانەوەی پرسیار بە چەند وشەیەک و نەدانی وردەکاری.
$نیشانەکانی ناڕێکخراوی$
ئەم نیشانانە گوتاری ناڕێکخراو و ڕەفتاری ناڕێکخراو لەخۆدەگرێت.
- گوتاری ناڕێکخراو: ئاماژەیە بۆ کێشەگەلێک لە ڕێکخستنی بیرۆکەکان و قسەکردن بە شێوازێک کەسی گوێگر بتوانێت تێبگات.
- ڕەفتاری ناڕێکخراو: بە زۆر فۆڕم دەردەکەوێت. ئەو کەسانەی ئەم نیشانەیان هەیە دەچنە نۆرەی پەشۆکان، لەبەرکردنی جلی نائاسایی، ڕەفتاری منداڵانە، کۆکردنەوەی خواردن یاخود خاشاک. وا دەردەکەون کە توانای ڕێکخستنی ڕەفتارەکانیان، بە شێوازێکی پەسەندکراو لە لایەن کۆمەڵگەوە، لە دەستبدەن.
$پراکتیزەکردنی ئایین و ئایینداری لەنێو نەخۆشانی سکیزۆفرینیک$
تۆژینەوەکان هەڵسەنگاندنیان کردووە بۆ کردارە ئایینییەکان لەنێو نەخۆشانی سکیزۆفرینیک. تۆژینەوەیەک لە سویسرا پێشنیاری ئەوەی کردووە کە یەک لەسەر سێی نەخۆشانی سکیزۆفرینیک بەشدارییەکی زۆرییان لە کۆمەڵەیەکی ئایینی هەیە. تۆژینەوەیەکی تر لە هەمان وڵات هەمان دەرەنجامی بەدەستکەوت، وە ڕیپۆرتی ئەوەی کرد کە یەک لەسەر سێی تری نەخۆشەکان ڕۆحانییەتیان بە بەشێکی گرنگ لە ژیانیان داناوە و ڕۆژانە چالاکیی ڕۆحانییان ئەنجامداوە بەبێ بەشداریکردن لە کۆمەڵەیەکی ئایینی. لە تۆژینەوەیکدا دەرکەوت %91ی نەخۆشەکان بەشداری چالاکی ئایینی و ڕۆحانییان کردووە و چێژیان لێبینیووە. هەندێک تۆژینەوە کە بەراوردی نێوان نەخۆشانی سکیزۆفرینیک و دانیشتوانی گشتی تێدا کراوە دەرکەوتووە لەنێو نەخۆشانی سکیزۆفرینیک کرداری ئایینیانە زیاترە، وەلێ هەندێک تۆژینەوە پێچەوانەی ئەمە ڕیپۆرت دەکەن.
$ئایین و سایکۆپاتۆلۆجی$
لەنێو لایەنە هەمە چەشنەکانی ئایین و ڕۆحانییەت، کاریگەرییان لەسەر سایکۆپاتۆلۆجی یەکێکە لە هەرە ناوچە پێداگەڕاوەکانی تۆژینەوە. بە فراوانی بدوێین، وەهم و هەڵوەسە کە سرووشتێکی ئایینیان هەیە دابەشکراون بەسەر ئەوانەی بابەتی ئایینی و سەرووسرووشتی لەخۆدەگرن. وەهم و هەڵوەسە ئایینییەکان سەرچاوەی سەرەکییان بابەتە ڕێکخراوە ئایینییەکانە (نموونە: نوێژ، گوناﮪ، کۆنترۆڵکران لە لایەن یەکەیەکی سەرووسرووشتی) یان کەسایەتییە ئایینییەکان (نموونە: خودا، پێغەمبەر، شەیتان، عیسا). وەهم و هەڵوەسە سەرووسرووشتییەکان زیاتر سەرچاوەیان میستیسیزمە (نموونە: جادووی ڕەش، ڕۆحەکان، جنۆکە، سیحر لێکران، خێو، هێزە سەرووسرووشتییەکان، جادوو و بوکەڵەی ڤوودوو). وەلێ لە نووسینە بڵاوکراوەکاندا هەردووکی بە وەهمی ئایینی ئاماژەیان بۆ دەکرێت. ئەو تۆژینەوانەی لەنێو نەخۆشانی سکیزۆفرینیک لەنێو نەخۆشخانەکاندا، ئەنجامدراوە پێشنیاری ئەوە دەکەن کە ڕێژەی بەربڵاوی وەهم و هەڵوەسەی ئایینی لە وڵاتێکەوە بۆ وڵاتێکی دی جیاوازە و لەنێوان %6 یۆ %66.3دایە. لەم تۆژینەوەدا دەرکەوتووە وەهمی ئایینی لە ئەڵمانیا بەربڵاوترە بە بەراوورد بە یابان.
لەو تۆژینەوانەدا کە هەڵسەنگاندن بۆ بابەتی هەچەشنییی وەهمە ئایینییەکان کراوە دەرکەوتووە وەهمی بەد ڕەفتار (لە لایەن هێزێکی ڕۆحی شەڕانگێزەوە)، کاریگەری (کۆنترۆڵکران لە لایەن یەکەیەکی ڕۆحی)، خود پێ گرنگی (وەهمی گراندیۆیس) لە بەربڵاوەکانن. تۆژینەوەکان هەروەها پێشنیاری ئەوە دەکەن وەهمە ئایینییەکان زیاتر لە جۆرەکانی دیکە بە قەناعەتەوە دەستیان پێوە دەگیرێت و تەشەنەدەکەن. داتاکان ئەوە پیشاندەدەن کە ئەو نەخۆشانەی وەهمی ئایینی و ڕۆحانییان هەیە لەگەڵ ئەوانەی کە نییانە هەمان بەها دەدەنە پاڵ ئایین، وەلێ ئەو نەخۆشانەی وەهمی ئایینیان هەیە ڕیپۆرتی ئەوە دەکە کە پاڵپشتی کەمتر وەردەگرن لە کۆمەڵە ئایینییەکانەوە.
تۆژینەوەکان دەربارەی هەڵسەنگاندنی ئایین لە چوارچێوەی سایکۆپاتۆلۆجی پیشانی دەدەن کە نەخۆشە کریستیانیەکان وەهمی ئایینییان زیاترە، بە تایبەتی وەهمی هەستکردن بە تاوان و گوناﮪ، بە بەراوورد بە ئایینەکانی دیکە. تۆژینەوەکانی دیکە ئاماژە بەوە دەکەن کە بوزییەکان وەهمی ئایینییان کەمترە لە کریستیانیەکان، وە لەنێو کریستیانیەکاندا، پرۆتێستانتەکان زیاتر ئەزموونی وەهمی ئایینی دەکەن بە بەراوورد بە کاتۆلیکەکان و ئەوانەی ئنتیمای ئایینییان نییە. تۆژینەوە نێو کەلتورییەکان کە بەراورردکاری دەکەن لەنێو خەڵکی بە پاشخانی کەلتوری جیاوازەوە، پێشنیاری ئەوە دەکەن کە لە حاڵەتەکانی وەهمی پارانۆید5، نەخۆشە کریستیانیەکان وەهمی بەدڕەفتاری لەگەڵ کردنیان لە لایەن هێزی سەرووسرووشتییەوە زیاتر تێدایە لە نەخۆشە مسوڵمان و بوزییەکان.
دەربارەی پەیوەندی ئایینداری و بوونی وەهم و هەڵوەسەی ئایینی، دۆزیینەوەکان هاودژییەکیان لەنێواندایە. هەندێکیان پێشنیاری بەربڵاوی زیاتری وەهم و هەڵوەسە ئایینییەکان دەکەن لەنێو ئەو کەسانەی ئاییندارییان بەرزترە، وەلێ هەندێک تۆژینەوەی دیکە پێشنیاری نەبوونی پەیوەندی دەکەن لەنێوان ئەم دووانەدا. سەبارەت بە گۆڕاوە سۆسیۆدیمۆگرافیکەکان، ڕیپۆرتەکان ئەوە پیشاندەدەن کە بابەتی ئایینی وەهمەکان پەیوەندیدارە بە باری خێزانی و ئاستی پەروەردەیی نەخۆشە سکیزۆفرینیکەکان. هەندێک تۆژینەوەش پێشنیاری بوونی پەیوەندییەک دەکەن لەنێوان وەهمی ئایینی و کەموکوڕی زانەکی (مەعریفی).
وەهمە ئایینییەکان کاریگەری دەخەنە سەر بە دوای یارمەتی گەڕان، چارەسەر و، دەرەنجامەکان. بەڵگەکان پێشنیاری ئەوە دەکەن کە ئەو کەسانەی وەهمی ئایینییان هەیە زۆرتریان پێدەچێت لە پەیەوەندییکردن بە خزمەتگوزارییەکانەوە، زیاتر دەرمان وەردەگرن، بە گشتی ئەنجامی نیشانەکانیان بەرزترە و کارکردەییان خراپترە. ئەو نەخۆشانەی وەهم و هەڵوەسەی ئایینییان هەیە ئەگەریان زیاترە چارەسەری ئایینی و جادوویی وەربگرن و ڕازی نەبن بە چارەسەری دەروونپزیشکییانە و ئەگەر وەریشی بگرن ئەگەری گویڕایەڵییان کەمە. بەڵگەکان هەروەها پیشانی دەدەن ئەوانەی وەهمی ئایینییان هەیە زیارتر چێژ وەردەگرن لە تووندوتیژی و زیان بە خۆگەیاندن. هەندێک لە تۆژەرەکان ئاماژە بەوە دەکەن وەهمی ئایینی کاریگەری دەکاتە سەر مۆدێلی باوەڕی تەندرووستی و لە ئەنجامدا کەمتر گوێڕایەڵی چارەسەرییەکان لە ئارادا دەبێت. زۆرێک لەو تۆژینەوانەی هەڵسەنگاندنیان بۆ کاریگەری ئایین لەسەر ئاستی خراپی سایکۆپاتۆلۆجی کردووە دۆزینەوەکانیان هاودژ یەکترییە. هەندێک پێشنیاری ئەوە دەکەن چالاکی و باوەڕە ئایینییەکان بەو کەسانەدا زیاترە کە ئەزموونی نیشانەی زۆر خراپ دەکەن بە تایبەتی نیشانەی سایکۆتیکی و نیشانەی گشتی. لە کاتێکدا هەندێکی دیکە چالاکیی زیاتری ئایینی دەبەستنەوە بە ئاستێکی کەمتر لە خراپی لە نیشانەکاندا. [1]