$شەوی چلە (یەڵدا) و ڕەنگدانەوەی لە مێژوودا$
نووسینی: #شەریف فەلاح#
شەوی چلە بچکۆلە (شەوی یەڵدا) درێژترین شەوی ساڵە کە دەکەوێتە نێوان شەوی 20 لەسەر 21 ی کانوونی یەکەمی ساڵی زایینی، ئەم شەوە هەر لە خۆراوابوونی ڕۆژی 30ی سەرماوەزەوە 20ی کانوونی یەکەمەوە تا دەگاتە هەڵاتنی خۆر لە بەیانی ڕۆژی 1ی بەفرانبار (21ی کانوونی یەکەم) درێژەی هەیە، لەو کاتەدا هەردوو بورجی کاژۆڵە و کەوان لە یەکتری تێدەپەڕن، لە نیوەی باکووری گۆی زەوی بەهۆی هەڵکەوتەی جوگرافییەوە بە ئاڕاستەی پێچەوانەی خۆر دەچەمێتەوە، بۆیە ماوەی بەریەککەوتنی تیشکی خۆر دەکەوێتە ئەوپەڕی کەمی، لە دوای ئەمەوە چیتر شەو درێژ نابێت، بەڵکوو دووبارە ڕۆژ بەرەبەرە درێژ دەبێتەوە و تیشکی زێڕینی بەسەر زەویدا پەخش دەکات.
وشەی یەڵدا لە بنەڕەتدا لە زمانی ئارامی وەرگیراوە کە یەکێک لە زمانە کۆنەکانی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بۆ ماوەیەکی درێژ لای نەتەوەکانی ڕۆژهەڵات زمانی لەیەک تێگەیشتنی گشتی بووە، (یەڵدا) واتە لەدایکبوون، لە وشەی (ولد، یولد) هاتووە، دیارە مەبەست لە ناوی (یەڵدا) لەدایکبوون و درێژبوونەوەی ڕۆژە. چونکە یەڵدا یەکێک لەو جەژنانەیە لە ڕەچەڵەکی ئایینی مێهردا هەیە و زۆر لە لێکۆڵەران و ڕۆژهەڵاتناسان بە شەوی لەدایکبوونی “میترا”ی ناو دەبەن و پەیڕەوانی میتراییزم ئەم شەوە بە شەوێکی پیرۆز دادەنێن، بۆیە لەو شەوە دا کۆ دەبنەوە و لە دەوری ئاگر کەسەرچاوەی ڕووناکی و وزەبەخشییە ئاهەنگ دەگێڕن، میتراییەکان بە ڕێوڕەسمی تایبەت شەوی یەڵدایان بەڕێ کردووە، تا ڕۆژی 21ی 12ی هەموو ساڵێک جەژن بگرن، چونکە لایان وابوو ئەو ڕۆژە، ڕۆژی لەدایکبوونی خۆرە.
لە ڕۆژگاری ڕابردوودا دانیشتوانی کوردستان بە شێوەیەکی فراوان ئەم یادەیان بەرز و پیرۆز ڕاگرتووە و تا سەردەمانی دەسەڵاتی سیاسی و فەرهەنگی میرنشیینە کوردەکان لە هەموو کوردستاندا یادی شەوی یەڵدا دەکرایەوە، تا ئێستاش لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا یادی دەکرێتەوە و هەندێ دابونەریتی تایبەت بەخۆی هەیە، لەو شەوەدا شەوچەرە و گوێزەبانە بۆ خواردن دابەش دەکرێت، بەڵام لەگەڵ بەهێزبوونی دەسەڵاتی عوسمانییەکان ئەم یادکردنەوەیە لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی عوسمانی شکستی هێنا و یادی بۆنە و نەریتە کۆنەکان بەناوی نەگونجان لەگەڵ ئایین قەدەغە کران و لەبیر خەڵک چوونەوە.
شەوی چلە (یەڵدا) یان یەکێکە لە جەژن و بۆنە مێژوویی و کۆنەکانی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هاوبەشە لەنێوان نەتەوەکانی هیند و ئاری و ماد و نەتەوەکانی تری میزۆپۆتامیا. دوایین شەوی پاییز، یان مانگی سەرماوەز، لە نیوەی باکووری گۆی زەوی بە درێژترین شەوی ساڵ دادەنرێت. لە شەوی یەڵدا بەدواوە درێژایی شەو کەم دەبێت و ڕۆژەکان درێژتر دەبنەوە.
وشەی یەڵدا ڕیشەیەکی سریانیی هەیە بە واتای لەدایکبوون و هاتنە دنیایە، ئەوەش ئاماژەیەکە بۆ لەدایکبوونی خۆر و ڕووناکی، یان میترا. ڕۆمییەکان ئەو ڕۆژە بە ناتالیس ئانایکتوس یان ڕۆژی لەدایکبوونی ڕووناکی ناو دەبەن. ئەبورەیحان بیرونی زانای بەناوبانگی ئێران وەک جەژنی لەدایکبوونی مەزن یان میلاد اکبر باسی لەو جەژنە کردووە ئەوەش هێمایەکە بۆ لەدایکبوونی خۆر و ڕووناکی.
لە کۆندا چلە دوو ڕێکەوت بوو لە ناو ڕۆژمێردا، چلەی هاوین و چلەی زستان، چلەی هاوین کە دوایین ڕۆژی جۆزەردان و یەکەم ڕۆژی پوشپەڕە و بە درێژترین ڕۆژی ساڵ دادەنرێت و چلەی زستان کە دوایین شەوی سەرماوەزە و درێژترین شەوی ساڵە. لە ڕابردوودا کشتوکاڵ بناغەی سەرەکی ژیانی خەڵکی پێکدەهێنا و گۆڕانکاریەکانی کەش و هەوا و وەرزەکان کاریگەری لە سەر کشتوکاڵ و شێوەی ژیانی ئەوان دادەنا هەر بۆیە تەنانەت ڕۆژمێرەکانیش بەپێی ئەو گۆڕانکارییانە داڕێژراون، ئەگەر سەرنج بدەین ناوی مانگەکانی ساڵنامەی کوردی و زۆربەی نەتەوەکانی تری ئاری پەیوەندییەکی توندوتۆڵیان لەگەڵ کشتوکاڵ و گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا هەیە، بەو پێیەی درێژی و کورتیی شەو و ڕۆژەکان کاری دەکردە سەر چالاکییەکانی کشتوکاڵ و جووتیاری، ئەوانیش ناچار بوون چالاکییەکانیان لەگەڵ ئەو گۆڕانکارییانە ڕێک بخەن.
پێشتر و پێش ئەوەی کە زانستی کرۆنۆلۆژیا (کات و ڕۆژژمێری) پەرە بستێنێ، مرۆڤ لەسەر بنەمای گۆڕانی وەرزەکان و بەپێی ئەزموون، ناویان بۆ وەرزەکان دادەنا و هەندێ کات بۆ تێگەیاندنی زیاتری خەڵک چیرۆک و ئەفسانەیان بۆ ساز دەکرد، بۆ وێنە وەرزی زستان کە لە سێ وەرز پێکدێت دابەش دەکرا بەسەر سێ بەشدا و 45 ڕۆژی یەکەم بە چلە بچکۆلە ناودێر دەکرا و لە سەرەتای بەفرانبارەوە کە بە شەوی چلە ناسراوە دەستی پێ دەکرد و هەتا 15ی بەفرانبار درێژەی دەکێشا و پاشان بەشی دووەم کە بە چلە گەورە ناسراوە، دەستی پێدەکرد و هەتا 15ی ڕەشەمێ دەخایاند کە لەڕووی سەرماو سۆڵەوە سەختترین کاتی ساڵ دەناسرا.
بەشی سێیەم و کۆتایی کە بە خاتوو زمهەریر ڕۆژی کۆتایی کە لە 15ی ڕەشەمێ دەستی پێ دەکرد و هەتا کۆتایی زستان و سەرەتای بەهار و نەورۆزی دەخایاند و بە خاتوو زمهەریر ناسرابوو و لە ئەدەبی زارەکی و ئەفسانە و چیرۆکی کوردیدا جێگەی تایبەتی هەیە. لە چیرۆکی زستاندا وا هاتووە چلە بچکۆلە و چلە گەورە و خاتوو زمهەریر برا و خوشکن و پاشان یەکە یەکە کۆچ دەکەن و دوایی زمهەریر خوشکی بچووکیان لە کۆتایی ساڵدا بە کڕێوە و بەفر و بەستەڵەکی سارد و هاتنی زوقم، تۆڵەی دوو براکەی دەکاتەوە و دوایی بە بەفرە پرووشە ملوانکەکەی دەڕنێت و شیوەنیان بۆ دەکات.
دوایی وردە وردە و بە ئەزموون مرۆڤەکان بۆیان دەرکەوت لە هەندێک وەرزدا ڕۆژەکان درێژترن و ئەوان دەتوانن بە شێوەیەکی باشتر کەڵک لە ڕووناکیی خۆر وەربگرن بۆ کشتوکاڵ کە بناغەی سەرەکی بژێویان بوو. هەر بۆیە هێدی هێدی ڕووناکی و خۆر بوون بوو بە هێمای ژیان و چاکە، تاریکیش بوو بە هێمای خراپەکاری و ستەم. گەلانی هیند و ئاری و هیند و ئەورووپی دوایین شەوی پاییزیان وەک شەوی لەدایکبوونی خۆر و ڕووناکی دادەنا و تەنانەت ڕۆژی یەکەمی زستانیان بە یەکەم ڕۆژی ساڵی نوێ دادەنا، چونکە لەو بڕوایەدا بوون کە ئاهورامەزدا بەسەر ئەهریمەندا سەرکەوتووە و بە درێژیی ڕۆژ و ڕووناکی زیاد بووە.
لە ئاسارولباقیەی ئەبورەیحانی بیروونی و لە قانوونی مەسعوودی ئەو ڕۆژە وەک خۆرە ڕوز و خۆرەم ڕوز واتە ڕۆژی پیرۆز ناوی براوە. هەروەک ئاماژەی پێدرا تاریکی هێمای شەیتان و ئەهریمەن بووە، دوایین شەوی پاییزیش کە درێژترین شەو و تاریکترین شەو بووە، بە شەوێکی شووم و پڕنەهامەتی دانراوە، هەر بۆیە لە کۆنەوە لەگەڵ خۆر ئاوابوونی دوایین ڕۆژی پاییز، خەڵک بە داگیرساندنی ئاگر هەوڵیان دەدا تاریکی و هێزە ئەهریمەنییەکان بڕەوێننەوە و لە خۆیانی دوور بخەنەوە.
خەڵک لەو شەوەدا لە لای یەک کۆدەبوونەوە و بە خواردن و خواردنەوە و گۆرانیوتن و هەڵپەڕکێ شەونخوونیان دەکێشا و چاوەڕوانی هەڵهاتنی خۆر دەبوون. ئەو سفرەیەی لەو شەوەدا دەڕازێنرایەوە لە لای زەردەشتیەکان بە مەیزەد ناسرابوو چەرەسەکەش پێی دەوترا لۆرک. لە نەزرگە و پەرستگەکانی میترایی نزا دەکرا بۆ سەرکەوتنی ڕووناکی بە سەر تاریکی و ئەهریمەندا ئەو نزایەش پێ دەوترا نی یەد. خەڵک کە بە ئاهەنگگێڕان و شەونخوونی شەوی یەڵدایان بەسەر دەبرد، یەکەم ڕۆژی زستان یان خۆرە ڕوز، یان ڕۆژی پیرۆزییان دەرکردە پشوو.
ئەمە هاوکاتە لەگەڵ کوودەتای زستان بەسەر پاییزدا یان گۆڕانی کەشوهەوا بەم هۆیەوە ڕۆژ درێژتر دەبێت و شەو کورتتر دەبێتەوە، لەلایەکەوە وەرزی خەزان و ماتەمینی سرووشت بەسەر دەچێت، لەلایەکی تریش سەرەتا و دەرکەوتنی وەرزی سەرما و سۆڵە، بەفر و کڕێوە، بەستەڵەک و سەهۆڵبەندانە، لە کاتێکدا مرۆڤ گیرۆدەی تووڕەیی سرووشتە، چاوەڕێی وەرزی بەهار و گوڵ و گوڵزار و سەرلەنوێ ژیانەوەی سرووشت و نوێبوونەوەی ژینگە و گیانەوەرە، هەر لە کۆنەوە ئەم دیاردە سرووشتییە لەسەر خەڵکانی کەونارا و پێشینان کاریگەریەکی قووڵی داناوە و ئەو شەوەیان بە واتای زاڵبوونی ڕووناکی بەسەر تاریکیدا ئاماژە کردووە، پیرۆزی و سەرکەوتنی ڕووناکیان بەسەر تاریکیدا جەژنیان گێڕاوە، هەتا سەرکەوتنی مێهر و تێکشکاندنی ئەهریمەن بە چاوی خۆیان ببینن، لەناو زۆر لە نەتەوەکانی ڕۆژهەڵات ئەم جەژنە بەڕێوە دەچێت، بەڵام هەریەک لە نەتەوەکان لەژێر ناوی جیا و بە شێوەی جیاواز یادی دەکەنەوە.
جاران لەهەموو کوردستاندا بە فراوانی یادی شەوی یەڵدا دەکرایەوە و لە هونەر و ئەدەبی کوردیدا ڕەنگدانەوەی خۆی بوو، شاعیرانی کلاسیکی کورد لە سەردەمی یادکردنەوەی شەوی یەڵدا بە شیعرەکانیان بەشداریی ئەو شەوەیان کردووە، حەزرەتی نالی دەڵێ:
$شەوی یەڵدایە، یا دەیجوورە ئەمشەو/ کە دیدەم، دوور لەتۆ بێ نوورە ئەمشەو$
لەگەڵ سەرهەڵدانی ئایینی کریستیان ناکۆکی و ململانێ لەنێوان میترایی و کریستیان سەری هەڵدا، بە تایبەت لە سەدەی سێیەمی زایینیدا کریستیانیەکان لە کوردستان تووشی ململانێیەکی ئایدۆلۆژی توند بوون لەگەڵ میتراییاندا، بەهۆی بوونی هێزی بێزەنتییەوە وەک هێزێکی کریستیانان بارودۆخەکە بە قازانجی ئایینی کریستیان کۆتایی هات، بەڵام کریستیانیەکان بۆ ڕاکێشانی میتراییان بەلای خۆیاندا یادی لەدایکبوونی ئەو ڕۆژیان کردە یادی لەدایکبوونی عیسای مەسیح، دیارە بە تێپەڕبوونی کات و دوای چەندین جار دەستکاریکردن و ڕێکخستنی ڕۆژژمێر یادی لەدایکبوونی عیسایان لەنێوان 21/12 بۆ 25/12 گۆڕی و خۆیان لەگەڵ ئایینی میتراییدا گونجاند، زۆر لە مێژوونووسان لەو باوەڕەدان بەهۆی نزیکایەتیی ئایینی میترایی لە ئایینی کریستیاندا شەوی یەڵدا بە شەوی لەدایکبوونی حەزرەتی مەسیح دەزانن.
ئەگەر لە کوردستان ئاوڕێکی کورت لە مێژووی شەوی یەڵدا بدەینەوە و چۆنیەتیی بەڕێوەچوونی ئەم جەژنە لەبەرچاو بگرین، دەبێ بیگێڕینەوە بۆ سەر ڕەچەڵەکی ئایین لە کوردستان و دابونەریتی کوردەواری لە سەردەمی کۆندا، وەک دەزانین بونیادەکانی ئایین لە مێژووی کورددا دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمێکی زۆر کۆن، هەر لە سەرەتای پەیدابوونی مرۆڤی کورد و تێکەڵاوبوونی بە دیاردەکانی سرووشت و ڕەنگدانەوەی لەسەر ژیانی مرۆڤی کورد ئایینیش وەک سیستەمێکی کۆمەڵایەتی ژیانی خەڵکی ئەم ناوچەیە، دانیشتوانی کوردستان لە سەرەتاوە هەوڵ و تەقەڵای خۆیان داوە بۆ دۆزینەوەی ڕاستییەکانی ژیان.
لە کوردەواریدا شەوی یەڵدا وەکوو جەژنەکانی دیکەی کوردەواری وەک نەورۆز و چوارشەمەسووری و ئەوانیتر نەریتێکی کۆنە، لەم شەوەدا لە کوردەواری کۆبوونەوەی خێزان لە دەوری یەکتر بە دانان و ڕێکخستنی شەوچەرەی نێو دیوەخان و بەسەربردنی چلەی زستان شەویان گوزەراندووە بە گێڕانەوەی حیکایەت و چیرۆکە کۆنەکان کە ئازایی و قارەمانی و لەخۆبووردوویی تێدا ڕەنگی داوەتەوە، یان شکست و تێکشکان و نائومێد و تێهەڵچوونەوە و بەرگریکردن شەرمەشقی کارەکان بووە، زۆربەی جار قارەمانانی ئەو چیرۆکانە کچانی شۆخ و شەنگ و لاوانی قارەمانی نەتەوەکەمان بوون کە لە شۆخ و شەنگی و ئازایی و جوامێریدا نموونەیان دەگمەنە، بەرهەمی ئەو جوانی و چەلەنگی و لە خۆبوردوانە چەندان چیرۆکی وەک: خاتوون زین و کاکەمەم، شیرن و فەرهاد، قەڵای دمدم و دوانزە سوارەی #مەریوان# و چەندانی ترن.
شەوی یەڵدا هاوکاتە لەگەڵ کۆتاییهاتنی گەڵاڕێزان و ماڵئاوایی دوایین هەڵوەدابوونی سرووشت بەرەو بەفرانبار و باوبۆران و کڕێوە و باکوت و سەهۆڵبەندان، وەک سرووشت لەناو مێژووی ئێمەدا دان بەخۆدانان باوە و بە ئومێد و بڕوایەکی پتەوەوە چاو دەبڕینە داهاتوو، ئەمەش خەسڵەتێکە هەمیشە مرۆڤی کوردی لە هەڵخلیسکان و تەسەلیمبوون و وابەستەیی بە گەورەیی پیشان داوە، ئیتر بە پشوودرێژییەوە لە داهاتوو ڕاماوە و بەو هیوایەی بەهار هەردێ و بە بڕوایەکی بەهێزەوە هەنگاوی بەرەو گەل ویستی و ژیاندۆستی هەڵێناوە و بە چاوکراوەییەوە لە ئاسۆی ڕوانیوە و هەوڵی داوە بە هونەر و زانست و مرۆڤدۆستی کوانوو و ئاگردانی زستانی نەتەوەکەمان بگەشێتەوە، نەتەوەی ئێمە کاروانێکی دوور و درێژی ناهەمواری تێپەڕاندووە و چەندین شەوی یەڵدای درێژ بە هیوای خەونە خۆشەکان ڕۆژ کردووەتەوە، ئیتر بە ئومێدی ئەوەی تەزووی گەرمای بەهاری ژیانەوەی داهاتوومان شادی و خۆشەویستی ببەخشێ.[1]