$سەلەفییەت لە حەنابیلە تا داعش (بەشی دووەم)$
نووسینی: زیرەک ئەحمەد ڕەحمان
$دەرکەوتەکانی سەلەفییەت$
سەلەفییەت لە چەند قۆناغێکی جیاجیادا بە جۆرێک لە واقیعی کۆمەڵگەدا دەرکەوتووە. تا دواجار ئەم نووسخە جیاوازانەی سەلەفییەتی لێ هاتە بەرهەم کە لە کۆندا تا ئەمڕۆ دەیانبینین.
$دەرکەوتەی یەکەم: ئیبن حەنبەل و حەنابیلە$
بە شێوەیەکی گشتی سەلەفییەت ئەحمەدی کوڕی حەنبەل بناغەی دانا، ئەڵبەت ئەمەش بەهۆی ئەم بارودۆخە بیری و سیاسییەی بووە زەمینە بۆ پەیدابوونی ئاڕاستەیەکی وا؛ تا ئەوەی لە سەردەمی خەلیفە متەوەکیلی عەباسی بووە مەزهەبی ڕەسمی دەوڵەت، هەر خەلیفەش لە خۆی نزیککردەوە و بیروبۆچوونەکانی برەوپێدا لەدژی نەیارانی، ئیتر ئەحمەدی کوڕی حەنبەل بە ئیمامی ئەهلی سوننە ناسێنرا، سوننەش ئەوە بوو کە هەرچییەکی ئەحمەد دەیگوت. هەروەها عەبدوڵڵای کوڕی ئەحمەدی کوڕی حەنبەل خاوەنی پەڕتووکی السنە کە پڕاوپڕە لە داشۆرین و خستنەدەرەوەی نەیاران لە بازنەی سوننە و ئیسلام و ئیمان. هاوکات پەڕتووکی (الاستقامە)ی خەشیشی کوڕی ئەسڕەم و ئەو پەڕتووکانەی ناونراون (السنە)ی هەریەکە لە خەللال و ئەبی شەیخ و عەسال و ئەبو بەکری کوڕی عاسیم و تەبەڕانی و جامع، (السنە والجماعە)ی حەڕبی کوڕی ئیسماعیلی سیڕجانی، (التوحید)ی ئیبن خوزەیمە و ئیبن مەندە، (الصفات)ی حەکەمی کوڕی مەعبەدی خوزاعی، (النقض)ی عوسمانی کوڕی سەعیدی داڕمی، (الشریعە)ی ئاجەری، (الإبانە)ی ئەبو نەسڕی سەجزی و ئیبن بەتتە، (إبطال التأویلات)ی ئەبو یەعلای قازی، (ذم الکلام) و (الفاروق)ی خاوەنی پەڕتووکی (منازل السائرین)؛ دەبینی شتی وایان تێدایە کە هاوکات شەرع و ژیری پشتگوێدەخەن، بە تایبەت (النقض)ی عوسمانی کوڕی سەعیدی داڕمی.
ئەم تەوژمە بەهۆی نزیکییان لە دەسەڵاتەوە لە سەرەتاکانی سەدەی پێنجەم لە ساڵی (408کۆچی) توانیان قەناعەت بە خەلیفە قادر بیللای عەباسی بێنن بە عەقیدەکەیان، ئیتر بەسەر خەڵکیدا سەپاند و فەرمانی پێ کرد. وێڕای ئەم فەرزکردنە بەسەر خەڵک بە گشتی هێشتا ئەم ئاڕاستەیە نابێتە مەزهەبی سەرجەمی خەڵک هەر وەک ئیبن خەلدوون باسی دەکا: بەهۆی دووریی مەزهەبەکەی لە ئیجتهاد، بۆیە ئەحمەد کوڕی حەنبەل موقەلیدی کەمبوون، هەروەها لە لێکدانەوەی ئەم ڕیوایەتانەی دژی یەکترن، زۆرینەیان لە شام بوون و لە ئێڕاقیش لە بەغدا و دەوروبەری بوون، لە هەموو خەڵک زیاتر فەرمودەیان لەبەردەکرد و دەستیان پێوە دەگرت. لە کاتێکدا ئەم کەمینەیەن بەڵام لە بەرانبەردا چەندان مەزهەبی کەلامی و فیقهی و عەقائدی لە گۆڕەپانەکە بوون، ئەمەش پتر حەنابیلەی دەستەوەستان کرد، تا وا لە ئەحمەد بکا بڵێت: ئەهلی کەلام هەرگیز سەرفراز نابن. ئیتر ئەم ڕەوتە بەم شێوەیە مایەوە تا قۆناغی پاشتر.
$دەرکەوتەی دووەم: ئیبن تەیمییە (628کۆ.م.)$
لەم قۆناغەدا کە ئیبن تەیمییە کە پێشەوایانە و ئیبن قەیمی جەوزییە کە قوتابیەتی و ئیبن ئەبی عز و ئیبن شەیخی حەززامەین و ئیبن عەبدولهادی و ئیبن ناسڕەدینی دیمەشقی(16)، ناودارانی ئەم قۆناغەن.
وێڕای ئەم خاڵانەی لە دەرکەوتەی یەکەم باس کران، ئەم قۆناغە پڕاوپڕە لە فەتوای توندڕەوی و شەرعییەتدان بە کوشت و بڕ. بە تایبەت فتواکانی ئیبن تەیمییە. هەر بۆ نموونە بڕوانە ئەم داتایەی پەڕتووکەکانی ئیبن تەیمییە:
1. تەکفیر: وشەی کافر (917) جار لە شوێنی جیاجیادا هاتووە بەرانبەر خەڵکدا. کافری موڕتەد (هەڵگەڕاوە) (829)جار هاتووە، ئەڵبەت ئەمە بەرانبەر موسڵمان.
2. کوشتوبڕ: خوێنی حەڵاڵە (79) جار هاتووە. ئەگەر تۆبەیکرد گەرنا دەکوژرێ (97) جار هاتووە، ئەڵبەت بەشی زۆری بۆ موسڵمانی نەیار. دەکوژرێ (یقتل) (892) جار هاتووە! تۆبەی پێ دەکرێ (یستتاب) (219)جار هاتووە. (یضرب عنقە أو ضرب عنقە) مل پەڕاندن (39)جار هاتووە!
$دەرکەوتەی سێیەم: وەهابیی سعوودی$
بزووتنەوەیەکی سیاسیی دینی بوو لە نیمچە دورگەی عەرەبی لە ژینگەیەکی دەوارنشینی نەجدی دەرکەوت لە سەدەی دوازدەی کۆچی، لەلایەن محەمەدی کوڕی عەبدولوەهابی نەجدی دامەزرا لەسەر بنەمای نوێکردنەوە بیروباوەڕی ئیبن تەیمیە بە تایبەتی برەودان بە چەمکی تەوحید و سێبەشکردنی بە پێی بڕوای ئیبن تەیمیە (ڕبووبی، ئولووهی، ئەسمائو سیفات). ئەم بزووتنەوەیە زۆرێک لە مەراسیمەکانی موسڵمانانیان بە شیرک داناوە، وەک تەوەسول بە پێغەمبەران و پیاوچاکان و شەفاعەتکارییان، زیارەتی گۆڕستان، بە جۆرێک خودی محەمەدی کوڕی عەبدولوەهاب دەڵێ: (ئەوانەی پێغەمبەری خوا لە دژیان جەنگا، زۆر ژیری درووستتر بوون لەوانە، هەروەها شیرکیان کەمتر بوو لێیان). هەمان ئەم شێوەی خەواریجی ئەزاریقە، بۆیە هەندێکی ئەهلی تەسەووف ئەم بزووتنەوەیە بە خەواریج دادەنێن.
سەرخستنی ئەم بانگەوازەش کەوتە ئەستۆی میر محەمەدی باپیرە گەورەی بنەماڵی سعوود بوو، وەک ڕێککەوتنێکی ستراتیژی، هێز و سیاسەت لە دەست ئالی سعوود و دەسەڵاتە دینییەکەش بۆ محەمەدی کوڕی عەبدوەلوەهاب، ئیتر دوای چەندان جەنگ و شەڕوشۆڕ توانیان دەسەڵاتیان بسەپێنن بەسەر نیمچە دورگەی عەرەبی، هەرچەند وێڕای هەوڵدانیان ویستیان زیاتر پەل بهاوێن بەڵام بەهۆی بەرەنگاریی زۆرەوە نەیانتوانی پتر پەل بهاوێن بە شێوەی سەربازی. بەڵام بە شێوەی مەنهەجی کاریگەرییان گواستەوە وڵاتان. تا دەگاتە سەدەی بیست ئیتر بە جۆرێک بانگەوازیی سەلەفییەت بە تایبەت لە ڕێگەی دەستەی توێژینەوە فەتوا و بانگەواز و ڕێبەریکردن (هیئە البحوپ والإفتا و والدعوە والإرشاد) لە سعوودیە بەردەوام لە هەوڵدان بۆ گەیاندنی بانگەوازی سەلەفییەت بۆ زۆرینەی وڵاتان.
$گوتاری سەلەفییەت$
لە کۆی ئەمەی ڕابرد دەتوانین گوتاری سەلەفییەت لە چەند بنەمای سەرەکیی کورت بکەینەوە کە ئەمانەن:
$1. تەوحید:$ کە مەبەستیان لە ناساندنی تاقانەیی خوایە، بە تایبەتتر ئەوەی زۆر پێیان لەسەری دادەگرت، تەوحیدی ئەسما و سیفات بوو، مەبەستیش لێی سەلماندنی سیفەتە جسمانییەکانن لەبۆ خوا. هەر کێیەکیش لەمەدا پێچەوانە بووبێت، بە ئەهلی بیدعە و گومڕایی و ئەم دەستەواژانە ناسێنراون. بڕوانە ئەم پەڕتووکانەی قوتابییەکانی ئیبن حەنبەل کە لە سەرەوە ناویان هاتووە.
$2. سوننە (حەدیس):$ هەرچەند زۆرینەی ئەم پەڕتووکانەی بە ناوی (السنە) نووسیویانە پەڕتووکی عەقائیدین، کە بەشێکی زۆری لەسەر مەسەلەی خاڵی یەکەم دەڕۆن. بەڵام مەبەست لەم خاڵەیان لە سوننە، ئەم کەلەپوورەی ئەم پەڕتووکانەیە کە بە سەحیحەکان ناسراون. لەم قوتابخانەیە بە جۆرێک گەورەکراون لەسەر حسێبی قورئان.
$3. بیدعە:$ جگە لەم جۆرە مەنهجەی ئەوان، کۆی نەیارانیان بە ئەهلی بیدعە ناوناوە و دژایەتی سەرسەختی لێکدانەوە عەقڵی و تەئویل و کەلام بوون. بە ڕستەیەک ئەحمەد ئەمەی بڕاندۆتەوە کە دەڵێ: من نە ئەهلی کەلامم، نە وا دەزانم کەلام هیچ بێت، مەگەر تەنیا ئەوەی لە کتابی خوا داهاتووە، یا لە فەرمودە یا لە سەحابەوە. ئیتر دەقاودەق دەستگرتنە بە دەق، بڕوانە ئەم پەڕتووکانەی ناونراون بە (السنە)، چەندان داشۆرین و تەشەری تێدان.
$4. تەشریک:$ چەندان بابەتی وا کە هیچ جۆر یەک ڕایی موسڵمانانی لەسەر نییە، ئەم ڕەوتە بە بیدعە و تاوانی دەزانی هەر زیارەتی گۆڕ و مەزار و بۆنە دینییەکانی وەک مەولوودگێڕان و چەندانی تر، بەڵکوو تاوانی شیرک و بە موشریکدانان بە ئاسانی دەدرێت.
$5. وەلی ئەمر:$ گوێڕایەڵیکردن، جا چاکەکار بێ یا خراپەکار، هەر دەرچوونێک لە سوڵتانی موسڵمان حەرامە با ستەمکاریش بێت. جەنگ دژی سوڵتان حەڵاڵ نییە و کەس بۆی نییە لێی دەرچێت، هەر کێ وا بکات ئەمە بیدعەکارە و لەسەر سوننەت نییە. ئەمەیان بنەمایەکی تەواو سیاسییە، لەوە دەچێ مێژوویەکی دوورتر لە حەنابیلەی هەبێت و بگەڕێتەوە سەردەمانی ئومەوی.
$6. پێشخستنی دەق بەسەر ژیری و ڕەتکردنەوەی تەئویل و لێکدانەوە:$ بەردەوام دەستەواژەی عەقڵانییەت وەک تۆمەت دژی هەرکەس دەبیسترێ کە وەک ئەم ڕەوتە لە دەق نەڕوانێ. بەڵکوو تێگەیشتن لە دەق تەنیا بە گواستنەوەی ئەم ڕایانەیە لەوانەی کە بە سەلەفی ساڵحی خۆیان دەیناسن. [1]