بانگەوازێک لە یەکێتیی نووسەرانی جینۆسایدی کوردستانەوە بۆ کۆمەڵی نێودەوڵەتی
$گەلی کورد لە بەردەم هەڕەشەی تاوانی نێودەوڵەتیدایە$
کۆماری ئیسلامی ئێران لە ڕێگەی بۆمب و درۆنەوە ئەمڕۆ 2022-09-28 زنجیرەیەک هێرشی کردووەتە سەر خاکی هەرێمی کوردستان، لەو هێرشانەدا کامپی ئاوارەکان و شوێنی سیڤیل بوونەتە ئامانجی هێرشەکان. لەئەنجامدا چەندین کەس بوونەتە قوربانی لە شەهید و بریندار و لەگەڵ درووستبوونی دڵەڕاوکێی هاووڵاتیان و قوتابیانی قوتابخانەکان.
ئەم دەستدرێژیانە بۆ سەر هەرێمی کوردستان هاوکاتە لەگەڵ بوونی ناڕەزایی گەلانی ئێران و لە ئەنجامدا چەندین نووسەر هونەرمەند و چالاکی مافەکانی مرۆڤ گیراون. ڕووداوەکانی ناوخۆی ئێران بە پرسێکی ناوخۆیی ئەو وڵاتە دادەنێین، بەڵام هاوکات هاوخەم و هاوسۆزی گەلانی ئێران و گەلی کوردین بۆ بەدیهێنانی ئازادی و مافە ڕەواکانیان.
هاوکات تورکیاش لەلایەکی ترەوە بەردەوامە لە پێشێلکاریەکانی و بەزاندنی سنووری هەرێمی کوردستان. بە فڕۆکە و دۆن و تۆپباران هێرشی دڕندانە ئەنجام دەدات و بووەتە مایەی نائارامی بۆ هەرێمی کوردستان و ئیراق.
ئەم پێشهاتانە، مەترسیدارن و پێویستە ڕابگرێت. ئێران بە بۆردوومانکردنی سنوورەکانی هەرێمی کوردستان و گوندەکان، ئارامی لەم ناوچانە نەهێشتووە.
دوایین و مەترسیدارترینیان، بۆردوومانەکانی ئێرانە بۆ سەر کەمپی ئاوارەکانی کوردانی ڕۆژهەڵات لە #کۆیە# ی سەربە پارێزگای #هەولێر# و #زڕگۆێز# سەربە پارێزگای #سلێمانی# شارۆچکەی #پردێ# سەربە پارێزگای #کەرکووک#.
ئەو پێشێلکاریانە دەچنە خانەی تاوانی نێودەوڵەتییەوە و بەپێی ڕێکەوتنامە نێودەوڵەتیەکان و بەتایبەت پەیاننامەی ڕۆمای بنەڕەتی، تاوانی جەنگە. چونکە هاووڵاتی مەدەنی کردۆتە ئامانج، لەناو ماڵان و قوتابخانە.
وەکو یەکێتیی نووسەرانی جینۆسایدی کوردستان، بانگەواز لە کۆمەڵی نێودەوڵەتی و هەموو لایەنێکی بەرپرسیار دەکەین، گەلی کورد لە بەردەم مەترسی تاوانی جەنگ و جینۆساید بپارێزن و پێویستە پارێزگاری لە خەڵکی کوردستان بکرێت و پارێزبەندی بۆ دابین بکرێت.
#یەکێتیی نووسەرانی جینۆسایدی کوردستان#
#2022-09-28#