سراو (بیری ئاوێ).
#عەباس نادر قادر#
لە کۆن لە گوندەکانی دەشتی هەولێر ئاوی خواردنەوە بۆ مرۆڤ و ئاژەڵ لە ئاوی ژێرزەوی دابین دەکرا، بیر لێدەدرا، ئاوەکە بەهۆی دەولک و بەکرە و گوریس و ئاژەڵ دەردەهێنرا، سەری بیرەکە بە خشت و قوڕ بەشێوەی بازنەیەکی دەم کراوە بەخشت و قوڕ بەرزدەکراوە تا مەترێک ئینجا لە دوولای بەرانبەری یەک دیوارەکە، داری بەکرەکە لەسەر دیوارەکە جێگیردەکرا بەمەرجێ بەکرەکە بسوڕێتەوە بەئاسانی، ئینجا دەولکێک کە زیاتر لە قایش درووست دەکرا لە شێوەی سەتڵ لەچوار لا دەسکی قایشی بۆ دەکرا سەری ئەو دەسکانە پێکەوە گرێدرابوون، دوایی بە گوریسی پتە و سەرێکی لێ توندەکرا و دەبوایە درێژی گورسیەکە بەگوێرەی قوڵی بیرەکە زیاتربوایە، ئینجا سەرەکەی دیکەی گوریسەکە لە تەنگەی کەرەکە یان ئێسترەکە توند دەبەسترا، منداڵێک یان مێرد منداڵێک لەسەر پشتی کەرە دەبوو هەچەی لە کەرەکە بکردایە کەرەکە بۆ خۆی دەڕۆی تا ئەو ئافرەتەی لەبەردەم بیرەکە ئاوی دەویست دەیگوت یاڵڵا، یەکسەر کەرەکە دەگەڕاوە، جاریش هەبوو، کەرەکە مەودای دووری خۆی دەزانی بۆ خۆی دەگەڕایەوە، لەوکاتە دەولکەکە پڕ ئاو دەبوو دەهاتە سەرەوە ئینجا ئاوبەرەکە بەتاڵی دەکرد جا چ لە کۆلی ئاوێی مەڕی دەکرد یان لەجەڕە و بەرمیلی سەرشان و پشتی دەکرد.
قانات: بە و دوودیوارەی بەرانبەر یەک دەگوترا لە سەربیر درووست دەکرا لە مەترێک زیاتر بەرز دەکرا لای سەرووی تەسک و قووچەک دەکراوە، هەروەها لای سەرووی لەناوەوە بۆش دەکرا بۆ دانانی بەکرە(گڕگڕە).
کەرووکە: بەدیواری پشت بیرێ دەگوترا نزم تر بوو لەتەنیشتەکانی،
بەربیر: پێشی بیرێیە.دارەکی درێژە، ئەوسەر و ئەوسەری دەچتە ناوقاناتێ، ئاوکێش دەستەکی پێوە دەگری.
بەربیر: بەو ژنە یان زەلامەی لەپێش بیرەکەی دەوەستا و دەولکی ئاوێی بەپڕی وەردەگرت.
گڕگڕە: بەکره: شێوەکی لوولەیی هەبوو لە چەند شەپکە دارێک درووستکرابوو دوو گێی درێژی بەبوو دەچووە ناو سیوسیوەی و کە گوریسی لەسەر دەڕۆیشت دەخولا وە،
سیوسیوە: ئەوکونەی لەناو هەردوولای دیواری قەناتێ دەکرا داری گڕگڕەی دەچووە ناوێ.
کندڕ: گوریسی درێژ و پتە و کە سەرێکی بەدەولکەوە بەسترابوو، سەرەکەی تری لەتەنگەی کەر و ئەسپی دەبەسترا ئاوی پێ ڕادەکێشرا. بەتۆپ دەپێورا تۆپی 18 باڵی مرۆڤ بوو.
دەولک: لەشێوەی زەمبیلی خۆڵێ بوو چوار قولفی هەبوو، پێشتر لە مەشکەی درووست دەکرا لەدوای چلەکان لە لاستیک درووست دەکرا، دووداری ڕاست و چەپ لە سەری بوو بەقولفانگەکانەوە بەسترابوون پێیان دەگوت پەلەدەولک، سەرێکی گوریسەکەی پێوەبوو، گەورە و گچکەیی جودابوو هەبوو نیو تەنەکە ئاوی دەگرت، هەش بوو دوو تەنەکە.
پەلەدەولک: دووداری کورت و پتە و بوون بەتیزو فیزی بەدەولکەکەوە بەسترابوون.
دۆرابچی: ئەوکەسەی سواری وڵاخەکە دەبوو تا ئاوی بیرێ ڕابکێشێ.
کەرکێش: ماوەی ئەو ڕێگایەی کە کەرەکە هەر لەکن بیرەکەی دەیبڕی هەتا دەگەڕاوە، کە بەربیر دەیگۆت یاڵڵا یان کەرەکە بۆ خۆی دەیزانی و دەگەڕاوە. واتە ڕێچکۆڵەی دۆڵاب.
جەڕە: گۆزەیەکی گەورە بوو لە قوڕی سوورەکراو درووست دەکرا، بنکی بچووک بوو سکی فراوان بوو سەری بچووک بوو دوو دەسکی بچووکی لەکن ملی هەبوو، ئاوییان لە سەر بیران پێ دەهێنا، شەوان ئاوییان تێ دەکرد بۆ ساردبوون.
جەلحە: جۆرە گۆزەیەک بوو ملی درێژبوو وەکو گۆزە وابوو ئاوی خواردنەوەی تێ دەکرا، لەجەڕەی بچووک تربوو، لەشەربەش گەورەتربوو دەیانبردە پەرێزێ بۆ ئاو خواردنەوەی.
شەربە: لەجەلحەی بچووکتربوو، ئاوییان تێ دەکرد بۆ ساردبوون، لەسەربنکەی دەوەستا.
کوپە: گەورەبوو لەقوڕی سوورەوەکراو درووست دەبوو لە ماڵ لەسەر سێ پایەکی تایبەتی خۆی هەبوو دادەندرا، ئاوییان تێ دەکرد زیاد لە 50 لیتر ئاوی دەگرت، قەبارە گەورە و بچووکی هەبوو، سەرێکی لەسەردادەندرا زیاتر خڕ بوو بە سەبەتە دادەندرا.
بەرمیل: لەپلێتی ئەستوور درووست دەکرا، لوولەیی بوو وەک بەرمیلی نەوتێ بەڵام زۆر زۆر بچووکتر بوو.
تەنەکە: تەنەکەی ڕۆنی ییان سەر هەڵدەگرت و ئاوییان پێ دەهێنا.
تێڕکە: لەمشەمای درووست دەکرا، لەسەر پشتی کەرێیان دادەنا لەسەر هەردوولای دەبوو، ئاوییان پێ دەکێشاوە، بۆ شوێنی مەبەست.
تێبینی: پێشتر لە پەڕتووکی کەندووێک لە زانیاری دەربارەی دەشتەکییەکانی هەولێر. نووسینی عەباس نادر سالی چاپ 2022، بڵاوکراوەتەوه. [1]