نووسەر:د.#سەربەست نەبی#
توێژەرو ئەکادیمیستی بەریتانیایی (ڕیتچارد تۆی) توێژینەوەیەکی لەسەر کۆمەڵێک دیکۆمێنتی سیاسی و مێژوویی ئەنجامداوە کە مێژوویان بۆ ناوەندی سەدەی بیستەم دەگەڕێتەوە، ساڵی 2010دەرئەنجامی ئەم توێژینەوەیەشی لە پەرتووکێکیدا لەژێر ناونیشانی (ئیپراتۆریەتی چەرچڵ) بڵاوکردووەتەوە، توێژەری ناوبراو جەختی لەسەر ئەوە کردووەتەوە کە ئەو ڕێککەوتننامەیەی بە ناوی سایکس بیکۆ ناسراوە، لە ساڵی 1916 دا لەنێوان هەردوو دیپلۆماتکاری ئینگلیزی و فەرەنساییدا ئەنجام دراوە و لە دوتوێی ناوەرۆکەکەیدا میراتەکانی ئیپراتۆریەتی عوسمانی لە پاش جەنگی یەکەمی جیهانییەوە لەنێوان ئەو دوو وڵاتەدا دابەشێنراوە، بەڵام چەرچڵ کە ئەو کات وەزیری دەریاوانی بووە، لەسەر ئەو ڕێکەوتنە ڕازی نەبووە، چونکە چەرچڵ پابەندایەتی خۆی بە شەریف حسێن شازادەی مەکەوە دوپات کردووەتەوە بە تایبەت لەسەر پابەندبوونی بەو بەڵێنانەی ماکماهۆنەوە کە بەو شەریفەی داوە سەبارەت بە فەرمانڕەوایەت پێبەخشینی شەریف حسێن لە لوبنان و فەلەستین و سووریا و ئوردن و دوورگەی عەرەبیدا، ڕەنگبێ ئەگەری ئەوەی تێدا بوو بێت ئەم ڕەوایەتی پێدانە ببوایەتە هەڕەشەیەک بۆ سەر دەسەڵاتی بەریتانیی، بە تایبەتیی بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی بەریتانیا لە کەنداوی فارس و ڕێگە بازرگانییەکەی بەرەو هیندستان کە بە گەوهەری تاجی ئیمبراتۆرییەت لە لایەن بەریتانیاوە ناسراوبوو..
وەک ڕیچارد تۆی وای بۆچووە کە چەرچڵ بێ ئەوەی حسابێک بۆ بەرجەستەبوونی حەقیقەتە مێژوویی و کەلتووریەکانی ناوچەکە و ناهاوئاهەنگی پێکهاتە ئیتنی و ئایینی و مەزهەبیەکانی بکات نەخشەیەکی دیکەی بۆ ناوچەکە پێشنیاز کردبوو، نەخشەی چەندین کیانی نوێی لەسەر زەوی کێشا لەوانە ئێراق و سووریا و لوبنان و فەلەستین و ئوردونی ئێستا..
کەواتە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست پاش داڕمانی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی و جەنگی گێتی بە شێوەیەک پێکهات پێچەوانەی ئەو نەخشەیەی لە خەیاڵی هەردوو دیپلۆماتکارە فەرەنسی و بەریتانییەکە دانرابوو، کەوتەوە، ئەگەرچی پاشی ئەوەش هێڵە پانەکانی خۆرهەڵاتیان دیاری کردەوە بە پێی ئەو دابەشبوونەی کە سەدەیەکە تا ئەمڕۆ ناسیومانەو ناسراوە بە ڕێکەوتنامە دووقۆڵیە شوومەکە لە کاتێکدا ئەم دابەشبوونە پێویستی بە ماوەیەکی مێژوویی و سیاسی دوورودرێژ هەبووە تا شێوەی کۆتایی خۆی وەربگرێت، لە کۆنگرەی سان ڕیمۆن لە ساڵی 1920 سەرلەنوێ جەخت کراوەتەوە لەسەر نەخشەنوێیەکەو بڕیارەکانی دواتری کۆمەڵەی گەلانی لە 24ی حوزەیرانی ساڵی 1922ی لەسەر داڕێژرایەوە، وەسێتی بەریتانی و فەرەنسا بۆ چەسپاندنی ئەو ناوچانەی پێشتر لە چوارچێوەی ئیمپراتۆریەتی عوسمانیدا بوون دوپات کراوەتەوە..
پاش ساڵێک لەم بەروارە پەیماننامەیەکی نوێ لەنێوان لایەنەکان و کەمال ئەتاتورک بە ناوی پەیماننامەی لۆزانەوە لە ساڵی 1923بەسترا بۆ ڕاستاندن و هەموارکردنەوەی سنوورەکانی لە پەیماننامەی سیڤەردا دانرابوون، گەورەترین زیانمەند لەم پەیماننامەیەی لۆزاندا گەلی کورد بوو کە بە هۆیەوە نیشتمانەکەیان بەسەر چوار دەوڵەتی جیاواز لە یەکتردا کەرت کەرت کرا، بە پێی ئەو نەخشە نوێیەی سیاسیی وڵاتانی ناوچەکەی لێ درووست بووە و تا ئێستاش بۆمان ماوەتەوە..
ڕێکەوتنامەی سایکس بیکۆ دەرئەنجامی تێگەیشتنێکی نیمچە هەڕەمەکیانەی نێوان دوو دپلۆماتکارە، کە ئەمڕۆ بووەتە گەورەترین مۆتەکەی سیاسی و مێژوویی لە ناوچەکەدا، نزیکەی سەد ساڵە چارەنووسی گەلانی ناوچەکەی گەیاندووەتە ئاستێک کە باجەکەی بە ڕۆحکێشانی سەدان هەزار مرۆڤ و دەیان ساڵی کۆیلەکردن و ستەمکاری و ژێردەستەبوونی نەتەوەگەلێک لەژێر جەوری سیستمە سیاسییەکانی گەمە بە چارەنووسی خەڵکەوە دەکەن، واتە #سایکس پیکۆ# زیندانێکی گەورەیان بۆ هەندێک نەتەوە درووست کرد، بێبەشیان کردن لەوەی خاک و کەلتوورو زمان و بڕوا و مێژووی هاوبەشی خۆیان بەکاربهێنن، پەرەسەندن و سەربەخۆیی نەتەوەی کورد بوو بە قوربانی ئەو ڕێکەوتنامەیە..
ئەوەی ئێستا ڕوون و ئاشکرایە لە پاش تێپەڕینی سەد ساڵ بەسەر ئەو ڕێکەوتنامە شوومەدا دەسەڵاتە سیاسی و مێژوویەکەی خۆی لەدەست داوە و گۆڕانکاری تێکەوتووە، نیمچە قەناعەتێک بە لای چاودێرانی نێودەوڵەتییەوە درووست بووە بۆ چاو پێداخشانەوەی بە پێی بەرژەوەندی گەلانی ناوچەکە، چونکە هەر لە بنەڕەتەوە ئەم نەخشەدانانەی ڕێکەوتنامەکە بریتی نەبووە لە داخوازی گەلانی ناوچەکە و بەڵکوو ئارەزووو بەرژەوەندی نێودەوڵەتی بووە بۆ ڕۆڵگێڕانی سیاسییانە لەسەر ئاستی جیهانی و دەرکەوتنی جەمسەرگیری نوێ پێکهاتنی بنکەی هێزی سیاسی ئەو کات، لە سەرەتاکانی هەشتاکانەوە و لە ساتەوەختی جەنگی یەکەمی کەنداو لەنێوان ئێران و ئێراقدا ڕاوێژکاری ئاساییشی نەتەوەیی ئەمریکایی بریجنسکی ڕایگەیاند کە کۆسپی گەورەی کە ئەمەریکا پێوەی دەناڵێنێت لەوەدا کۆدەبێتەوە چۆن جەنگێکی دووەمی کەنداوە ئەکتیڤ بکات تا ئەمەریکا بتوانێت لە میانەیەوە سنووری سایکس بیکۆ ڕاست بکاتەوە، ئەوەبوو لە سەردەمی حوکمی جۆرج بۆشی کوڕدا سیاسەتی ئەمریکا ئەم ئامانجەی بەخشییە ئەو سەرۆکەی ئەمەریکا تا لەژێر ناوی پڕۆژەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستی گەورەدا کاری لەسەر بکات..
ئەم ڕاستاندن و هەموارکردنەوە نوێیەی سنوورەکانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست بابەتی ناکۆکی بەردەوامی نێوان ئاکادیمیست و سیاسەتمەداران و چاودێرانی نێودەوڵەتییە، نیمچە قەناعەتێک درووست بووە لەسەر ئەوەی بە لایەنی کەمەوە بەشی گەورەی ئەم سنوورە لەسەر لێواری گۆڕانکارییە..
لەم ڕووەوە نعوم چۆمسکی بیرمەند لەم دواییانەدا ڕایگەیاند کە ڕێکەوتننامەی سایکس بیکۆ ئەمڕۆ ڕووی لە تێکشکانە، چونکە ئەم ڕێکەوتننامەیە بە زۆردارەکێی ئیمپریالیانە ئەنجام دراوە و ئەمڕۆ ڕەوایەتی لەدەست داوە، تەنیا بەرژەوەندی هێزەکانی داگیرکاری نەبێت کەس سوودی لێ نەبینەوە، ئەم سنوورکێشانە بووەتە هۆی توندوتیژی و بەکارهێنانی زەبر و زەنگ، لە گرێژنەوە پەلوپۆی مرۆڤایەتی دەرهێناوە، لەبەر ئەوە پێویستە ئامڕازگەلێک بدۆزینەوە بۆ لابردنی ئەم سنوورانە..چۆمسکی زیاتری لەسەر دەڕوات و دەڵێت پوکانەوەی سایکس بیکۆ دەستی پێ کردووە، ئەوەی لە سووریا ڕوو دەدات دابەشبوونە، ناوچە کوردییەکان خۆیان بەڕێوەدەبەن و لە هەوڵدان پەیوەندی بە کوردانی باکووری ئێراقەوە بکەن کە ئەوانیش هەرێمێکی خۆجێیی خۆیان هەیە، کە لەوێوەش ئەو هەرێمە کاریگەرێتییەکەی درێژ دەبێتەوە بۆ خۆرهەڵاتی تورکیا..
زۆربەی چاودێرانیش ئەو بەرخودانەی لەناو نەتەوەی کورد لە سووریا بە ئاماژەیەکی بنەڕەتی تێدەگەن بۆ گۆڕان، لەو بارەیەوە ڕۆژنامەنووسی بەریتانیایی ئەنتۆنی لوید لە شرۆڤەیەکیدا کە لە تایمز لەسەر ململانێی سێ ساڵەی ناو سووریا پێی وایە ئەو خوێنڕشتنە کۆتایی نایەت تا نەخشەی سنوورەکانی خۆهەڵاتی ناوەڕاست سەرلەنوێ دانەڕێژرێتەوە، لەو بڕوایەشدایە پێکهێنانەوەی سووریا لەسەر بناغەی فیدراڵیەت ڕەنگە چارەسەرێکی واقیعی بێت بۆ کۆتایی هێنان بەو قەیرانە بەردەوامەو ڕەنگە ڕێکەوتننامەی (کیری و لافرۆف) ئەلتەرناتیڤ بێت بۆ ڕێکەوتننامەی سایکس بیکۆ..
ڕۆژنامەی نیۆیۆرک تایمز وتارێکی درێژی بە پێنووسی ڕۆبن ڕایت بە ناونیشانی چۆن 5دەوڵەت دەبێتە 14 بڵاوکردووەتەوە و ئەو حاڵەتە شیدەکاتەوە کە چۆن لە پێنج دەوڵەتی عەرەبیدا چواردە دەوڵەت درووست دەبێت و نەخشەیەکی نوێ بە شێنەیی دەنەخشێنرێتەوە لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا، سووریا دەبێتە سێ دەوڵەت و یەکەمینیان لە باکووریەوە تێکەڵ دەبێتەوە لەگەڵ دەوڵەتێکی کوردی نوێدا کە پایتەختەکەی هەولێر دەبێت..
ئەوەی لەم سێ ساڵەدا لە سووریا دەقەومێت ئاگری بن خۆڵەمێشێکە کە چەندین ساڵە لەبنەوە دەسووتێت و بریسکی هەڵایسانەوەی لێ دەرکەوتووە و تەشەنە دەسەنێت بۆ وڵاتانی دەوروبەر و ئەو نەخشەکێشانەی پاشی ڕووخانی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی لادەبات، لە واشنتۆن پۆست ڕوونکراوەتەوە کە ئەمڕۆ لە سووریا چوار ئاڵا هەڵدراوە گوزارشتە لە چوار شوناسنانەو تایەفەو نەتەوەی جیاواز کە پێشتر بەزۆری زۆردارەکی پێکەوە دەژیان، ئێستاش کاتی خۆسەلماندنەوەی هەر چواریان هاتۆتە پێشەوە..
لە ڕاپۆرتی ساڵانەیدا ساڵی 2013 ناوەندی توێژینەوەی ئاساییشی نەتەوەیی لە تەلئەبیب سەبارەت بە ململانێی خوێناوی سووریا پوختەکەی بەم شێوەیە هاتووە کە چەندی ئەم جەنگەی ناو سووریا درێژ بێتەوە لە بەرژەوەندی ئاساییشی نەتەوەیی ئیسرائیلدایەو سووریا لەسەر هەموو ئاستەکانی ئابووری و سەربازی لاواز دەبێت، لەو ڕاپۆرتەشدا چوار سیناریۆی هەمەچەشن خراوەتە ڕوو بۆ ماوەی ساڵی داهاتوو، یەکەمیان ئەگەری دوپات بوونەوەی سیناریۆی سۆماڵیە واتە بەردەوام بوونی جەنگ بێ ئەوەی بزانرێت کەی کۆتایی پێ دێت، دووەمیان سایکس بیکۆی سووریای نوێیە واتە دابەشکبوونی دەوڵەتی سووریا بۆ سێ دەوڵەت یەکەمیان عەلەوی لە کەنارەکانەوە بە ئاڕاستەی دیمەشق، دووەمیان سوننە لە باکوورەوە تا بەشێکی باشوورو خۆرهەڵات، سێیەمینیان کوردی لە باکووری خۆرهەڵاتی وڵاتدا، سێیەمین سیناریۆ سەرکەوتنی ڕژێمی ئەسەدە لە پاش خوێنڕژانێکی زۆرتر لەوەی ئێستا ڕژاوە، چوارەمین سیناریۆ سەرکەوتنی ئۆپۆزسیۆنە پاش ساڵانێکی پڕ لە توندوتیژی..
لە بەرژەوەندی ئاساییشی نەتەوەیی ئیسرائیلیدایە کە سیناریۆی سایکس بیکۆی سووری سەربگرێت و دابەش بێت و بەوەش کۆتایی بێت بەو ململانێ خوێناوییە، ئەوەش دەبێتە واقیعێکی ساکار بۆ ئیسرائیل تا لە بەرانبەر هەر دەوڵەتێک لەو دەوڵەتانەی درووست دەبێت ئیسرائیل سیاسەتی خۆی بە ئاسانتر لەسەر چڕبکاتەوە و پەیوەندییەکانی سەرلەنوێ بە شێوەیەکی باشتر لە جاران توندوتۆڵ بکات و چونکە ئەو سێ دەوڵەتۆکەیە لاواز دەبن و ناتوانن هەڕەشە بخەنە سەر ئیسرائیل. هەمووان ئەمڕۆ لە سووریادا لە هەوڵی ئەو دابەشکردنەن، ڕەفتاری هەمووان لە ڕووی کۆمەڵایەتی و جیۆگرافیایی و سیاسییەوە ئاماژە بەوە ڕاستییە دەدەن، هەمووان بوونەتە جیاخوازو سنووری نێوانیان بە ئێسک و پروسک هەڵدەچنن، بە درووشمی ڕقلەیەکتر بوونەوە درووستی دەکەن، ئیخوان، سوننەی عەرەب، عەلەویەکان، تورکمانەکان و تاد بەڵام تەنیا کورد تاوانبار دەکەن بە جوداخوازی، کورد کۆگای چەکی پراکتیکی جوداخوازییانەو نییەتی ژێراو ژێری هەمووانە، لە کاتێکدا تەنیا کوردیشە ڕێگەچارەی پێیە لە سنووری درووستکردنی وڵاتێکی دیموکراتیانەی فرەیی یەکگرتوودا، دەنگیان بەم درووشمەی پێکەوە ژیانی لێ هەڵبڕیوە بێ ئەوەی کەس بڕوایان پێ بکات، ئەم گومانکردنە لە ناواقیعیەت و لێ بایەخی هەموو جەمسەرەکانی ترەوە سەرچاوەی گرتووە سەبارەت بە مافە ڕەواکانی کورد..
حەقیقەتی تاقانە لە پاش سێ ساڵی وێرانکاری و قوربانیدانەوە ئەوەی کە سووریا وەک وڵات و دەوڵەت ڕووخاوە بێ ئەوەی بۆ ساتێکیش بێت ڕژێمی ئەسەد ڕووخابێت، بە هۆی شەڕی ناوخۆوە سووریا لە ڕووی کۆمەڵایەتی و سیاسی و کەلتووریەوە داڕماوە، لەژێر داروپەردووی ڕووخاوەوە سووریای تازە درووست دەبێتەوە پاش ئەوەی هەموووان پێکەوە سووریا کاول دەکەن، بە ڕژێم و ئۆپۆزسیۆنەوەش، هەروەها بە جیهانی دەرەوەش، سووریا بووەتە قوربانی بە دەست هەمووانەوە، هەر لایەک بە پێی میزاجی نەخۆشکارانەی خۆی دەیەوێت لاقەی بکات، بێگومان بەشار ئەسەد بەم شێوەیەی ئێستای بەرەو کەوتنێکی حەتمییانە دەڕوات، چ زوو بێت یان درەنگ، ڕەنگە هەستانەوەی سووریا بەو شێوانەش نەبێت کە ئێمە لە چاوەڕێیداین، پێویستە کورد درکی تەواویان هەبێت بەوەی هەل لە دەست نەدەن وەک ئەو هەلەی پێش سەد ساڵ لە مێژوودا لە دەستیان داوە، لە هەمووی گرنگتر ئەوەیە جەخت بکەنەوە لەسەر مافە نەتەوەیی و نیشتمانییەکان بەر لە هەر ئیعتوباردانانێک بۆ ئیدیۆلۆژیاکان، تۆ هەرچەندە ڕێز دانەنێیت و بەهای مافەکانت نەسەلمێنیت چۆن لە چاوەڕێی کەسانی تردا دەبیت ئەو سەلماندنەت بۆ ئەنجام بدات، بەڵکوو فەرامۆشت دەکات، ئەم پەندە باشترین وانەیە تا ڕۆڵەکانی ناو کورد لێی سوودمەند بن..[1]