$تاڵیبان لە حوجرەی مزگەوتەوە بۆ سەرۆکایەتی وڵات$
نووسینی: #ئیدریس سیوەیلی#
ماوەیەکە جموجۆڵ و چالاکییەکانی بزووتنەوەی تاڵیبان لە ئەفغانستان، سەرنجی چاودێرانی بەلای خۆیدا کەمەندکێش کردووە، بە تایبەت کە وا بڕیارە مانگی ئەیلولی ئەمساڵ هێزەکانی ئەمەریکا ئەو وڵاتە جێبێڵن، بەمەش پێشبینی ئەوە دەکرێت لە ماوەیەکی کەمدا جارێکی تر بزووتنەوەی تاڵیبان دەسەڵاتی ئەو وڵاتەی بکەوێتەوە دەست، لەم بابەتەدا مێژووی درووستبوونی ئەو بزووتنەوەیە و ئایدۆلۆجیا و شێوازی حوکمڕانیکردنی لە ماوەی دەسەڵاتیدا خراوەتەڕوو.
$دامەزراندن$
سەرەتای دامەزراندنی بزووتنەوەی تاڵیبان دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1994، لەسەردەستی ژمارەیەک قوتابی قوتابخانەی زاسنتە شەرعییەکان لە ویلایەتی قەندەهار بە ڕێبەرێ مەلا محەمەد عومەر دامەزرا، قوتابیەکان بەیعەتیان پێدا پاڵپشت و هاوکاری بن، وشەی تاڵیبان کۆی وشەی (تاڵیب)ە لە زمانی پەشتۆن بە واتای قوتابی، بزووتنەوەکە هەڵگری ئایینزای حەنەفی و زۆرینەیان لە ڕەگەزی پەشتۆن-ن کە بە گوێرەی هەندێک ئاماری نافەڕمی 38% دانیشتوانی ئەو وڵاتە پێکدێنن و لە ناوچەکانی ڕۆژهەڵات و باشوور نیشتەجێن.
$ئایدۆلۆجیا$
وەک ئاماژەی پێدرا بزووتنەوەکە هەڵگری ئایینزای حەنەفییە و پابەندن بە جێبەجێکردنی حوکمە شەرعییەکان بەپێی ئایینزای حەنەفی، هاوکات بزووتنەوەکە کاریگەربووە بەو میتۆدی خوێندنەی لە قوتابخانەی خوێندنی زانستە شەرعییەکان پەیڕەوی لێدەکرێت. لە قوتابخانەکان بابەتە ئایینییەکان بە شێوەیەکی زۆر تەقلیدی دەخوێنرێت، بە پلەی یەکەم تەرکیز کراوەتە سەر تەفسیر، فەرمودە، ژیاننامەی پیغەمبەر (د. خ) و چەند زانستێکی سەردەم کە سەرجەمیان بە شێوەیەکی زۆر تەقلیدی لە قوتابخانەکان دەخوێندرێن، قوتابی بە شێوەی پلە پلە لە قۆناغی سەرەتاییەوە دەستپێدەکات پاشان قۆناغی ناوەندی و تەواوکاری، کۆتا ساڵیش قوتابی خۆی تەرخان دەکات بۆ خوێندنی زانستی فەرمودە، بەپێی قۆناغی خوێندنیش پلەی قوتابیەکە بەرزدەبێەوە، لە قۆناغی سەرەتایی پێی دەوترێت قوتابی (طالب)، لە قۆناغی ناوەندی پێی دەوترێت (مەلا) و دوا قۆناغیش بە (مەولەوی) ناودەبرێت کە خوێندنی تەواو کردووە و مۆڵەتی زانستی وەرگرتوە و مەندیل دەکاتە سەری و مافی ئەوەی هەیە وانە بڵێتەوە.
لە سەرەتای درووستبوونی بزووتنەوەکەوە، لە 3 تشرینی دووەمی 1994 لەسەر زاری وتەبێژی بزووتنەوەکە عەبدولمەنان نیازی ڕایگەیاند: تێدەکۆشن بۆ گێڕانەوەی سەقامگیری و ئاساییش بۆ ئەفغانستان و کردنەوەی ڕێگا گشتییەکان و گێڕانەوەی مافی زەوتکراوی خەڵکی. دوای دەستبەسەراگرتنی چەند ولایەیتێک ئامانجەکانی بزووتنەوەکە گەشەی کرد بۆ درووستکردنی حکومەتێکی ئیسلامیی بە گوێرەی میتۆدی خیلافەی ڕاشدین، ئەمەش لەسەر زمانی مەلا محەمەد عومەر ڕێبەری بزووتنەوەکە لە 4 نیسانی 1996 لەبەردەم ژمارەیەک زانا و کەسایەتی ڕاگەیانرا، لەو دەمەدا بزووتنەوەکە ئامانجەکانی خۆی بڵاوکردەوە کە خۆیدەبینیەوە لە:
1- دامەزراندنی دەوڵەتێکی ئیسلامیی لەسەر پەیڕەوی خیلافەتی ڕاشدین.
2- دەبێت ئیسلام ئایینی فەڕمی گەل و حکومەت بێت.
3- دەبێت کەسانی زانا و پابەند بە ئایین دیاریبکرێن بۆ گرتنەدەسەتی دەسەڵات و پۆستەکانی حکومەت.
4- ڕیشەکێشکردنی دەمارگیری نەتەوایەتی و خێڵەکی.
5- پارێزگاری لە ئەهلی سوننە و ئەوانەی پانایان هێناوەتە بەر ئەفغانستان بە گوێرەی شەریعەتی ئیسلام.
6- بەهێزکردنی پەیوەندی لەگەڵ تەواوی وڵاتان و ڕێکخراوە ئیسلامییەکان.
7- باشکردنی پەیوەندی لەگەڵ وڵاتانی ئیسلامیی بەگوێرەی بنەما شەرعییەکان.
8- جەختکردنەوە لەسەر پۆشینی حیجاب لەلایەن ئافرەتانەوە لە تەواوی دۆخەکاندا.
9- دامەزراندنی دەستەی فەرمان بە چاکە و ڕێگری لە خراپە لە سەرانسەری وڵاتدا.
10-قەدەغەکردنی ماددەی هۆشبەر و وێنە و فیلمی نەشیاو لە سەرانسەری وڵات.
11-سەربەخۆیی دادگا شەرعییەکان لە سەرجەم ویلایەتەکان.
12-پەیڕەوکردنی میتۆدی ئیسلامیی لە سەرجەم قۆناغەکانی خوێندن بە زانکۆکانیشەوە.
13-لە هەموو بابەتە سیاسیی و نێودەوڵەتییەکاندا بەپێی قورئان و سوننەت مامەڵە بکرێت.
$بۆچی تاڵیبان بەو خێراییە گەشەی کرد؟$
پرسیارێکی جدی کە بە زەینی هەمواندا دێت بۆچی لە ماوەی دوو ساڵدا 1994- 1996 بزووتنەوەی تاڵیبان بەو شێوەیە گەشەی کرد و توانی کۆنترؤڵی زۆرینەی ئەفغانستان بکات، بێگومان هۆکاری زۆر لە پشت ئەو دۆخەوە بوو لەوانە:
1 – بەردەوامی جەنگی ناوخۆی گرووپە ئەفغانییەکان بەهۆی ململانێیان لەسەر دەسەڵات، هەر لایەکیان خۆی بە شایستەی دەسەڵاتداری ئەفغانستان دەزانی، ئەم ململانێ و شەڕە ناوخۆییەش زیانێکی گیانی و ماددی زۆری لە ئەفغانییەکان دا، بۆیە دەرکەوتنی هێزێک کە بانگەشەی کۆتایی بەو دۆخە بکات بە گشتیی لەسەر ئاستی جەماوەری پێشوازی لێدەکرا.
2- پشێوی و نەمانی ئاساییش: دوای پاشەکشەی هێزەکانی یەکێتی سۆڤیەت و جەنگی ناوخۆی گرووپە ناکۆکەکانی ئەفغانستان، ئەو وڵاتە تووشی دۆخێکی سەخت بوو، هێمنی و سەقامگیری تێدا نەما، هەر گرووپە و ناوچەیەکی دابڕیبوو بۆخۆی حوکمڕانی تێدا دەکرد، بێ ئەوەی ڕێزی یاسا بگرێت، ئەمەش مەترسییەکی گەورەبوو لەسەر یەکێنتی وڵاتەکە، بۆیە دەرکەوتنی تاڵیبان بەلای خەڵکەوە بە جۆرێک لە ڕزگاری و فریادەڕەس لەو دۆخە لێی دەڕوانرا.
3- بڵاوبوونەوەی گەندەڵی، ڕاوڕوت و یاساشکێنی، بە جۆرێک چەندین پێکدادانی چەکداری لەنێوان گروپی جیاواز لەناو سەنتەری شارەکان ڕوویدەدا، بەهۆیەوە جگە لە زیانی گیانی دزی و ڕاوڕووت پەرەیسەندبوو، تەنانەت کار گەیشتبووە بڕینی هەندێک ڕێگای سەرەکی، ئەمە وێرای ئەوەی هەندێک لە سەرکردەکان دەستیاندابویە بازرگانی بە بەرد و کانزای گرانبەهاوە، تاڵیبانیش لە سەرەتاوە بانگەشەی نەهێشتنی ئەم دیاردە و سزادانی تاوانبارانی کرد، ئەو دەرفەتەی قۆستەوە بۆ بەدەستهێنانی پاڵپشتی جەماوەر.
4- کاریگەری هێزە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان: پاکسان خوازیاری درووستبوونی حکومەتێک بوو لە ئەفغانستان کە هاوکاری بێت لە کارئاسانی بازرگانی لەگەڵ وڵاتانی ئاسیای ناوەڕاست، بۆیە حکومەتەکەی بورهانەدین ڕەبانی و ئەحمەد شا مەسعودی بە هاوکار و نزیک لە هیندستانی نەیاری دەزانی، ئەمەش وای کرد کە هاوکاری تاڵیبان بکات لە ڕووخاندنی ئەو حکومەتە و هاتنەسەرکاری تاڵیبان، دەوترێت لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیش لەسەرەتادا ئەمەریکا لە دەرکەوتنی تاڵیبان نیگەران نەبووە و بە مەترسی بۆسەر بەرژەوەندییەکانی خۆی نەزانیوە، بەڵام دواتر و بەتایبەت کە تاڵیبان بووە هاوکاری ڕێکخراوی قاعیدە، ئەمەریکا کەوتە دژایەتی و لە چوارچێوەی نەیارانی خۆی ئەژماری کرد.
$گرتنەدەستی دەسەڵات$
لە تەمموزی 1994 یەکەم چالاکیی بزووتنەوەی تاڵیبان لە ویلایەتی قەندەهار دەستیپێکرد، تا کۆتایی هەمان ساڵ توانی چوار ویلایەت کۆنتڕۆڵ بکات، ڕۆژ لە دوای ڕۆژ هێزەکانی تاڵیبان لە پێشرەویدا بوون و ناوچەی زیاتر دەکەوتە بندەستیان، لە 3 نیسان 1996 مەلا محەمەد عومەر 1500 زانای ئایینی وەکو نوێنەری ناوچە جیاوازەکان کۆکردەوە و هەموویان بەیعەتیان دایە مەلا محەمەد عومەر و نازناوی (میری باوەڕداران)یان پێ بەخشی، تا کۆتایی هەمان ساڵ تاڵیبان کۆنتڕۆڵی زۆربەی خاکی ئەو وڵاتەی کرد، لە مانگی ئایاری 1997 پاکسان وەک یەکەم وڵات دانینا بە حکومەتی تاڵیبان، دوای ئەویش سعودیە و ئیمارات نیانپێدانا.
پەیکەر و سیستمی حوکمڕانی
مەلا محەمەد عومەر وەک کەسی یەکەمی ئەفغانستان و ئەمیری بزووتنەوەکە بەیعەتی پێدرابوو، ئەو دەسەڵاێکی بەرفراوانی هەبوو بۆ ڕایکردنی کاروبارەکانی، هیچ ماوەیەک بۆ حوکمڕانی دانەنرابوو، وەک خەلیفەیەک ئەژمار دەکرا کە لەلایەن ئەهلی حەلوعەقدەوە هەڵبژێردراوە و بەیعەتی پێدراوە و لەسەر هەمووان بوو گوێرایەڵی فەرمانەکانی بن و تەنیا لە حاڵەتی بێتوانایی لە ڕاپەڕاندنی کارەکانی، یاخود سەرپێچیکردنی شەریعەت دەسەڵات لەدەستدەدات، بۆیە تا مردنی بەردەوام دەبێت لە سەرۆکایەتی، ئەو ئەنجومەنێکی بۆ ڕاپەڕاندنی کاروبارەکانی کابول بە سەرپەرشتی خۆی پێکهێنابوو، هاوکات ئەنجومەنی وەزیران هەبوو کە هەفتانە کۆدەبویەوە و کاروباری وڵاتی دەبربەڕێوە، ئەنجومەنی فەتوای دامەزراندبوو بۆ ڕاپەڕاندنی کاروبارە شەرعییەکان، بۆ هەر ویلایەتێکیش والیەکی دانابو کە دەسەڵاێکی بەرفراوانی هەبوو، هەر والیەکیش ئەنجومەنێکی شورای هەبوو کە ڕاوێژی پێدەکردن لە بەڕێوەبردنی کاروباری ویلایەتەکە، کاروبارە سەربازیەکانیش لەلایەن ژمارەیەک سەرکردەوە بەرێوەدەبران کە ڕاستەوخۆ فەرمانیان لە مەلا محەمەد وەردەگرت.
$کۆتایی حوکمڕانی تاڵیبان$
دوای ڕووداوی یانزەی سێپتەمبەر، تاڵیبان لەلایەن ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکاوە بە پاڵپشتی ڕێکخراوی قاعیدە تۆمەتبارکرا، بۆیە ئەمەریکا هێرشی کردە سەر ئەفغانستان و کۆتایهێنا بە حوکمی تاڵیبان، بەڵام ئەمە نەبووە مایەی کۆتایهێنان بە بزووتنەوەکە، بەڵکوو بزووتنەوەکە بە شێوەی جۆراوجۆر و بە تایبەت جەنگی پارتیزانی درێژەی بە چالاکیی خۆیدا، ئەمە وێرای ئەنجامدانی چەندین کاری خۆکوژی و تەقینەوە کە هەزاران قوربانی لێکەوتەوە، لەو نێوەندەشدا هێزە بیانییەکان ڕایانگەیاندوە لە دوای ڕووخانی تاڵیبانەوە زیاتر لە 3000 سەربازیان لەسەردەستی ئەو بزووتنەوەیە لە شوێنە جۆربەجۆرەکانی ئەفغانستان کوژراون، ئەمەش بووە پاڵنەرێک بۆ بانگەشەی پاشەکشەی هەندێک لەو هێزانە لە ئەفغانستان و دواجاریش بە ناوبژیوانی قەتەر دانووستان لەنێوان ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا و تاڵیبان دەستپێکرد.
$داهاتوی ئەفغانستان و گەڕانەوەی تاڵیبان$
لە 2015 بزووتنەوەی تاڵیبان کۆچی دوایی مەلا محەمەد عومەری ڕاگەیاند، دوای ئەو مەلا ئەختەر مەنسور بووە ڕێبەری بزووتنەوەکە، ئەویش لە 2016 کوژرا و مەلا هەیبەتوڵا ئاخونزادە بووە ڕێبەری بزووتنەوەکە، وەک لە بەیاننامەی بزووتنەوەکەدا هاتووە بە هەمان شێوەی ڕێبەرانی پێش خۆی بە (میری بڕواداران) ناوزەد کراوە، لە ئێستاشدا کە وا بڕیارە لە مانگی ئەیلول هێزەکانی ئەمەریکا بە فەڕمی ئەفغانستان جێبێڵن، چاوێران پێشبینی ئەوە دەکەن لە ماوەی شەش مانگی داهاتوو جارێکی تر تاڵیبان باڵادەستی خۆی بەسەر ئەفغانستان بسەپێنێت و بگەڕێتەوە سەر شانۆی سیاسیی ئەو وڵاتە، گۆڕانکارییە خێراکانی چەند ڕۆژی ڕابردووش لە گۆڕەپانی ئەفغانستان کە هێزەکانی تاڵیبان لە ماوەیەکی کەمدا چەندین ناوچەیان کۆنتڕۆل کرد زیاتر درووستی ئەم بۆچوونە دەسەلمێنن، ڕەنگە گەڕانەوەی تاڵیبان بۆ دەسەڵات گۆڕانکاری لە بەشێک لە هاوکێشە سیاسییەکانی ناوچەکە و تەرازوی هێزدا بکات. [1]