#لاهور شێخ جەنگی#: ڕووداو بۆ پاراستنی بەرژەوەندیی سیاسی و مەرامی کەسی درووست بووە، نەک کاری ڕاگەیاندن
نووسینگەی ڕاگەیاندنی لاهور شێخ جەنگی، ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە کە ئەمەی خوارەوە دەقەکەیەتی:
ڕوونکردنەوە
وەک ئاشکرایە لە ڕابردوودا بۆ ماوەیەکی دوور و درێژ و بە هۆکاری ئەوەی کە بە کەناڵێکی نا بەرپرسی زانیوە و کاری ڕاگەیاندنیان بۆ بەرژەوەندیی کەسی و سیاسی کردووە، بەڕێز لاهور شێخ جەنگی کەناڵی ڕووداوی بایکۆت کردبوو.
لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا ئەو کەناڵە چەند جارێک و لە ڕێگەی چەند کەسێکەوە داوای ئەنجامدانی چاوپێکەوتنێکیان کرد، سەرباری چەند جارێک ڕەتکردنەوە لەلایەن بەڕێزیان، بەڵام بڕیاربەدەستانی کەناڵەکە نیەتپاکی خۆیان دەربڕی و بە گرنگییەوە داوای ئەنجامدانی ئەو چاوپێکەوتنەیان کردەوە، هەر بۆیە بەڕێز لاهور شێخ جەنگی ڕەزامەندی دەربڕی، بەو مەرجەی دەقی چاوپێکەوتنەکە وەک خۆی لەو کەناڵە بڵاو بکرێتەوە، چاوپێکەوتنێکی دوو کاتژمێری ئەنجامدا و تیادا ڕاشکاوانە ڕا و سەرنج و ڕەخنە و بۆچوونەکانی خۆی لەسەر کۆی گۆڕانکاری و پێشهاتەکانی هەرێمی کوردستان و ئێراق و ناوچەکە خستە ڕوو، بەڵام بەداخەوە کەناڵی ڕووداو نەیتوانی بەرگەی قسەکانی بەڕێزیان بگرێت، هەروەک پێشبینی کرابوو بەهۆی هەندێک قسەی هەق و ڕەق لەسەر دەسەڵاتی ئەمڕۆی هەرێم و لایەنی سیاسی و تێوەگلانیان لە گەندەڵی و بەشێکی قسەکانیش کە دڵخوازی ڕووداو نەبوو لەسەر ئەو کەسانەی کە تەمویلی کەناڵەکە دەکەن، خاوەنی بەڵێنی خۆیان نەبوون و ئامادەنەبوون چاوپێکەوتنەکە بڵاوبکەنەوە، بەمەش بەڕێز لاهور شێخ جەنگی ڕووی ڕاستەقینەی کەناڵی ڕووداوی بۆ کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان ئاشکرا کرد بەم کارەیان کە پێچەوانەی ئەخلاقیاتی کاری ڕاگەیاندنە، جارێکی تر سەلماندیان کە ناتوانن بانگەشەی پیشەییبوون و ڕاستگۆیی بکەن و ئەوەیان تەئکید کردەوە کە ڕووداو بۆ پاراستنی بەرژەوەندیی سیاسی و مەرامی کەسی درووستبووە، نەک کاری ڕاگەیاندن کە پیشەیەکی گرنگ و پیرۆزە. [1]
نووسینگەی ڕۆژنامەوانیی
بەڕێز لاهور شێخ جەنگی