ئیدیۆم چییە؟.
#عەباس نادر قادر#
ئیدیۆم: دەربڕینەکی کورتە کە چەند وشەیەکه، پڕمانا و بەهێز و خۆش گفتیشه، دەچتە خانەی ڕەوانبێژییەوه، جار هەیە وشەکانی ناو ئیدیۆم لەواتادا جیاوازە لەگەڵ هی فەرهەنگی. کە دەڵێ لەچاوی ماری ناگەڕێتەوە بەمانای ئازایی و جەسووری دێت، زۆربەی جاریش وەسفێکی مەبەستەکە دەکات تا جوانتر بێتە بەر ﮪزری گوێگرەکه، وەک دەڵێ (دەرێی سێوێکن بوونەتە دوولەت) واتە دوو کەسی جوانن و زۆر پێک دەچن.
ئیدیۆم لەزمانی کوردی بەسێ شێوە هەیه:
1 تێکچڕژاو دوو وشەی بەیەکەوەن یەک واتا دەدەن وەکوو گژوگیا، پێچ وپەنا.
2 یەکگرتوو، دوو وشەن یەک وەسفی ئەوی دیکە دەکات وەک زمان درێژ، سەرگەوره، مل پان...
3 تێک ئاڵاو؛ دوو وشەن تێک ئاڵاون ﮪەر وشەیەک مانایاکی خۆی هەیە بەڵام بەیەکەوە بن یەک مانا و مەبەست دەگەیەنێ وەک چڵکاوخۆر، بەکرێگیراو
لێرەدا من کۆمەڵێ ئیدیۆمی کۆنی بنزاری دەشتی هەولێر دەنووسمەوە، کە هەندێکیان هێشتا لەسەر زاران ماون، هەندێکیش لەوانەیە نەوەی ئێستا مانای نازانی.
کەس وشی لە دووی ناکات.
وشی واتە هێشوو، لەکاتی دروێنە سەپانەکان وشیکەریان لە دواوە دەبوو بۆ خڕکردنەوەی ئەو قلە گەنمانەی کەوتوون یان ماون وشیکەر کە ژن بوو کۆی دەکردنەوە، لێرەدا ئەو ئیدیۆمە بە واتایەکی دیکەی مەجازی دێت، کە ئەو کەسە هێند زیرەک و فێڵزانە هیچ قسەیەک هیچ بەڵگەیەک لە دوای خۆی بە جێ ناهێڵێ.
لەسەر سنگ و پەتکی خۆی ڕاناوەستێ.
پێشان گا و چێڵیان بە سنگ و پەتک دەبەستاوە، سنگ وەک میخزنجیر بوو بەس لە داری بەڕوو و پتە و درووست دەکرا سەرێکی دەخرا ناو زەویەوە و سەرێکی کون دەکرا و پەتکی (گوریسی)پێوە دەبەسترا چێڵ و گای پێ دەبەستراوە. لێرەدا ئەو ئیدیۆمە بەمانای ئەوەیە کە کەسەکە، لەسەر ئیشی خۆی ناوەستێ و پەنا بۆ شتی تری خراپ ببات یان دەست بۆ شتی بە گیروگرفت ببات.
دوور کوژی نێزیک خەسار.
ئەو ئیدیۆمە ماناکەی ڕوون و ئاشکرایە، واتە لە دوورەوە جوان دیارە، بەڵام کە لێی نزیک بیەوە ناشیرینه.
کەلەکەم کەتە عەردی.
کەلەکە: واتە ناوقەدی مرۆڤ لای ڕاست و چەپ، مرۆڤ کە کەلەکەی دەگەینتە سەرزەوی ئینجا دەحەسێتەوە. لێرەدا واتاکەی ئەوەیە، کە لە دوای ئەوەی مرۆڤ تووشی گیروگرفتێک دەبێ کە خەبەرەکی خۆش یان خەبەرێکی ڕاستی پێ دەگات ئینجا دەحەسێتەوە، دڵنیادەبی.
دەوی پەله.
پەل لە هەولێرێ بەمانای کراوە و فراوانە، دەوی پەلە: واتای قسەی لە دەوی ناوەستێ، زوو نهێنیان بڵاودەکاتەوە.
دەرێی بەرازە غەزریه: زۆر کەلەڕەقە.
• دەرێی مالۆسه: واتە زۆر عیناد و کەللەڕەقە، مالۆس مێیەی بەرازییە.
• دەرێی پەلیکه: لەشی زۆر سووکە.
• دەرێی جووه: زۆر ترسنۆکە.
• دەرێی سەی پێ سووتایه: زۆر گەڕۆکە ئەو ماڵ ئەو ماڵ دەکات و ماندوو نابێت.
• دەرێی سەی هاره: شەڕ بە خەڵک دەفرۆشێت.
• دەرێی سەگساره: دەڵێی سەگی بەڕەڵالیە.
• دەرێی شەقشەقەیه: زۆر بەخێرای قسەدەکات و بەدەو و زارە.
• دەرێی ئافراتوونه: زۆر بلیمەتە ئەفراتوون، مەبەست ئەفڵاتوونە.
• دەرێی مەرحەمه: کەسێکی نەرم و نیانە.
• دەرێی مەڕە مردەیه: زۆر بێ وەیە، بەستەزمانە.
• دەرێی فیله: زۆر گەورە و گرانە لەلەش و الر.
• دەرێی لباده: هیچ قسە ناکات.
• دەرێی زەلامی ناوچاوی کەرێیه: ناشیرینە.
• دەرێی سەر و پێچکی چانەکرایه: ناشیرین و ناڕێکو پێکە.
• دۆر دڕا تەقەی بڕا: واتە بابەتەکە کۆتایی هات.
• جوانی بێ پەرە: جوانی بێ ڕکابەر.
• خۆی لەگوورە نابات: واتە خۆی وا پیشان دەدات هیچ ڕووی نەداوە.
• سایلی عالەمێ: وەکوو خەڵک.
• سەرخڕی دۆبڕه: بەکەسێک دەگوترێت نەگبەت بێ، ڕزق بڕبێ.
• سەرقۆزی بن ئارۆزه: بەکەسێک دەگوترێت وا خۆی پیشان دات زاڵە بەسەر
ئیش و کار بەڵام لە هەقیقەت کێشەی زۆرە.
• سەرەکی هەیە و هەزار سەودا: واتە ئیش و کاری زۆرە.
• سەری بێ ڕسق لەبن گرییه: واتە ئەوەی لەژیان دا بژیت دەتوانێ نان بۆ خۆی پەیدا بکات.
• سەری چووە قوڕێ: خراپی لێ قەوما
• سەری ﮪار و ماری تێدایه: بەشتێک دەگوترێ کە جۆرەﮪا شتی لەناو داندرابیت بە تێکەڵاوی.
• شای بەسەپانی خۆی نازانی: منەتی بەکەس نییە یان هێندە لەخۆی ڕازییە حیساب بۆ گەورەترین کەس ناکات.
• عوزر لە قەباحەتی گەورەتره: بیانۆ هێنانەوەکەت لە کارە خراپەکەت خراپترە.
[1]