پێوانە جەستەیی و زارەکییەکان
#عەباس نادر قادر#
لە زۆر کۆنەوە مرۆڤ بۆ کەلوپەل و پێویستییەکانی ژیانی هەندێ ئەندامی جەستەی خۆی یان بچووکتریین شتی ئەو ماددەی بەکارهێناوە بۆ ژماردن و پێوانەکردن، وەک لەو نموونانەی خوارەوە:
• مست: بۆ بڕە دانەوێڵە و شتی دەنکۆڵەیی بەکاردێت کە بەقەد یەک ناو لەپی دەستە وەک مستەک کا و جۆ و گەنم و ساوار.
• چەنگ: بۆ بڕە دانەوێڵە و شتی دەنکۆڵەیی بەکاردێت کە بە قەد ﮪەر دوو ناو لەپی دەستن پێکەوە. وەک چەنگەک گەنم و جۆ و خوێ.
• دنک: بچوکتریین ژماردنە بۆ دانەوێڵە و شتە دەنکۆڵەییەکان وەک دەنکە برنج و ساوار و گەنم و لۆبیا.
• فڕ: بۆ پێوانەی شلەمەنی خوراوە بەکاردێت وەک فڕە ئاو و فڕە دۆشاو و فڕە شەربەت.
• گۆلم: بۆ ئاوخواردنەوە بەکاردێت، گۆلمە ئاو.
• تیلم: بۆ کاغەز و پەڕۆ بەکاردێت وەک تیلمە کاغەز و تیلمە پەڕۆ.
• پارچە: بۆ کاغەز و پەڕۆ و شووشە بەکاردێ، پارچە شووشە، پارچە پەڕۆ.
• کۆش: بۆ دانەوێڵە و مێوەجات و پارەش بەکاردێت، وەک کۆشە ترێ، کۆشە گەنم، کۆشە پارە.
• فەردە و کیس: بۆ دانەوێڵە بەکاردێت، وەک فەردەگەنم و برنج و ساوار و کیسە نیسک و کیسە فاسۆلیا و لۆبیا.
• بڕ: بۆ پارە بەکاردێت، بڕە پارە.
• بست: بۆ زەوی بەکاردێت وەک بستە عەرد.
• پەنجە: ﮪەر بۆ ژماردنی درێژی پەڕۆ و قوماش بەکاردێت وەک قوماشەکە پێنج پەنجە کورت بوو.
• قان: بۆ زەوی بەکاردێت وەک قانە عەرد، بۆ کفنیش بەکاردێت.
• پشک: بۆ گۆشت بەکاردێت وەک پشکە گۆشت.
• پشک: بۆ زەوی و میراتیش بەکاردێت، وەک پشکم بەبەر دەکەوێت.
• تلیشەبەرد: بۆ پارچە بەردی باریک و درێژ بەکاردێت، تلیشە بەرد.
• کەرتە: بۆ شاخ و چیا بەکاردێ، کەرتە شاخ و کەرتە چیا.
• (کەر)کەل: بۆ قامیش بەکاردێت کە لە قامیشەک.
• پەل: بۆ دار بەکاردێت وەک پەلە دار.
• سەدە: بۆ ڕۆیشتنی وڵاغ لەکاتی جووتکردن: وەک سەدە ئێسترەک.
• قینچکە: بۆ پیاز بەکاردێت وەک قینچکەپیاز.
قامک: بۆ سەوزەوات بەکاردێ، مەبەست لێی ئەو بازنەیەیە کە لەنێوان پەنجەی شایەد و گەورە پێک دێت.
قوم: ئەندازەی شلەی ناو دەم نێوان هەردوو گوپ و دەم، ئەندازەی پێوانی شلەمەنییە، وەک قومە ئاوێک.
• پنچکە گیا: بۆ گیا و گۆڵ بەکاردێت، وەک پنچکە گیا.
• سەرک: سەلک: بۆ بەروبوومی بەسەلک بەکاردێت، وەک سەلکە توور و پیاز.
• باوەش: بۆ گیا و قرشە بەکاردێت، وەک باوەشە گیا یان قرشە.
• پشتی: بۆ قەسەر و دارودوو بەکاردێت وەک پشتیە قەسەر، پشتیەکەبەر.
• پاشۆل: بۆ بۆ بەروبوومی خۆڕسک زیاتر بەکاردێت وەک پاشۆلە تۆرکە، پاشۆلە کاردی.
• بار: بۆ هەڵگرتنی شتێک یان گواستنەوەی، وەک بارە دار.
• دەسک: بۆ گوڵ بەکاردێت وەک دەسکەگور.
• سەبەتە: بۆ میوەجات بەکاردێت وەک سەبەتە ترێ، سەبەتە هەنار.
• قەرتارە: زیاتر بۆ ترێ بەکاردێت، وەک قەرتارە ترێ.
• زەمبیلە: بۆ سەوزە و میوەجاتی وەک تەماتە و باینجان و پرتەقال.... بەکاردێت، وەک زەمبیلە تەماتە.
پێ: بۆ پێوانی درێژی دەپێورێ.
شەقاو: بۆ پێوانی درێژی دەپێورێ.
قولانج: بۆ پێوانی درێژیەکی کەم
بار: باڵ: بۆ پێوانی درێژی قوماش و لاستیک و گوریس.....
بەژن: بۆ پێوانی قووڵی بەکاردێ.
[1]