نووسەر: د.#عادل باخەوان#
(جێبەجێکردنی پرۆگرامی پەڕینەوە لە نەوەی ئاگرەوە بۆ نەوەی ئاشتی، بۆ کۆمەڵگەیەک کە خەون بە دیموکراسیەوە ببینێت، دەبێت بە فەرمانی یەکەمی هەموو یەکەمەکان، بۆ حکومەتێک کە خەون بە دیموکراسیەوە ببینێت، دەبێت بە ئەولەویەتی هەموو ئەولەویەتەکان.)
نەوەی ئاگر، مناڵانی ئەو کۆمەڵگانەن کە بە جەنگی ناوخۆ و شێوازە جۆراوجۆرەکانی زەبروزەنگدا تێدەپەڕن. بیناکردنەوەی نەوەی ئاگر لەسەر بنەماکانی پێکەوەژیان و هەموو ئەو بەهایانەی کە دەیانکاتەوە بە مرۆڤی (ئاسایی) پێویستی بە پڕۆژەیەکی گشتگیری فرە لایەن هەیە. پڕۆژەیەک لە (خواری خوارەوەی کۆمەڵگەوە) دەستپێدەکات و خانە بە خانەی بونیە کۆمەڵایەتییەکانی زەبروزەنگی نەوەی ئاگر بینادەکاتەوە. کەم نین ئەو کۆمەڵگانەی کە (لە سەری سەرەوە) سەرکردە یەکتر کوژەکانی دوێنێی لە ئەمڕۆدا پێکەوە کۆدەکاتەوە و ڕێکەوتنی گەورە و فراوانیان پێ واژودەکات، بەبێ ئەوەی هیچ یەکێک لەم ڕێکەوتنانە کاراییان لەسەر (ئاساییکردنەوە) و (بەمۆرڤکردنەوەی) نەوەی ئاگر دانابێت. دەکرێت لێرەدا ئاماژە بکەین بە سوودان، کۆنگۆ، جەزائیر، فەلەستین، مالی و باشووری کوردستانیش. کۆی ئەو ڕێکەوتنە ستراتیژی و بایەخدارانەی کە سەرکردەکان واژویانکردون، نەیانتوانیوە کۆمەڵگەکان لە بونیە کۆمەڵایەتییەکانی جەنگ و زەبروزەنگ بەرنە دەرەوە، چونکە ئەو ئەکتەرە کۆمەڵایەتیانەی کە لە ژیانی هەموو ڕۆژێکدا ئەم فەرمانە جێبەجێدەکەن، هەموو ئەو مرۆڤە سادانەن کە نەخراونەتە نێو ڕەوتی ئەو پڕۆژە کۆمەڵگەییانەوە کە بڕیارە (خواری خوارەوەدا) کاربکەن. هەموو دیپلۆماتەکانی دنیا، هەموو تایبەتمەندە جیهانییەکانی زەبروزەنگ و هەموو سەرکردەکانیش پێکەوە ناتوانن کۆمەڵگەیەک لە ستراکتۆرە کۆمەڵایەتییەکانی جەنگی ناوخۆ بەرنە دەرەوە، بەبێ ئامادەبوونی ئەو پڕۆژە سۆسیۆلۆژیە فراوانەی کە لە (خواری خوارەوە) کەسایەتیی نەوەی ئاگر بینادەکاتەوە. بەپێچەوانەی ئەو ژوورە تەسکانەی کە چەند سەرکردەیەک تیایاندا کۆدەبنەوە و ڕێکەوتن واژودەکەن، ئەم پڕۆژە سۆسیۆلۆژیە دێت و تەواوی گرووپە کۆمەڵایەتییەکان دەخاتە نێو کردەی دانووستاندن، گفتوگۆکردن، لەیەکتر تێگەیشتن، پێکەوەدانیشان، پەیوەندیی درووستکردن، لەیەکبووردن و کۆبوونەوە لە ڕووبەرە هاوبەشەکاندا و فێری ئەوەیان دەکات کە چۆن لەگەڵ جیاوازیەکانیاندا پێکەوە بژین و چۆن جیاوازیەکانیان وەک سەرچاوەی یەکتر دەوڵەمەندکردن تەماشابکەن، نەک وەک هەڕەشە بۆسەر یەکتری.
ئەو ناوچە ڕۆحیانەی کە جەنگی برا گەورەکان برینداری کردوون، ئەو ڕووبەرە شووناسییانەی کە زەبروزەنگی سەرکردە مەزنەکانی کۆمەڵگەیەک دڕاندوونی، بە بڕیاری ستراتیژی سەری سەرەوە ساڕێژناکرێن و نادورێنەوە، بەڵکوو بەکارکردنی ئەکتەرە کۆمەڵایەتییە بچووکەکانی خواری خوارەوە، لەسەر پرۆگرامێکی زانستیی ورد، ساڕێژدەکرێن و دەدورێنەوە. پرۆگرامێک کە وەک چۆن دەستکاری خودی نەوەی ئاگر دەکات، ئاواش دەستکاری ڕێکخستنە ئابووری و سیاسییەکان دەکات و سەرلەنوێ پەیوەندییەکانیان دادەمەزرێنێتەوە، بەشێوەیەک کە گرووپە کۆمەڵایەتیە دژبەیەکەکانی دوێنێ بتوانن ڕووبەری هاوبەشی پێکەوە ژیان لە ئەمڕۆدا بدۆزنەوە و ئەمەش پێی دەوترێت: پەڕینەوە لە کولتوری جەنگەوە بۆ کولتوری ئاشتی، لە کولتوری زەبروزەنگەوە بۆ کولتوری لێبوردەیی.
سنوورەکانی پرۆگرامی پەڕینەوە لە کولتوری یەکەمەوە بۆ کولتوری دووەم دەبێت دەستنیشانبکرێت، چونکە پێوانەکردنی دەرەنجامەکان تەنیا لەهەلومەرجێکدا بەدی دێت کە بتوانین، لەسەر ئاستی سۆسیۆلۆژیا، خودی ئەو پرۆگرامە و سنوورەکانی کارکردنی بخەینە نێو کردەی (چەندایەتی)ەوە. گەر لۆژیکی ئەم پرۆگرامە نەخەینە ژێر کارایی لۆژیکی (ستاتیستیکەوە) ناکرێت بتوانین ئاستەکانی سەرکەوتنی دەستنیشانبکەین. واتە تەنیا بەس نییە بۆئەوەی کە ئێمە بڵێین لەسەر خواری خوارەوەی کۆمەڵگە کاردەکەین، بەڵکوو دەبێت خودی گرووپە کۆمەڵایەتییەکان و بنکە جەماوەریەکانیان، تەمەنیان، سێکسیان، بڕوانامەکانیان، پراکتیکی ئایینییان، ئینتیمای سیاسییان، ڕیشەی جوگرافییان دەسنیشان بکەین و هەر یەکە و لە ئاستی خۆیدا بخەینە نێو کوچەیەکی پرۆگرامە فراوانەکەوە. لە گریمانەی ڕانەهێنانیدا، هەر لەسەرەتاوە شانسی سەرنەکەوتنی بەرز دەکەینەوە.
یەکێک لە بایەخەکانی پرۆگرامی پەڕینەوە بریتییە لە درووستکردنی پانتایی هاوبەش بۆ ئەکتەرە ئەو ناکۆکا نەی نەوەی ئاگر. بۆنموونە کۆکردنەوەی پەنجا کەسی جیاواز لەسەر هەموو ئاستەکانی بڕوانامە (دکتۆرا، ماستەر، لیسانس، دیپلۆم، شەشی ئامادەیی، سێی ناوەندی، بێ بڕوانامە)، ئینتیمای حزبی (پارتی، یەکێتی، گۆڕان، یەکگرتوو، کۆمەڵ، بزووتنەوە، شیوعی، سۆسیالیست، کۆمۆنیست)، ئینتیمای جوگرافی (سلێمانی، هەولێر، دهۆک، کەرکووک)، پراکتیکی ئایینی (ئیمانداری پابەند، ئیمانداری ناپابەند، ئیمانداری توند، ئیمانداری ناوەندگیر، بێ ئیمان)، سێکس (ژن، پیاو)، هتد. بۆ ماوەی مانگێک لە لادێیەکی دوورە دەستدا. ئەم پەنجا کەسە، لە ماوەی مانگێکدا فێری ئەوە دەکرێن کە چۆن لەگەڵ یەکتریدا قسەبکەن، چۆن گوێ لە یەکتری بگرن، چۆن یەکتری قبوڵ بکەن و چۆن جیاوازیەکان وەک سەرچاوەی دەوڵەمەندی تەماشا بکەن نەک وەک مەترسی. گەورەیی ئەم پرۆگرامە تەنیا لە چۆنیەتییەکەیدا نییە، بەڵکوو لە چەندایەتیەکەشیدایە. واتە لەیەک کاتدا بتوانێت چەندین گرووپی پەنجا کەسی، لە چەندین جێگای جیاوازدا پێکەوە کۆبکاتەوە و کاریان لەسەر بکات، وەک ئەوەی کە لە ئێستادا حکومەتی فەرەنسی بۆ ئەو شارە فەرەنسیانەی ڕێکدەخاتە کە زۆرترین زەبروزەنگیان تیادا بەرهەم دێت.
هەر کارکردنێک لەسەر دیموکراسی، لەسەر دیموکراتیزەکردنی کۆمەڵگە، لەسەر درووستکردنی سیستەمێکی سیاسی دیموکراتیک لە کۆمەڵگەکانی پاش جەنگی ناوخۆدا، بەبێ ئامادەیی بەهێزی پرۆگرامی پەڕینەوە لە کولتوری یەکەمەوە بۆ کولتوری دووەم، شانسی گەورەی هەیە کە دواتر ببێت بە کارکردن بۆ درووستکردنی گۆڕستان بۆ خودی دیموکراسی و قوربانییەکانی. لەهیچ کۆمەڵگەیەکدا دیموکراسی سیاسی توانای پارێزگاریکردنی لە ئاشتی کۆمەڵایەتی، لە پێکەوە ژیان، لە کولتوری سارد، لە یەکتر قبوڵکردن نیە، بەپێچەوانەوە، دیموکراسی سیاسی بەبێ پرۆگرامی پەڕینەوەی کۆمەڵگەیی، دەکرێت ببێت بە هۆکاری لەتکردنی وڵات، جەنگی ناوخۆ، گەندەڵی، کۆچی نەوەکان، هەڵوەشانەوەی (ئینسیجامی کۆمەڵایەتی)، درووستکردنی چینێکی دابەستەی دابڕاوی کۆمەڵایەتی، لاوازبوونی ئینتیما بۆ نیشتمان، تاد. تەنیا گەرەنتیەک بۆ پاراستنی کۆمەڵگە لەم قەیرانانە ڕووکردنە ئەو جیهانبینیەیە کە دیموکراسی لە سیستەمی سیاسیدا کورت ناکاتەوە، بەڵکوو سەرەتا و پێش هەموو شتێک وەک پرۆگرامی بیناکردنەوەی کۆمەڵگە تەماشای دەکات.
بایەخێکی دیکەی ئەم پرۆگرامە لەوەدایە کە بەتەنیا کار لەسەر هەڵوەشانەوەی جەنگی ناوخۆ وەک یەکێک لە چوارچێوەکانی زەبروزەنگ ناکات، بەڵکوو کار لەسەر هەڵوەشانەوەی هەموو چوارچێوەکانی زەبروزەنگ دەکات: زەبروزەنگی پیاو بەرانبەر بە ژن، زەبروزەنگی برا گەورە بەرانبەر بە برا بچوکەکان، زەبروزەنگی باوک بەرانبەر بە مناڵەکانی، زەبروزەنگی مامۆستا بەرانبەر بە خوێندکارەکان، زەبروزەنگی پۆلیس بەرانبەر بە هاووڵاتیان. لە کۆمەڵگەیەکدا کە، بەپێناسە دۆرکایمیەکەی، زەبروزەنگ بوبێت بە (فاکتێکی کۆمەڵایەتی) (هەموو دیاردەیەکی کۆمەڵایەتی فاکتی کۆمەڵایەتی نیە)، واتە بوبێت بە شتێکی ئاسایی (نۆرماڵ)، واتە ئەنجام(نه) دانی وەک دۆخێکی نائاسایی وێنادەکرێت، لە هەلومەرجێکی ئاوادا، جێبەجێکردنی پرۆگرامی پەڕینەوە لە نەوەی ئاگرەوە بۆ نەوەی ئاشتی، بۆ کۆمەڵگەیەک کە خەون بە دیموکراسیەوە ببینێت، دەبێت بە فەرمانی یەکەمی هەموو یەکەمەکان، بۆ حکومەتێک کە خەون بە دیموکراسیەوە ببینێت، دەبێت بە ئەولەویەتی هەموو ئەولەویەتەکان.
لە ئێستا و ئێرەی مێژووی کۆمەڵایەتی کۆمەڵگەی کوردیدا، نەک بەتەنیا ئەو نەوەیەی کە حکومەت بەڕێوە دەبات، بەڵکوو ئەو نەوەیەی کە حزبەکان، کە فەرمانگەکان، کە دەزگاکان، کە زانکۆکان، کە مزگەوتەکان، کە بازاڕەکان، کە یاریگاکان، کە پەڕتووکخانەکان بەڕێوەدەبات، هەمان ئەو شتەیە کە ئێمە ناومان لێنا (نەوەی ئاگر)، نەوەی جەنگی ناوخۆ، نەوەی زەبروزەنگە جیاوازەکان. لە ئامادەنەبوونی پرۆگرامی پەڕینەوەدا، سپاردنی کۆمەڵگە بەم نەوەیە، یەکسانە بە کاراکردنەوەی سیستەمی ئامادەباشی کۆمەڵگەییمان بۆ پێشوازیکردن لە ئەزموونکردنەوەی فۆڕمە جیاوازەکانی ئەو زەبروزەنگانەی کە لە داهاتوویەکی نزیک یان دووردا دێنەوە بۆ بەسەرکردنەوەمان. ئێمە کە دەست بۆ ماددەی خاوی (نەوەی ئاگر) نەبەین و سەرلەنوێ نەیکەینەوە بە (نەوەی ئاشتی)، ئیتر چۆن لەهەر چرکە ساتێکدا چاوەڕوانی کارەساتی گەورە نەبین!
سۆسیۆلۆگ و مامۆستای زانکۆ لە پاریس.[1]