$کوردستان و کورد لە قۆناغی مێژووی سەدەکانی ناوەڕاستدا 03$
نووسینی: #کەیوان ئازاد#
$کورد و ئایینی ئیسلام$
$کەسایەتیی پەیامبەری ئیسلام (د.خ.)$
پەیامبەری ئیسلام (محەمەد کوڕی عەبدوڵڵا/ د.خ.) لە (12ی ڕەبیعی یەکەمی 53پێش کۆچی) بەرانبەر بە (22ی نیسانی571زایینی) لە شاری (مەککە) لە بنەماڵەیەکی ئایینیی سەر بە هۆزی قوڕەیش لەدایک بووە.
(40) ساڵ تەمەنی پێش پەیامبەری، لەنێو هۆز و شارەکەی و دەوروبەری، بە ژیانێکی ئاسایی تێپەڕاندووە. بە تەمەنیشی باوکی نەبینیوە، چونکە بەرلەوەی بێتە ژیانەوە، باوکی کۆچی دوایی کردبوو. دایکیشی (ئامینە کچی وەهەب) دوای (شەش) ساڵ لە تەمەنی (محەمەد) کۆچی دوایی کردووە. تەمەنیشی (هەشت) ساڵان بووە باپیری (عەبدولموتەلیب) وەک یەکێک لە گەورەکانی هۆزی قوڕەیش و سەرپەرشتیاری بەخێوکردنی، کۆچی دوایی کرد، بۆیە ئەرکی بەخێوکردن و سەرپەرشتیکردنی کەوتە ئەستۆی ئەو مامەی ناوی (ئەبووتالیب) بوو.
لە ڕووی خێزانییشەوە، ساڵی (595ز)و لە تەمەنی (25) ساڵیدا لەگەڵ (خەدیجە کچی خوەیلد) هاوسەرگیریی کردووە، کە ئافرەتێکی کریستیانی دەوڵەمەند و دیاری شاری (مەککە) بوو، کە بەهۆی ڕەوشتبەرزی و پاکییەوە، پێشنیازی هاوسەرگیریی لەگەڵ کرد و (محەمەد\ د.خ.)یش قبووڵی کرد. واتە ئەو پڕۆسەیەش لەپێناوی پارە و ساماندا نەبوو، بەڵکوو د.خ.وازی (خەدیجە)ی تەمەن (چڵ) ساڵ بوو بۆ گەنجێکی دڵپاک و داوێنپاکی تەمەن (25) ساڵ، وەک سەرچاوەکان باسی دەکەن.
کاتێکیش یەکەمین سرووشی لە ساڵی (610ز) بۆ هاتە خوارەوە، (15) ساڵی تەمەنی لەنێو ژینگەی شاری (مەککە) و دەوروبەری تێپەڕاندبوو. ژینگەیەکی بتپەرست و پێگەیەکی فەرهەنگی و بازرگانی و سەرگەورەی شارەکانی تری نیمچەدوورگەی عەرەبی. ئەمەو جگە لەوەی شارەکە، پێگەیەکی گەورەی ئایینی هەبوو لەنێو تێکڕایی نیمچەدوورگەی عەرەبیدا.
هۆیەکەش بەهۆی بوونی (کەعبە)ەوە بوو، کە وەک ماڵی خودا سەیر دەکرا و بتە گەورەکانی قورەیش و هۆز و تیرەکانی عەرەبی لێ دانرابوو. لەو ماوەیەش و لەو ژینگەیەدا، وەک خێزانێکی ئاسایی شار و هۆزەکە، خاوەنی (چوار) کچ و (دوو) کوڕ بوو. کچەکان بە ناوەکانی (زەینەب، ڕوقیە، ئوم کەلسووم، فاتیمە) و کوڕەکانیش بە ناوەکانی (قاسم و عەبدوڵڵا) بوون.
لێرەوە (40) ساڵی تەمەنی (محەمەد) لەو پێگە کۆمەڵایەتی و لەو شارە دیارەدا تێپەڕی، تا یەکەمین سرووشی لە (ئەشکەوتی حەڕا)ی نزیک شاری (مەککە) بۆ هاتە خوارەوە و بە پایەی پەیامبەریی گەیشت. بەوەش ئایینێک بە ناوی (ئایینی ئیسلام) دەرکەوت.
لە مێژووی تەمەنی پەیامبەریشدا (د.خ.)، (13) ساڵی لە شاری (مەککە) و (10) ساڵی لە شاری (مەدینە) بەسەر برد. لەو ماوەیەشدا، کە خۆی لە (23) ساڵ پەیامبەریی ئەدات، سەرباری ئەو (دوو) شارە، سەردانی چەندین شار و ناوچەی لە نیمچەدوورگەی عەرەبی کرد، تا پەیامەکەی بگەیەنێتە زۆرترین پەیڕەوی ئەو ناوچانە. ئەمەو لە ڕێگای (دوو) نێردەوە لە شاری (مەککە)ەوە بۆ (وڵاتی حەبەشە)، هەوڵی دا پەیامەکەی بگەیەنێتە دەرەوەی نیمچەدوورگەی عەرەبی و لە گۆشەگیریی شاری (مەککە) و نیمچەدوورەگەی عەرەبی ڕزگاری بکات.
هەروەها خۆیشی گەشتێکی شاری (تایف)ی باشووری شاری (مەککە)ی کرد، بەڵام ئامانجێکی ئەوتۆی بەدەست نەهێنا و نەیتوانی دانیشتوانەکەی بە باوەڕهێنان بە پەیامەکەی قایل بکات. هەر بۆیە تا پەیامەکە نەگەیشتە شاری (مەدینە)، توانای بڵاوبوونەوەی نەبوو. کاتێکیش گەیشتە ئەو شارە و یەکەمین دەوڵەتی ئیسلام بە ناوی (دەوڵەتی مەدینە) لەدایک بوو، ئاسۆیەکی ڕوون بە ڕووی پەیامبەر (د.خ.) و ئایینەکەیدا کرایەوە، چونکە لەو شار و دەوڵەتەوە بۆ ماوەی (10) ساڵ کار بۆ بڵاوبوونەوەی ئایینەکە کرا.
تەنانەت خودی پەیامبەر (د.خ.) هەر لەو شارەوە سەرپەرەشتیی چەندین شەڕ و ململانێی لەگەڵ نەیارانی ئایینەکەی کرد. ئەوەش هەر بە شەڕەکانی (بەدر/2ک-624ز) و (ئوحود/3ک-625ز)و (خەندەق/5ک/627ز) دەگات، تا بە شەڕ و ململانێکانی لەگەڵ پەیڕەوانی جوو لە دەوروبەری شاری (مەدینە). هەروەها تا بە ڕووبەڕووبوونەوەکان دەگات لەگەڵ ڕۆمە بێزەنتییەکان لە وڵاتی شام.
دواجار گرتنی شاری (مەککە) لە ساڵی (8ک/629ز) بەدوای خۆیدا هێنا. ئەو ڕووداوە گۆڕانکاریی گەورەی لەسەر هێز و بڵاوبوونەوەی ئایینەکە درووست کرد، چونکە بەهۆیەوە ئایینەکە گەیشتە زۆرینەی ناوچەکانی نیمچەدوورەگەی عەرەبی. هەموو ئەوانەش پێمان دەڵێن، کە تا پەیامبەر (د.خ.) لە ژیاندا بوو، ئایینەکە نەگەیشتە دەرەوەی نیمچەدوورگەی عەرەبی، بە ئاڕاستەی خاکی کوردستان و نەتەوەی کورد. هەر بۆیە ئاشنابوونی کوردستان بە ئایینی ئیسلام کەوتە دوای کۆچی دوایی پەیامبەری ئیسلام (د.خ.). ئەوەش کەوتە دوای ساڵی (632ز).
لە کۆی ئەو ڕووداوانەوە دەگەینە ئەوەی، کە تا پەیامبەری ئیسلام (د.خ.) لە ژیاندا بوو و هەوڵەکانی بۆ بڵاوکردنەوەی پەیامەکەی خستە کار، ئایینی ئیسلام نەگەیشتە کوردستان. واتە ئەو هەوڵە بۆ هاوەڵان و پەیڕەوانی ئایینەکەی بەجێ ما، کە بە مەبەستی بڵاوکردنەوەی و غەزا لەپێناوی خودا، ڕوویان لە کوردستان و ناوچە کوردنییەکاندا کرد.
هەر بۆیە هەر ڕووداو و کاردانەوە و ئاکارێک لە سەروبەندی بڵاوکردنەوەی ئایینەکە، لە هەر گوند و شارۆچکە و شار و ناوچەیەکی کوردستان ڕووی دابێت، پەیوەندیی بە خودی پەیامبەری ئیسلام (د.خ.)ەوە نییە و هاوەڵان و ئەو سەرکردە و سەربازانەی سوپای عەرەبی ئیسلامی لێی بەرپرسیارن، کە ڕوویان لە ناوچە جیاجیاکانی کوردستان کرد.
ڕاستە ئەوانیش دوای پشتبەستن بە دەقەکانی قورئان و فەرموودەکانی پەیامبەری ئایینەکە و فرمانی خەلیفە و سەرکردەکانیان کاریان کرد، بەڵام مەرج نییە تێگەیشتن و کارکردن بە دەق و فەرموودەیەک وەک خۆی لەلایەن هەریەک لەو سەرکردانە و سەربازەکانیانەوە کاری پێ کرابێت. ئەوەش دیاردەیەکی زۆر ئاسایی بووە و نیگەرانی و پاساوی پێویست نەبووە. [1]