$کوردستان و کورد لە قۆناغی مێژووی سەدەکانی ناوەڕاستدا 05$
نووسینی: #کەیوان ئازاد#
$کورد و ئاشنابوونی بە ئایینی ئیسلام$
تا ئێستا دیار نییە، مێژووی یەکەم پەیوەندیی نێوان (کورد و ئایینی ئیسلام) بۆ کەی دەگەڕێتەوە؟ بەڵام ئەوەندە زانراوە، (ئایینی ئیسلام) لە ساڵی (610ز) لە شاری (مەککە) دەرکەوتووە و تا ساڵی (632ز) نەگەیشتووەتە دەرەوەی نیمچەدوورگەری عەرەبی، جگە لە چەند ناوچەیەکی بەرتەسکی باکووری نەبێت. هەر بۆیە، تا پەیامبەری ئیسلام (د.خ.) لە ژیاندا بوو، ئایینەکە نەگەیشتە خاکی کوردستان.
هۆکارەکەش ئەوە بووە، کە ئەو خاکە کەوتبووە باکووری نیمچەدوورگەی عەرەبی بە ئاڕاستەی باکووری ئێڕاقی عەرەبی و وڵاتی شام. ئەوەش کەوتە سەردەمی دووەمین خەلیفەی ڕاشیدی (عومەری کوڕی خەتاب/ ڕ.خ). بەو پێیەش بێت، ئایینەکە تا ئەو سەردەمە نەگەیشتە کۆمەڵگای کوردی. واتا نە کورد ئایینەکەی ناسی، نە پەیڕەوانیشی بۆ درووست بوو.
ئەمە بە وتەی تۆماری زۆرینەی ڕەهای مێژوونووسانی ئیسلام و نەتەوە و کۆمەڵگاکانی دیکە، بەڵام هەندێک مێژوونووس و دەقناسی تر ئاماژەیان بەوە کردووە، کە بەرلەوەی ئایینەکە بگاتە خاکی کوردستان و کۆمەڵگای کوردی، چەند کەسایەتییەکی کوردی باوەڕیان بەو ئایینە هێناوە و بوونە پەیڕەوانی. لەنێو ئەواندا باس لە کەسایەتییەک کراوە بە ناوی (گابانی کوردی)، کە لە سەرچاوە عەرەبییەکاندا بە (جابانی کوردی) هاتووە، چونکە لە زمانی عەرەبیدا پیتی (گ) نەبووە و لای عەرەبەکان کراوە بە (ج).
هەر بۆیە (گابان) بووەتە (جابان). ئاماژە بەوەش کراوە، کە ئەم کەسایەتییە یەکێک بووە لە هاوەڵانی پەیامبەری ئیسلام (د.خ.) و لە سەردەمی ئەودا باوەڕی بە ئایینی ئیسلام هێناوە. باس لەوەش کراوە، کە چەند فەرموودەیەکی لەبارەی پڕۆسەی هاوسەرگیری و جیابوونەوە گێڕاوەتەوە. تەنانەت ئاماژە بە ناوی کوڕەکەیشی کراوە، کە (مەیمون کوڕی گابان) ناسراو بە (ئەبی بەسیر) بووە، بەڵام وەک یەکێک لە هاوەڵانی پەیامبەر (د.خ.) نا، بەڵکو، وەک هاوەڵی هاوەڵەکانی. یەکێک لەوانەیشی باسی ئەم کەسایەتییە و باوکی کردووە (ئیبن حەجەری عەسقەلانی) بووە، کە لەنێوان ساڵانی (1371-1449ز) ژیاوە و بە مێژوونووس و ئاییناس و فەرموودەناسێکی دیاری ئیسلامییش ناسراوە.
کاتێکیش بەدواداچوون بۆ ئەو کەسایەتییە دەکەین، ناگەینە هیچ سەرەداوێکی ژیانی. تەنانەت هیچمان لەسەر ناوی تەواوی و شوێنی لەدایکبوونی و ژیانی و گەیشتنی بە پەیامبەری ئیسلام (د.خ.) و کۆچی دوایی دەست ناکەوێت. لەوەش سەرنجڕاکێشتر کوڕەکەی، کە بە یەکێک لە هاوەڵانی پەیامبەر (د.خ.) ئەژمار نەکراوە، زانیارییەکی وەهای لەسەر نەهاتووە، کە خەڵکی کوێ بووە و چۆن باوەڕی بە ئایینی ئیسلام هێناوە و بەهۆی کێ و چۆن بووەتە (هاوەڵی هاوەڵان)؟
پرسیاری سەرەکیی ئەم باسەش ئەوەیە، ئەم باوک و کوڕە، چۆن لە یەک دابڕان و باوک هاتە لای پەیامبەر (د.خ.) و کوڕەکەی لە شوێن و جێگای خۆی مایەوە، تا لە سەردەمێکی تردا باوەڕ بە ئایینی ئیسلام بهێنێت؟ زێدی هەردووکیان جیاواز بوو یان نە؟ دیداری (گابان) بە پەیامبەر (د.خ.) کەی بووە؟ چۆن و بۆچی گەیشتە لای پەیامبەری ئیسلام (د.خ.) و چەند لای مایەوە؟ دوای ئەو دیدارەش بۆ شوێنی خۆی گەڕایەوە، یان لای پەیامبەر (د.خ.) مایەوە؟
هەروەها ئەگەر ئەو ناوە ڕاست بێت و پەیامبەری ئیسلام (د.خ.) هاوەڵێکی وەک (گابانی کوردی) بووبێت، ئەوا هۆکاری هاتنی بۆ لای پەیامبەر (د.خ.) چی بووە؟ بەهۆی چییەوە هاتووە؟
بۆ وەڵامی هەریەک لەو پرسیارانە، جگە لە چەند ئەگەرێک، هیچی ترمان لەسەری دەست ناکەوێت. لەوانە:
ا- بەو پێیەی (گابانی کوردی) وەک هاوەڵی پەیامبەری ئیسلام (د.خ.) ناسراوە، بۆیە ناکرێت پەیامبەری نەبینیبێت و لەلای نەمابێتەوە، چونکە (هاوەڵی پەیامبەر) بەو مانایە هاتووە، کە باوەڕدارە موسڵمانەکە خودی پەیامبەری بینیبێت و ماوەیەک لەلای مابێتەوە. بەو پێیەش بێت، دەبێ (گابانی کوردی) لە شوێنێک پەیامبەری خودای (د.خ.) بینیبێت.
ب- کاتێکیش دیداری پەیامبەری ئیسلام (د.خ.) بۆ هەر تاکێکی باوەڕداری موسڵمان لەو سەردەمەدا مەرجی بوون بە هاوەڵ بووبێت، کەواتە پێدەچێت (گابانی کوردی) بۆ کاری بازرگانی لە خاکی کوردستانی باکووری وڵاتی شامەوە هاتبێتە شاری (مەککە)، کە تا ئەوکات و دواتریش ناوەندی بازرگانیی نێوان وڵاتی شام و یەمەن بووە. سەردانەکەشی بۆ کۆچی پەیامبەر (د.خ.) لە شاری (مەککە)ەوە بۆ شاری (مەدینە) دەگەڕێتەوە، نەک لە کاتی مانەوەی لە شاری (مەککە)ز
چونکە بە گەڕانەوە بۆ سەرچاوەکانی مێژوو، بۆمان دەردەکەوێت، کە پەیامبەری ئیسلام (د.خ.) لەو شارەدا چاوی بەو کەسایەتییانە نەکەوتووە، کە لەدەرەوەی نیمچەدوورگەی عەرەبی هاتوونە لای. هەر بۆیە زۆر پێدەچێت لە شاری (مەدینە) پەیامبەری (د.خ.) بینیبێت. لەو بارەیەشەوە، نازانرێت ئەو سەردانە پێش ئازادبوونی شاری (مەککە) بووە لەلایەن پەیامبەری ئیسلامەوە (د.خ.) لە ساڵی (629ز)، یان دواتر؟
ت- بەو پێیەشی باس لە گێڕانەوەی چەند فەرموودەیەک دەکرێت لەلایەن (گابانی کوردی)یەوە لەسەر بابەتی پڕۆسەی هاوسەرگیری و جیابوونەوە و باری کۆمەڵایەتی، بۆیە پێناچێت (گابان) کەسێکی نەخوێنەوار و سادە بووبێت، چونکە وەرگرتن و گێڕانەوەی فەرموودەش لەلایەن کەسی نەخوێندەوار و سادەوە، چووەتە بەر نەشتەرگەریی زانایانی فەرموودەناس، کە لەمبارەیەوە فەرموودەکانی (گابان) تەواو و کامڵ بوون. ئەوەش وا دەکات (گابان) بخاتە ئاستی کەسایەتییەکی بازرگان و خوێنەوارەوە، نەک توێژێکی ئاسایی تر.
پ- بەم پێوەرانە (گابانی کوردی) دەبێتە کەسێکی بازرگان، کە بە مەبەستی کاری بازرگانی ڕووی لە نیمچەدوورگەی عەرەبی و بەتایبەت شاری (مەککە) کردووە. خۆ ئەگەر سەردانەکە کەوتبێتە بەر لە ساڵی (629ز)، ئەوا دوای گەڕانەوەی لە شاری (مەککە) سەردانی شاری (مەدینە)ی کردووە. ئەوەش بەهۆی ئەوەی لەلایەک شاری (مەککە) ناوەندی بازرگانیی ناوچەکە بووە، نەک شاری (مەدینە).
لە لایەکی دیکەوە تا ئەو ساڵە شاری (مەککە) لە دەست قورەیشییە بتپەرەستەکاندا بووە، نەک موسڵمانەکان. هەروەها دوای دانانی کاڵاکانیشی ئەو سەردانە ئەنجام دراوە، نەک پێشتر. خۆ ئەگەر سەردانەکەش کەوتبێتە دوای ساڵی (629ز)، ئەوا ئاسایی بووە پێشتر سەردانی شاری (مەدینە)ی کردبێت، چونکە لەو ساڵە بەدواوە، شاری (مەککە) بەشێک بووە لە (دەوڵەتی مەدینە).
سەرباری زۆری ئەو پرسیارانەش لەمبارەوە هاتوونەتە پێش و ئەوانەیشی بە نادیاری ماونەتەوە، باس نەکردنی ئەو ناوانە لە زۆرینەی ڕەهای سەرچاوە مێژووییەکانی مێژووی ئیسلام و سەرچاوەکانی دیکەدا، بوونی ناوەکان د.خ.اتە ژێر پرسیارەوە؟ ئەگاتە ئاستێک، ناوی ئەو (دوو) کەسایەتییە بۆ ئەوە گەڕابێتەوە، کە ناوی چەند کەسایەتییەکی کوردیش بخرێتە پاڵ ناوەکانی (بیلالی حەبەشی) خەڵکی وڵاتی حەبەشە و (سەلمانی فارسی) خەڵکی وڵاتی فارس و (سوهیەبی ڕۆمی) خەڵکی وڵاتی ڕۆم. هەروەها ئەو ڕایەش پشتئەستوور دەکات، کە تا پەیامبەری ئیسلام (د.خ.) لە ژیاندا بوو، ئایینی ئیسلام نەگەیشتە کورد و کوردی پێی ئاشنا نەبوو. [1]