$کوردستان و کورد لە قۆناغی مێژووی سەدەکانی ناوەڕاستدا 08$
نووسینی: #کەیوان ئازاد#
$هۆکارەکانی بڵاوبوونەوەی ئایینی ئیسلام لە کوردستاندا$
بەو پێیەی هیچ ڕووداوێکی مێژوویی بێ هۆکار نییە، بۆیە نابێت گەیشتن و بڵاوبوونەوەی ئایینی ئیسلام بە کوردستان بێ هۆکار بێت. کاتێکیش ئەو ڕووداوە کاری ساڵێک و دوان و سێیان نەبووبێت و چەند قۆناغ و ساڵانێکی خایاندبێت، ئاسایی چەند هۆکارێک لەپشتییەوە بوون. هۆکارەکانیش جۆراوجۆر و فرەڕەهەند بوون، کە هەریەکەیان نا، بەڵکوو بە هەموویان ڕۆڵیان لە گەیشتنی ئایینەکە بە کوردستان و بڵاوبوونەوەی هەبووە.
نابێ ئەوەش لەیاد بکەین، کە (کوردستان) ڕووبەرە خاکێکی بچووک و بەرتەسک نەبوو، تا لە ماوەیەکی کەمدا ئایینەکە بڵاو بێتەوە و بگاتە هەموو سووچێکی ئەو خاکە، بەڵکوو خاکێکی فراوان و لە چەندین مەڵبەند و شار و شارۆچکە و گوندی جیاواز و دوورەدەست پێکهاتبوو. ئەمەو جگە لەوەی چەندین زنجیرە چیا و لوتکەی بەرز و دۆڵ و دەشت و بان و دەریاچە و ڕووباڕ و زێ و چەمی جۆراوجۆری تێدابوو، کە هەریەکیان سرووشتی تایبەتی خۆی بۆ خاک و خەڵکەکەی هەبوو.
ژیان لە لاپاڵ چیا و دۆڵێک، زۆر جیاواز بوو لە ژیانی دەشتایی و کەنار ئاوێک. سرووشتی مرۆڤێکی چیاییش زۆر جیاواز بوو لە سرووشتی مرۆڤێکی دەشتەکی. تێڕوانینی مرۆڤێکی گوندنشین زۆر جیاواز بوو لە دیدگا و تێڕوانینی مرۆڤێکی شارنشین. شوانێک، کە تەنیا مامەڵەی لەگەڵ دەشت و لاپاڵی چیا و مەڕ و ماڵاتەکەی دەکرد، زۆر جیاواز بوو لە کەسێکی بازرگان، کە هەر ماوەیە و لە شار و ناوچە و مەڵبەندێکی بازرگانیدا بوو.
داهات و خەرجیی کەسێکی جوتیار و زەحمەتکێش لەسەر پارچە زەوییەک، یان کارێکی بچووک، زۆر جیاواز بوو لە داهاتی کەسێکی خاوەن موڵک، کە لە ماڵەکەیەوە فەرمانی دەکرد و داهاتەکانی بۆ کۆ دەکرایەوە. هەروەها ژیانی کەسێکی سەرباز و چەکدار زۆر جیاواز بوو لە ژیانی کەسێکی پیشەوەر. یەکەمیان هەر ڕۆژە لە شوێنێک شەڕی پێدەکرا و مامەڵەی لەسەر هێزی دەست و شان و قاچی دەکرد. کەسە پیشەوەرەکەش دانیشتووی ماڵ، یان دوکانەکەی و بە بیرکردنەوەی خۆی و هێزی جەستەی، کاری بەو ئامێرە سادانە دەکرد کە لە پیشەکەی بەرهەمی دەهێنا.
یەکەمیان بە کوشتنی مرۆڤێکی چەکدار گیانی خۆی دەپاراست، دووەمیان بە ڕازیکردنی بەرانبەرەکەی، ژیانی خۆی و خێزانەکەی تێر دەکرد. هەر بۆیە لەنێو ئەو دۆخەدا، گەیشتنی ئایینێکی نوێ بە هەموو گوند و شارۆچکە و شار و ناوچەیەک، نەک هەر کاتی دەویست، بەڵکوو زەمینەیەکی لەباریشی پێویست بوو، تا ئامانجەکەی بپێکێت.
جیاواز لەوانەش، خودی خەڵکی کوردستان، کە نەتەوەی کورد زۆرینەی ڕەهای دانیشتوانەکەی پێکهێنابوو، خەڵک و کۆمەڵگایەکی بێ ئایین و دوور لە باوەڕ و ئایینی نەبوون، تا پێویستیان بە ئایینێک بێت و لەگەڵ دەرکەوتنی ئایینی نوێ، باوەشی بۆ بکەنەوە و خاک و خەڵکەی بۆ بکەنە قوربانی، بەڵکوو چەندان ئایین و باوەڕی تێدابوو، کە دوورخستنەوەی لە ناخ و گیان و هزری خەڵکەکەی کارێکی ئاسان نەبوو.
ئەمەو گەیاندنی ئایینی نوێش بە کۆی دانیشتوانی کوردستان و لەوانەش نەتەوەی کورد، پێویستی بە زەمینەیەک هەبوو، کە باوەڕ بە خەڵکەکەی بهێنێت، تا پێیان بڵێن ئەوەی پێشوویان کۆن و بەسەرچووە و نوێیەکە ڕاست و خوداییە. بە واتایەکی تر، ئایین و باوەڕەکانی پێشوویان ئاسمانی نەبوون و ئەمەی هاتووە ئاسمانییە. هەروەها پێیان ڕابگەیەنن، کە ئایین و باوەڕی ئێستایان لە ڕێگای ڕاستەقینەی خۆی لایداوە و ئایینە نوێییەکە بە ڕێگایەکی ڕاستدا هاتووە.
بەپێی ئەزموونەکانی مێژووش، بڵاوبوونەوەی هەر ئایین و باوەڕێک لە جیهاندا، پەیوەست بووە بە کۆمەڵە هۆکارێک کە ڕۆڵیان لە بڵابوونەوەیدا هەبێت، نەوەک لەپڕ و لەخۆڕا و وەک موعجیزە بگات و بچێتە ناخ و دەروون و دڵ و هزری خەڵکەوە. واتە گەیاندن و وەرگرتنی هەر پەیامێکی ئایینی بۆ نێو هەر کۆمەڵ و تیرە و هۆز و خێڵ و پێکهاتە و تەنانەت دەوڵەتێکیش، سەرباری کات و زەمینەی لەبار و شیکردنەوەی باشی پێویست، تێگەیشتنی ئەو خەڵکەشی پێویست بوو، کە چۆن لە ئایین و باوەڕە کۆنەکەیان ڕوانیوە و دەتوانن وازی لێ بهێنن و ڕوو بکەنە ئایینە نوێیەکە؟ تەنانەت ئەگەر ئایین و باوەڕە نوێیەکە، پەیامێکی گشتگیر و واقیعی و ڕاستیش بووبێت، گەیاندنی ئەم حاڵەتەش بێ گرفت نەبووە.
لە باسەکانی پێشووشدا ئاماژەمان بەوە دا، کە ئایینی ئیسلام لە دۆخێک و ژینگەیەکی تایبەتدا دەرکەوت. وەک ئەوەی کۆمەڵگایەکی بتپەرست و خێڵەکی و بازرگانی و لە هەمان کاتدا بیابانی بوون. ئەو پەیامبەرەشی ئەرکی بڵاوکردنەوەی ئایینەکەی پێ سپێردرا، کەسایەتییەکی ناسراو و ڕاستگۆ و پاک و ئەمانەتپارێزی شاری (مەککە) بوو، کە ئایینەکەی لێ دەرکەوت. بەو هۆیەشەوە، ئایینێکی ئاسمانی دەرکەوت، کە خاوەنەکەی و پەیامبەر و پەڕتووکەکە پیرۆزەکەی، بەهێز و دیار و لەڕوو بوون، نەک درووستکراو و لاواز.
هەروەها بڵاوکردنەوەی ئەو ئایینەش لەنێو ئەو کۆمەڵگایەی تێدا دەرکەوت و پەیامبەرەکەی لە خۆیان بوو، (23) ساڵی خایاند. ئەوەش بەو مانایەی، ئەو ماوەیە ئەزموونێکی باشی دایە ئایینەکە، تا باشتر خۆی و خەڵکەکەی بناسێت و بزانێت چۆن مامەڵەیان لەگەڵدا دەکات؟ هەروەها پەڕتووکە پیرۆزەکەی و پەیامبەرەکەی و هاوەڵەکانی، هەر عەرەبی بوون. واتە ئەو کۆمەڵگا و نەتەوەیەی شانی دایە بەر بڵاوکردنەوەی ئایینەکە، شارەزای ئایینەکە و پەیامبەرەکەی و شەڕ ململانێکانی ناوچەکەی و دەرەوەی بوو، تا بزانێت بۆ بەرگریی لێ دەکات و چۆن بەرگریی لێ دەکات؟
ئەمەو جگە لەوەی خاوەنی سەدان سەرکردەی ئازا و بوێر و بەتوانا و نەترس بوو، کە ئامادە بوون لەپێناو گەورەی خۆیان و ئایینەکەیان، هەموو ڕێگاکان ببڕن و بەرگەی ناخۆشترین ژیان و سەختترین و دژوارترین کۆسپەکان بگرن و خۆیان لەپێناویدا بکەنە قوربانی. هەر بۆیە، بەو هێزەی ئایینی ئیسلام هەیبوو، لەگەڵ ئەو ئەزموونەی عەرەبەکانی نیوەدوورگەی عەرەبی لە شەڕی خۆیان و نەیارەکاندا هەیانبوو، زەمینەیەکی ڕەخساند، ئایینەکە بە ماوەیەکی دیاریکراو و کەمتر لەو مێژووەی ئایینەکە لە نیوەدوورگەی عەرەبی هەیبوو، بگاتە ناوچە جیاجیاکانی کوردستان.
بە هەموو ئەوانەشەوە و بۆ ئەوەی بە وردی ڕاڤەی گەیاندن و بڵاوبوونەوەی (ئایینی ئیسلام) بۆ کوردستان بکەین، ئەڵقەی داهاتوو، دیارترین ئەو هۆکارانە ئەخەینە ڕوو، کە ڕۆڵیان لە گەیاندن و بڵاوکردنەوەی ئایینەکەدا هەبوو، تا بەهۆیەوە بزانین، ئەو ئایینە بە چ شێوەیەک و لە چ ژینگەک و بە چ زەمینەیەک گەیشتە کوردستان؟ [1]