$کوردستان و کورد لە قۆناغی مێژووی سەدەکانی ناوەڕاستدا 09$
نووسینی: #کەیوان ئازاد#
$هۆکارەکانی بڵاوبوونەوەی ئایینی ئیسلام لە کوردستاندا$
$هۆکارە سەربازییەکان$
هۆکارێکی تری کەوتنی یەک لەدوای یەکی گوند و شارۆچکە و شارەکانی کوردستان، تا بە ناوچە جیاجیاکانی دەگات، لەبەرانبەر دەوڵەتی خەلافەتی ڕاشدی، لایەنی سەربازی بوو. مەبەستیش لە هۆکاری سەربازی، شکستی سەربازیی کوردی نا لەبەرانبەر سوپای عەرەبی ئیسلامی، بەڵکوو شکستی سەربازیی هەردوو ئیمپراتۆڕیی (ساسانی و بێزەنتی)، کە دەروازەکانی کوردستانیان بە ڕووی سوپای نوێدا واڵا کرد.
هەر بۆیە ئەو دۆخەی کوردستانی تێکەوت، تەواو جیاواز بوو لەو دۆخەی زۆر ناوچەی تری سەردەمەکەی تێکەوت. بەتایبەت دۆخی باشوور و خۆرهەڵاتی کوردستانی بندەستی ئیمپراتۆڕیی ساسانی، چونکە بە کەوتنی ئەو دەوڵەتە، چیتر هێزێکی سەربازیی تۆکمەی نەما بەرگری لە خاک و خەڵکی کوردستان بکات، بەڵکوو تەنیا ئەو هێزە میللییە کوردییانە مان، کە سەرۆکی تیرەیەکی کوردی، یان سەرۆک هۆزێک، یان سەرۆک خێڵێکی کوردی سەرۆکایەتیی دەکردن.
ئەوەش بەو واتایەی، کەسانێک بڕیاریان لە چارەنووسی ئەو شوێنانە ئەدا کە سوپای عەرەبی ئیسلامی پێدەگەیشت، نەوەک یەک سوپای دامەزراوەی بەهێز. ئەوانیش هێزێکی تۆکمە و دامەزراو و پڕچەک نەبوون، بەڵکوو لە کۆمەڵێک کەسی جۆراوجۆر و توێژی جیاواز پێکهاتبوون، کە نە پێشینەی شەڕی بەردەوامیان هەبوو، نە خاوەن چەکی باش و تەکنیکی شەڕ و ئازووخەی پێویست بوون.
تەنانەت سەرکردەی هەر یەک لەو هێزانە، کە سەرۆکی ئەو تیرە و هۆز و خێڵانەی کورد بوون، شارەزایی و ئەزموونی شەڕی عەرەبە موسڵمانەکانیان نەبوو. هۆیەکەش دیار بوو، ئەوان لە ناوچەیەکی بیابانیی وشکەوە هاتبوون و بەرگەی شەڕی درێژخایەن و سوپای گەورەیان دەگرت و بە باوەڕێکی بەهێزیشەوە شەڕیان دەکرد.
لێرەوە پەرتەوازەیی کورد و نەبوونی یەکێتیی هێزی ئەو تیرە و هۆز و خێڵانەی تا بە ناهەماهەنگیی دانیشتوانی گوندێک لەگەڵ گوندێکی تر، شارێک لەگەڵ شارێکی تر دەگات، ئەو دۆخەی درووست کرد، سوپای عەرەبە موسڵمانەکان باشتر و خێراتر ناوچەکان ببڕن و داگیر بکەن. دیارە کاتێکیش سوپایەکی تۆکمە و باوەڕداری عەرەبە موسڵمانەکان ڕووی لە خاکێک دەکرد، کە هێزێکی دامەزراوەی تێدا نەمابێت بەرگریی لێ بکات، باشتر دەیتوانی دەستی پێ بگات.
لە لایەکی دیکەوە، نابێت ئەوەش لەیاد بکەین، کە کاتێک سوپای هەردوو ئیمپراتۆڕیی ساسانی و بێزەنتی نەیانتوانیبێت بەرانبەر سوپای عەرەبە موسڵمانەکان بوەستن و خۆڕاگر بن، چۆن هێزی خێڵ و هۆز و تیرەکانی کورد لە گوند و شارۆچکە و شارەکان دەیانتوانی بەرانبەریان بوەستن؟
یان بە واتایەکی تر، کاتێک (دوو) هێزی تۆکمە و دامەزراوەی وەک هەردوو ئیپمراتۆڕیی ساسانی و بێزەنتی، کە خاوەنی سەرکردەی ئازا و هێزی فیلەکان و مەنجەنیق و دارایی بەهێز بوون، تا بە ئازووخە و پێداویستیی گرنگی جەنگی دەگات، نەیانتوانیبێت بەرانبەر سوپای عەرەبە موسڵمانەکان بوەستن، چۆن کۆمەڵێک هێزی میللیی پەرتەوازەی بێ سەرکردەی بەهێز و بێ چەک و بێ ئازووخەی پێویست، دەیانتوانی بەرگری لە خاک و خەڵکەکەی بکەن؟ هەر بۆیە کاتێک هەردوو سوپای ساسانی و بێزەنتی لە ماوەیەکی کەمدا دووچاری چەندین شکستی گەورە هاتن، چیتر دەوڵەت و سوپایەک نەما بەرگری لە خاک و ناوچە و شار و شارۆچکە و گوندەکانی کوردستان بکات، جگە لە خەڵکەکەی.
لێرەوە دەگەینە ئەوەی کە ئیتر زۆر سەخت بوو شەڕی سوپای عەرەبە موسڵمانەکان بە خەڵکی سادە و بێئەزموونی کوردستان بکرێت. بەتایبەت کاتێک خودی کۆمەڵگای کوردی یەکگرتوو و یەک ئامانج نەبوون، بەڵکوو پەرتەوازە و دابڕاو و نەیاری یەکتر بوون. لەگەڵ هەموو ئەوانەشدا، ئەو هێزە میللییە کوردییانەی لەسەر خاکی کوردستان هەبوون و بەو دۆخەی هەیانبوو، لە شوێن خۆیانەوە، ڕۆڵی خۆیان گێڕا و قارەمانێتیی گەورەیان تۆمار کرد.
وەک ئەوەی خەڵکی شاری گوڵاڵە بۆ ماوەی (هەشت) ڕۆژ بەرانبەر (دوازدە هەزار) چەکداری سوپای عەرەبە موسڵمانەکان وەستان. لەکاتێکدا سوپای ئیمپراتۆڕیی ساسانی (چوار) ڕۆژ لە شەڕی (قادسییە) خۆی ڕاگرت و (سێ) ڕۆژ لە شەڕی (نەهاوەند) خۆی پێ ڕاگیرا. ئەمەو ناوچەی شارەزووریش دوای (سێ) شاڵاوی گەورەی عەرەبە موسڵمانەکان و کوژرانی دوایەمین سەرکردەیان بە ناوی (ئەباعوبەیدەی ئەنساری) لە دامێنی چیای شنرۆی و لەو شوێنەی ئێستا بە (گوندی عەبابەیلێ) ناسراوە، دەستی بەسەردا گیرا، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا، دەستی ئەو سوپایە نەگەیشتە ناوچەی سەختی هەورامان، تا سەدەیەک تێپەڕی.
ئەو گوند و شارانەشی بێ شەڕ کەوتنە دەست سوپای عەرەبە موسڵمانەکان، بەرئەنجامی نابەراریی هێز و توانای بەرگرییان بوو لە گوند و شار و ناوچەکانیان. دیارە ئەگەر بەرگرییان بکردایە، ئەوا گوند و شار و ناوچەکەیان وێران دەکرا و کچ و ژنەکانیشیان بە کەنیزەک دەگیران و خەڵکەکەشی دەبوونە قوربانی، بۆیە لە دیدی ئەوانەوە، خۆبەدەستەوەدان باشترین بژارەی شەڕ بوو لە ماڵوێرانی و کاولکاری، تا ئەو کاتەی دەرفەتێک بێتە پێش، بڕیار لە چارەنووسی خۆیان بدەن و بەرانبەر ئەو هەژموونە بوەستن، کە لەپڕ و خێرا ڕووبەڕوویان بووەتەوە. [1]