شیکردنەوەیەک بۆ نیگەرانییەکانی #قوباد تاڵەبانی#
بۆ یەکەمجارە لە مێژووی سیاسی هەرێمی کوردستان، هێزێکی سیاسی، جێگری سەرۆک وەزیرانەکەی بایکۆتی ئەنجومەنی وەزیران دەکات، بەڵام وەزیرەکانی هەمان هێز بەردەوام دەبن لە کارکردن و حزبەکەش بە تەواوی لە پڕۆسەی سیاسی و پەڕڵەمانی و حوکمداری هەر بەردەوامە.
یەکەمجارە هێزێکی سیاسی بە هاوبەشی لەگەڵ شەریکەکەی دوای دوو هەفتە لە درێژکردنەوەی تەمەنی پەڕڵەمان و حکومەت و سەرۆکایەتی هەرێم، ڕەخنە لە حکومەت دەگرێت و جێگری سەرۆک وەزیرانەکەی بە بیانووی تاکڕەوی و حساب بۆ نەکردن بایکۆتی کۆبوونەوەی حکومەتەکەی دەکات.
لە کاتێکدا قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەت بە بیانوی ناکۆکییەکانی لەگەڵ #مەسرور بارزانی# و بایکۆتی کۆبوونەوەکانی ئەنجومەنی وەزیران دەکات لەو لاشەوە وەزیرێکی تیمەکەی بە نوێنەرایەتی سەرۆکی حکومەت دەچێتە ئیمارات و وەزیرێکی دیکەش بە هەمان شێوە بە نوێنەرایەتی سەرۆکی حکومەت بەشداری فیستیڤاڵی جیهانی دەکات و دوو وەزیری دیکە یاوەری شاندەکەی حکومەت هەرێم دەکەن بۆ #بەغدا#.
ئەگەر #یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان# و قوباد تاڵەبانی، بایکۆتی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانیان کردووە چۆن وەزیرێکی ئەو حزبە لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران، نامەیەکی پیرۆزبایی بە ناوی سەرۆک و حزبەکەی دەخوێنێتەوە و پیرۆزبایی لە کۆنگرەی چواردەهەمی پارتی دەکات؟.
ئەی ئەگەر بایکۆتە بۆچی نیوەی وەزیرەکان بەشداری کۆبوونەوەکان دەکەن و ڕۆژانەش سەرجەم مامەڵە و کارەکانی حکومەت ڕای دەکەن؟!
ئەگەر بایکۆتە بۆچی وەزیری کشتوکاڵ لەسەر لیستی یەکێتیی لەگەڵ سەرۆکی حکومەت بەیەکەوە بەشداری فیستیڤالی هەناردەی هەنار دەکەن بۆ دەرەوە؟!
ئەوە بایکۆتە یان ناز کردن؟ یاخود دڵ شکانە لەسەر سەرۆکی حکومەت و بوونی کێشەی شەخسییە لەنێوان دوو کەس.
ئەی ئەگەر بایکۆتە، بۆچی هێشتا ئەو دوو هێزە کێشەکانی نێوانیان بە کێشەیەکی شەخسی دەزانن و نەهاتوون لەسەر ئەو بابەتە بەجددی گفتووگۆ بکەن و بیکەنە مەسەلەیەکی سیاسی و لەسەر مێزی گفتووگۆ چارەسەری بکەن؟!
هێشتا یەکێتی و پارتی لەسەر ئاستی پەڕڵەمان و سەرۆکایەتی هەرێم لە باشترین پەیوەندیدان کەچی لەولایەوە باس لە بایکۆت و ناڕەزای دەکەن.
بایکۆتی تەواو ئەوەیە بە تەواوی لە پڕۆسەی سیاسی و حوکمڕانی بکشێیتەوە و بە دوای میکانیزمەکانی هەڵبژاردنی پێشوەختە و چارەسەری کێشەکان بگەڕێی، بەڵام ئەوەی ئێستا دەگوزەرێ نازکردنی جێگرە بەسەر سەرۆک و دڵ شکانی قوباد تاڵەبانییە لە مەسرور بارزانی نەک شتی دیکە. [1]