ئاژانسی ڕۆیتەرز، ڕاپۆرتێکی لەسەر دۆخی هەرێم بڵاوکردووەتەوە بە ناونیشانی تیرۆر و ململانێ و شەڕی دەسەڵات و باس لە کوشتنی هاوکار جاف و ساتە هەستیارەکانی دوای ڕووداوەکە و دۆخی ئێستای هەرێم دەکات.
لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە کە چەند بەرپرسی ئەمنی و سیاسی لێدوانیان بۆ ڕۆیتەرز داوە، بێ ئەوەی ئامادەبن ناوی خۆیان ئاشکرا بکەن.
بەرپرسێکی یەکێتی، ڕایگەیاندووە ”بەهۆی ئەو دۆخەی هاتووەتە ئاراوە، پارتی سازش لەسەر هەندێک پرس ناکات، ناچارین تا جیا کردنەوەی ئیدارەی #سلێمانی# بڕۆین”.
لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە لە 24ی تشرینی یەکەم، لەبەرانبەر جوڵاندنی هێزی یەکێتی بۆ سەرماڵی #ئەژی ئەمین# لە سلێمانی بەبیانووی گەڕان بەدوای چەند بەڵگەنامەیەکدا، ئەژی ئەمین لە #هەولێر# هێزێکی 100 کەسی بۆ نزیک ماڵی #قوباد تاڵەبانی# جوڵاندووە و هەڕەشەی لە جێگری سەرۆکی حکومەت کردووە.
بەپێی ڕاپۆرتەکەی ڕۆیتەرز، دەستوەردانی خێرای #نێچیرڤان بارزانی# سەرۆکی هەرێم، دۆخەکەی هێور کردووەتەوە.
دوای چەند ڕۆژک، جارێکی تر نێچیرڤان بارزانی ناچار بووە دەستێوەردان بکات، کاتێک لە 9ی تشرینی دووەم #بافڵ تاڵەبانی# سەرۆکی #یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان# لەگەڵ بەرپرسێکی ئەمنی سلێمانی کە لە لایەن دەزگا ئەمنییەکانی هەولێرەوە داواکراون هاتە فڕۆکەخانەی هەولێر و بۆماوەیەک لە فڕۆکەخانە ڕاگیران.
ڕۆێتەرز، باسی ململانێ لەسەر دەسەڵات و کێشەی هەناردەی غاز لەنێوان یەکێتی و #پارتی دیموکراتی کوردستان# و گرفتەکانی سەرۆک کۆمار و داهاتی سلێمانی و دۆخی ئێستای هەرێمی کردووە. حکومەتی ئێستا بە ڕووپۆشێک ناودەبات بەسەر دۆخی هەرێمەوە کە لەواقیعدا درزێکی گەورە لەنێوان هەردوو حزبەکە و هەولێر و سلێمانیدا هەیە. [1]