ئاخر لەکام ئایینی ئاسمانی و لە کوێی قورئانیشدا هاتووە بڵێت: ژن بکوژن بیسووتێن و مەشینێژن، من دژی ئایین نیم، بەڵام بەداخەوە ئەم خەڵکە بەڕێزەی ئێمە هەڵە لە ئایین گەیشتوون، بەشێکی کەمتەرخەمیی مامۆستایانی ئایینییە، هەریەکەو لەئاوازێک مەخوێنن، خودا نەخواستە شەرەف بەر لەئایین نییە، خودای گەورە فەرموویەتی: هەر ژنێک هەڵەیەکی گەورەی کرد جەڵدەی لێبدەن و لەماڵەوە بەندی بکەن تاپەشیمان دەبێتەوە لەو هەڵەیەی ئەنجامیداوەو داوای لێخۆشبوون بکات، ئەمە بۆ هەمووان ڕوونبکەنەوە با ئیدی بەس کچ و ژنی داماوی ئەم وڵاتە بکوژرێت.
بەنموونە، ئەو خاتوونەی ڕاپەڕین هەر هەڵەیەکیشی کردبێت شایانی ئەوە نەبوو بەوجۆرە بیکوژن و پاشان بیسووتێنن و پاشان لەبستێک خاکدا بیشارنەوە، ئاخر دایکی ئەو پێنج مناڵ بوو ئەی هاوار، چۆن دڵتان هات وەها کردەوەیەکی وەحشییانەی دەرحەق بکە، خۆ گەر هەر کێشەیەکیشی هەبووبێت، دەتوانرا چارەسەر بکرێت و ئاییندەیەکی جوان چاوەڕێی ئەم خێزانەی دەکرد، بەڵام کوشتنی ژنێک لەو تەمەنە و خاوەنی ئەوەندە منداڵە، هێندەیتر بکوژانی ڕەش و ناشرین و لەکەدارکرد.
لەتازەترین کارەساتی هاوشێوەشدا، لەگوندێکی سەر بەشارەدێی شوانی پارێزگای #کەرکووک#، تەرمی کچێکی تەمەن نزیک بە 17 ساڵان دۆزرایەوە کە بەفیشەک کوژراوە و پاشان بەهەمان شێوەی ئەو خاتوونەی ڕاپەڕین سووتێندراوە.
تەرمی کچەکە لەئێستادا لەپزیشکی دادییەو بەهۆی سووتاندن و شێواندنییەوە ناناسرێتەوە.
ئەمەش کارەساتێکی تر کە ڕۆژ نییە گوێبیستی ڕووداوگەلی هاوچەشن و هاوشێوە نەبین و ڕۆژ نییە دڵمان بەم کارەساتە مرۆڤکوژییە ڕانەچڵەکێت.
بێدەنگیی مامۆستایانی ئایینی و ڕێکخراوەکانی ژنان و مافی مرۆڤ و لەسەرووی هەووشیانەوە حکومەت، ئاییندەیەکی باشی لێ چاوەڕوان ناکرێت. [1]
#نێرگز قادر#