$ناساندنی دەوڵەتی خەلافەتی ئومەوی$
نووسینی: #کەیوان ئازاد#
(دەوڵەتی خەلافەتی ئومەوی) دووەمین سیستەمی خەلافەتی ئیسلامی بوو لە مێژوودا، کە دوای سازشکردنی (حەسەنی کوڕی عەلی)، پێنجەمین خەلیفەی ڕاشدی بۆ (موعاویەی کوڕی ئەبی سوفیان) والیی ویلایەتی شام، لە ساڵی (41ک/661ز) دامەزرا. بەم ڕووداوەش پایەکانی خەلافەت بۆ بنەماڵەیەکی عەرەبی لە هۆزی قوڕەیش گوازرایەوە، کە ئومەوییەکان بوون.
خودی بنەماڵەکەش بچووک و کەم نەبوون، بەڵکوو لە ژمارەیەکی بەرچاو کەسایەتی پێکهاتبوون کە کەم کەسی هۆزی قوڕەیش و تەنانەت دەوروبەریشیان دەیانتوانی بەرانبەریان بوەستن. هەر بۆیە دوای ئەوەی (موعاویە) گەیشتە پایەی خەلافەت و پێگەی خۆی و بنەماڵەکەی لە دەوڵەتەکەدا بەهێز کرد، سیستەمی پشتاوپشتی هێنایە ئارا، تا دەسەڵات لەنێو کوڕ و نەوەکانیدا بمێنێتەوە و لەدەست خۆیان دەرنەچێت.
بەوەش سیستەمی خەلافەت لە شووراوە بۆ بۆماوەیی و پشتاوپشت گۆڕا. ئامانج لەو کارەشی ئەوەبوو، تا دەسەڵات دوای خۆی نەچێتە ژێر دەستی هیچ بنەماڵە و کۆمەڵ و هێزێکی دیکەوە. لەمبارەیەوەش (ئیبن تەیمییە)ی زانای ئیسلامی (موعاویەی کوڕی ئەبی سوفیان)ی بە یەکەمین سوڵتانی مێژووی خەلافەتی ئیسلامی دانابوو.
پێناسەکەشی لەوەوە سەرچاوەی گرتبوو، کە ئەوەندەی پیاوی حکوومەت و سیاسەت بوو، ئەوەندە کەسێکی ئایینی و خوداپەرەست نەبوو. لە کاتێکدا پۆستی خەلافەت چەندە سیاسی بوو، دوو ئەوەندە ئایینی بوو. نەک هەر ئەوە، بەڵکوو لەنێو خەلیفەکانی دیکەی ئەم بنەماڵەیەدا، کەسانی مەیخۆر و داوێنپیس و خراپکار هەبوون. وەک ئەوەی (یەزیدی کوڕی موعاویە) حەزی بە ڕابواردن و مەیخواردنەوە و ئافرەت بوو.
(وەلیدی کوڕی یەزید)یش سەرباری ئەو حەزانە، سەما و گۆرانییشی هێنایە نێو کۆشکی خەلافەت. کوڕەکەیشی (یەزید) بە خەلیفەیەکی مەیخۆر و بەرباد ناسرا. دیارە ئەوەش لە کاتێکدا بوو، کە بەپێی چەندین دەقی قورئانی (مەیخواردنەوە و بازرگانیکردن پێوەی حەرام و قەدەغە بوو. لەمبارەیەوە لە سوورەتی (المائدە) ئایەتی (90)دا هاتووە (يا أيها الذين امنوا أنما الخمر والميسر والأنصاب والأزلأم ڕجس من عمل الشيطان، فأجتنبوه لعلکم تفلحون).
لەلایەکی دیکەوە، هەموو خەلیفەکان جگە لە (یەزیدی کوڕی وەلیدی کوڕی عەبدولمەلیک)، لە باوک و دایکەوە عەرەب بوون. دایکی ئەویش (شا فەرەند کچی فەیرووز کوڕی یەزدەگورد کوڕی شەهریار کوڕی کیسرا پەروێزی ساسانی) بوو. ئەمەو بەدرێژایی دەسەڵاتیشیان پۆستە باڵاکانی دەوڵەتیان لەسەر بنەماڵەکەیان و هۆز و تیرە و بنەماڵە عەرەبییەکانی نزیک بە خۆیان سنووردار کرد. ئەوەش وای لە هەندێک مێژوونووس و توێژەر کرد، دەوڵەتەکە بە خوێن و جەستە عەرەبی پێناسە بکەن.
تەنانەت هەر لەژێر ئەو کاریگەرییەشدا تۆماری دیوانەکانی دەوڵەتیان لە زمانی فارسی و ڕۆمییەوە بۆ سەر زمانی عەرەبی گۆڕی. دواتر سکەی پارەشیان بۆ زمانی عەرەبی گۆڕی و بە دەقێکی قورئانی پیرۆزیان کرد. ئەو کارانەش بۆ یەکەم جار بە فەرمانی خەلیفە (عەبدولمەلیکی کوڕی مەروان) و لەلایەن (حەجاجی کوڕی یوسفی سەقەفی)یەوە ئەنجام دران.
هەروەها خەلیفەکانی ئومەوی خۆیان و بنەماڵەکەیان بە باشترین بنەماڵە و عەرەبیشیان بە باشترین ڕەگەزی دەسەڵاتداری سەردەم دەزانی. لە کاتێکدا لە سوورەتی (الحجرات) ئایەتی (13)دا هاتبوو ( يا أيها الناس أنا خلقناکم من ذکر وأنثي وجعلناکم شعوبا وقبائل لتعارفوا أن اکرمکم عند الله أتقاکم أن الله عليم خبير) بەڵام ئومەوییەکان کاریان بەوە دەقە قورئانییەش نەکرد.
جیاواز لەوانەش، سنوور و دەسەڵاتی والییەکان زۆر فراوان و گەورە بوو. وەک ئەوەی (زیاد بن ئەبی) والیی ویلایەتی بەسڕە لە سەردەمی خەلیفە (موعاویەی کوڕی ئەبی سوفیان)دا، ویلایەتەکانی (خۆراسان، سەجستان، بەحرین، عومان)یشی پێ درا، لەکاتێکدا دەبوا (پێنج) ویلایەت بێت و بدرێتە (پێنج) کەسایەتیی دەوڵەتەکە، نەک یەک کەس. (زیاد)یش لەبەرانبەر ئەو چاکەیەی خەلیفە، (سەربازی)ی کردە ناچاری و زۆرەملێ و دەبوا هەموو کەسێکی ڕەگەزی نێر دوای باڵغبوونی، خزمەتی سەربازی بکات.
کاتێکیش (حەجاج کوڕی یوسفی سەقەفی) لەلایەن (عەبدولمەلیک کوڕی مەروان)ەوە کرایە والیی ئێڕاق، ویلایەتەکانی (سەجستان، خۆراسان، ئازەربایجان، جزیرە)ی پێ درا، چونکە پێی وابوو باشترین کەسە چارەسەری کێشەکانی ئەو ویلایەتانە بکات و لە هەموو نەیارانی دەوڵەت بدات. بە واتایەکی دیکە، متمانەی تەواوی پێی هەبوو. ئەمەو جگە لەوەیش، خودی (حەجاج) کەسایەتییەکی توند و ڕەق و پیاوکوژ بوو. سەبارەت بە پۆستە ئاساییەکانیش بوار بە کەسان و پێکهاتەکانی دیکە درا بەشداری لە دەسەڵاتەکەیان بکەن، بەڵام لەو بوارەشدا (کورد) هیچ پێگەیەکی لەو بەشداریکردنەدا پێ نەدرا و بێبەش کرا.
بەگشتی، لە ماوەی (91) ساڵی کۆچی و (89) ساڵی زایینیدا، تەمەنی ئەو دەوڵەتەدا (چواردە) ئەندامی بنەماڵە یەک لەدوای یەک گەیشتنە پایەی دەسەڵات، تا ئەو کاتەی دەوڵەتەکە لە (26ی زولحیجەی132ک) بەرانبەر بە (5ی ئابی750ز)، بەهۆی بنەماڵەیەکی عەرەبی دیکە، کە (عەباسییەکان) بوون، لێ دران. ئەوەش دوای ئەوەی دوایەمین خەلیفە (مەروانی کوڕی محەمەد) لە گوندی (بوصیر)ی خاکی میسڕ لەو ڕێکەوتەدا بە دەستی عەباسییەکان کوژرا.
بە کۆتایی دەسەڵاتی ئەوانیش، عەباسییەکان وەک بنەماڵەیەکی عەرەبی موسڵمانی دیکە شوێنیان گرتنەوە، ئەوانیش بە هەڵدانەوە و تێکدانی گوڕی خەلیفە و گەورەکانی بنەماڵەی ئومەوی و نزیکەکانیان، سووکایەتییان بەو بنەماڵەیە و لایەنگرانیان کرد. خاڵی گرنگیش ئەوە بوو، کە بەشێک لە کوردەکان پشتیوانییان لە بانگەشەی عەباسییەکان کرد و ڕۆڵیان لە سەرخستنیدا گێڕا. ئەوەش بەڵگەی ئەوە بوو، کە ئەوان دژ بە ئایینی ئیسلام و دەوڵەتی خەلافەت نەبوون، بەڵکوو دژ بەو دەسەڵاتدارانەی دەوڵەت بوون، کە ئامادە نەبوون وەک هاووڵاتیی ڕاستەقینە و پلە یەک سەیریان بکات. [1]