$خوێندنەوەیەک بۆ دەوڵەتی خەلافەتی ڕاشدی$
نووسینی: #کەیوان ئازاد#
کاتێک دەمانەوێت خوێندنەوەیەکی مێژوویی بۆ دەوڵەتی خەلافەتی ڕاشدی بکەین، دووچاری بۆچوونی جیاواز و جۆراوجۆر دەبین، هەر وەک تیڕوانینی کورد بۆ ئایینی ئیسلام و دەوڵەتی خەلافەتی ڕاشدی. هۆیەکانیش دیار بوون، لەلایەک ئەوانەی لە دیدگای ئایینی ئیسلامەوە بۆ دەوڵەتەکەیان ڕوانیبوو وایان پێناسە کردبوو، کە دوای (دەوڵەتی مەدینە) باشترین دەوڵەتی ئایینی بووە، کە سەرجەم بنەماکانی ئایینی ئیسلامیان تێدا پیادە کردبێت. ئەمەو جگە لەوەی (پێنج) لە دیارترین کەسایەتییەکانی ئیسلام و هاوەڵانی پەیامبەری ئیسلام (د.خ.) کاروباری دەوڵەتەکەیان بەڕێوە برد.
ئەوانیش (ئەبوبەکری سدیق/ ڕ.خ) یەکەمین خەلیفەی ئەم دەوڵەتە، کە نزیکترین هاوەڵی پەیامبەری ئیسلام (د.خ.) و هەروەها هاوەڵی بوو لە گەشتەکەیدا بۆ شاری (مەدینە) و لە هەمان کاتدا (عایشە)ی کچیشی، خێزانی پەیامبەر (د.خ.) بوو.
(عومەری کوڕی خەتاب/ ڕ.خ)، وەک دووەمین خەلیفەی دەوڵەتەکە، سەرباری نزیکیی لە پەیامبەر (د.خ.)، (حەفسە)ی کچیشی خێزانی پەیامبەر (د.خ.) بوو. واتا هەردوو خەلیفە (ئەبوبەکر و عومەر) لە خەزوورانی پەیامبەری ئیسلام (د.خ.) بوون.
هەرچی د.خ..ی خەلیفەی سێیەمە (عوسمانی کوڕی عەفان/ ڕ.خ) جیاواز بوو. ئەو سەرباری ئەوەی لە بنەماڵەی ئومەوی بوو، هەموو سامانەکەی بۆ سەرکەوتنی ئایینی ئیسلام خستە کار. لە نزیکایەتیشی بۆ پەیامبەری ئیسلام (د.خ.)، هەردوو کچەکەی پەیامبەر (د.خ.) بە ناوەکانی (ڕقیە، ئوم کەلسوم) یەک لەدوای یەک بوونە خێزانی. واتە ئەمیان زاوای پەیامبەری ئیسلام (د.خ.) بوو.
چوارەمین خەلیفەی دەوڵەتەکەش (عەلی کوڕی ئەبی تاڵیب/ ڕ.خ) بوو، سەرباری ئەوەی کوڕی مامی پەیامبەری ئیسلام (د.خ.) بوو، زاواشی بوو، چونکە (فاتیمە)ی کچی پەیامبەر (د.خ.) خێزانی عەلی بوو. (حەسەنی کوڕی عەلی/ ڕ.خ)یش کچەزای پەیامبەری ئیسلام (د.خ.) بوو. هەموو ئەمانەش بەو مانایە بوون کە ئەو (پێنج) خەلیفەیەی دەوڵەتەکە، لە نزیکەکانی پەیامبەر و وەک یەک خێزان وا بوون. تەنانەت لەسەر زاری پەیامبەرەوە، لەلایەن پەروەردگارەوە مژدەی بەهەشتیان پێ درابوو.
هەر بۆیە هەر گلەیی و ڕەخنەیەک لەو خەلیفانە، لەلایەن موسڵمانانەوە لەسەر هەر بنەما و پاساوێک، قبووڵکراو نەبوو. تەنانەت ڕێگایان نەدا هیچ کەس و لایەنێک ڕەخنەیان لێ بگرێت. ئەمەو بۆ هەر ڕووداوێکی سەردەمەکەشیان پاساوی ئایینییان بۆ دانان.
جیاواز لەوانیش، ئەوانەی موسڵمان نەبوون، لە دیدگای ئایینیی خۆیانەوە بۆ دەوڵەتەکەیان ڕوانی و وەک هەر دەسەڵاتێکی سیاسیی مێژوو سەیریان کرد، چونکە خەلیفەکانی ئەو دەوڵەتە بۆ ئەوان و ئایین و دیدگاکەیان ئەو پیرۆزییەی موسڵمانەکانی نەبوو.
هەرچی ئەوانەش بوون کاری زانستی و ئاکادیمییان لەسەر مێژووی ئەو دەوڵەتە، یان سەردەمی یەکێک لە خەلیفەکان کرد، ئەگەر کارەکە بەتەواوی زانستی بووبێت و حسیاب بۆ پیرۆزی و لایەنی ئایینی نەکرابێت و وەک دەسەڵاتدار سەیری خەلیفەکان و دەوڵەتەکەیان کردبێت، نە وەک کەسایەتیی ئایینی و دەوڵەتی خەلافەت، ئەوا وەک هەر دەوڵەتێکی ئاسایی سەیریان کرد و پیرۆزیان نەکرد، بەڵام ئەگەر دیدگای ئایینی بەسەر کەسەکەدا زاڵ بووبێت، ئەوا ئاسایی وەک (دوو) بۆچوونەکەی پێشووتر سەیر کرا.
لەو نێوەندەشدا، کوردەکانیش یەک بۆچوونیان نەبوو، بەڵکوو ئەوانەی لە دیدگای باوەڕی ئایینی ئیسلامییەوە بیریان کردووە، وەک کۆمەڵی یەکەم لە خەلیفەکان و دەوڵەتەکەیان ڕوانی. ئەوانەیشی موسڵمان نەبوون و باوەڕداری یەکێک لە ئایینەکانی (ئێزدی، کاکەیی، جوو، زەردەشتی، کریستیان، مانی، مەزدەک، ...تاد) بوون، دیدگا و تێڕوانینیان وەک هەر دەوڵەتێکی ئاسایی بوو، ئەگەر بە چاوی دژ سەیریان نەکردبێت، چونکە لە قۆناغێکدا زیانی بە ئایین و پەیڕەوەکانیان گەیاند. ئەو کوردانەیشی کاری زانستییان لەسەر کرد، ئەگەر باوەڕی ئایینی باڵی بەسەر بیرکردنەوە و هەستەکانیاندا نەکێشابێت، وەک هەر دەوڵەتێکی ئاسایی لێیان ڕوانی و باسی هەردوو لایەنی باش و خراپەکانی ئەوانیان کرد.
لێرەوە ناکرێت یەک خوێندنەوە بۆ ئەو دەوڵەتە بکرێت، چونکە لای هەموو پێکهاتەکان وەک یەک سەیر نەکرا، بەڵام دوور لە لایەنگری بۆ هیچ یەک لەو بۆچوونانە و پەیڕەوانیان، ناکرێت خوێندنەوەیەکی واقیعی بۆ ئەو دەوڵەتە نەکەین. تەنانەت ئەوانەیشی لە دیدگای ئایینی ئیسلامەوە لەو خەلیفانە و دەوڵەتەیان ڕوانی و دەرگای ڕەخنە و گلەییان لەسەر خەلیفەکان و دەوڵەتەکە د.خ..ست، هەڵەیان کرد، چونکە لە مێژوودا هیچ مرۆڤێک وەک بەندەیەکی خودا بێ هەڵە نەبووە، تا ئەو هاوەڵانەی پەیامبەری خودا هەڵە نەکەن.
تەنانەت پەروەردگار بە گەورەیی خۆی ڕەخنەی لە پەیامبەرەکەی (د.خ.) گرتووە، کاتێک لە سوورەتی (عبس) و لە ئایەتەکانی (1-3)دا فەرموویەتی (عبس وتولي، أن جاءه الاعمي، وما يدريک لعله يزکي). دیارە کاتێک پەیامبەری خودا هەڵەی کردبێت و پەروەردگار هۆشداریی پێ دابێت، ئەی بۆ دەبێت ئەو خەلیفانە و هاوەڵانی پەیامبەری ئیسلام (د.خ.) لەو ماوەیەدا هەڵە نەکەن و تەواوی کارەکانیان ئایینی و بێ کەموکوڕی بێت؟
بۆیە بەو پێوەرانە (دەوڵەتی خەلافەتی ڕاشدی) وەک هەر دەوڵەتێکی تر دامەزراوە و قەوارەیەکی سیاسی، هەڵەی کردووە و کاری توند و پێچەوانەی یاساکانی ئیسلام و دەوڵەتی مەدینە کردووە. تەنانەت مافی هەندێکی داوە و مافی هەندێکیشی خواردووە. بە قازانجی ئایینێک و پەیڕەوانی ئایینێک کاری کردووە و لە مافی هەندێک و پەیڕەوانی هەندێک ئایینی داوە. بەو هۆیەش، ئاساییە یەکەمین دەوڵەتی خەلافەت بێ هەڵە و کەموکوڕی نەبووە. لانی کەم هەڵە و کەموکوڕی نەبوایە، (سێ) خەلیفەی دەوڵەتەکە تیرۆر نەدەکران. دوانیان لە مزگەوتی ماڵی خودا، یەکێکیشیان لە ماڵی خۆی و لە کاتی قورئان خوێندندا، هەموو ئەوانەش پێمان دەڵێن، کە ئەو دەوڵەتە و خەلیفەکانی بێ کێشە و کەموکوڕی و نەیاری ناوخۆیی و هەروەها دەرەکییش نەبوون. [1]