$میسیار وەک فریادڕەس$
نووسینی: #ئادەم بێدار#
لەو ڕۆژانەدا بابەتی هاوسەرگیریی میسیار، بووەتە بابەتێکی گەرمی ناو خەڵک، لە میدیا و سۆشیاڵ میدیاش قسە و باسی زۆری لەسەر دەکرێت، مامۆستایانی ئایینی ئیسلام و شەرعزانانیش بۆچوونی جیاوازیان هەیە، ئەنجوومەنی باڵای فەتوای هەرێمی کوردستانیش لەو بارەوە ڕوونکردنەوەیەکی بڵاوکردووەتەوە، بە پێویستی دەزانم هەڵوەستەیەک لەسەر ئەو بابەتە بکەین.
$میسیار وەک هاوسەرگیرییەکی شەرعی:$
هاوسەرگیریی میسیار یەکێک لەو جۆرە هاوسەرگیرییانەی لە وڵاتانی کەنداو باون، لێرەش قسە و باسی لەسەر هەبووە و بەرەو زۆربوون دەچێت، هاوکات جێی مشتومڕیشە لە ڕووی شەرعەوە.
میسیار دەستەواژەی سەردەمە بۆ جۆرە هاوسەرگیرییەک بەکار دەهێندرێت کە لە کۆندا بە هاوسەرگیریی ڕۆژانە ناونراوە، چونکە ئەو کات ژن و پیاوەکە تەنیا لە ڕۆژدا یەکتریان دەدیت، بەو واتایەی مانەوەی شەوی تێدا نەبوو، وەک ئەوەی زانایانی سەردەم پێناسەی دەکەن میسیار بریتییە لە هاوسەرگیرییەکی درووست کە سەرجەم بنەما و پێوەرە شەرعییەکانی تێدایە، لەگەڵ ئەوەی ئافرەتەکە واز لە هەندێک مافی خۆی دەهێنێت بۆ پیاوەکەی.
زانایانی سەردەمی وەک قەرزاوی، عەلی جومعە، خانەی فەتوای میسر، ئیبن باز و..هتد فەتوایان داوە بە ڕەوایەتی ئەو جۆرە هاوسەرگیرییە، بەو مەرجە سەرجەم مەرج و بنەما شەرعییەکانی تێدابێت، وەک: ڕەزامەندی هەردوو کەسەکە، مارەیی ئەگەر کەمیش بێت، بەڵام، شایەت و هەمیشەیی.
هاوسەرگیریی میسیار هەموو بنەما و پێوەرە شەرعییەکانی تێدایە، تەنیا جیاوازی لەگەڵ هاوسەرگیرییەکی ئاسایی ئەوەیە: ژنەکە لە مارەیی و خەرجی ڕۆژانە و خەوتنی شەوانە (مبیت) و فەراهەمکردنی شوێنی حەوانەوەی خۆش دەبێت، لە ڕووی شەرعیشەوە -وەک ئەو زانایانە ڕوونیان کردووەتەوە- ئەو شتانە مافی ئافرەتەکەن، مرۆڤیش ئازادە لەوەی چۆن مامەڵە بە مافەکانیەوە بکات، لەبەرئەوە ئافرەتەکە بۆی هەیە گەردنی پیاوەکە ئازاد بکات لەو شتانە و لێی خۆش بێت و داوای نەکات، ئەوکات ئافرەت و پیاوەکە بەردەوام شەوانە بەیەکەوە نابن و بە بەردەوامی لە یەک ماڵ بەیەکەوە ناژین.
$میسیار لە کوردستان ڕوو لە زیادبوونە:$
بەپێی بەدواداچوونەکان، هەفتانە 8-10 هاوسەرگیریی میسیار دەکرێت، بەڵام لە هەرێمی کوردستان بەپێی بەدواداچوونەکانم لەگەڵ ئەو کەس و مامۆستا ئایینییانەی ئەو جۆرە هاوسەرگیرییە مارە دەبڕن، هەفتانە لە دوو حاڵەت زیاتر نییە، بەڵام ئەو ژمارەیە لە کاتێکدایە ئەوانەی ئەو کارە دەکەن ئاگایان لە یەکدی نییە، بەو واتایەی ئەوانە هەر یەکە و ژمارەکە لەسەر بنەمای بەرکەوتنەکانی دەدرکێنێت، لەو بارەوە پرسیارە جەوهەرییەکە ئەوەیە: ئەگەر هەموو ئەو ژمارانە کۆبکەینەوە تۆ بڵێی بگاتە چەند؟
$پلاتفۆرمی بە یەکگەیشتن:$
لە وڵاتانی کەنداو ئەپڵیکەیشنی تایبەت هەیە بۆ بەیەکگەیشتنی ئەو ژن و پیاوانەی دەیانەوێ بەو جۆرە هاوسەرگیری بکەن، لە سعودیە پلاتفۆرمی خگابین سەکۆی بە یەکگەیشتنی خوازیارانە، مسیارکم یەکێکی دیکەیە لەو ئەپڵیکەیشنانەی تایبەتە بە دۆزینەوەی هاوژینە دڵخوازەکانی میسیار، لە هەندێ وڵاتی دیکە نووسینگەکانی ڕێکخستنی هاوسەرگیری ئەو کارە دەکەن، بەڵام لە هەرێمی کوردستان پلاتفۆرمێکی تایبەت بە هاوسەرگیریی میسیار نییە، ئەوانەشی بەو شێوەیە هاوسەرگیرییان کردووە بەدەر نین لە شێوازە باوەکانی یەکتر ناسینی نێو کۆمەڵگە.
$فرەژنیش زۆر قورسکراوە:$
هۆکارێکی دیکەی زۆربوونی میسیار لە کۆمەڵگە بە شێوەی نیمچەنهێنی بابەتی فرەژنییە، یاسای باری کەسی لە هەرێمی کوردستان لە ساڵی 2008دا هەموار کرایەوە، لە هەموارەکەدا کۆمەڵێک مەرج وەک کۆتکردنی فرەژنی دانران، ئیتر بابەتی فرەژنی زۆر قورس بووە، ئەمەش وایکردووە ئەوانەی مەبەستیانە ژنی دووەم یان سێیەم بێنن دەبێ یان ڕێگەی خانەقین، شێخان و مەخموور بگرنە بەر، یانیش بە نهێنی کارەکە بکەن و دواتریش سەرئێشەی زۆریان دێتە ڕێ، وادیارە زۆربەیان میسیار وەک فریادڕەس دەبینن.
$رزگاربوون لە لەشفرۆشی:$
دیاردەی لەشفرۆشی لە هەرێمی کوردستان تا دێت زیاتر دەبێت، لێرە زۆربەی خەڵک بەهەر هۆکارێک بێت کە ناتوانن هاوسەرگیری ئاسایی بکەن، مەترسی کەوتنە داوی لەشفرۆشییان لەسەرە، دەکرێ لەبری پەنابردن بۆ لەشفرۆشی کە مەترسیی زۆری هەیە لەرووی تەندرووستی و ئابووری و کۆمەڵایەتییەوە، لەرووی ئایینیشەوە ڕێگەپێدراو نییە، دەکرێ میسیار وەک چارەسەر سەیر بکرێت، چونکە سرووشتی مرۆڤ وایە ئارەزووی هەیە، هاوکات پێویستی بە ڕەگەزی بەرانبەرە لەرووی هەست و سۆز و سێکسییەوە، ئەمەیش سەرەڕای ئەوەی لەشفرۆشیدا نییە و مەترسیشی زۆرە، بەڵام دەکرێ لە هاوسەرگیریی میسیاردا ئەوانەی دەست بکەوێت.
$میسیار وەک چارەسەر:$
ئەوانەی ڕوو لەو جۆرە هاوسەرگیرییە دەکەن، هیچ دەرچەیەکی دیکەی شەرعییان نەماوە جگە لە میسیار، ئەوە قسەی مامۆستایەکی ئایینیی ئیسلامییە کە ئەو جۆرە هاوسەرگیرییە مارە دەبڕێت، من کە بۆ نووسینی ئەو وتارە قسەم لەگەڵی دەکرد، باسی ئەوەی دەکرد بەهۆی زۆربوونی قەیرە و ژنی بێهاوسەر، هاوکات ترسیشیان لە خودا و پابەندبوونیان بە پرەنسیپەکانی ئایینی ئیسلام، خەڵکانێک هەن پەنا بۆ میسیار دەبەن، ئەوانە وەک مامۆستا ئایینییەکە پێمی گوت: لەرووی ئابوورییەوە هیچ کێشەیان نییە، خەڵکی دیندارن، بەهۆی نەمانی هاوسەر یان بە تەمەندا چوونیان ناتوانن هاوسەرگیریی ئاسایی بکەن، پێویستیشیان بە هاوسەرێکە هەست و سۆز و خۆشەویستی لەگەڵ بەش بکەن، ئەمانە وایان لەو کەسانە و مامۆستا ئایینییەکەش کردووە میسیار وەک چارەسەر و بگرە فریادڕەس ببینن.
ئەو مامۆستا ئایینییە نموونەی ئافرەتێکی بەمشێوەیە بۆ باسکردم: ئافرەتێک هاتە لام سوێندی خوارد زۆر پابەندە بە ئایین و دووشەممە و پێنجشەممە بەڕۆژوو دەبێت، هیچ پێویستی بە هاوکاریی ماددی نییە، خۆی خانوو و ئۆتۆمبێلی هەیە و پێداویستی ژیانی تەواوە، تەنیا بۆشایی خۆشەویستی و ڕۆمانسییەتی هەیە، نایەوێ ڕوو لە پەیوەندیی ناشەرعی بکات، لەبەرئەوە پەنای بۆ میسیار هێناوە.
ئەوانەی پەنا بۆ ئەو جۆرە هاوسەرگیرییە دەبەن بەتەمەنن، یان هاوژینیان لە دەستداوە، ناشتوانن پەیوەندیی ناشەرعی ببەستن لەلایەک لەبەر ئایینەکەیان ڕێگەیان پێنادات، لەلایەکەی دیکە لەبەر کەسایەتی و عەیبەی کۆمەڵگە و ئەو مەترسییانەی ڕووبەڕوویان دەبێتەوە.
$میسیار بە نیمچەنهێنی:$
لەبەرئەوەی لە ڕووی کۆمەڵایەتییەوە هێشتا عەیبەیە و وەک پەڵەیەکی ناشرین مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت لە کۆمەڵگەی ئێمە، ئەوانەی پەنا بۆ ئەو جۆرە هاوسەرگیرییە دەبەن بە ئامادەبوونی شایەت و لەلایەن مامۆستای ئایینی پڕۆسەی مارەبڕینەکەیان بۆ دەکرێت، بەڵام هاوسەرگیرییەکەیان بەناو خەڵک بڵاوناکەنەوە و خەڵک پێیان نازانن، زۆرجاریش بەبێ ئاگاداری سەرپەرشتیاری ئافرەتەکە ئەو کارە دەکرێت، بەڵکوو شایەتەکان لەلایەن پیاوەکەوە دەهێندرێن، ئەوانیش بابەتەکە بە نهێنی لەنێوان مامۆستای مارەبڕ و هەردوو هاوسەرەکە دەهێڵنەوە، مامۆستاش لەرووی شەرعییەوە کێشەی بۆ جۆرە ئافرەتێک نییە، چونکە بەپێی شەرع ئەو ئافرەتانەی پێشتر هاوسەرگیرییان کردووە و لە کۆمەڵگەی ئێمە بە بێوەژن دەناسرێن خۆیان مالک النفسی خۆیانن، بۆیان هەیە خۆیان ئەرکی خۆیان ڕایی بکەن و بۆ گرێدانی گێربەستی هاوسەرگیری پێویستیان بە مۆڵەتی سەرپەرشتیار ولییە و پیاوەکانیان نییە، ئەمەش سەرکێشییە و ئاشکرابوونی بەدەر نییە لە درووستبوونی کێشەی کۆمەڵایەتی، بەڵام ئەگەر شەرعزانان بۆ خەڵک ڕوونی بکەنەوە کە بابەتەکە شەرعییە و یاساشی بۆ دەربکرێت و بەشێوەیەکی ئاشکراش پڕۆسەکە بکرێت، ئەوکات ئەو مەترسی و کێشانەی نابێت.
$ئەنجوومەنی فەتوا خۆی یەکلانەکردەوە$
ماوەیەکی زۆرە ئەنجوومەنی باڵای فەتوا لە هەرێمی کوردستان لەو بابەتە خۆی بێدەنگ کردبوو، بەهیچ شێوەیەک قسەی لەسەر ئەو جۆرە هاوسەرگیرییە نەدەکرد، دواجار ڕۆژی 31-08-2022 ڕوونکردنەوەیەکی لەبارەی میسیارەوە بڵاوکردەوە، لەو ڕوونکردنەوەدا هاتووە: ئێمە لە ئەنجوومەنی باڵای فەتوای یەکێتیی زانایان سەرنجی موسڵمانان و هاووڵاتییان بۆ ئەو ڕاستییە ڕادەکێشین، کە ئەو هاوسەرگیرییە پێچەوانەی عورفی کۆمەڵگەی کوردییە و بۆ کۆمەڵگەی ئێمە گونجاو نییە و بە پەسندی نازانین بەهۆی نەگونجانی لەگەڵ مەقاصیدەکانی هاوسەرگیری لە ئیسلامدا. هەر بۆیە داواکارین لە زانایانی ئایینی بەڕێز خۆیان لە ئەنجامدانی گرێبەستی ئەو هاوسەرگیرییە بە دوور بگرن.
من تێناگەم ئەو ئەنجوومەنە بۆ بەڕوونی خۆی یەکلاناکاتەوە پێمان بڵێت، ڕێگەپێدراوە یان قەدەخەکراو؟ دەکرا بەڕوونی بڵێن حەڵاڵ و ڕێگەپێدراوە، بەڵام ئێمە وای بۆدەچین، ئینجا ئەرێ دەکرێت شتێکی شەرعی لەبەر عورفی کۆمەڵگە ببێتە ناشەرعی؟ ئەگەر دەبێتە ناشەرعی بۆ بەڕوونی پێمان ناڵێن ناشەرعییە؟
$میسیار هاوسەرگیرییەکی شەرعی نایاساییە:$
لە هەرێمی کوردستان یاسایەکی تایبەت نییە بۆ میسیار، شێخ ئاریان بەرزنجی، دوو جار هەوڵیداوە بە یاسایی بکات، جارێکیان لە ساڵی 2007 و جاری دووەمیش لە 2019، ئەو کە ناوی لە میسیار ناوە هاوسەرگیریی سەردەم ڕەشنووسێکی ئامادەکردووە و هەردوو جار پێشکێشی پەڕڵەمانی کوردستانی کردووە، لەگەڵ فراکسیۆنەکانیش قسەی کردووە، وەک ئەوەی دەیڵێت ئەوان لەگەڵ ئەوەن میسیار یاسای بۆ دەربکرێت، بەڵام لەبەر کاردانەوەی خەڵک بە ئاشکرا پشتگیرییەکەیان دەرنابڕن.
$کێشە و گرفتەکان:$
ئێستا هاوسەرگیریی میسیار لە هەرێمی کوردستان ئەو کێشە و گرفتانەی هەیە:
شەرعی: ئەگەرچی ئەو هاوسەرگیرییە شەرعییە بەو مەرجەی بەئاشکرا بکرێت، بەڵام لە هەرێمی کوردستان تائێستا لەڕووی شەرعییەوە قسە و باسی لەسەرە، بەشێک لە مامۆستایانی ئایینی مارەی دەبڕن و بەشێکیش نا، ڕەنگە بەشێوازی جیاوازیش پڕۆسەکە بکرێت.
یاسایی: میسیار لە هەرێمی کوردستاندا یاسایی نییە، لەبەرئەوە هیچ جۆرە مافێک لەو بەیەکگەیشتنەدا پارێزراو نییە، بەتایبەت هەر منداڵێک لەو جۆرە هاوسەرگیرییە بهێندرێتە دنیا داماو دەبێت.
کۆمەڵایەتی: لە ڕووی کۆمەڵایەتییەوە ئەو جۆرە هاوسەرگیرییە نامۆیە بە کۆمەڵگەیەکی خۆپارێز، ئەمەیش وایکردووە کارەکە زۆربەی کات بە نهێنی بهێڵدرێتەوە و نەتوانرێت لەبەر قسە و قسەلۆک و لۆمەی خەڵک بەئاشکرا بکرێت، سەرەنجامیش گرفتی کۆمەڵایەتی لێدەکەوێتەوە. [1]