$کورد لە سەرەتای دەوڵەتی خەلافەتی ئومەویدا$
نووسینی: #کەیوان ئازاد ئەنوەر#
کاتێک دەمانەوێت سەنگ و پێگەی کورد لە سەردەمی دەوڵەتی خەلافەتی ئومەوییدا دیاری بکەین، دووچاری سەرسوڕمان دەبین بەوەی ناوی سەرجەم خەلیفە و بەرپرسانی دەوڵەت و سەرکردەی جووڵانەوە و ڕاپەرین و شۆڕشەکانی دژ بە دەوڵەت و سەدان بەرپرس و کەسایەتیی دیکەی سەردەمەکە لە لاپەڕەکانی مێژوودا تۆمار کراون، کەچی ناوی یەک سەرکردە و کەسایەتیی کوردمان دەست ناکەوێت، کە ڕۆڵی لە ڕووداوەکانی سەردەمەکەدا بووبێت!
ئەوەش لە کەمتەرخەمیی مێژوونووسان و گەشتیارانی سەردەمەکە و دواتر بووبێت، کە زانیاریی وایان بۆ تۆمار نەکردین، یان لە کەمتەرخەمیی خودی کورد بووبێت کە نەیانتوانی ئاوڕێک لەو لایەنە بدەنەوە و ئەو ناوانە تۆمار بکەن، کە لەو سەردەمەدا ڕۆڵیان هەبوو، یان هەڵەیەک بووبێت و بەسەر ئەواندا تێپەڕیبێت، کە ناو و زانیاریی لەسەر ڕۆڵی کورد لەو سەردەمەدا بدەن، یان لەو سەردەمەدا کوردێک نەبوو بە پۆستێکی باڵا، یان ئاسایی بگات، تا تۆماری بکەن! بەسەر ئەوان و ڕووداوەکانی مێژوودا تێپەڕی.
هەر بۆیە کەمترین زانیاریمان لەسەر ئەو سەردەمە پێ گەیشت، کە (سێ) هێندەی تەمەنی دەوڵەتی خەلافەتی ڕاشدی بوو.
جارێ بەر لە هەر شتێک، پێویستە ئاماژە بەوە بکەین، کە لەو سەردەمەداو لەنێو کوردەکاندا، وەک تێکڕای پێکهاتەکانی نێو دەوڵەتانی خەلافەتی ئیسلامی، (دوو) جۆر پێکهاتە هەبوو. یەکەمیان ئەوانە بوون کە موسڵمان بوون و باوەڕیان بە ئایینی ئیسلام هێنابوو و وەک تێکڕای کۆمەڵە ناعەرەبەکان، بە (مەوالی) ناسرابوون. دووەمیان ئەوانە بوون، کە موسڵمان نەبوون و سەر بە باوەڕێکی ئایینیی دیاریکراو بوون، وەک (ئێزدی، کاکەیی، جوو، زەردەشتی، کریستیان، مانی، مەزدەک...تاد) و (أهل الذمە)یان پێ دەگوترا.
بەو پێیەیش، پەیڕەوی ئەو ئایینانە لە هەرێم و مەڵبەندە کوردنشینەکاندا هەبوو، بۆیە لە ڕووداوە سیاسییەکانی دەوڵەتەکەدا دوورەپەرێز نەبوون. لەو چوارچێوەیەدا، کوردەکان وەک پێکهاتەیەکی مەوالیی نێو دەوڵەتەکە، تەنیا خاوەنی یەک ئایین، یان یەک ئایینزا نەبوون، بەڵکوو بەسەر چەندین ئایین و ئایینزادا دابەش بوون. واتە ئەوانەی موسڵمان نەبوون و خاوەنی پەڕتووک بوون و لەسەر باوەڕە کۆنەکەیان مانەوە، وەک پەیڕەوانی (جوو، زەدەشتی، کریستیان، سابئەی مەندائی) باجی جزیەیان لێ وەرگیرا. ئەم باجەش بۆچوونی جیاوازی لای خەلیفەکانی ئومەوی لێ کەوتەوە. وەک ئەوەی زۆربەی خەلیفەکانی ئومەوی باجی جزیەیان لەسەر ئەوانە لانەبرد، کە باوەڕیان بە ئایینی ئیسلام هێنا، بەڵکوو لەپاڵ (جزیە)دا، باجی خەراجیشان بەسەردا سەپاندن.
ئەو بڕیارەش بەتوندی لەلایەن (حەجاج) کاری پێ کرا. تاکە خەلیفەیەکی ئومەویش کاری بەم یاسایە نەکرد (عومەری کوڕی عەبدولعەزیز) بوو کە بە موسڵمانبوونی کەسەکە باجەکەی لابرد. تەمەنی دەسەڵاتی ئەویش تەنیا (دوو) ساڵ بوو. بەوەش لە کۆی (89) ساڵی تەمەنی ئەو دەوڵەتە، تەنیا (2) ساڵ باجی جزیە لەسەر ئەوانە لاچوو، کە موسڵمان بوون. ئەوانەیشی خاوەن پەڕتووک نەبوون، لە دیدگای دەوڵەتی خەلافەتەوە وەک ئایینەکانی (بتپەرەستان، ئێزدی، کاکەیی، مانی، مەزدەک، ...تاد) شەڕیان کرا و دژایەتیکردنیان بە ڕەوا زانرا.
بە بڕوای (ئەبوو یوسف)یش موسڵمانەکان تەنیا لە بەرانبەر پێنەدانی (باجی جزیە) شەڕی جوو و کریستیان و زەردەشتی و سابئەی مەندائییەکان و ئەوانەی دیکەیان نەکرد، بەڵکوو لەبەر ئەوە شەڕیان کردن، چونکە دژ بە سیاسەت و بەرژەوەندییەکانیان بوون‘‘. هەر بۆیە دژایەتیی ئەوانیش لە تێڕوانینی دەوڵەتی خەلافەتەوە بە ڕەوا زانرا. واتە ئایین و باوەڕ گرنگ نەبوو، بە ئەندازەی ئەوەی گوێڕایەڵی و ملکەچی بۆ ئەرک و داواکانی دەوڵەت گرنگ بوو. ئەوەش کەوتبووە سەر ئاستی باوەڕ و بۆچوون و تێگەیشتنی ئەو خەلیفە و فەرماندە سەربازییە عەرەب و موسڵمانانەی لە دەقەکانی قورئان و فەرموودەکانی پەیامبەر (د.خ)، چونکە هەریەک لەوان بۆچوونی جیاوازیان لەسەر ئەو دەقانەی قورئان و فەرموودەکانی پەیامبەر (د.خ) و ڕووداوەکان هەبوو.
لەلایەکی دیکەوە، کۆمەڵگای کوردی لەو سەردەمەدا وەک پێشووتر لە (کۆچەری و گوندنشین و شارنشین) پێکهاتبوون. سامان و دارایی کۆچەرییەکانیش چەندین جۆر ئاژەڵی وەک (مەڕ، بزن، مانگا، گا، ئەسپ، ماین، گوێدرێژ) بوو. گوندنشینەکانیش کە زۆرینەی دانیشتوانی کورد ئەو سەردەمیان پێکهێنابوو، لەسەر کشتوکاڵ و سامانی ئاژەڵ دەژیان و شارنشینەکانیش سەرقاڵی کاری بازرگانی و چەندین پیشەی دیکە بوون، کە وەک پێکهاتەیەکی سادەی دەوڵەت و دوور لە دەسەڵات و کاروبارەکانی خۆیان بەڕێوە دەبرد. هەموو ئەوانیش هیچ پۆستێکی ئایینی و سیاسی و کارگێڕی و تەنانەت سەربازییشیان پێ نەدرا، جگە لە بەشداریی بەشێکیان لە پێکهاتەی سوپای ئومەویدا، تا لە لێدانی شۆڕش و ڕاپەڕین و جووڵانەوە ناوخۆییەکانیاندا بەکاریان بهێنن. تەنانەت ئومەوییەکان بەلایانەوە ڕەوا نەبوو هاوسەرگیری لەگەڵ ئەواندا بکەن، چونکە بە توێژێکی نزمتر لە خۆیان دەزانین.
هەر بۆیە بارودۆخەکەیان وەک سەردەمی پێشتر گۆڕانکاریی بەسەردا نەهات، تەنیا ئەوەندە نەبێت، کە دەبوا ملکەچی ڕێسا و یاساکانی دەوڵەتی نوێ بن. ئەو پەراوێزخستنەش هۆکاری ئەوە بوو، ڕوو لە هەر جووڵانەوە و ڕاپەڕین و شۆڕشێک بکەن کە دژ بەو دەوڵەتە و بەرپرسانی بکرێت. دیارە لەگەڵ ئەوەی مەوالییەکان بە کوردیشەوە، لە ڕووی ژمارە و مەڵبەندەکانیانەوە زۆر لە پێکهاتەی عەرەبەکان زیاتر بوون، کەچی هیچ دەسەڵاتێکیان نەبوو. ئەوەش بەدەر لەوەی لەنێو خودی ئەواندا کەسانی بازرگان و پیشەوەر هەبوون، جگە لە خەڵکانی کاسبکار لە شارەکان و توێژی جووتیاران لە گوندەکان.
هەر بۆیە بەو هێزە کۆمەڵایەتی و ئابوورییەوەی هەیانبوو، ئەوانی هان دا دەست بدەنە ڕاپەڕین و شۆڕش. هۆکاری سەرەکیی پەنابردنی ئەوانیش بۆ ئەو ڕاپەڕین و شۆڕشانە، دڵڕەقیی بەرپرسانی ئومەوی و مامەڵەی خراپی ئەوان بوو لەگەڵیان، لەپاڵ ئەو باجە زۆرەی خرابووە سەریان. بەڵگەی ناڕەزایی ئەوانیش وەک مەوالییەکانی دیکە لە چەندین سیاسەتی چەوتی ئومەوییەکانەوە سەرچاوەی گرتبوو، کە هۆکاری سەرهەڵدانی چەندین جووڵانەوە و شۆڕش بوون بە ڕوویاندا. ئەو ڕاپەڕین و شۆڕشانەش لەلایەن خۆیانەوە نا، بەڵکوو لەلایەن چەندین سەرکردەی کۆمەڵەکانی خەوارج و شیعەوە پێشەوایەتی دەکران.
لێرەوە (کورد) بە هەموو پێکهاتەکانییەوە، ڕووبەڕووی سیاسەتی ئەو دەوڵەتە و بەرپرسەکانی بوونەوە، کە ئاڕاستەیان کرا. یەکێک لەو سیاسەتانەش دەرهەق بە (کورد) کرا، بەعەرەبکردنی مەڵبەندەکەیان بوو، چونکە ئومەوییەکان هاوکاری و پشتیوانیی کۆچکردنی هۆز و تیرە و خێڵە عەرەبییەکانیان بۆ ناوچە کوردییەکان کرد. هەر بۆیە بەشێک لە کوردەکان، کە مەڵبەندەکانیان کەوتە بەر مەترسیی ئەو سیاسەتە، دەبوا شەڕی ئومەوییەکان بکەن، چونکە لەلایەک مەڵبەند و مافەکانیان زەوت کرابوو، لەلایەکی دیکەوە خاوەنی وڵاتێکی یەکگرتوو نەبوون، تا خۆیانی تێدا سەردەستە و خاوەن بڕیار ببینن.
دیارە ئەوەش لەکاتێکدا بوو، کە لەو دەوڵەتەدا مەڵبەندە کوردییەکان و خاکەکەی پێگەیەکی گرنگی دەوڵەتەکە بوون، لەوانە هەرێمەکانی (چیا، جزیرە، ئازەربایجان، فارس). ئەمەو ئەو ناوچانە بەهۆی سەختییان و دوورییان لە (دیمەشق)ی پایتەختی دەوڵەت، بەتایبەت هەرێمەکانی (فارس، چیا، ئازەربایجان)، هۆکاری پەناهێنان و کۆبوونەوەی چەندین کۆمەڵ و پێکهاتەی جیاجیای نەیار بە دەوڵەت بوون. هەر بۆیە ئەوەش ململانێی نێوان کورد و بەرپرسانی ئومەویی توندتر کردەوە. [1]