$کۆمەڵەی خەواریج و تێڕوانینیان بۆ دەوڵەت و بنەماڵەی ئومەوی$
نووسینی: #کەیوان ئازاد ئەنوەر#
ڕەگوڕیشەی زاراوەی (خەواریج) وەک ناوێک بۆ ئەم کۆمەڵەیە بۆ وشەی (خرج) واتە (دەرچوون) دەگەڕێتەوە. ئەوەش کاتێک دەرچوونیان لە دەسەڵاتی خەلیفەی چوارەمی ڕاشیدی (عەلی کوڕی ئەبی تالیب/ ڕ.خ) ڕاگەیاند و دادوەرییان لەگەڵ (موعاویەی کوڕی ئەبی سوفیان) والیی شام ڕەت کردەوە.
واتە ئەگەر خەلیفە (عەلی کوڕی ئەبی تالیب/ ڕ.خ)، تا دوا وێستگە شەڕی (موعاویەی کوڕی ئەبی سوفیان)ی بکردایە، دژایەتییان نەدەکرد و ڕیزەکانی سوپاکەیان بەجێ نەدەهێشت. هەر بۆیە هەڵوێستی توندیان لە خەلیفە، بەهۆی سازشکردنی بوو بۆ (موعاویەی کوڕی ئەبی سوفیان) و ڕێککەوتن و دادوەریکردنی بوو لەگەڵی. واش خۆیان ناساند کە لەپێناو پەروەردگار و بۆ ڕزگاربوونی کۆمەڵگای ئیسڵامی لە پەرتەوازەیی و بێسەروبەری، هاتوونەتە مەیدان.
دەرکەوتنی ئەم کۆمەڵەیە بۆ ساڵی (37ک/657ز) و شەڕی (سەفیین) دەگەڕێتەوە. ئەوەش کاتێک ڕیزەکانی سوپای خەلیفە (عەلی کوڕی ئەبی تالیب/ ڕ.خ)یان بەجێ هێشت و ڕوویان کردە گوندی (حروریە)ی نزیک شاری (کووفە). لەوێش بە (کۆمەڵەی حروری) ناسران، چونکە ئەو گوندەیان کردە پێگە و مەڵبەندی خۆیان. دواتر چەند ناوێکی تریشیان لێ نرا، لەوانە (المارقە، المحکمە، الشراە).
(المارقە) بە مانای (دەرچوون) لە دەسەڵات هات، چونکە لە دەسەڵاتەکەی خەلیفە (عەلی کوڕی ئەبی تالیب/ ڕ.خ) چوونە دەرەوە. (المحکمە)ش بە واتای (دادوەری) هات، چونکە هەر جۆرە دادوەرییەکیان لەگەڵ (موعاویەی کوڕی ئەبی سوفیان) و هاوپەیمانەکانی ڕەت کردەوە و وایان ڕاگەیاند، کە تەنیا خودا دەتوانێت دادوەری بکات، نەک بەندەکانی خودا. (الشراە)یش بەو مانایە هات، کە ئەوان ژیانی خۆیان بە خودا فرۆشت، تا لەو دونیا بە بەهەشتەکەی خۆی شادیان بکات.
لێرەوە بەرەیەکی دیکەی جیاواز لە بەرەی پشتیوانانی چوارەمین خەلیفەی ڕاشدی و هەروەها والیی شام، سەری هەڵدا. ئامانجی سەرەکیی ئەمانیش لێدانی خەلیفەی ڕاشدی و دوورخستنەوەی سیستەمی خەلافەتی ئیسلامی بوو لە بنەماڵەی ئومەوی، بەڵام لەو کارەدا سەرکەوتوو نەبوون، چونکە لەلایەن (عەلی کوڕی ئەبی تالیب/ ڕ.خ) و لە ساڵی (38ک/658ز) و لە شەڕی (نەهرەوان) لێیان درا و بەرەو ناوچەی شارەزوور ڕایانکرد و پاشەکشەیان پێ کرا و ئەوێیان کردە مۆڵگەی خۆیان.
بەو ڕووداوەش بڕیاری تۆڵەکردنەوەیان دا، بۆیە سێیان لە کەسایەتییە دیارەکانیان بۆ کوشتنی هەریەک لە (عەلی کوڕی ئەبی تالیب/ ڕ.خ) خەلیفەی ڕاشدی، (موعاویەی کوڕی ئەبی سوفیان) والیی شام، (عەمری کوڕی عاس) والیی میسر، ڕاسپارد، بەڵام ئەوان تەنیا لە کوشتنی (عەلی کوڕی ئەبی تالیب) لە ساڵی (40ک/660ز) سەرکەوتوو بوون و نەیانتوانی دەستیان بگاتە (دوو) کەسایەتییەکەی دیکە.
ئەوەش دەرفەتی دایە (موعاویەی کوڕی ئەبی سوفیان) بەڕەکە لە بندەستی (حەسەنی کوڕی عەلی/ ڕ.خ) پێنجەمین خەلیفەی ڕاشدی دەربهێنێت و دەوڵەتێکی نوێ بە ناوی (دەوڵەتی خەلافەتی ئومەوی) دابمەزرێنێت. بەم ڕووداوەش، کۆمەڵەیەکی دیکەیان لێ جیا بووەوە، کاتێک لەلایەن (زیادی کوڕی سەفر)ەوە بانگەشە بۆ پێشەوایەتیی (ئەبوو بیلالی مەرداسی کوڕی ئەدەیەی حەنزەڵەی تەمیمی) کرا و بە (کۆمەڵەی سەفریە) ناسران.
ئەمانیش وەک کۆمەڵەکەی پێشوو لە ئاست ئومەوییەکان شکستیان خوارد و ئەوانیان لە دەسەڵات بۆ دوور نەخرایەوە، تا کۆمەڵەی سێیەمیان بە سەرکردایەتیی (نافعی کوڕی ئەزرەقی کوڕی قەیسی حەنەفی) لە ناوچەی خوزستانی باشووری ناوچەی لۆڕستانی کوردنشین لێ جیا بووەوە و بە (کۆمەڵەی ئەزارقە) ناسران. هۆیەکەش ئەوە بوو کە ئەمان پێیان وابوو، ئەگەر کۆمەڵی پێشوو هەڵوێستەکانیان جدیی بوایە، ئەوا دۆخەکە بەو ئاڕاستەیە نەدەڕۆیشت، تا بنەماڵەی ئومەوی بگەنە دەسەڵات.
زۆری نەخایاند، ئەم کۆمەڵەیەش لە دژایەتیکردنی بنەماڵەی ئومەوی شکستیان خوارد و کۆمەڵەی چوارەم بە سەرکردایەتیی (عەبدوڵڵای کوڕی بەیهەس) لێ جیا بووەوە و بە (کۆمەڵەی بەیهەسی) ناسران. ئەمانیش سەرباری هەوڵەکانیان بۆ دژایەتیی بنەماڵەی ئومەوی، بەڵام سەرکەوتوو نەبوون، بۆیە کۆمەڵەی پێنجەم لەنێو ئەمان و بە سەرکردایەتیی (عەبدوڵڵای کوڕی ئەباز) سەری هەڵدا و بە (کۆمەڵەی ئەبازی) ناسران. بەو شێوەیە بەدرێژایی سەردەمی دەسەڵاتی بنەماڵەی ئومەوی (پێنج) ڕەوتی جیا لە کۆمەڵەی خەواریج جیا بوونەوە، کە هەندێک لەوان لە خاکی کوردستان و ناوچە کوردنشینەکانەوە دژایەتیی دەوڵەتی خەلافەتی ئومەوییان کرد.
دیارە (کۆمەڵەی خەواریج) سەرباری ئەو جیابوونەوانەی بەسەریاندا هات، هەوڵیان دا بە کۆمەڵێک پەیامی ئایینی پاساو بۆ جیابوونەوەکانیان بهێننەوە و ڕەوایەتی بە کارەکانیان بدەن. ئەم پەیامانەش لەلایەن هەموو ئەوانەوە کاری لەسەر کرا، کە لەم کۆمەڵەیە جیا بوونەوە، وەک جۆرەکانی تاوان و سزا و پاداشتی ڕۆژی دوایی لەلایەن پەروەردگارەوە. لەم بوارەدا کۆمەڵی (ئەزارقە)، کە لە کۆمەڵەی (حروریە) جیا بوونەوە، پێیان وابوو کە پەروەردگار هەموو کردەوەکانی ژیانی لە چارەی هەر مرۆڤێک نووسیوە کە دێتە دونیا، بۆیە ئەوەی دەیکات ڕەزامەندیی خودای لەسەرە و بۆ بەندەکانی نییە قسەی لەبارەوە بکەن.
ئەو باوەڕەشیان لەسەر ئەوە هێنایەوە کە خودا لە چارەی (عەلی کوڕی ئەبی تالیب/ ڕ.خ)ی نووسیوە دادوەری لەگەڵ (موعاویەی کوڕی ئەبی سوفیان) بکات و ئەوە ڕوو بدات، وەک ڕووی دا، بەڵام هەریەک لە کۆمەڵانی (ئەبازی، بەیهەسی، سەفری) لایان وابوو لەبەر ئەوەی پەروەردگار ژیریی داوە بە مرۆڤ، مەرج نییە هەموو ڕووداو و کار و کردەوەکانی ژیان چارەی خوای لەسەر بێت و شارۆچکە و قەدەر بێت.
بەو شێوەیە، ئەم کۆمەڵەیە سەرباری جیابوونەوەیان، بەو جیاوازییە بیرکردنەوە و باوەڕبوونانە، توانییان کار لەسەر بەشێکی کۆمەڵگای ئیسلامی، بە کوردی موسڵمانیشەوە بکەن و پشتیوانی ڕەوت و سیاسەتەکانیان بن لە دژی دەوڵەتی خەلافەتی ئومەوی. ئەم شێوازەش لە تێگەیشتن لە ئایینی ئیسلام و پاساوهێنانەوە، سەرجەم کۆمەڵەکانی خەواریجی گرتەوە، تا بەو تێگەیشتن و پاساوانە لەلایەک دژایەتیی نەیارەکانیان بکەن، لەلایەکی دیکەوە بوونی خۆیان بسەلمێنن. [1]