خوێندنەوەیەک بۆ پەڕتووکی دبلۆماسییەتی کورد
ئامادەکردن: ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد
$سەرەتای دەرکەوتنی چەمکی دیپلۆماسییەت$
نووسەری ئەم پەڕتووکە، زۆر ورد و بە سەلیقەیەکی جوان، گەڕاوەتەوە بۆ سەرەتای ئاشنایەتی کورد بە چەمکی دیپلۆماسییەت و نموونەیەکی زۆری لە و کەس و کارەکتەرە کوردییانە هێناوەتەوە کە لەم بوارەدا کاریان کردووە و ڕووکەشی کاری دیپلۆماسی کورد بوون و دەنووسێت ״لەناوچەکانی کوردستاندا وێرانکاری هەبووە، ئەمەش لە ئەنجامی چاوتێبڕینی نەیاران بۆ ئەم ناوچانە و شەڕ و پێکدادانی بە خۆوە بینیووە، بەڵام هەموو سەرەتاکان پێویستی بەکاری دبلۆماسییەت هەبووە״ کەواتە لێرەوە دەتوانین بڵێین کورد لەسەرەتاوە بۆ بەرقەرارکردنی ئاشتی و دوورخستنەوەی ناکۆکی لەسەر خاکی کوردستان کاری دیپلۆماسییەتی کردووە و وەک کردەیەکی مێژوویی بڕوای پێی هەبووە و لە کارە لە مێژینەکانی کورد بووە، وەک ئەوەی نووسەر لە بەشێکی دیکەی پەڕتووکەکەشیدا نووسیویەتی ״لە کۆمەڵگە سەرەتاییەکاندا ئەم جۆرە پەیوەندییانە هەر هەبوون، تیرە و هۆزەکانیش نوێنەریان لای یەکتر هەبووە، بەڵام بوونی ئەم نوێنەرە بەند بووە بە ماوەی شەڕەوە״.
$دیپلۆماسییەت چییە؟$
بەپێی سەردەم و ڕۆژگار و پێشهاتەکان، شێواز و مانای دیپلۆماسییەت گۆڕانی بەسەردا هاتووە، بەڵام بە بۆچوونی زۆرێکی نووسەران و وەک لە پەڕتووکی (دبلۆماسییەتی کورد _ سابیر مامەسێنی) هاتووە ״دیپلۆماسییەت سیاسەتی دەرەوەی وڵاتە״، یان یەکێک لە و پێناسانەی لەم پەڕتووکەدا هاتووە ئەوەیە ״گفتوگۆکردن لەنێوان دوو وڵاتدا یان زیاتر، بەمەبەستی چارەسەرکردنی گیروگرفتەکانیان، ئەوە دیپلۆماسییەتە״. نووسەری پەڕتووکەکە دەگەڕێتەوە بۆ سەدەی 15 و ئەو بۆچوونە وەردەگرێت کە ״بە کارە تایبەتەکانی پەیوەست بە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان دەوترا دیپلۆماسییەت״، لەلایەکیتریشەوە نووسەری پەڕتووکەگە پشت دەبەستێت بە بۆچوونێکی پرۆفیسۆر (موات _MOWAT) لە بارەی قۆناغەکانی تێپەڕینی دیپلۆماسیەتەوە و بەمشێوەیەی دابەشکردووە ״قۆناغی یەکەم/ لەساڵانی 476 تا 1475 کە قۆناغی سەدە تاریکەکان دەگرێتەوە، قۆناغی دووەم/ 1475 تا 1914، قۆناغی سێیەم/ قۆناغی پاش ساڵی 1914 کە سەرۆکی ئەمریکا ویڵسن ڕۆڵی تێدابینیووە و دیپلۆماسیەتی دیموکراسی سەری هەڵداوە״.
$دبلۆماتکار و کاریی دیپلۆماسی$
بۆ کەسانێک کە لە پیشەی دیپلۆماتکاری نازانن، یان کەسانێک کە شتێکی کەم لە کاری دیپلۆماتکاری دەزانن و دەیانەوێت لەم بوارەدا باشتر ببن، نووسەری ئەم پەڕتووکە بە ڕێگەیەکی ئاسان و پشتبەست بە پەڕتووکی ״نیشانەی دیپلۆماسییەت لەسەردەمی ئەتۆمدا״ کۆمەڵێک خاڵ و هێمای گرنگ دەخاتە بەردەستی خوێنەرانی پەڕتووکەکە و ئەو کەسانەی کە کاری دیپلۆماتکاری دەکەن، لەوانە ״پۆشینی جل و بەرگ بە جۆرێک کە شیاوی جێگە و پێگەکەی بێت، دەبێت ئاشتیخواز بێت و هەر بە و جۆرەش خۆی پیشان بدات، شارەزای یاسای گشتیی نێودەوڵەتی بێت، شارەزایی لە هونەری هەڵسوڕاندنی کاروباردا هەبێت...هتد״ نووسەری پەڕتووکەکە پێیوایە ״نوێنەرانی دیپلۆماسی کورد ئەم سیفاتانەی تێدایە و لەم بوارانەدا کاری باشیان کردووە״.
$دیپلۆماسییەت لە سەردەمە جیاوازەکاندا$
بەپێی ئەو گێڕانەوە مێژووییەی کە نووسەری پەڕتووکەکە بۆ دیپلۆماسییەتی کوردی کردووە، دابەشی کردووە بەسەر چەند کەسێکدا، یەکێکیش لە و سەردەمانە ״دیپلۆماسییەت لەسەردەمی شێخ مەحموود دا״، نووسەری پەڕتووکەکە پێیوایە ״لە بواری دیپلۆماسییەتدا یەکەمین پەیوەندی بەهۆی نوێنەری ڕوسیایی جەنەراڵ براتۆڤ بوو کە نامەیەک بۆ شێخ مەحموود دەنێرێت....״ ئەمەش مانای ئەوە دەگەیەنێت کە کورد لە دوور و نزیک ئاشنایەتی لەگەڵ دیپلۆماسییەت هەبووە و گرنگی پێداوە، یان بە مانایەکی دیکە واتا: لێپرسراوانی کورد ئاشنای کاری دیپلۆماسی بوون بەپێی سەردەم و ڕۆژگار.
$مام جەلال و دیپلۆماسییەت$
نووسەری پەڕتووکی (دبلۆماسییەتی کورد) چەندین لاپەڕەی پەڕتووکەکەی تەرخان کردووە بۆ ڕۆڵی سەرۆک #مام جەلال# لە دیپلۆماسییەتی کورددا، ئەو نووسەرە دەنووسێت ״پاش ڕووخاندنی حکومەتی کوردستانی باشووریش بە سەرۆکایەتی شێخ مەحموودی حەفید، خەباتی دیپلۆماسی کورد لەلایەن سیاسەتمەداری کوردەوە مام جەلال درێژەی پێدرا، هەر لە سەرەتای ژیانی سیاسی و دیپلۆماسییەوە زیرەکیی پێوە دیار بوو״. لێرەدا (سابیر مەمەسێنی) لە بابەتی ״سەرەتای خەباتی دیپلۆماسییەتی مام جەلال لەدەرەوەی وڵاتدا״ بە یەکەم چالاکی ساڵی 1955 دەست پێدەکات و لە گێڕانەوەیەکی ورد و پڕ زانیاریدا ئەوەمان بۆ ڕوون دەکاتەوە کە کورد چ کارەکتەرێک و لێزانێکی باشی دیپلۆماسییەتی هەبووە و چۆن هەموو تەمەنی خۆیی بەخشیوەتە دیپلۆماسییەتی کورد لە کۆڕ و کۆبوونەوەکانی دەرەوەی وڵاتدا و چۆن بەناوی کوردەوە وتاری داوە و بەرگری لەمافی کورد کردووە و هونەرەکانی کاری دیپلۆماسی زانیووە.
$رۆژنامەی کوردستانی نوێ لە دیپلۆماسییەتی کورددا$
نووسەری پەڕتووکی (دیپلۆماسییەتی کورد) سابیر مەمەدۆستی، لە چەندین جێگادا ڕۆژنامەی (کوردستانی نوێ)ی وەک سەرچاوە بەکارهێناوە، ئەمەش نیشانەی ئەوەیە کە نووسەر ئەو سەرچاوانەی بەکارهێناوە کە خزمەتی بە دیپلۆماسییەتی کورد کردووە و سەرچاوەی باش و درووستن بۆ هەر کارێکی گەورەی نەتەوەیی و نیشتمانی، نووسەر پێمان دەڵێت لەلایەک میدیای پرۆفیشناڵ دەتوانێت ڕاستییەکان تۆمار بکات و وەک خۆی بیگوازێتەوە بۆ خوێنەرانی، لەلایەکی دیکەشەوە ڕۆژنامە هێشتا لەسەردەمی جەنگی سۆشیال میدیاشدا کاریگەری ماوە و دەتوانێت شەڕی لەدەستنەدانی پێگەی خۆی بکات و بۆ مێژوویەکی دوور زانیارییەکانی بگوازێتەوە.[1]