سەددامییەکانی میدیا
ڕەوەست نەوزاد / هەولێر
پێش نیوەڕۆی 26-11-2022 لە ساڵۆنی لاپەڕە نۆی ناوەندی هەولێری مەکتەبی ڕاگەیاندنی یەکێتی کۆڕێک بۆ ناساندن و دابەشکردنی پەڕتووکی (سەددامییەکانی میدیا) لە نووسینی نووسەر ڕەنگین عەبدوڵڵا بەڕێوەچوو.
لە کۆڕەکەدا ژمارەیەکی بەرچاو لە نووسەران و ڕۆژنامەنووسان و چالاکوانی مەدەنی ئامادەیبوون، تێیدا ڕەنگین عەبدوڵڵا باسی لە ناوەرۆکی پەڕتووکەکەی کرد و وتی: لەم توێژینەوەیەدا بە سێ بەش پەڕتووکەکەم نووسیوە، لەوانەیە خوێنەران ناونیشانەکەیان بەلاوە سەیر بێت، بەڵام سەددامییەکانی میدیا ئەمڕۆ لەهەر دیاردەیەکی تری ناو سۆشیال میدیا زەقتر و کاریگەرترە، ئێمە گەلێکین خاوەن مێژوویەکی قووڵین لە قوربانی و خاوەن برینێکی قووڵین، ئەم کارەش لەسەردەستی دیکتاتۆری زۆر نەوەک یەک دیکتاتۆر دەستی پێکردووە، بۆیە بەڵامەوە گرنگ بوو باسی سەددامییەکانی میدیا بکەم بەتایبەتی وەکو کچی بنەماڵەی شەهید و قوربانی بە مافی خۆمم زانی یەکەم ئەزموونی پەڕتووکم توێژینەوەیەک بێت دەربارەی ئەو خەمە گەورەیەی ئێمە لە ژێر دەستی ئەم دیکتاتۆرەدا چەشتوومانە.
وتیشی: لەبەشی یەکەمدا باسم لە ڕەچەڵەک و مێژووی ستەمکاری کردووە و لەبەشی دووەمیشدا باسم لە کاریگەری میدیا کردووە کە چۆن دەتوانێت ستەمکارەکان بەشێوەیەکی گەورە دەربخات و چۆن کەسێک دەکات بە ستەمکار یا ستەمکار چۆن دەبێت بە ستەمکار و ئەو هۆکارانە چین یارمەتیان دەدات، لە قۆناغە جیاوازەکانی مێژوو تەواوی دیکتاتۆرەکانی دنیا سوودیان لە میدیا وەرگرتووە، میدیاش بەپێی تایبەتمەندی سەردەمەکەی و زۆرێک لە بیرمەندەکان باس لە گرنگی دەستەبژێری ڕۆشنبیر دەکەن لە هەموو سەردەمەکاندا کە چۆن دیکتاتۆر بکەن بە دیکتاتۆر و چۆن ڕیکلامی بۆ بکەن، بۆیە هەموو سەردەمەکان دیکتاتۆرەکان سوودیان لە میدیا وەرگرتووەو خۆیان لەگەڵی گونجاندووە.
$شۆڕشێکی بەرپاکرد$
باسی لەوەشکرد لە پەڕتووکەکەیدا باسی لە بەهاری عەرەبیش کردووە کە چۆن کەسێکی وەکو محەمەد بوعەزیزی بەخۆسووتاندنی خۆی تەواوی وڵاتانی عەرەبی هانداو شۆڕشێکی بەرپاکرد کە ڕاگەیاندن و پلاتفۆڕمەکانی سۆشیال میدیا درووستیان کرد، بۆیە ناتوانین بڵێین میدیا بە یەکجار تەنیا دەتوانێت یارمەتیدەر بێت بۆ درووستبوونی ستەمکار، بەڵام لەهەمانکاتدا دەتوانێت یارمەتیدەر بێت بۆ ڕووخاندنی ستەمکار وەکو ڕووداوەکانی بەهاری عەرەبی.
ڕەنگین عەبدوڵڵا باسی لە بەشی سێیەمی پەڕتووکەکەی کردو وتی: لەو بەشدا ئاماژەم بەوە کردووە کێ دیکتاتۆر درووست دەکات یا باسم لەوە کردووە سەددامییەکان بۆچی دەرکەوتنەوە کە سەددام لەدوای پڕۆسەی ئازادی ئێڕاق کۆتایی هاتووە، بەشێک لەسەرچاوەکان سێ هۆکاری سەرەکی باس دەکەن بۆچی ئێستا لەناو میدیادا هەڵمەتێک سەرپێ خراوە بۆ ستایشکردنی دیکتاتۆرێکی وەکو سەدام حسێن ئەوانیش ئەوەن لەدوای ساڵی 2003 کاتێک ئێڕاقی نوێ درووست دەکرێت عەرەبە سووننەکان بەتەواوی پشتگوێ دەخرێن کە (سکای) لەپەڕتووکەکەیدا بەناوی (ئینهیار) خۆی ڕاوێژکارێکی بەریتانی بوو لەکاتی پڕۆسەی ئازادی ئێڕاق لەگەڵ پۆل بریمەری حاکمی ئەمریکا لەئێڕاق کاری کردووە زۆر بەڕوونی باس لەوە دەکات و دەڵێت لەکاتی درووستبوونەوە دەوڵەتی ئێڕاق و سوپای ئێڕاق ئەوان زۆر جەختیان لەوە کردووە فەرماندە سەربازییەکان دوورنەخرێنەوە و ناکرێت بەشێوەیەکی کوێرانە تەواوی ئەوەی پەیوەندی بەسووننەوە هەیە لەناو دامودەزگاکان دووری بخەیتەوە، چونکە ئەمانە پێکهاتەیەکی سەرەکی ئێڕاقن ناتوانیت ئەو پێکهاتەیە بەتەواوەتی لەناوبەریت، بۆیە زۆرێک لە سەرچاوەکان باس لەو شتە دەکەن وەکو هۆکارێک بۆ ئەو دیاردەیە.
$دەرکەوتنەوەی سەددامییەکان$
ئاماژەی بەوەشکرد عەدنان مەکیە و مەریوان وریا قانیع زۆر لەسەر ئەوە وەستاون هۆکاری دووەمی دەرکەوتنەوەی سەددامییەکان بۆ شێوازی لەسێدارەدانی سەددام حسێن دەگەڕێتەوە، هۆکارێک بوو بۆ تووڕەکردنی عەرەبە سووننەکان و هۆکارێکی گەورەش بوو بۆ ئەوەی سووننەکان هەڵمەتێکی تر سەرپێ بخەن و بەشێکی عەفەویە، بەشێکی مەیلە، بەشێکی مانەوە و سۆزی نەتەوەییە، بەڵام بەشێکی ئەجێندایەکی سیاسیە.
ئەوەشی ئاشکرا کرد پڕۆژەی نووسینی ئەم پەڕتووکەی ڕێک دوای ئەو چاوپێکەوتنە دەستپێکرد کەناڵی ئەلعەرەبیە لەگەڵ ڕەغدی کچە گەورەی سەدام حسێن سازکرد وتی: تێکەڵەیەکە لە ئەجێندایەکی سیاسی بۆ هاتنە پێشەوەی سەدام و هاتنە پێشەوەی نەوەکانی کە بەشێکی مەیل و خووگرتن و وەفاداریە بۆ سووننەکان و ڕژێمێکی ڕووخاوی وەکو سووننە.
$دیکتاتۆرییەتی سەدامی ئەزموون نەکردووە$
ڕەنگین عەبدوڵڵا ئەوەشی ڕوونکردەوە کاتێک خانمە مۆدێلێک دەڵێت دەستی سەددام خۆشبێت کە هێرشی کردە سەر هەڵەبجە ڕەنگە بەشێک لە ئێمە بەتایبەتی گەنجەکانمان ئەوەی لەسەردەمی ئێمە نەژیاوەو دیکتاتۆرییەتی سەدامی ئەزموون نەکردووە و ئازیزێکی لەدەست نەداوە و باوکی بێسەروشوێن نەبووە و برایەکی کەمئەندامی سەنگەر نییە لەو قسەیە تێنەگات و پێی پێبکەنێت و بەعەفەوی شەیری بکات، بەڵام ئەرکی ئێمەیە وەکو ڕاگەیاندن و لێپرسراویەتییەکی نەتەوەیی و ڕەوەشتی و حزبی وەکو وەفادارییەک بۆ قوربانییەکانمان هەڵوێستمان هەبێت. ئەم کارە دیاردەیەکی زۆر خراپە ئێمە نابێت وەکو کاردانەوەیەکی هاووڵاتییەکی برسی و بێزار و تووڕە لە سیستمی سیاسی و لەکارکردنی حزبەکان و نامۆڕاڵی حوکمداری یا هەر بیانوویەک پشتگیری بکەین، یا کەناڵێکی وەکو ڕووداو دیمانەیەکی زۆر گەورە لەگەڵ بەنان کچی ڕەغدی سەددام حسێندا دەکات هەموو فۆکەسی کامێراکە لەسەر ئەو وێنەیەی سەددامەوەیە کە لەپشتی بەنان دەرکەوتووە، ناکرێت بە بیانووی پڕۆفیشناڵی ڕاگەیاندن ئەو کارە بەسەرماندا تێپەڕێت و ناکرێت لەسەری نەوەستین و ڕەخنەی لێ نەگرین.[1]