نووسەر:د.شێرزاد نەجاڕ
(کرایسی جەختی کردۆتەوە لەسەر داکۆکیکردنی گەلانی ژێردەست بۆ دیاریکردنی مافی چارەی خۆنووسین، کرایسکی داکۆکیکار بووە لەم ئاڕاستە فیکرییە سیاسییە تا دوای ئەوەی دەستی لە پۆستەکەشی کێشاوەتەوە، لە ماوەی حوکمیدا پێشوازی لە زۆربەی سەرکردە سیاسیەکانی کورد کردووە لە پێش هەمووان پێشوازی گەرمی لە سەرۆک #مەسعود بارزانی# کردووە هەر لە هەشتایەکانی سەدەی پێشووەوە چەندین سەرنج و تێڕوانینیان ئاڵوگۆڕ کردووە سەبارەت بە چۆنیەتی چارەسەری دۆزی کورد و هەمیشە کرایسکی بە ڕوونی دەیوت: مافی کوردە مافی چارەی خۆنووسین پیادە بکەن)..
(ولفگانگ پیتریش) لە دوایەمین پەڕتووکیدا کە ئەمساڵ بە چاپ گەیاندراوە، باس لە بیروڕاو هەڵوێستەکانی دەوڵەتمەدارێکی #نەمسا#ویی وەک(برونو کرایسکی)دەکات، کە بە ئاشکرا لە کاروانی بونیادنانی دەوڵەتێکی هاوچەرخی دیموکراتیدا شوێن پەنجەی دیارە، پاش ئەوەی نەمسا لە 1939 تا 1945 دوا بە دوای ڕووداوەکانی جەنگی دووەمی جیهانی داروپەردووی بەسەریەکدا خاپوور کرابوو..
پیتریشی دانەری ئەم پەڕتووکەکە لە ماوەی ساڵانی 1977 تا 1983 هاوکاری کرایسکی بووەو بەم شێوازە باس لە کارکردنەکەی خۆی دەکات لەگەڵ ویدا(لە خزمەتی ئەو ڕاوێژکارەدا بووم لە پاش ئەو شرۆڤانەی سەبارەت بە قەیرانی نەمساویی یوگوسلافی ساڵی 1976 ڕوویاندابوو، شتێکم لە بارەیانەوە نووسی بوو، ئینجا کرایسکی بێ ئەوەی پێشوەخت منی ناسیبێت بەهۆی وردبینیمەوە لە لێکۆڵینەوەو شرۆڤەکانمدا هەڵیبژاردم.
کرایسکی دەوڵەتمەدارێکی جێی تێڕامانە، بڕوای تەواوی بە ڕێبازەکانی سۆسیال دیموکراتی هەبوون لە ساڵانی 1970 تا 1983سەرکەوتووانە نەمسای بەڕێوەدەبردو شوێن پەنجەی دیاریی لە سیاسەتی نەمساوی و سیاسەتی نێودەوڵەتی و ئەوروپایی بە جێهێشت، بەوە ناسرا بوو کە هاوسەنگێتی لەنێوان ڕووداوە سیاسیەکان لە لایەک و فکرو ڕەفتاری سیاسی لە لایەکەی ترەوە گونجاندبێت..
کرایسکی سەردەمی منداڵێتی خۆی لەیاد بووە کاتێک فرانتز جۆزیفی قەیسەر ساڵی 1916 لە پاش ئەوەی ماوەی 68 ساڵ ئیمپراتۆری نەمساو مەجەڕ بووە وەفاتی کردووە قوتابیان بۆ دوا ماڵئاوایی لێ کردنی لە ڕۆژێکی تەڕو تووشی و سەرمادا هاتونەتە دەرەوەو جیهان هەمووی بۆی ڕەشپۆش بووە..
کرایسکی وەک منداڵێکی ئەو وەختە، نەبوونی و هەژارێتی سەر شەقامەکانی ڤێنای بە چاوی خۆی لە سەردەمانی جەنگی یەکەمی جیهانی چاو پێکەوتووە، لەو بارەیەوە وتویەتی جەنگ زوو پیری کردین، ڤێنا پایتەختی ئیمپراتۆریەتێکی 35 ملیۆنی بوو بەهۆی جەنگەکانەوە بوو بە دەڤەرێکی فەرامۆشکراوی هەژارنشین بە تایبەتی پاش ئەو شەپۆلە پەتا ئەنفلۆنزایەی کە ساڵی 1918 ڕۆحی لەبەری دەیان هەزار نەمساویی نەهێشت، پاش ئەوەش کە چیکۆسلۆڤاکیا خەڵووزی بەردینی لێ بڕی هەزاران هاووڵاتی تر لە سەرمادا ڕەق بوونەوەو بە هەزارانی تر لە برسانا مردن..
لە بارودۆخە تراژیدیکیەدا کرایسکی هەردەم دەیپرسی هۆکاری چییە هەندێک لە ژیانێکی خۆشگوزەران دەنۆشن و کەسانێکیش نغرۆی کوێرەوەرین.
ئەم پرسگەل و تەحەدیاتانە کرایسکی وەک چالاکوانێک ڕاکێشایە ناو کاری سیاسیەوە، یەکێک بوو لەو خۆپیشاندەرە تووڕانەی لەبەردەم کۆشکی دادی ڤێنا ساڵی 1927 ڕووبەڕووی ڕێژنەی گوللەو بینینی تەرمی خۆپیشاندەران بووەوە، لە دەرئەنجامی ئەو ڕووداوانەوە کرایسکی پێوەندی بە بزووتنەوەی سۆسیالیزمی لاوانی زەحمەتکێشی سەر بە حزبی سۆسیالیستی نەمساویەوە کرد..
کاتێ بیرمەندی سۆسیالیزمی ناسراوی وەک ڕۆتۆ باوری چاو پێکەوت باسی لە ئارەزووەکانی خۆی بۆی کردووە سەبارەت بە خوێندنی لە بواری پزیشکیدا، بەڵام باور پێی ڕاگەیاندووە کە بەشێکی ئەندامانی حزب پزیشک بوون و ناچاربوون کاری پزیشکی نەکەن، بۆیە لە بەر خاتری حزب داوای لە کرایسکی کردبوو ببێتە یاساناس، باور بە کرایسکی وتبوو (تۆ بە هێمنی گفتوگۆ دەکەیت ئەوانی تر بە باشی لێت حاڵی دەبن) بۆیە کرایسکی لە ساڵی 1929دەستی دایە خوێندنی بواری یاسا لە زانکۆی ڤێنادا تا لە ساڵی 1935 بڕوانامەی دکتۆرای لە یاسادا وەرگرت و خۆی بە چالاکی حزبیەوە سەرقاڵ کردوو وەک چەپێکی سۆسیال دیموکرات خۆی ناساند، چەندین جار دوچاری گرتن و زیندانیکردن بوەوە لە ماوەی فەرمانڕەوایەتی فاشیی نەمساویدا، ئەو کاتەی نەمسا لکێنرا بە ئەڵمانیای نازییەوە ئیتر ئەم هەڵهات و لە سوید گیرسایەوەو مافی پەنابەریی پێدرا، ماوەی ژیانی لە سوید باشترین دەرفەت بوو بۆی تا بینای فیکری خۆی پەرەپێبدات چونکە سیستمی سویدی بۆ ئەو بریتی بوو لە دیموکراتیەتێکی کاراو ئەکتیڤ کە هاوشێوەی لە نەمسادا نەبوو، مۆدێلی سۆسیال دیموکراتی سویدی کاریگەریی خۆی لەسەر ڕەفتارە سیاسیەکانی کرایسکی دانا، جەختی لەوە کردەوە دیموکراتیەتی کاراو بزووتنەوەی ڕیفۆرمخوازیی لە سوید دەکرێ ببێتە بناغەیەکی تۆکمە بۆ بەرنامەی سیاسەتی نەمساو ڕیفۆرمەکان دەتوانن جۆرایەتی لە کۆمەڵگەدا بگۆڕن، سوید وانەیەکی گرنگ بوو کە تێیدا سەرنجی لە مەیل و دەرکەوتنی بزووتنەوەی کرێکاری جیهانی دا کە چۆن بەرەو نیشتمانپەروەری تازە کرێکارانی سەرسام کردبوو، بیری لە چاندنی ئەو مەیلە کردەوە تا لە ناو زەمینەی نەمسادا بیڕوێنێت..
3
کۆتاییەکانی جەنگی دووەمی جیهانی لە 8ی مارسی ساڵی 1945 بە نیسبەت کرایسکیەوە چرکەساتێکی مەزن بوو بۆ وەرچەرخان بەرەو درووست بوونی نەمسایەکی نوێ، لە دەسپێکدا حکومەتێکی ئینتیقالی بە سەرۆکایەتی کارل ڕینەری سۆسیال دیموکراتخوازی ناسراو دامەزرێنرا، هاوپەیمانان لەسەر ئەوە کۆک بوون کە پێویستە نەمسا حکومەتێکی ئەکتیڤی هەبێت بە مەرجێک پیاوێکی بەساڵداچوو سەرۆکایەتی بکات..
لە کاتی گەڕانەوەی بۆ نەمسا کرایسکی نەمسای دەچواند بە شارێکی نیوەمردوو کە لە هەوڵدایە هەستێتەوە سەرپێی خۆی، بۆیە باسی لە ئومێدەکانی حزبی سۆسیالیستی دەکرد کە لە داخوازیی کردن بۆ کشانەوەی هێزەکانی داگیرکاری نەمسا خۆی دەبینیەوە..
بەو شێوەیە کرایسکی کاروانی سیاسەتمەدارێتی خۆی لە نەمسای نوێدا کە بە کۆماری دووەم دەناسرێت دەست پێکرد تا گەیشتە سەرکردایەتیکردنی حزبی سۆسیالیستی نەمساوی و دواتر پۆستی ڕاوێژکاریی(واتە سەرۆکی حکومەت)ی وەرگرت ماوەی 13 ساڵی ڕەبەقی بەو پۆستەوە بەسەر برد لە ماوەی سەرکردایەتیکردنی ویدا حزبی سۆسیالیستی سێجاران لەسسەر یەکتر زۆرینەی ڕەهای بەدەست هێناو توانی بە تەنیا کابینەی حکومەت دامەزرێنێتەوە، هەڵبژاردنەکانی ساڵی 1979 گەیاندیە لووتکەی ژیانی سیاسەتمەداریی و ڕێزو شایستەبوون و لێهاتوویەکی جیهانی بۆ خۆی ڕاکێشا..
کرایسکی بڕوای تەواوی بە سەقامگیری ئاساییش و ئاشتەوایی جیهانی هەبوو، لە پێناوی ئەو ئاڕاستە فکریەدا بە بەردەوامی تێدەکۆشا، لەبەرئەوەش پێوەندی تۆکمەی لەگەڵ ڕێکخراوی ڕزگاریخوازی فەلەستینی و بزاڤی ڕزگاریخوازی کوردا هەبوو، هەوڵەکانی بەردەوام بۆ ئەوە بوو کە سۆسیالیزمی ڕۆڵێکی گرنگ بگێڕێت لە چارەسەری کێشەکانی جیهان و بە تایبەتیش کێشەکانی خۆرهەڵاتی ناوین، ئەم ئاڕاستە بیرکردنەوەیەی کاریگەری پۆزەتیڤی لێ دەکەوتەوەو پێگەی نەمسای بەرزکردەوە بە تایبەتی ڤێنا کە بارەگای زۆربەی ڕێکخراوە نێودەوڵەتیەکانی تێدا گیرسانەوە لەوانەش: ڕێکخراوی وزەی ئەتۆمی، ئۆپیک، ڕێکخراوی پەرەپێدانی پیشەسازی جیهانی، ئۆنرا و تاد..لە ماوەی فەرمانڕەوایی ویدا چەندین کەسایەتی نەمساوی پۆستی باڵای جیهانییان پێدرا لەوانەش پۆستی ئەمینداری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان کە درایە کورت فالدهایم..
پێگەی جیۆگرافیی نەمسا ئاڵۆز بوو، چونکە ئەو وڵاتە کەوتبووە سەر هێڵی جیاکەرەوەی هەردوو سەربازگەی خۆرهەڵات و خۆراوا، زۆر زەحمەت بوو بۆ نەمسا هاوسەنگێتی نێوان ئەو دوو سەربازگەیە ڕابگرێت، بە تایبەتیش لە کاتی قەومانی ڕووداوە گەورەکانی جەمسەری سۆسیالیزمی لەوانە ڕاپەڕینی مەجەڕ لە ساڵی 1956 و بەهاری پراگ لە ساڵی 1968 و بزاڤی هاریکاری پۆڵەندی ساڵی 1981 کرایسکی لەو ماوانەدا پشتیوانی لە بزاڤەکانی پاراستنی مافەکانی مرۆڤ دەکردو مافی پەنابەریی بە چالاکوانەکانی جەمسەری خۆرهەڵات دەبەخشی تەنانەت هەڵوێستی بەرچاوی هەبوو بۆ بەخشینی مافی پەنابەریی بە چالاکوانەکانی وڵاتانی وەک شیلی و نیکاراگوا و خەباتگێڕانی کوردستان..
4
لە ژێر کاریگەرێتی نسکۆی شۆڕشی ئەیلوول کە بەهۆی ڕێکەوتننامەی شوومی جەزائیرەوە ساڵی 1975 کەوتەوە، حکومەتی نەمساوی لە هەڵوێستێکی مرۆڤدۆستانەدا بەرانبەر کورد بڕیاریدا 100 پەنابەری کوردی ئێڕاق وەربگرێت و مافی پەنابەریی سیاسییان پێ ببەخشێت، ئەم بڕیارەش هی خودی کرایسکی بەهاوکاری هانزفیشەر کە ئێستا سەرۆک کۆماری نەمسایە لەم بارەیەوە پیتریش دەڵێت:
(ساڵی 1975 لە پاش ئەو سەرکوتکارییەی سەدام حسێن بەسەر ڕاپەڕینی کوردانی باشووری کوردستاندا هانی، نەمسا پێشەنگی ئەو وڵاتانە بوو کە مافی پەنابەریی بە کوردی ئەو ناوچانە بەخشی کە بۆ ئۆتۆنۆمی و حوکمی زاتی خۆیان لە تێکۆشاندا بوون، یەکەمین پۆل بریتی بوو لە 100 کورد کە لە ساڵی 1976 بە گەرمیەوە لە ڤێنا پێشوازییان لێکرا و دواتریش چەندین پۆلی تر وەرگیران(ئێستاش بە پێی ئامارەکانی زانستی و ئاڵوگۆڕی کەلتووری کۆمەڵەی کوردی نەمساوی، لە ڤێنا نزیکەی 100 هەزار کۆچبەری کوردی تاراوگە کە لە وەچەی دووەم و سێیەمی کۆچبەرانیشیان تێدایە لە نەمسا دەژین، لەوانە %90ی ئەوانە بریتین لە کوردی تورکیا و ئەوانی تر کوردی ئێڕاق و ئێران و سووریا و %50 کوردەکانی ئێڕاق بریتین لە کەسانی ئەکادیمی و زانستخواز..)
کرایسکی لە ڕێی پۆستەکەی خۆیەوە کە وەزیری دەرەوەی نەمسا بووە بە مەلا مستەفای بارزانی شاد بووەو هەروەها چەندین جار لەگەڵ مەسعود بارزانی دانیشتووە بە تایبەتی پاش ئەوەی ساڵی 2005بە دیموکراتیانە بۆ سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان هەڵبژێردرا، هەروەها چاوی بە سەرۆکی ئێڕاقی ئێستا بەڕێز #جەلال تاڵەبانی# کە کوردە کەوتووە، هەردوو سەرۆک بارزانی و تاڵەبانی سەرسامبوونی خۆیان بۆ مۆدێلی سۆسیال دیموکراتی نەمساوی دەربڕیوە، هەروەها سامی عەبدولڕەحمان کە لە ساڵی 2004 لە کردەوەیەکی تیرۆریستیدا تیرۆر کرا لەو کاتەدا کە جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێمی باشووری کوردستان بوو، پێشتر لە ساڵی 1983بە پێی مۆدێلی حزبی سۆسیال دیموکراتی نەمساوی، پارتی گەلی دیموکراتی کوردی لە کوردستان دامەزراندبوو..)
کەواتە کرایسکی بایەخی بێ هاوتاو زۆری بە دۆزی کورد داوەو بە بەشێک لە دۆزەکانی خۆرهەڵاتی ناوینی زانیوە، لە زۆربەی لێدوانەکانیدا ئاماژەی داوە بە بایەخ و گرنگی ئەم ناوچەیە بۆ مسۆگەربوونی ئارامی و پەرەپێدانی ئەوروپایی، لە پێشەکی پەڕتووکەکەی ڕۆژنامەنووسی ناوداری نەمساوی فردیناند هینرببخللر تایبەت بە کورد کە لە ساڵی 1988 چاپ کراوە، باس لەوە دەکرێت کە کرایسی جەختی کردۆتەوە لەسەر داکۆکیکردنی گەلانی ژێردەست بۆ دیاریکردنی مافی چارەی خۆنووسین، کرایسکی داکۆکیکار بووە لەم ئاڕاستە فیکرییە سیاسییە تا دوای ئەوەی دەستی لە پۆستەکەشی کێشاوەتەوە، لە ماوەی حوکمیدا پێشوازی لە زۆربەی سەرکردە سیاسیەکانی کورد کردووە لە پێش هەمووان پێشوازی گەرمی لە سەرۆک مەسعود بارزانی کردووە هەر لە هەشتایەکانی سەدەی پێشووەوە چەندین سەرنج و تێڕوانینیان ئاڵوگۆڕ کردووە سەبارەت بە چۆنیەتی چارەسەری دۆزی کورد و هەمیشە کرایسکی بە ڕوونی دەیوت: مافی کوردە مافی چارەی خۆنووسین پیادە بکەن..
بۆرنۆ کرایسکی 19111990، لە خانەوادەیەکی لیبرالی جوولەکە هاتۆتە دنیاوەو پێوەندی بە چەندین ڕەوتی چەپی سۆسیال دیموکراتی کردووەو تا لە سەردەمی ئۆتۆباوری تیۆریزان و سەرکردەی حزبی سۆسیالیستی نەمساویدا دەسبەرداری ئایینی جوو بووەو بووەتە کەسایەتییەکی عیلمانی و چەندین وێستگەی ژیانی لە گرتووخانەکان بەسەر بردووە بەهۆی داکۆکیکردنی لە ئاڕاستە فکرییەکانیەوە، پاش ئەوەی لە سوید دەگەڕێتەوە دەبێتە ڕاوێژکاری سیاسی سەرۆک کۆمار و دواتر لە ساڵی 1953 دەکرێتە بەرپرسی پێوەندییەکانی دەرەوەی لە سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران ساڵی 1956 وەک ئەندام پەڕڵەمان هەڵدەبژێردرێت تا لە ساڵی 1959 دەبێتە وەزیری دەرەوەو لە دامەزرێنەرانی ڕێکخراوی بازرگانی جیهانیەو هەروەها پێشنیازکاری پلانی مارشاڵە بۆ وڵاتانی جیهانی سێیەم، دواتر لە ساڵی 1967 وەک سەرۆکی حزبی سۆسیالیستی هەڵدەبژێردرێت تا لە دواییدا دەبێتە سەرۆک وەزیرانی وڵات تا لە ساڵی 1983 دەست لە کار دەکێشێتەوە و لە ساڵی 1990 کۆچی دوایی دەکات، پاش ئەوەی کرایسکی واز دێنێت سەبارەت بە پیتریش دواتر دەبێتە نێردەری تایبەتی یەکێتی ئەوروپا لە کۆسۆڤۆ هەروەها باڵیۆزی نەمسا لە یوگوسلاڤیا دواجار خەڵاتی پارێزەری مافەکانی مرۆڤی لە زانکۆی هارفارد پێ دەبەخشن.[1]