ناونیشانی بابەت: ئایینی یارسان (کاکەیی) و شوێنەوارەکانی لە کوردستان بەشی چوارم
ئامادەکردنی: #سارا سەردار#
$پەڕتووکی پیرۆزی یارسانەکان$
پەڕتووکی پیرۆزی یارسانەکان (#سەرئەنجام#)ە و قسەکانی ناوی بە (کەلام) ناودێر دەکرێت، سەرەنجام بە واتای چارەنووس و کۆتایی کاریش دێت. ئەم پەڕتووکە، کە (کەلامی خەزێنە و دیوانی گەورە)شی پێ دەگوترێ، ڕەسەنترین و سەرەکیترینی پەڕتووکی ئەم ئایینەیە، کە پێکهاتووە لە هەموو وتووێژەکانی #سوڵتان سەهاک# لەگەڵ یارەکانی، لە قاڵبی نزا و پاڕانەوە و دابونەریتی ئایینی و سرووتە ئایینییەکان، کە لە سەردەمی پردیوەر بەدواوەیە، کە بە شێوازی شیعر نووسراوە.
بەشێکی زۆری پەڕتووکی سەرەنجام بە شێوەزاری #هەورامی# و گۆرانی و بەشێکی کەمێکیش بە زمان و لەهجەی #لوڕی# نووسراوە.
هەروەها یارسانەکانی ئازەربایجانی ئێران، کۆمەڵێ کەلامیان هەیە، کە بە زمانی تورکیی ئازەربایجانی نووسراوە، کە ئەمانەش بە بەشێک لە سەرەنجام دادەنرێن.
کامڵترین پەڕتووکی سەرەنجام، کە زۆربەی بەشەکانی لەخۆی کۆ کردبێتەوە، لە ساڵی 2007 لەلایەن #تەیب تاهیری#، کە لە توێژەر و نووسەرە باشەکانی ئایینی یارسانە، بە هەوڵ و هاوکاریی #مەزهەری خالقی# لە #سلێمانی# چاپ و بڵاو بووەتەوە.
ئەم پەڕتووکە پیرۆزەی یارسان بەسەر دوو سەردەم دابەش دەکرێت، یەکەم: سەردەمی پردیوەر، کە تایبەتە بە نمای زاهیری سوڵتان سەهاک و دووەم: نمای زاهیری شاوەیسقلی خانە.
[1]