نووسەر: دکتۆر #عادل باخەوان#
• بنەمای خوارەوەی کۆمەڵگە
ئەنتەرنێت، وەک ڕووداوێکی مەزنی مێژوویی، پێش هەرشتێک بریتيیە لە چەندین تۆڕی گفتوگۆی بەیەکداچوو، ئاوێزان، یەکتربڕ یان یەکتر تەواوکەرو بەپێی چەندین لۆژیکی تایبەت بە خۆیان دەڕژێنە نێو یەکتریيەوە یاخود لە یەکتری جیادەبنەوە، بەبێ ئەوەی بتوانرێت بڕیاری پێشوەخت لەسەر ئاڕاستەکانیان بدرێت. لێرەوە تێکەڵبوونی سنوورەکان دەبێت بە پراکتیکێکی ڕۆژانە.
بەهرەمەندی یەکەم لە تێکەڵبوونی سنوورەکان خوارەوەی کۆمەڵگەیە، کە لەڕێگای بەکارهێنانی بلۆگ و تۆڕە کۆمەڵایەتیەکانی وەک فەیسبوک و تویتەرەوە دەتوانێت گرووپی پاڵەپەستۆ و ڕەخنەگرتن و هەڵسەنگاندنی سەرەوەی کۆمەڵگە، بەتایبەتی نوخبەی دەسەڵات، دروستبکات. ڕاستە خوارەوەی کۆمەڵگە، بەشێوەیەکی گشتی، خاوەنی زمانێکی ئەدەبی دەربڕین نیيه و ڕەنگە لە ڕستەیەکدا چەند هەڵەیەک بکات؛ بەڵام لەپێناوی ئامانجێکی دیاریکراودا، بەئاسانی دەتوانێت (تەعبيئەی) گرووپێک بکات، بەئاسانی دەتوانێت لەسەر ڕووداوەکانی ڕۆژ قسه بکات و لەڕێگای شێوازە هەمەجۆرەکانی دەربڕینەوە (نوکتە، وێنە، کۆمێنت، ڤیدیۆ، تابلۆ، ڕەمز) بۆچوونی خۆی بگەیەنێت.
کەم نین ئه و ڕۆژنامە، گۆڤار، تەلەفزیۆن و ڕادیۆیانەی کە ناچارن گفتوگۆ جۆراوجۆرەکانی سەر ئەنتەرنێتی خوارەوەی کۆمەڵگە بکەن بە بابەتی ڕیپۆرتاژو بەرنامەکانیان. کەم نین ئه و کەسایەتيیانەی کە لە سەرەوەی کۆمەڵگەدا دەژین و بۆ پێوەنديی بەردەوام لەگەڵ خوارەوەی کۆمەڵگەدا ناچارن دابەزنە نێو (جەنگەڵستانی) تۆڕە کۆمەڵایەتيیەکانەوە! هەر لەدەرەنجامی ئەم بەریەککەوتنەی سەرەوه و خوارەوەی کۆمەڵگەشدایە کە شتێک بەناوی (کۆنترۆڵ)ەوە دروست دەبێت. گەر تا دوێنێی پێش سەرهەڵدانی ئەنتەرنێت، دەسەڵاتی کۆنترۆڵ بەتەنيا لەدەستی سەرەوەی کۆمەڵگەدا بووبێت، لە چرکەساتی ئەنتەرنێتدا ئەم هاوکێشەیە دەگۆڕێت و کۆنترۆڵ بەسەر سەرەوه و خوارەوەی کۆمەڵگەدا دابەش دەبێت؛به و مانایەی کە چەند سەرەوە، لەڕێگای دەزگا جۆراوجۆرەکانیەوە، هەوڵی کۆنترۆڵکردنی خوارەوە بدات، هێندەش خوارەوە، لەڕێگای مێکانیسمە تازەکانی ئەنتەرنێتەوە، دەتوانێت بەشێکی زۆری پراکتیکەکانی نەک هەر ديموکراسی بەڵکو تەواوی سەرەوەی کۆمەڵگەش بخاتە ژێر کۆنترۆڵەوە.
ئەم چوارچێوە سیاسیانەی کۆنترۆڵی ئامادەکراو لەلایەن ئەنتەرنێتەوە، کۆمەڵگەی ديموکراتیک، بە خوارو سەرەوە، ناچار بە (پرۆسێسێک) دەکات کە دەکرێت بە شووشەیی ناوی بەرین. واتە ئیتر شتەکان (سیاسی، کۆمەڵایەتی، ئابووری، ئایينی، ئەخلاق) ناچارن بەخۆڕووتکردنەوە، بە خۆ سەلماندن، بە خۆ نمایشکردن، بە دروستکردنی چوارچێوی شووشەیی بۆ ئەوەی هەموو کەس بتوانێت بە ئاسانی بیانبینێت. کۆمەڵگەی کۆنترۆڵ (بێگومان بەم مانایە) ئیتر کۆتایی بە بێمنەتی، بەهەمیشەیی، بە بەڵگەنەویست، بە یەکلایبوونەوەکان دێنێت و هەموو شتەکان دەخاتە ژێر پرسیارەوە. وەزیرێک هەر بە دەستنیشانکردنی وەک وەزیر ئیتر ئه و ئەکتەرە بێمنەتە نیيە کە لە باڵەخانەکانەوە تەماشای خوارەوە بکات، ئەندامێکی پەرلەمانی هەڵبژێردراو ئیتر ئه و ئەکتەرە نیيە کە وابزانێت یاریيەکە کۆتایی هاتووە، بەپێچەوانەوە، چرکەی دەستنیشانکردن یان هەڵبژاردن سەرەتای مێژوویيەکی دیکەیە لە گومان، لە چاودێری، لە ڕەخنه و لە هەڵسەنگاندن. ئەمەش وا له و ئەکتەرە دەکات کە تێبگات لەوەی هەمیشە لە هۆڵی تاقیکردنەوەدایە و کۆنترۆڵێکی بەردەوامی بەسەرەوەیە !
• بنەمای خێڵە نوێیەکان
بەپێچەوانەی (خێڵە) کلاسیکيیە مێژووییەکانەوە کە چوارچێوەی سروشتی بوون و لەنێو فاکتە سروشتيیەکاندا خۆیان بیناکردبوو، (خێڵە) نوێیەکانی سەر ئەنتەرنێت چوارچێوەی خوازراو هەڵبژێردراون. ڕەنگە تەنيا ڕەگەزێک کە ئەم دوو چوارچێوەیە پێکەوە کۆبکاتەوە ناوی (خێڵ)بێت، گەرنا لەهیچ هەلومەرجێکدا سنوورەکانیان تێکەڵ بەیەکدی نابن. گەر لە چوارچێوەی یەکەمیاندا کەسی تاک، خواستەکانی، خەونەکانی، بەرژەوەندیەکانی هیچ بەهایەکیان نەبێت، لە چوارچێوەی دووەمدا هاوکێشەکە بە سەدو هەشتا پلە دەگۆڕێت و کەسی تاک خۆی دەبێت بە ناوەندی بیناکاری خێڵ. گەر لە چوارچێوەی یەکەمدا پێوەنديی نێوان تاکەکان تا ئاستی خۆ فیداکردن لەپێناوی خێڵدا بەرزببێتەوە، لە چوارچێوەی دووەمدا ئەم پێوەندیيە، لە بارودۆخە ئاساییەکاندا، لە ئاستێکی لاوازدایە، به و مانایەی کە ناگاتە ئاستی خوێنبەخشین و خۆفیداکردن.
بەشێکی زۆری خێڵە نوێیەکانی سەر ئەنتەرنێت دەرەنجامی (ئەنتەراکسیۆن/تەفاعول)ی نێوان شوناسی تاکەکان، چێژەکانیان، بەرژەوەنديیەکانیان، چالاکی و خەونەکانیانە. ئەوان لەڕێگای چوارچێوەی گشتی خێڵە نوێیەکانەوە گوزارشت لە خۆیان دەکەن و بەشێوەیەکی دەستەجەمعی هەڵوێستیان لەسەر شتەکان دەردەبڕن. جومگەیەکی تازەی ئەم خێڵە نوێیانە بریتيیە لەوەی کە ڕووتکردنەوەی (فەردانیەتی) تاکەکان دەبێت بە هۆکاری بیناکردنی (ئەنتەر-تەبەعیەت)ێکی خوازراوی کۆی ئەندامان. واتە (تەبەعیەت) بۆ خێڵ دەستنیشانی (فەردانیەتی) تاکەکان ناکات، بەڵکو (فەردانیەتی)تاکەکان (ئەنتەر-تەبەعیەت) دەستنیشاندەکات !
لە بارودۆخە نائاساییەکاندا دەکرێت خێڵە نوێیەکانی سەر ئەنتەرنێت، بە جۆرێک لە جۆرەکان، بەرزببنەوە بۆ ئاستی خێڵە کلاسیکيیەکان، بەتایبەتی لە بواری قوربانیداندا. دەکرێت لێرەدا ئاماژە بە شۆڕشەکانی دنیای عەرەبی بکەین. خێڵە نوێیەکانی سەر فەیسبوک، لە تونس و میسردا ڕۆڵی کارایان بینی و قوربانیەکانیان گەيشتە ئاستی خوێن و گیان بەخشین. لەم جۆرە بارودۆخانەدا پێوەنديی نێوان تاکەکان دنیای ڤیرتیوڵ بەجێدەهێڵێت و بەگۆشت و ئێسقانەوە پێدەنێتە نێو دنیای واقیعەوە. هەروەها دنیای پاش شۆڕشەکانی تونس و میسر، کە دیسان بارودۆخی نائاسایين، ئەم خێڵانە، کە بەردەوام چاودێریی ديمۆکراسی دەکەن، ناچار دەکات بەوەی کە بۆ ماوەیەکی درێژتر دنیای ڤیرتیوڵ و دنیای واقیع پێکەوەگرێبدەن.
پاش ئەم لێکدانەوە و ڕاڤەکردنانە، ئێمە تێدەگەین لەوەی کە هەوڵدان بۆ کورتکردنەوەی ئەنتەرنێت و وێناکردنی تەنها وەک کەرەسەیەکی میدیایی کارێکی هەڵەیە و دورە لە واقیعەوە. بەڵێ ئەنتەرنێت میدیایە و ڕۆڵی میدیا دەبینێت، ئەمە بەڵگەنەویستە. بەڵام لەپەنای میدیابوونیدا، ئەنتەرنێت هەم فۆرمی سیاسيیە و هەم فۆرمی کۆمەڵایەتیشە. ئەنتەرنێت بەتەنها پردی گواستنەوەی زانیاریەکان نیيە، بەڵکو بیناکاری ژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتیشە. ئەنتەرنێت هەزاران هەزار خێزان دروستدەکات، هەروەک هەزاران هەزار خێزانیش هەڵدەوەشێنێتەوە، هەزاران هەزار مرۆڤ دەخاتە سەر کار، هەروەک هەزاران هەزار مرۆڤیش لە کار دووردەخاتەوە.
ئەنتەرنێت دەسەڵاتی هەڵسەنگاندنی نەک هەر سەرۆکێک، وەزیرێک، دەزگایەک، ڕێکخراوێک، کەسایەتیەک بە هاووڵاتیان دەبەخشێت، بەڵکو دەسەڵاتی هەڵسەنگاندنی کتێبێک یان دیسکێکیشی پێدەبەخشێت (بەشێکی زۆری ئه و مەگازانەی کە کتێب و دیسک دەفرۆشن، داوا لە کڕیارەکانیان دەکەن کە لەڕێگای ئەنتەرنێتەوە، ئاستی باشی یان خراپی کتێب و دیسکی کڕراو دیاریبکەن، ئەمەش بەپێی ئه و سیستەمی نمرەبەخشینە لە یەکەوە تا پێنج کە لەسەر سایتەکانیان دایانناوە). واتە ئەنتەرنێت وادەکات کە کردەی هەڵسەنگاندن دابەزێتە هەموو پانتاییەکانەوە و بەتەنيا لە ئاستی (ماکرۆ)دا کارنەکات. ڕەنگە ئەمەش یەکێ بێت له و شانسە باشانەی کە لەبەردەم ديمۆکراسی کوردیدایە؛ شانسی بەکارهێنانی ئەنتەرنێت بۆ چاودێریکردن و هەڵسەنگاندن و کۆنترۆڵکردنی ديمۆکراسی کوردی لەلایەن کۆمەڵگەی مەدەنیەوە، لەپێناوی پاراستنی لەهەر گریمانەیەکی لادان و ڕیزپەڕی.[1]