ئامادەکردن: نەوزادی موهەندیس
$پەڕتووکەکە لە چوار فەسڵ پێکدێت:$
فەسڵی یەکەم: پێویستی بەرەی نیشتمانی پێشکەوتنخوازی یەکگرتوو
فەسڵی دوویەم: سرووشتی بەرەی نیشتمانی پێشکەوتنخوازی سەکگرتوو
فەسڵی سێیەم: ئامانجەکانی بەرەی نیشتمانی پێشکەوتنخوازی یەکگرتوو
فەسڵی چوارەم: پێداویستییەکانی بەرەی نیشتمانی پێشکەوتنخوازی یەکگرتوو.
ئەم پەڕتووکە لە ساڵانی 1971-1972 لە وڵاتی شام لەلایەن سەرۆک #مام جەلال#ەوە نووسراوە و بە زمانی عەرەبی و بە زنجیرە لە گۆڤاری (الهدف)ی هەفتانەی زمانحاڵی (بەرەی میللی بۆ ڕزگاریی فەلەستین)دا بڵاوکراوەتەوە. کاتی خۆی قەدەغە بووە پەڕتووکەکە بێتە ناو ئێڕاقەوە، لەبەر بیروڕاکانی نێوی تایبەت بە چۆنێتی خەبات و شێوازی بیرکردنەوە و ئەو تێورییانەی کە خراونەتەڕوو لە تێورییەکانی مارکس - لینینی و ماویزم، کە هەموانیان لەپێناو سەرخستن و وەدیهێنانی سیستەمێکی حوکمڕانی سۆسیالیستی لە پێناو چەسپاندنی دیموکراسی و دادپەروەری کۆمەڵایەتی و یەکسانی و ئازادییەکان و خۆشگوزەرانی کۆمەڵگادا بووە. بەهەمان شێوە بیروڕاکان وابووە کە دژی زوڵم و زۆر و چەوساندنەوەی چینایەتی و نەتەوەیی و ئایینی و مەزهەبی بووە. هەموانیان بۆ ئەو کات بیروباوەڕی نوێی مرۆڤانە و دژی بیروباوەڕەکانی سیستەمی حوکمڕانی بەعسی عەرەبی ئیشتراکی بوون لە ئێڕاقدا.
$بە عەرەب و کوردەوە$
پەڕتووکەکە لە ساڵانی سەرەتای حەفتاکاندا نووسراوە و دەکاتە قۆناغی دامەزراندن و پێکەوەگرێدانی کۆڕوکۆبونەوە و ئەڵقە ڕۆشنبیرییەکانی ڕێکخراوی کۆمەڵەی مارکس - لینینی چەپی پێشکەوتووخواز لەلایەن کۆمەڵێک تێکۆشەری گەلەکەمانەوە بە ڕابەرایەتی مام جەلال دامەزراوە و کەوتۆتە خۆی بۆ کۆمکردنەوەی زیاترین کەسانی تێکۆشەر و هەڵگری بیروباوەڕی سۆسیالیستی و چەپی پێشکەوتووخواز دژ بە دەسەڵات و بیروباوەڕە باوەکانی ئەو سەردەمی پارتی دیموکراتی کوردستانیش کە لە سایەی بەیانی 11ی ئازاری ساڵی 1970وە دەسەڵاتی ناو شارەکانی گرتبووە دەست لەکوردستاندا. کە لەسەر بنەمای بیری کۆنەپارێزی و دواکەوتوو و خێڵەکی بنیاتنرابوو.
مام جەلال زۆر بەڕوونی و ئاشکرا داوای پێکەوەنانی بەرەیەکی نیشتمانی یەکگرتوو دەکات لەلایەک لەنێوان هەموو پارت و سەرکردە و ڕێکخراوەکانی ئێڕاق بە عەرەب و کوردەوە بۆ ڕووبەڕووبونەوەی ئەو مەدە شۆڤێنی و خۆسەپێنەی ڕژێمی بەعسی ئەوکاتە و لەلایەکی تریشەوە لەکوردستانیشدا هەمان داوادەکات بۆ ئەوەی خەباتی چینایەتی گەشەی پێبدرێت و نوێنەرانی هەموو چین و توێژە شۆڕشگێڕەکان لەبەرەیەکی نیشتمانی پێشکەوتوخوازدا یەکبگرن و خەبات بکەن بۆ وەدیهێنانی ئامانجەکانیان لە پێناو ڕزگاری نیشتمانی و چەسپاندنی ماف و داواکارییە ڕەواکانی کورد لە چوارچێوەی دەوڵەتی ئێڕاقی ئەو کاتەدا.
مام جەلال زۆر بە جوانی و بەسەلیقەی خۆی هەموو بیروڕاکانی خۆی ڕێکخستووە و پیشانداوە و بەڵگەی بۆ هەموانیش هێناوەتەوە بە بیروڕاو و ئەندێشە و وتەکانی ڕابەرانی مارکسیزم - لینینزم هەر لە مارکس و ئەنگڵز و لینین و ماوتسی تۆنگ و ڕابەرانی ئەو سەردەمی دونیای سۆسیالیستی و خەباتی شۆڕشگێڕی.
$رژێمێکی عەرەبی شۆڤێنی$
ئاشکرایە وەک باسمانکرد سەرەتای ساڵانی حەفتاکان قۆناغی دامەزراندنی کۆمەڵەی مارکسی لینیی کوردستان بووە بە نهێنی و لەناو هەناوی پارتی دیموکراتی کوردستاندا و قۆناغی گەشەپێدانی فکر و بەستنی ئەڵقە ڕۆشنبیرییەکان بووە لەنێو کادر و ئەندامانی سەرەتا و دامەزرێنەرانی ئەو کات. هەربۆیەش مام جەلال وەک ڕابەر و سەرکردەیەکی مەیدانی و تیۆریش بە ئەرکی خۆی زانیوە کەڵک لە بیروباوەڕ و بنەما فکرییەکانی مارکس- لینینی و ماوییش وەربگرێت و هەموان گۆش بکات بەو بیروباوەڕانە. هەموو ئامانجیشی بریتیی بووە لە پێکەوەنان و دامەزراندنی هێزێکی چەکداری شۆڕشگێڕی ڕێکخراوی پێشکەوتووخواز کە ڕابەرایەتی شۆڕشێکی چەکداری بکات لە کوردستاندا، چونکە بۆ ئەوکاتە و دواتریش ئەو بڕوایە چەسپابوو کە بەبێ بوونی ئاوها ڕێکخراوێک مەحاڵە شۆڕشی کوردی بگاتە ئامانجەکانی خۆی لەسایەی ڕژێمێکی عەرەبی شۆڤێنی و توتالیتاری و شمولی بەعسەوە. کە بەهیچ شێوەیەک بڕوای بە مافی نەتەوایەتی کورد وەک نەتەوە و چین و توێژەکانی و ئازادی و دادپەروەری و یەکسانی و مافەکانی مرۆڤ نەبوو. تەنیا و تەنیا دەسەڵات و بیروباوەڕە شۆڤێنیە عەرەبی و بەعسیەکانی لا مەبەست بووە. هەربۆیەش هەمیشە لەهەوڵی پێکەوەنانی بەرەیەکی بەناو پێشکەوتووخوازی نیشتمانی درۆینەوە بووە لەگەڵ هەموو حیزب و سەرکرەدکانی ئەو سەرمەدا تەنیا بەڕابەرایەتی حزبی بەعسی عەرەبی ئیشتراکی و بیروباوەڕەکانی.
$رێگەیەکی دیکەش نییە$
مام جەلال لە بەرانبەر ئەو بەرە درۆینەی بەعسدا هەستاوە بەبانگەشکردن بۆ پێکەوەنانی بەرەیەکی نیشتمانی یەکگرتووی ڕاستەقینە دژی هەموو ڕژێم و سیستەمێکی حوکمڕانی سەرمایەداری و ئیمپریالیزمی و زایۆنیزمی و دیکتاتۆری. مام جەلال دەربارەی گرنگی پێکەوەنانی ئەو بەرەیە دەنووسێت: (هیچ ڕێگەیەکی کردەیی دیکە لە ئارادا نییە. ڕێگەیەکی دیکەش نییە کە سەرجەم حزب و دەستە پێشکەوتنخوازەکان لەوڵاتدا هاوڕا بن لەسەری و پێیدا بڕۆن.
واقیعی کۆمەڵگەی ئێڕاقی فرە نەتەوە و فرەچین و حزب و پێویستییەکانی گەشەسەندنە کۆمەڵایەتییەکەی و پێشکەوتنە ئابووریی و سیاسی و کەلتورییەکەی و پێداویستییەکانی بەرپاکردنی جەنگی گەورەی نیشتمانی دژی ئیمپریالیزم و زایۆنیزم و پێداویستیەکانی پاراستنی دەستکەوتەکانی گەلەکەمان. بگرە تەنانەت پێویستییەکانی پەرەسەندن و پێشکەوتنی حزبەکانمان و دەستە نیشتمانیە پێشکەوتنخوازەکانیشمان، هەموو ئەمانە بەرەی یەکگرتوو وەک تاقە ڕێگەی یەکانگیرکردنی هێزە پێشکەوتنخواز و شۆڕشگێڕەکانی گەلەکەمان دەسەپێنن کە لە حیزبە پێشکەوتنخواز و شۆڕشگێڕەکان لەیەک بەرەی تۆکمەدا بەرجەستە دەبێت.)
مام جەلال تایبەت بە سرووشتی بەرەی نیشتمانی پێشکەوتووخوازی یەکگرتوو دەنووسێت:(بەرە لە جەوهەری خۆیدا هاوپەیمانێتییەکی چینایەتییە لە قۆناغێکی مێژوویی دیاریکراودا. ئەو هاوپەیمانێتیە لەوەوە سەرچاوە دەگرێت کە ئامانجە هاوبەشەکان، چینە کۆمەڵایەتییە جیاوازەکان لە گۆڕەپانی خەباتی هاوبەشدا کۆدەکەنەوە، هەروەک چۆن مەترسییە هاوبەشەکان دوژمنەکان پێکەوە کۆ دەکاتەوە.)
بەهەمانشێوە باس لە جۆرەکانی بەرەی نیشتمانی پێشکەوتووخوازی یەکگرتووش دەکات و دابەشیان دەکاتە سەر: بەرەی میللی و بەرەی نیشتمانی یەکگرتوو.
$لەم چینە سەرەکیانە پێکهاتووە$
ئاشکرایە هەموو ئەم خەبات و تێکۆشانەش دەوەستێتە سەر ئاستی هوشیاری و ململانێ چینایەتییەکانی ناو کۆمەڵگە کە واباس دەکات کە کۆمەڵگە لەم چینە سەرەکیانە پێکهاتووە: چینی کرێکار و چینی جووتیار کە هێزێکی بنچینەیی پاڵنەری شۆڕشی نیشتمانی دیموکراسیە و چینی وردە بۆرژواز وەک هێزێکی پێشکەوتنخواز و چوارم چینیش بریتییە لە چینی بۆرژوازی نیشتمانی.
باسیشی لەبەرەی دژ بەم بەرەی چینە شۆڕشگێڕ و نیشتمانیانە کردووە کە بریتین لەهەریەکە لە فیودالیزم و بۆرژوازی کۆمپرادۆری و سەرمایەداری گەورە و تاقمە کۆنەپەرستەکان.
لە جێگەیەکی تریشدا بەدووردورێژی باس لەهەریەکە لە شۆڕشی نیشتمانی دیموکراسی و قۆناغی ڕزگاری نیشتمانیش دەکات. باس لە هەڵوێستی چینە کۆمەڵایەتییەکانیش لە (فیوداڵ و بۆرژوازی کۆمپرادۆری و بۆرژوازی نیشتمانی) و بێتوانایی و دژایەتیان و باس لەڕەوتی ڕیڤینیزمیش دەکات لەو دوو شۆڕش و قۆناغانەدا.
لەجێگەیەکی تردا باس لە هەڵە و هەڵپە و کەموکوڕییەکانی هەریەکە لەو چین و توێژانە دەکات و زۆرجارانیش بە هەڵپەی چەپڕەوانەی هەرزەکارانە ناویان دەبات بۆ گەیشتنی دەستبەجێ بە سۆشیالیزم.
$بەرژەوەند پەرستی$
مام جەلال لە بەشێکی تردا باس لە ڕۆڵی گەورە و گرنگ و کاریگەری چینی کرێکار و هاوپەیمانی و کاری هاوبەشی لەگەڵ جووتیاراندا دەکات لە سەرکردایەتی شۆڕشی دیموکراسیدا بەپێچەوانەی ڕۆڵی ڕاڕایی و دوودڵی و ترسنۆکی و بەرژەوەند پەرستی بۆرژوازی نیشتمانیدا لەرابەرایەتیکردنی شۆڕشدا و دەڵێت:(توانای چینی کرێکار و قابیلییەتەکەی لە سەرکردایەتیکردنی شۆڕشی نیشتمانی دیموکراسی و شۆڕشی سۆسیالیستیدا، پشت ئەستورە بە خەسڵەت و تایبەتمەندییە چینایەتی و قابیلییەتە جەنگاوەری و وزە شۆڕشگێڕییەکەی وەک نوێترین چینی کۆمەڵایەتی ڕەنجدەری ستەملێکراو).
لە کۆتاییدا ئەم پەڕتووکە لەگەڵ ئەوەی زیاد لە 50 ساڵ بەسەر نووسینیدا تێپەڕ بووە، بەڵام بەڕای بەندە هێشتا بیروباوەڕ و بنەما فکری و لێکدانەوەکانی پێویستییەکی ئەم سەردەمەن بۆ وەدیهێنانی تەواوی ئامانجە مرۆڤدۆستانەکان لە ئازادی و دیموکراسی و دادپەورەی و یەکسانی و کاری پێکەوەیی نێوان هەموو نەتەوە و چین و توێژ و حزب و سەرکردە سیاسیەکان.
هەربۆیە بەلای بەندەوە گرنگە هەموان ئەم پەڕتووکە ناوازە و نایابەی سەرۆک مام جەلال بخوێننەوە، بەتایبەتی بۆ کادرانی حزبی و سیاسی بەهەموو جیاوازییە فکریەکانیانەوە.[1]